Ö:: عه‌شق و جوانی

م . حه‌مید عه‌زیز

عه‌شقێکم بوو...
له‌په‌ڕه‌ی گوڵ ناسکتر بوو  
ڕێبواری مانگه‌ شه‌وی حه‌زو
ئاوازی ئه‌وین و پشوی شه‌که‌تی ڕۆحی بریندارم بوو 
گۆرانی ناو دنیای ڕه‌زو شه‌رابی تافی جوانی عومر بوو ئه‌و
نه‌غمه‌ی هۆنراوه‌ی دیوانی عیشقم بوو .. په‌ڕه‌ی دڵی خۆشه‌ویستیم بوو
پێکه‌نینی جوانترین مه‌خلوق .. گریان بوو له‌چاو ئه‌ڤین و نیگای نه‌رمی 
نیگاو زه‌رده‌خه‌نه‌ی کچۆڵه‌یه‌ک .. عه‌زابی ڕۆح بوو له‌چاو به‌خشنده‌یی ئه‌و
به‌کوڵی حه‌زو سۆزه‌وه‌ میوانی باخچه‌ی ڕوانینه‌کانم بوو 
حه‌زی جوانی و حه‌زی پاکی و حه‌زی په‌پوله‌یی ‌بۆ گوڵ و چنور بوو   .
سه‌دئه‌وه‌نده‌ی دڵی په‌پوله‌یه‌ک یان فریشته‌یه‌کی خواوه‌ند ناسکتر بوو
دارستانی گوڵه‌ هه‌نارو به‌یبوون بوو .. دنیایه‌کی سه‌یریش له‌بۆن
بۆنی عه‌ترێکی خودایی .. بۆنی شه‌ماڵێکی سیحراوی بوو 

عه‌شقێکم بوو ... 
له‌جوانی خۆی بۆ مانگ و فریشته ئاوێنه ‌بوو .. له‌ ئاوێنه‌ش ڕاستگۆتر بوو 
بۆ وه‌رزی به‌رائه‌ت نمه‌ بارانی به‌خته‌وه‌ری بوو .. هه‌میشه‌ ساتی لاوی بوو  ‌
له‌شه‌وقی ته‌وێڵی هه‌تاو ڕوناکترو گه‌وره‌تریش له‌به‌خشنده‌یی دنیای ده‌سه‌ڵات  
جوانی تابلۆ ڕه‌نگینه‌که‌ی نیشتمانم بوو بۆیه‌ له‌هه‌موو شه‌قامه‌ ڕه‌نگینه‌کان به‌ ڕه‌نگتر بوو 
باڵای جوانی و باڵای سۆزو  باڵای دنیا، له‌هه‌موو باڵاکان شۆخ و شه‌نگ و به‌رزتر بوو
جوانی چاوو جوانی نیگاو جوانی ئه‌وین، له‌هه‌موو جوانی یه‌کانی دنیا جوانتر بوو
ئای له‌و ڕۆژه‌ی ئۆغری کرد، بۆمن نه‌بوو
گریان بوو به‌هاوڕێی هه‌موو ساته‌ غوربه‌تی یه‌کان و ته‌نیاو وێڵ بووم
نه‌م ئه‌توانی سه‌رکه‌وم به‌په‌یژه‌ی خۆشه‌ویستیاو بێئاگا له‌و وه‌نه‌وشه‌ی گووڵه
 که‌کاڵ بووم که‌گه‌نج و نه‌زان له‌ موحیبه‌تا ده‌روێشی ئه‌و له‌زیکرا
کاڵ بووم کاڵ ته‌ره‌بووم له‌ سۆز و فیکرا له‌خۆشه‌ویستی یه‌کی ئاده‌مانه‌  

عه‌شقێکم بوو ...
زیزبوو تۆراو له‌گه‌ڵ ته‌پوتۆزی کۆچدا بوو به‌ وه‌رزێکی نه‌بینراو ووتی هه‌رگیز نایه‌مه‌وه‌  
ڕۆی له‌گه‌ڵ مه‌لی کۆچه‌ردا بوو به‌هاوڕێی دنیای گریان و غوربه‌ت ووتی ئیتر ناگه‌ڕێمه‌وه‌
بوو به‌ په‌پوله‌ ی ئه‌وین له‌ باخی دڵی شه‌که‌ت و ته‌نیاییمدا، بوو به‌ دنیای یادگاره‌کان 
زانی منی پیاو شه‌ڕ له‌گه‌ڵ سێبه‌ری خۆم ده‌که‌م، ناحاڵی له‌ پیرۆزترین ئه‌وین
بۆیه‌ بوو به‌هه‌ڵم و زه‌وی جێهێشت، منیش عومری ته‌نیایم له‌ووڵاتی جه‌نگدا برده‌ سه‌ر 
ووتی ئیدی میوانی شادی ده‌بم و دڵم ده‌شۆم، جلی جه‌نگ له‌به‌ر ناکه‌م
حه‌زم لێ یه‌..ئه‌و ژیانه‌ی که‌هه‌موو حه‌زه‌ برسێکانمی لێ تێر بکه‌م
به‌ڵام  نه‌من تێرو نه‌تۆ تێر، هه‌ردوو برسی خۆشه‌ویستین ئه‌ی دێوانه‌‌ مه‌حرومه‌که‌م
منیش سه‌رگه‌ردانی ماڵێک .. ماڵێکی به‌خته‌وه‌ری دور له‌ده‌ردوو خه‌م  
به‌ڵام ئاخر هه‌ردوو سه‌قه‌ت .. هه‌ردوو ڕێبواری ڕێیه‌کین داخه‌که‌م 
هه‌موو به‌کاڵ و کرچی له‌دایک بووین،  به‌نه‌زانی ئه‌ژین، بێ مێژوو ئه‌مرین
ئیدی ته‌نیام من ته‌نیایی له‌ته‌نیایدا به‌ڕێده‌که‌م
په‌شیمانم .. په‌شیمانم  وه‌ک دێوانه‌ خۆشم ده‌وێی حه‌بیبه‌که‌م.

م . حه‌مید عه‌زیز

M_Hamidaziz@hotmail.com 

 سه‌ره‌وه‌. ده‌سپێک.

ئه‌م بابه‌ته‌ چاپ بکه‌!

   ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ هاوڕێکه‌ت بنێره:

© www.giareng.com
All rights reserved 2005.