Ö:: " ئاوات "

نووسینی: ئه‌میر باباخانی.

ئه‌وكات كه ئاخرین گوندی كوردستانی ئێرانم به‌ هۆی ( ئه‌و بستۆكه‌ی دوژمن ناوی نا سنورم به جێ‌هێشت و رووم له كوردستانی توركیا كرد، ئه‌و كه‌سه‌ی به‌نێوی ڕێ‌نوێن له‌گه‌ڵم بوو گوتی: ئه‌وه ئاخرین گوندی ئێرانه و ناوی "شه‌وه‌"یه.
سه‌رما و سه‌خڵه‌تێكی سه‌یر بوو. له‌و سه‌فه‌ره‌ نه‌خوازیاره‌دا بیرم له‌ زۆر شتان ده‌كرده‌وه؛ چالاكی، ماندوو بوون، هاوڕێ، به‌ندیخانه، بنه‌ماڵه، ڕابردو، داهاتوو و سه‌دان شتی تر.
بیرم له‌ناوی ئه‌و گوونده ده‌كرده‌وه"شه‌وه"!!!.ـ ‌تۆ بڵێی هه‌موو شه‌وه‌كانی ڕه‌شی ژیانم به‌جێ بهێڵم؟ یا نا "شه‌وه‌"
به‌خێر هاتنی ده‌كردم بۆ ده‌ست پێكردن له ژیانێكی سه‌رتاسه‌ر شه‌و؟
هه‌ر خۆم له‌گه‌ڵ ‌هیوا به‌زۆری ئاشت ده‌كرده‌وه، به‌ڵام پێم وایه هه‌ر ئاوڕیشی لێ‌نه‌ده‌دامه‌وه، دیسانیش هه‌ر ئاسۆم ڕوون ده‌دیت.

ژیانی پڕ له‌زه‌حمه‌ت و مه‌ترسی توركیا ئه‌‌زمونێكی زۆر باش و ناخۆش بوو، بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ دنیای به‌چاوێكی دیكه چاو لێ‌بكه‌م،واتا به‌چاوێكی دور له "ئیحساس". به‌ڵام دیسانیش هه‌ر هیوادار بووم و به‌ واته‌یه‌كی‌تر كڵاوم له‌سه‌ر خۆم ده‌نا.

له‌و ماوه‌یه‌ی ژیانی په‌نابه‌ری له توركیاله خزمه‌ت مامۆستایه‌كی گه‌وره‌م دابووم ـ كه پێش‌تر له‌ناو شاریش‌دا هه‌ر كه‌ڵكم له رێ‌نوێنیه‌كانی وه‌‌رده‌گرت ـ و په‌‌‌نجه‌ره‌كانی ڕاسته‌قینه‌ی بۆ كردمه‌وه،ئه‌ویش هه‌ر وه‌ك ئه‌من هیوادار بوو به‌داهاتوو.
ده‌مان كووت ئه‌گه‌ر ده‌رباز بین و بێین بۆ به‌هه‌شتی په‌‌‌‌‌‌‌نابه‌ران!!! واتا ئوروپا و ....له‌گه‌ڵ هاورێیانی ده‌ره‌وه كه‌ ئێستا هه‌موو سه‌رقاڵی كێشه‌كانی گه‌لی كوردن و بۆ به‌رژه‌وه‌ندی گه‌له‌كه‌یان ته‌نیا ساتێكیش كاتی پشودانیان نیه، سه‌ر له‌نوێ ئه‌وه‌ی له‌توانامان دا هه‌یه هه‌ڵی رێژین و له‌ ئه‌زموونه‌كانیان كه‌ڵک ‌‌وه‌رگرین و زانیارێكانی خۆمان هه‌ر چی زیاتر بكه‌ین...

شه‌و و رۆژه‌كانی ئه‌و وڵاته سارد و سڕ و تاریكه یه‌ك به‌ دوای یه‌ك دا تێ‌په‌ڕ ده‌بوو و هیوا و ئومێده‌كانم كه‌م و كه‌متر ده‌بۆوه، چه‌ند جاران له‌گه‌ل مامۆستا له‌ توركیا پێوه‌ندیم گرت و بۆم د‌ه‌گێڕاوه كه بارودۆخی ژیانم چۆنه و كه‌س لێم ناپرسێ.كووتی ئه‌گه‌ر ده‌زانی حه‌قێكت هه‌یه‌ كه‌ ده‌بێ هه‌دبێت بڕۆ وه‌دوای كه‌وه،چون كووتویانه حه‌‌ق ده‌بێ وه‌ری گری ده‌نا كه‌س بۆت ناهێنێته به‌ر ده‌ركه‌ی ماڵت.

