Ö:: یادی شه‌سته‌مین ساڵڕۆژی کۆماری کودستان له ئۆسلۆ!

 

شه‌ممه، رێکه‌وتی21/1/2006، له شاری ئۆسلۆی پایته‌ختی وڵاتی نوروێژ، کۆمیته‌ی حیزب به هاوکاری یه‌کیه‌تی ژنان و لاوانی دیموکراتی کوردستانی ئێران ـ نوروێژ و کۆمه‌ڵه‌ی کولتووری کوردی ـ ئۆسلۆ، ئاهه‌نگێکی به‌‌شکۆی بۆ رێزگرتن له یادی 60 ساڵه‌ی دامه‌زرانی کۆماری کوردستان پێک هێنا. له‌و ئاهه‌نگه‌دا زیاتر له هه‌زار که‌س له ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی حیزب و کوردی به‌شه‌کانی دیکه‌ی کوردستانی دانیشتووی ئه‌و وڵاته به‌شداربوون، سه‌ره‌تا ئاهه‌نگه‌که به سروودی نه‌ته‌وایه‌تی ئه‌ی ره‌قیب و پاشان ده‌قیقه‌یه‌ک بێده‌نگی بۆ ڕێز گرتن له یادی پێشه‌وای نه‌مرو سه‌رجه‌م شه‌هیدانی گه‌ل ده‌ستی پێکرد. دواتر په‌یامی کۆمیته‌ی حیزب له لایه‌ن کاک مه‌جید یارحسێنی "ئه‌ندامی کۆمیته" خوێندرایه‌وه. هه‌روه‌ها وتاری حیزبه کوردستانیه‌کان پارتی دیموکراتی کوردستان، یه‌کیه‌تی نیشتمانی کوردستان خوێندرایه‌وه‌.

