Ö:: ئه‌و ده‌مه‌ی که‌ ئاڵا هه‌ڵ ئه‌‌کرێ ..! هۆنراوه‌یه‌ک بۆ کۆماره‌که‌ی نه‌مر قازی

نووسینی: م. حه‌مید عه‌زیز

ئه‌و ده‌مه‌ی که‌ئاڵا هه‌ڵ ئه‌کرێ ...!
قوڵپی گریان ده‌ست له‌ملانی ناخم ده‌کات
من ئه‌و ڕه‌نگی ئاڵایه‌م و ئه‌ویش منه‌
ئه‌و خوێنی نه‌ته‌وه‌که‌مه‌ و.. 
منیش ده‌ستم پڕ دڕکی چاوی دوژمنه‌
دنیای ڕه‌نگه‌و پیرۆزترین یادی جه‌ژن و په‌لکه‌ زێڕینه‌ی ئازادی یه‌
یادی ڕه‌نگه‌کانی ئه‌و ئاڵایه‌ چاوی نیشتمانی پێ نه‌خشێنرا
ڕاگرتنی ئه‌و ئاڵایه‌ وه‌فایه‌که‌ بۆ مێژوو بۆ سبه‌ینێی ڕزگاری
بۆ لاپه‌ڕه‌کانی خه‌بات و ماندو بوون بۆ  ده‌ستی پێنوسه‌ ئاڵتونی یه‌کان
دێڕ به‌دێڕی ووشه‌و کتێبه‌کان، ئه‌و دێڕانه‌ی به‌خوێن نوسران.  ‌
... 

ئه‌و ده‌مه‌ی که‌ئاڵا هه‌ڵ ئه‌کرێ...!
ئاڵاو کوردستان و کۆمار ده‌بن به‌ نیشتمانێکی ڕه‌نگ به‌هه‌شتی  
ئه‌بن به‌لانه‌و سومبول بۆ نه‌ته‌وه‌ بۆ لادێ و شار 
هێمایه‌کیش بۆ کوردستان بۆ ووڵاتی له‌خوێندا ته‌م وغوبار
شانازیش بۆ کورد بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌کی ئازاو سه‌ردار   
مێژویه‌کیش بۆ ‌تۆی شۆڕش ئه‌ی مه‌هاباد.. ئه‌ی لانکی کورده‌واری ... 
کاروانێکی به‌ره‌و خۆر، دنیای شه‌که‌ت بوون نازانی
ڕێبه‌ندانی سه‌رماو زوقمت کرد به‌ به‌هاری ئازادی
ئازادیش گوڵی به‌یبوون و نێرگزی هه‌ناسه‌ی ژیانی هانی.
... 

ئه‌و ده‌مه‌ی که‌ ئاڵا هه‌ڵ ئه‌کرێ...!
قازی و پێشمه‌رگه‌، لافاوی شانۆی شۆڕش و خه‌بات، خه‌باتی مه‌رگ و ژیان
فێربوون بۆ خۆشویستنی ئینسان، خاک، نه‌ته‌وه‌، هه‌موو بوونه‌وه‌‌ره‌کان
یادی بیرێکی ئازاد و سه‌ربه‌خۆ دێت، تادنیایه‌ هه‌ر وانه‌ی کوردایه‌تی ئه‌ڵێته‌وه‌
ته‌نگ هه‌ڵچنین بوو به‌ زوڵم، به‌نه‌فامی و ڕێز نه‌گرتن له‌ دنیای هه‌ست 
ڕۆژی ده‌نگ بوو، ده‌نگی سه‌ربه‌ستی ده‌نگی کوردو پێشمه‌رگه‌ بوو
شکانی ده‌رگا ڕزیوه‌کانی پاشایه‌تی بوو، دادورینی لچو لێوی سه‌رمایه‌داران بوو
له‌باوه‌شگرتنی هه‌ناسه‌ جوانه‌کانی دنیای ئازادی بوو ... 
ئازادی .. ئازادی .. ماڵێک له‌ ڕزگاری بوو، په‌رژینێکیش له‌ خۆشه‌ویستی
ئاواتی پێنوس و ئاوازی سرودی ئه‌ی ڕه‌قیب بووی
سومبولی دوێنێی مێژوو بوویت و هۆشی کتێبیکی به‌هره‌ی ئه‌مڕۆ
هۆشی سه‌ربه‌رزی ووڵات و ئاڵاو دایکی شه‌هید بووی تۆ .. 
په‌یژه‌یه‌ک بوویت له‌و زیندانه‌ تنوکانه‌ی جه‌ور و تاریکی و سته‌م
خۆرت هێنا به‌خوێنی خۆت... بۆ ڕوناکی، ووڵاته‌که‌م، نه‌ته‌وه‌که‌م، ئاڵا جوان و پڕ ڕه‌نگه‌که‌م
تۆ خه‌وێکی ڕه‌نگاو ڕه‌نگی خۆش و پڕ میهر بوویت بۆ من   
دڕک و گوله‌ی تفه‌نگ بوویت بۆ دوژمن.
... 

ئه‌وده‌مه‌ی که‌ ئاڵا هه‌ڵ ئه‌کرێ...!
ده‌بی به‌ گووڵ و په‌پووله‌ بۆ مێژووی کتێبخانه‌ پڕ سۆزه‌کان
مێژوویه‌ک پڕ له‌ جوانی، له‌ خه‌بات و ئاوه‌دانی
ده‌ستی به‌خته‌وه‌ری و چاوی شانازی به‌تۆ ده‌بڕێ
کوردستان و ئاڵاو قازی، کۆمارێکی به‌خته‌وه‌ری
شانازی‌یه‌ سه‌رکرده‌یه‌ک له‌ناو قه‌ومی به‌سیتا له‌ سیداره‌ بدرێ
ئه‌گه‌ر قه‌ومی به‌وه‌فابن قازی، ڕێبازی  قه‌د له‌یاد ناکرێ
بژی کورد، بژی کوردستان، بژی ئاڵاو پایته‌ختی موکریان.  

م. حه‌مید عه‌زیز

M_Hamidaziz@hotmail.com

 
 سه‌ره‌وه‌. ده‌سپێک.

ئه‌م بابه‌ته‌ چاپ بکه‌!

   ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ هاوڕێکه‌ت بنێره:

© www.giareng.com
All rights reserved 2005.