ئه‌وه ساڵێك زیاتر له وته‌كه‌ی مامۆستاكه‌م تێپه‌ر ده‌بێت و ئه‌من هه‌ر به‌دوایی ئه‌و حه‌قه‌وه‌م،له ده‌یان ده‌رگام دا،له‌سه‌دان كه‌سم پرسیار كرد،.....به‌ڵام چم وه‌ده‌ست نه‌كه‌وتوه له‌ "قسه‌ی ناحه‌ق" زیاتر.مه‌به‌ستم له‌ قسه‌ی ناحه‌ق وته‌ی دوور له‌ڕاسته‌قینه‌ و خه‌یاڵ پڵاوی كوردی خۆمانه . ‌بۆخۆم به‌خۆم ده‌‌كووت،زانیارێكانم ئه‌وه‌نده نین كه بتوانم ته‌نانه‌ت له‌كۆڕه‌كانیشیان‌دا به‌شدار بم،زۆر تێكۆشام بۆ بردنه ‌سه‌ری پله‌ی زانیاری خۆم. به‌ڵام ئاخر چۆن؟؟؟
ده‌بوو رێ‌نوێنی كرابام،ده‌‌بوو یاریده درابام،به‌ڵام مه‌خابن... وڵامه‌كه‌م له‌لایان به‌ڕێزانی ئێره هه‌ر ئه‌وه بوو... كار و گرفتاری ئه‌وه‌نده زۆره كه كه‌س پێی ناكرێ له كه‌س بپرسێ.

به‌ڵام بۆ زۆر شتی تر كه هه‌ر باس كردنیشی به‌جێ نیه‌ كۆری ئاوا ده‌گیرێ كه هه‌ر دانانی پلانێك ماوه‌كه‌ی ده‌بێته‌ په‌روه‌رده‌كردنی ده‌یان كه‌سی تینوی خزمه‌ت.

پاش ئه‌و ماوانه كه هه‌ر خه‌ریكی وه‌رگرتنی خواسته‌كانم بووم له‌گه‌ڵ مامۆستای خۆم پێوه‌ندیم گرت و كووتم : مه‌لا گیان! كه‌س یاریده‌م ناكات،بۆ؟ مه‌لا كووتی:ئه‌و جۆره‌ی ئه‌من لێی حاڵی بووم ته‌نیا هۆی یاریده‌نه‌دانیان به‌ تۆ و وه‌كی تۆ، نائاگاداریان له‌سه‌ر ئه‌و‌شتانه‌یه كه ئێوه داوای ده‌كه‌ن و ئه‌وانیش واده‌زانن كه زۆری له‌سه‌ر ئاگادارن ،به‌ڵام ئه‌وه‌ش به‌باشی ده‌زانن كه وڵام ده‌ری پرسیار و خواسته‌كانی ئێوه نین.وازی لێ بێنه!!!

زۆرم بیر لێ‌كرده‌وه دیتم مه‌لا ڕاست ده‌كات.به‌ڵام دیسانیش هه‌ر ئاسۆم ڕوون ده‌دیت.
رۆژه‌كان به‌ خوێندنه‌وه‌ی نووسراوه و وتار و هه‌واڵ و.... تێ‌په‌ر ده‌بوو. هه‌تا خۆمان ساز كرد بۆجێژنی یادی 60 ساڵه‌ی دامه‌زراندنی كۆماری کوردستان له شاری ئۆسڵۆ. ئه‌و خه‌ڵكه‌ی كه‌ هاتبوو به شایی و هه‌ڵپه‌ركێ جارێكی‌تر نیشانی بدات له‌گه‌ڵ ئامانجه‌كانی پێشه‌وای نه‌مر په‌یمان نوێ ده‌كاته‌وه و هه‌ر پێ به‌ عه‌ز دادانێكیان ده‌بێته‌ چه‌قڵێكی دیكه بۆ چاوی دوژمنانی ئازادی و دێمۆكراسی، به‌داخێكی زۆر گرانه‌وه به‌هۆی ره‌چاو نه‌گرتنی باری ئه‌منیه‌تی له‌ لایان به‌ڕێوه‌به‌رانی ئه‌و جێژنه واتا ئه‌و زانایانه‌ی كه‌ زۆرم حه‌ول دا كه‌ڵك له ئه‌زموونیان وه‌رگرم،وه‌ك زۆر جارانی پێشوو تێك چوو و له‌ پا‌ش ماوه‌ی كه‌متر له نیو ساعه‌ت به‌ هۆی گرفتی نێوان دوو كه‌س كار كێشرایه سه‌ر پۆلیس و نه‌خۆشخانه و لێكۆڵینه‌وه و سه‌ره‌نجام داخرانی ساڵۆن و كۆتایی پێدان به‌و جێژنه كه زیاتر له 1000 كه‌سی تێدا به‌شدار بوو.