یه‌کێک له به‌شدارانی 60مین ساڵیادی دامه‌زرانی کۆماری کوردستان ئاغای یان بۆله‌ر ڕێبه‌ری حیزبی کار(AP) له ئۆسلۆ بوو، ناوبراو وتارێکی سه‌رنجڕاکێشی به‌وبۆنه پیرۆزه‌وه پێشکێش کرد.  پێویسته بگوترێ حزبی کار گه‌وره‌ترین حزبی نوروێژه، ئه‌و حزبه له هه‌ڵبژاردنه‌کانی پارلمانی سه‌ره‌تای پاییزی سالی 2005 دا سه‌رکه‌وتنی به‌رچاوی وه‌ده‌ست هێنا، توانی به هاوکاری دو حزبی تر (حزبی سوسیالیستی چه‌پ و حزبی سه‌نته‌ر) ده‌وڵه‌تی ئێستای نوروێژ پێک بێنێت. هه‌ر وه‌ها یان‌بۆلر رێبه‌ری گروپی حزبی کاره له کومسیونی کاروباری نێوخۆی ولات له پارلمانی نوروێژدا.(یان‌بۆلر ) سه‌ره‌تای وتاره‌که‌ی به‌وه ده‌ست پێکرد که له مێژوی گه‌لاندا رووداوی وا هه‌یه تێپه‌ربوونی زه‌مان له ئه‌همیه‌تی که‌م ناکاه‌وه به‌ڵکو گرنگی و تاییبه‌تمه‌ندیه‌کانی زیاتری وی ده‌سه‌لمێنێ، له‌و په‌یوه‌ندیه‌دا دامه‌زرانی کوماری کوردستان و خه‌باتی گه‌لی کورد له کوردستانی ئێرانی بۆ گه‌یشتن به مافه ره‌واکانی و دامه‌زراندنی یه‌که‌مین ده‌وڵه‌تی کوردی وه‌ک نمونه‌یه‌کی به‌رزو پر ئه‌همیه‌ت نرخاند. یان بولر له به شێکی تری وتاره‌که‌یدا باسی رژیمی ئاخوندی تارانی کرد که چۆن زیاتر له 27 ساڵه شۆرشی گه‌لانی ئێرانی بو گه‌یشتن به ئازادی و دیموکراسی به لارێدا بردوه. ژێر پێنانی ویستوداخوازه ره‌واکانی گه‌لانی ئێران و میژوی چه‌ندین ساڵه‌ی خه‌باتی گه‌لی کورد له کوردستانی ئێران و روداوه‌کانی ئه‌ودوایانه‌ی شاره‌کانی کوردستانی ئێرانی به دوای شه‌هیدکردنی شوانه وه‌کو به‌لگه هێنایه‌وه. هه‌ر وه‌ها باسی به‌رنامه‌ی ئه‌تومی ئێرانی کرد که ده‌بێ به فشاری هاوبه‌شی نێونه‌ته‌وی پێشگیری له به‌ده‌ستهێنانی چه‌کی ئه‌تومی له لایه‌ن رژیمێکه‌وه بکرێ که مافی مرۆڤ له نێوخۆی ولات پێ شێل ده‌کا، ئه‌منیه‌تو ئاسایشی ناوچه‌که ده‌خاته مه‌ترسیه‌وه‌و، تا ئێستاش پشتیوانی گروپه ئیفراتیه تروریستیه‌کان بوه. یان بۆلر ئه‌وجار هاته سه‌ر مێژوی په‌یوه‌ندیه‌کانی حزبی کاری نورویژو حزبی دیموکراتی کوردستانی ئیران و ئه‌ندامه‌تی هه‌ر دوو حزب له ئنترناسیونالی سوسیالیستدا، له‌و به‌شه‌ی قسه‌کانی دا حزبی دیموکراتی وه‌کو حزبێکی نمونه له روژهه‌لاتی ناوه‌راست ناو هینا که زیاتر له 60 ساڵه خه‌باتێکی خاوین ده‌کات بۆ ئه‌وه‌ی گه‌لی کورد له کوردستانی ئێران به ویستوو داخوازه ره‌واکانی بگات. ناوبراو له به‌شێکی تری قسه‌کانیدا باسی کورد به گشتی و کوردستانه‌کانی کرد، باسی ئه‌و هه‌یئه‌ته‌ی کرد که حزبی کاری نورویژ له ساڵی رابردوودا بۆ هه‌ر چوار پارچه‌ی کوردستانی نارد. هه‌روه‌ها باسی په‌یوه‌ندی و دۆستایه‌تی حزبی کاری نۆرویژو پارتی دیموکراتی کوردستان و یه‌کیه‌تی نیشتمانی کوردستان کردو ته‌ئکیدیشی کرد که ده‌وڵه‌تی نۆروێژ ئاسانکاریی پێویست ده‌کات بۆ ئه‌و ناوه‌ندو شیرکه‌تانه که پرۆژه‌یان له کوردستانی عیراق دا ده‌بێت. یان بۆلر له کۆتایی قسه‌کانیدا پیرۆزبایی کرده‌وه له گه‌لی کورد به گشتی و حزبی دیموکرات به تایه‌تی بۆ ئه‌و یاده پیروزه و ته‌ئکید له سه‌ر په‌یوه‌ندی پته‌وی نیوان هه‌ر دو حزب. میوانێکی تری ساڵیادی دامه‌زررانی کۆماری کوردستان، خانمی ئێنگوون یه‌رشتاد له حیزبی سوسیالیستی چه‌پ (SV) بوو، ناوبراو کاندیدای حزبی سوسیالیستی چه‌په بۆ پارلمان. حزبی سوسیالیستی چه‌پ یه‌کێک له 3 حزبی پێکهێنه‌ری ئێستای ده‌وله‌ته. خانمی یه‌رشتاد له وتاره‌که‌یدا به وردی باسی خه‌بات و خۆراگریی