Ö:: گوڵی زستان

نووسینی: زاهید شاعیری

وێڕای پیرۆزبای گه‌رم،  گه‌رمتر له‌دڵی پڕ بڵێسه‌ی شادی گه‌له‌كه‌مان‌ كه‌ سۆبه‌ی داگیرساوی دووی ڕێبه‌ندان ده‌یبه‌خشێ به‌ چوار پارچه ی كوردستان و قه‌ت له گرفه‌گرف‌ ناكه‌وێ، تا ئه‌و كاته‌ی به‌یه‌كجاری ‌‌دڕكی داگیركه‌ران له‌ناویاندا كۆماری ئیسلامی ئێران ده‌سوتینێ و له‌ جێگاكه‌ی داری ئآزادی ‌دێنێته‌به‌ر.
شادین، شادیمان بۆ گوڵێ،
پشكووت بۆمان له ڕێبه‌ندان،
زریانی ‌دڕك په‌رستان
به‌ر له‌وه‌ی تێر بۆنی بكه‌ین
زۆر زوو لێیداو هه‌ڵی وه‌ران،

ته‌نیا توانی ئه‌و زریانه‌
له به‌ر چاومانی لابه‌رێ،
تاقه‌گوڵێ، له‌سه‌ر چڵێ،
هه‌رگیزاو هه‌رگیز نه یتوانی و ناشتوانی
گۆ‌ڵی هیوای له‌و مه‌زنتر
له‌ چل ملیۆن دڵی ئاوس
له‌به‌ر تاقه‌دڵی به‌رێ.

‌به‌م ئاواته ی
دووی ڕێبه‌ندان
به‌ده ستێكی پڕ دیاریه‌وه
جارێكی كه‌‌یش بگه‌ڕێته‌وه
به‌م هیوایه‌ی له‌مهاباد
ئاڵاكه‌مان بشنێته‌وه،
به‌ یه‌ك جاری له‌كرماشان
بێگانه ی تێدا نه‌مێنی،
مۆڵگه‌ی شلوقی داگیركه‌ر
كونده به‌بووی تیابخوێنێ،
نه‌مێنێ سنور له‌نێوان
ئامێد و سنه‌ و سلیمانی،
كه‌سێك بپرسێ كوێندێریت ؟
بێ ترس،
بێ منه‌ت،
‌بڵێیت كوردستانی.

ڕێبوارانی ڕیی پێشه‌‌وا
مژده، ئه‌و‌ ڕۆژه‌ به‌ڕێوه
هه‌ر‌دێته‌وه،
له‌ ئاسۆی كورد هه‌ڵدێته‌وه،
داری برایه‌تی وه‌به‌ردێ
له‌ ترس گازه‌نده‌ی بێگانه
ڕیشه‌كه‌ی ناشاردرێته‌وه‌،
شادین، هه‌روا شادتر ده‌بین
له ده‌وری ئه‌و گوڵه‌ی ناوه‌رێ
ئه‌و نه‌مامه‌ی زستان دێموكرات روواندی
بۆچوار وه‌رزمان،
له چوار كێڵگه‌مان به‌رده‌گرێ.

باڵای به رزی ئه‌و نه‌مامه‌ی
شێست ساڵ له‌مه‌و به ر نیژرا
به‌ خوێنی هه‌زان رۆڵه‌ی ئه‌و نیشتیمانه‌ ئاودرا
هێچ تۆفانێك نای چه‌مێنێ،
ئه‌و قه‌ڵا به‌رزه‌ی شانازی
بۆ‌مه‌له‌رزه‌ش نای ڕمێنێ،
هێوای هاتنه‌وه‌ی ئه‌م ڕۆژه له‌ناو دڵمان نابڕێته‌وه
تا ئاڵا پیرۆزه‌كه‌مان
له‌ چوار له‌تی دڵی وه‌ڵات
به‌ یه‌كجاری نه‌شنێته‌وه.

شانازی ده‌كه‌م كه منیش ڕێبواری ڕێی ڕێبه‌ندانم،
له ڕێگایدا، گیانیش بده‌م هێشتا به‌كه‌می ده‌زانم.

2
ڕێبه‌ندانی 1384 زاهید شاعیری سویس

shaheri2004@yahoo.com

 سه‌ره‌وه‌. ده‌سپێک.

ئه‌م بابه‌ته‌ چاپ بکه‌!

   ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ هاوڕێکه‌ت بنێره:

© www.giareng.com
All rights reserved 2005.