نامه‌وێ بچمه سه‌ر ئه‌و باسه‌ كه‌ هه‌ڵوێستی خه‌ڵك سه‌باره‌ت به‌ ئه‌ندامانی به‌ڕێوه‌به‌ر چۆن بوو،ئه‌و كاته‌ی كه‌ كه‌سێك گیانی به هۆی وێ‌كه‌وتنی چه‌قۆ له‌ مه‌ترسی مردن دابوو ئه‌و به‌ڕێزانه له‌ كوێ دیسان سه‌رقاڵی دانانی پلانێكی دیكه بۆ یه‌كتری بوون؟ ته‌نانه‌ت بۆ بردنی برینداره‌كه‌ش ‌بۆ ده‌رێ یارمه‌تی‌دانێك له‌ گۆڕێ دا نه‌بوو.
ئه‌لێره خاڵێك داده‌نێم و شتێكتان بۆ ده‌گێڕمه‌وه.

رۆژێك له‌گه‌ڵ هاوڕێیه‌ك باسی ئه‌و داخوازیانه‌م ده‌كرد و گله‌ییم له‌سه‌ر ئه‌وه بوو كه به سه‌دان جار موشكلێكم بۆ هاتۆ‌ته پێش و داوایی هاوكاریم له‌و به‌ڕێزانه كردوه.به‌ڵام ئه‌من ‌هیچم وه‌ك یارمه‌تی یا وڵام وه‌رنه‌گرتووه. ئه‌دی بۆ ئه‌گه‌ر له‌گه‌ڵیان ده‌دوێی هه‌موو وه‌ده‌زانن عه‌للامه‌ی ده‌هرن و هه‌ر به‌ هه‌موو جۆرێك فه‌خرت به‌سه‌ر داده‌فرۆشن؟ ده‌ وڵام دا ‌‌‌هاوڕێكه‌م كووتی: ئه‌‌وانه زۆربه‌یان شانازی به‌ ڕابردووی خۆیان ده‌كه‌ن كه‌ چی هایان سه‌ختی دیتوه و له بارودۆخێی زۆر سه‌خت دا به‌هانای یه‌كتری هاتوون.

با بگه‌ڕێینه‌وه... بیرم چوو سه‌ر وڵامه‌كی هاوڕێكه‌م ئه‌دی ئه‌و شه‌وه كه‌ ئه‌و كه‌سه‌ ئاوا خوێنی له‌به‌ر ده‌ڕۆیی بۆ كه‌س به‌ هانای نه‌ده‌هات ته‌‌نانه‌ت تێلیفۆنێكیش بۆ ئامبوڵنس یا هه‌ر شوێنێكی پێوه‌ندی‌دار نه‌ده‌كرا؟ پاش بردنه‌ده‌ری ئه‌و برینداره، له‌ لایان به‌ڕێوه‌به‌ران ڕاگه‌یه‌‌ندرا كه جێژنه‌كه هه‌ر به‌ر ده‌وام ده‌‌بێت. به‌ڵام پێم وایه بۆ كه‌سێكی ئوروپایی كه‌ پۆلیسیش بێت و ئاگای له ژیان و ماڵ و منداڵی خه‌ڵك بێت،خوێن‌ڕژانی مرۆڤێك به هۆی برینی چه‌قۆ له‌ به‌ر چاوی ئه‌‌و منداڵه ته‌مه‌ن 6،7 ساڵانه شتێکی نائاساییه. ‌‌هه‌ر بۆیه‌ش له‌لایان به‌ڕێوه‌به‌رانی جێژن جارێكی‌دیكه‌ش خه‌ریك بوو هه‌ڵه‌یه‌كی دیكه‌ش ‌بكرێ كه به خۆشیه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی كه كه‌س توڵه‌ی كه‌س وه‌رنه‌گرێته‌وه،كۆتایی به‌ جێژن هات.

نازانم لێره‌دا له‌كوێ ”ئاواته‌كانم” له قه‌بر بنێم و له پاشان تێر تێریان له‌سه‌ر بگریم و بڵێم مه‌خابن مه‌لا ... سه‌د بریا ئه‌منیش وه‌ك ئه‌تۆ ده‌رباز نه‌بووبام و قه‌تم چاو به‌ ئێره نه‌كه‌وتبایه و هه‌ر له‌گه‌ڵ خه‌یاڵ پڵاوه‌كانم ژیابام، یا به‌قه‌ولی ئه‌و هاورێیه‌ی جیرانم ده‌ڵێ ئـاخ ! سه‌د بریا قه‌ڵه‌مه‌كه‌م ئه‌وه‌نده تیژ بایه توانیبای هه‌موو ڕاسته‌قینه‌یه‌ك بنووسێ!

 سه‌ره‌وه‌. ده‌سپێک.

ئه‌م بابه‌ته‌ چاپ بکه‌!

   ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ هاوڕێکه‌ت بنێره:

© www.giareng.com
All rights reserved 2005.