گه‌لی کوردو کوماره ساواکه‌ی کردو ساڵیاده‌که‌ی به‌رز نرخاند. ئینگون یه‌رشتاد له کۆتایی قسه‌کانیدا باسی په‌یوندی نیوان حزبی سوسیالیستی چه‌پ و حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانی کردو ئاره‌زوی خواست له به‌ره‌و پێشچونی زیاتردابێت. له لایه‌ن حزبی به‌ره‌ی یه‌کگرتووی چه‌په‌وه(RV) خانمی( کریستینه نیبو) وتاریکی پێشکێش کرد که تێیدا خه‌باتی گه‌لی کورد به گشتی و کوردی کوردستانی ئیران و حزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانی به تایبه‌تی رێز لێناو، ئاواته‌خوازبوو له داهاتوی نزیکدا ئه‌و یاده له مهابادی پێشه‌وا به ئازادی رێزی لێ بگیرێته‌وه. وتاربێژێکی تری 60مین سالیادی دامه‌زرانی کۆماری کوردستان خانمی (ليو شولستاد) له رێکخراوی شورای نوروێژی به‌رگری له مافی گه‌لی کورد (RKR )بوو. رێکخراوی(RKR) ته‌نیا ریکخراوی ره‌سمی نوروێژه که بۆ پشتیوانی له مافی ره‌وای گه‌لی کورد پێکهاتوه. لیو شولستاد له وتاره‌که‌یدا وێرای رێزگرتن له یادی دامه‌زرانی کوماری کوردستان نه قشی سه‌ره‌کیی رێبه‌رانی ئه‌وکاتی حزبی دێموکراتی به‌رز نرخاند. لیو شولستاد تیشکی خسته سه‌ر سه‌فه‌ری ئه‌و دوایاه‌ی خۆی بۆ کوردستانی ئیراق که هه‌وڵی داوه زیاتر له سه‌ر مێژووی ئه‌و چوار ئه‌فسه‌ره بزانێت که کاتی خۆی له کوردستانی ئێراقه‌وه چوونه‌ته کوردستانی ئیران بۆ ئه‌وه‌ی یارمه‌تیی کۆماری کوردستان بده‌ن، ناوبراو رایگه‌یاند ئه‌و زانیاریانه‌ی که له شاری هه‌له‌بجه له سه‌ر ئه‌وان به ده‌ستی هێناوه جێگای سه‌رنجن. خانمی لیو شولستاد له به‌شیکی قسه‌کانیدا باسی ئه‌وه‌ی کرد که دامه‌هزرێنه‌رانی کۆماری کوردستان ئاسانکاریان کرد بۆ ئه‌وه‌ی ژنان توانایو نه‌قشی خۆیان له به‌شێک له ئۆرگاه‌کانی کۆماردا بنوێنن. خانمی لیو هه‌روه‌ها رایگه‌یاند رێکخراوی (RKR) به زوویی کونفراسێک له سه‌ر ژنانی کوردستانی رۆژهه‌ڵات پێکدێنێ . له لایه‌ن رێکخراوی لاوانی حزبی سوسیالیستی چه‌په‌وه (USV) (اره بلۆمفێلت) وتارێکی بۆ رێزگرتن له یادی دامه‌زرانی کۆماری کوردستان خۆێنده‌وه. هه‌روه‌ها‌ ئه‌و حزبو رێکخراواه‌ی خواره‌وه به ناردنی په‌یامی پێرۆزبایی به‌شداریان له یادی 60مین ساڵی دامه‌زرانی کۆماری کوردستان کردبوو: په‌یامێک له لایه‌ن (مۆرتن لوند) له حزبی سنتر. په‌یام له لایه‌ن (الون گروت) له حزبی راست. په‌یامێک له له لایه‌ن( بۆرد شێتیل وێنهاوگ) نوسه‌ر و ئه‌ندامی شورای نوسه‌رانی نۆروێژ. په‌یامیك له لایه‌ن رێکخراوی دژی راسیستی نوروێژ. حیزبی شیوعی کوردستان، کۆمه‌ڵه‌ی شۆڕشگێڕی زه‌حمه‌تکێشانی کوردستانی ئێران، سازمانی کوردستانی حیزبی کمونیستی ئێران ـ کۆمه‌ڵه) پێشکه‌ش کرا. هه‌روه‌ها چه‌ندین برووسکه‌ی پیرۆزبایی هه‌ر به‌و بۆنه‌وه خوێندرانه‌وه که له لایه‌ن اتحادی فه‌دایانی خه‌ڵک، یه‌کیه‌تی لاوان و ژنانی دیموکراتی کوردستانی ئێران، یه‌کیه‌تی ئافره‌تانی دیموکراتی کوردستان و رێکخراوی ئانتی راسیزم\"SOS\" نێردرابووون. له به‌شێکی دیکه‌ی به‌رنامه‌که‌دا کوڕان و کچانی یه‌کیه‌تی لاوان له کومێته‌ی ئۆستفۆلدی یه‌کیه‌تیی لاوانه‌وه پرۆگرامێکی هونه‌رییان پیشکه‌ش کرد که بریتی بوو له سروودو گۆرانی و هه‌ڵپه‌ڕکێ که له‌گه‌ڵ پێشوازیی به‌شدارانی جێژنه‌که به‌ره‌ڕوو بوو. فیلمێکی دێکۆمینتی سه‌باره‌ت به کۆماری کوردستان و رووداوه‌کانی دوای کۆمار و نه‌خش و رۆڵی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران وه‌ک رێبه‌ریی جوڵانه‌وه‌ی میللی دیموکراتی گه‌له‌که‌مان له‌و کاه‌وه تا ئه‌وڕۆ پیشانی به‌شداران درا. به دوای ئه‌و بڕگانه‌دا،به‌شی هونه‌ری جێژنه‌که ده‌ستی پێکرد. به‌پێی به‌رنامه‌ی دیاری کراو ده‌بوایه هونه‌رمه‌ندان خوشکه فاتێ، کاک مکایل و کاک قادر ئه‌لیاسی تا شه‌ودره‌نگانێک جێژنه‌که به هونری خۆیان بڕازێننه‌وه. سه‌ره‌تا میکایل چووه سه‌رسه‌کۆی شانۆ و به‌رنامه‌ی خۆی به‌ڕێوه‌برد. هێشتا به‌شێک له به‌رنامه‌ی هوه‌ری هونه‌رمه‌ند میکاییل مابوو که به‌هۆی کێشه‌ی بنه‌ماڵه‌یی دووکه‌س له به‌شدارانی جێژنه‌که شه‌ڕو ناخۆشی ڕوویدا. ئه‌م ڕووداوه چاوه‌ڕواننکراوه بوو به هۆی ڕاگرتنی به‌رنامه‌که‌و له کاتژمێری 11ی شه‌و له‌سه‌ر بڕیاری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی جێژنه‌که ئاهه‌نگه‌که ڕاگیرا. له‌و پیوه‌ندیه‌دا وته‌بێژێک به ناوی به‌ڕێوه‌به‌رانی ئاهه‌نگه‌که لێدوانێکی سه‌باره‌ت به‌و رووداوه، به زمانی نوروێژی بڵاوکردۆته‌وه که بۆ زانیاری زیاتر له مه‌ڕ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه، وه‌رگێڕانی به‌شێکی به زمانی کوردی ده‌خه‌ینه به‌رچاوی خوێنه‌ران: رۆژی شه‌ممه،21/1/2006، کۆمه‌ڵێک رێکخراوی سیاسی و کولتووریی کوردی له ناوه‌ندی شاری ئۆسلۆ له هۆڵی گه‌ل(Folketshus)، بۆ رێزگرتن له یادی دامه‌زرانی 60 ساڵه‌ی کۆماری کوردستان، ئاهه‌نگێکی هاوبه‌شیان به به‌شداری پتر له هه‌زار که‌س کوردی دانیشتووی نوروێژ و نوێنه‌ری پارت و رێکخراوه کوردی و نوروێژی یه‌کان پێکهێنا. پیرۆزکردنی ئه‌و یاده که چه‌ند هونه‌رمه‌ندی کوردی بۆ بانگهێشتن کرابوووبه کرده‌وه ببوو به جه‌ژنی دوو جه‌ژنه و شادیه‌کی یه‌کجار زۆر به روخساری به‌شدارانه‌وه ده‌بینرا. چوونکه له لایه‌ک یادی 60 مین ساڵوه‌گه‌ڕی کۆماری کوردستان ده‌کرایه‌وه و له لایه‌کی دیکه‌شه‌وه، هه‌ر ئه‌و رۆژه پارلمانی کوردستان له باشووری وڵات، رێکه‌وتن نامه‌ی یه‌کخستنه‌وه‌ی هه‌ردوو ئیداره‌ی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانی په‌سندکردبوو. ئێمه جه‌ژنی دوو جه‌ژنه‌ی (کۆمار و پێکهاتنی حکومه‌تی یه‌کگرتووی کوردستان)مان ده‌گێڕا. له ناوه‌ڕاستی جه‌ژنه‌که‌دا، نزیکه‌ی 22.15 له پڕێکدا کابرایه‌ک له په‌نای قه‌ره‌باڵغی و هه‌ڵپه‌ڕکێ و شادی به‌شداران و دوور له چاوی پارێزه‌ران، به چه‌قۆ هێرشی کرده سه‌ر که‌سێکی تر و له به‌ر چاوی سه‌دان ژن و منداڵدا خڵتانی خوێنی کرد. به روودانی ئه‌و کرده‌وه چه‌په‌ڵه، رێکخه‌رانی ئاهه‌نگ، ده‌ست به جێ هه‌وڵی ئارام کردنه‌وه‌ی هۆڵه‌که‌یان دا و به وریاییه‌وه پێشیان گرت به ته‌شه‌نه‌کردنی کێشهکه. وته‌بێژه‌که له گه‌ڵ ئه‌وه‌ی رووداوه‌که ده‌به‌ستێ به کێشه‌یه‌کی خێزانی یه‌وه و له‌و باوه‌ڕه‌دا نیه هۆیه‌کی سیاسی له پشه‌وه بێ، هه‌ر له‌و کاته‌شدا ده‌بێژێ: ئه‌و چه‌شنه هه‌ڵس و که‌وته دزێوانه، ده‌بێته هۆی زڕاندنی ناوی کورد له راگه‌یه‌نه‌ره گشتیه‌کانی ئه‌م وڵاته و شوێنی خراپ له سه‌ر کورد له نێو کۆمه‌ڵگای نوروێژی دا داده‌نێ. به روودانی ئه‌و کرده‌وه قیزه‌ونه که بوو به هۆی تێکچوونی ئه‌و ئاهه‌نگه، هه‌موومان خه‌مباربووین. به‌و بۆنه‌یه‌وه، له گه‌ڵ به داخ بوون بۆ روودانی ئه‌و کرداره ناشیرینه، داوای لێبوردن له به‌شداران ده‌که‌ین و خۆمان به هاوده‌ردی ئه‌و ئازیزانه ده‌زانین که به بینینی ئه‌و رووداوه ناحه‌زه تووشی ناڕه‌حه‌تی بوون. هه‌روه‌ها داوای چاک بوونه‌وه‌ی خێرا بۆ برینداره‌که ده‌خوازین.

مه‌به‌ست له پێکهێنانی به‌رنامه‌گه‌لێکی له‌و چه‌شنه، وێڕای یادکردنه‌وه و ئاوڕدانه‌وه له مێژووی نه‌ته‌وه‌که‌مان، ده‌مانه‌وێ له گه‌ڵ چه‌مکه نوێ و نۆرمه پێشکه‌وتووه‌کانی ئه‌م کۆمه‌ڵگایه، پتر ئاشنا بین. ئه‌و چه‌مک و به‌هایانه‌ی که ساڵانێکی دوور و درێژه گه‌له‌که‌مان له پێناوی وه‌ده‌ستهێنانی دا خه‌بات دهه‌کا. له کۆتایی دا، سپاسی پۆلیسی شار، دام و ده‌زگای ته‌ندروستی و فریاگوزاری، پارێزه‌رانی ئاسایش و هه‌موو ئه‌و که‌س و لایه‌نانه ده‌که‌ین که هاوده‌ردی یان له گه‌ڵ کردین.

هه‌ر له‌و سۆنگه‌یه‌دا و له مه‌ڕ پێوه‌ندی و پشتیوانی یان، جێگای خۆیه‌تی سپاس و قه‌دردانی خۆمان پێشکه‌شی سه‌رجه‌م حیزب و لایه‌نه سیاسیه کوردستانیه‌کان به گشتی و حیزبی کاری نوروێژ به تایبه‌تی ده‌که‌ین. به‌ڕێوه‌به‌ران: کۆمه‌ڵه‌ی کولتووری کوردی ـ ئۆسلۆ یه‌کیه‌تی ژنانی دیموکراتی کوردستانی ئێران ـ نوروێژ یه‌کیه‌تی لاوانی دیموکراتی کوردستانی ئێران ـ نوروێژ به سپاسه‌وه کۆمیته‌ی حیزبیی دیموکراتی کوردستانی ئێران ـ نورێژ

ئۆسلۆ

25/1/2006

 سه‌ره‌وه‌. ده‌سپێک.

ئه‌م بابه‌ته‌ چاپ بکه‌!

   ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ هاوڕێکه‌ت بنێره:

© www.giareng.com
All rights reserved 2005.