Ö:: هه‌وڵێكی‌ سه‌ركه‌وتوو بۆ بڕینی‌ قۆناغه‌كانی‌ به‌شارستانی‌بوون

نووسینی: ره‌حمان سه‌لیمی‌

یه‌كێك له‌ بۆشایی‌یه‌ سه‌ره‌كی‌یه‌كانی‌ خه‌باتی‌ كورد له‌ دوو سه‌ده‌ی‌ رابردوودا كه‌ تراژێدیای‌ گه‌وره‌ی‌ لێكه‌وتۆته‌وه‌ و كاره‌ساتی‌ دڵته‌زێنی‌ به‌رهه‌مهێناوه‌، لاوازیی‌ لۆژیكی‌ دیالۆگ و گفتوگۆ له‌ گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی‌ پێوه‌ندیدار به‌ مه‌سه‌له‌ی‌ كورده‌وه‌ بووه‌. عه‌قڵی‌ كوردی‌ به‌رده‌وام چه‌وتی‌یه‌كی‌ به‌ خۆوه‌ بینیوه‌ و له‌ قۆناغه‌ جیاجیاكانی‌ مێژوو دا دووپاتی‌ كردۆته‌وه‌. هیچ كات له‌ سیما ناشیرینه‌كانی‌ پرۆژه‌ی‌ داگیركه‌رانی‌ كوردستانی‌ نه‌كۆڵیوه‌ته‌وه‌ و به‌ روانینێكی‌ ساویلكانه‌ سه‌یری‌ رووداوه‌كانی‌ ده‌وروبه‌ری‌ كردوه‌ و قه‌ت ئه‌زموونه‌كانی‌ دوێنێی‌ نه‌كردۆته‌ بنه‌مایه‌ك بۆ داڕشتنی‌ ئه‌مڕۆ. سیاسه‌ت لای‌ كورد پێش ئه‌وه‌ی‌ چه‌مكێك بێ‌ بۆ به‌رنامه‌رێژی‌ و پلان دانان بۆ هه‌رچی‌ باشتر كردنی‌ ژیان، دیارده‌یه‌كی‌ درۆ و بێ‌مانا و بێ‌كه‌ڵك بووه‌ و به‌ ناوهێنانی‌ ترس و دڵه‌ڕاوكێ‌ دایگرتووین و ته‌نانه‌ت له‌ بیركردنه‌وه‌شی‌ خۆمان پاراستوه‌. زۆر پێش ئه‌وه‌ی‌ كه‌ سیاسه‌ت لای‌ ئێمه‌ مانای‌ "هونه‌ری‌ مومكین" به‌خۆوه‌ بگرێ‌، فریوێكی‌ خۆفناك بووه‌كه‌ لایه‌نی‌ به‌رامبه‌رمان به‌كاری‌ هێناوه‌ و ئێمه‌ی‌ پێ‌ سه‌ركوت كردوه‌ و كوشتووین و راوی‌ ناوین.

نامۆبوونی‌ كورد له‌ گه‌ڵ سیاسه‌ت دا بۆته‌ هۆی‌ ئه‌وه‌ی‌ رۆحێكی‌ شه‌ڕكه‌ر و جه‌نگی‌ لای‌ كورد دروست ببێ‌ و بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی‌ مافه‌كانی‌ جگه‌ له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی‌ فیزیكی‌ هیچ ئامرازێكی‌ دیكه‌ شك نه‌با و هه‌زینه‌ی‌ زۆر بدا و ده‌سكه‌وتی‌ كه‌م وه‌رگرێ‌.

هه‌ڵبه‌ت له‌ دروست بوونی‌ ئه‌م رۆحه‌دا داگیركه‌رانی‌ كوردستان ده‌ستێكی‌ باڵایان هه‌یه‌. پێش گرتن له‌ په‌روه‌رده‌ی‌ مرۆڤی‌ كورد و ته‌قویه‌تی‌ كۆیله‌گه‌رێتی‌ تێیدا، سیاسه‌تی‌ هه‌میشه‌یی‌ حكوومه‌تانی‌ زاڵ به‌ سه‌ر كوردستان دا بووه‌ و هه‌ر ئه‌وه‌ش وایكردوه‌ نه‌توانین خۆمان له‌ هیچ كام له‌و ده‌رفه‌تانه‌ دا به‌دی‌ بكه‌ین كه‌ جیهانی‌ پێشكه‌وتوو پێشكه‌شی‌ مرۆڤی‌ ئه‌و سه‌رده‌مه‌ی‌ كردوه‌. ئه‌گه‌ر پیلانی‌ نه‌یارانی‌ كورد به‌ فاكته‌رێكی‌ سه‌ره‌كی‌ پێكهاتنی‌ ئه‌م رۆحه‌ زه‌لیله‌ بزانین، نابێ‌ و ناتوانین تاكی‌ كورد به‌ بێ‌ تاوان بزانین و چاو له‌ فاكته‌ره‌ نێوخۆیی‌یه‌كان بنووقێنین.

سیسته‌مه‌ سیاسی‌یه‌كانی‌ ده‌سه‌ڵاتداری‌ كوردستان په‌روه‌رده‌یه‌كیان به‌ سه‌ر دا سه‌پاندووین كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ پرۆژه‌كانی‌ خۆیان دابێ‌ و به‌ بێ‌ له‌به‌رچاوگرتنی‌ پێداویستی‌یه‌كانی‌ كۆمه‌ڵگای‌ ئێمه‌ ئه‌لفوبێ‌یه‌كی‌ چوارچێوه‌داریان خستۆته‌ مێشكی‌ منداڵی‌ كورده‌وه‌ و بۆ به‌ ئایدۆلۆژی‌ كردنی‌ په‌روه‌رده‌ هه‌موو هه‌وڵی‌ خۆیان خستۆته‌ گه‌ڕ. پێش گه‌شه‌كردنی‌ تێكنۆلۆژی‌ په‌یوه‌ندی‌یه‌كان وه‌كوو كاناڵه‌ جیهانی‌یه‌ تله‌ویزیۆنی‌یه‌كان و سایته‌ ئینته‌رنێتی‌یه‌كان و هتد ته‌نیا ره‌هه‌ندی‌ په‌روه‌رده‌ ئه‌وه‌ بوو كه‌ له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ ده‌چه‌پێندرا. به‌ڵام به‌ هاتنه‌ كایه‌ی‌ ئه‌و ئامرازه‌ پێشكه‌وتووانه‌ چیتر ناتوانین هه‌موو تاوانه‌كان بخه‌ینه‌ ئه‌ستۆی‌ حكوومه‌تانه‌وه‌، چون له‌ راستی‌دا ئه‌مڕۆ په‌روه‌رده‌ ته‌نیا له‌ قوتابخانه‌ و زانكۆكان دا خۆلاسه‌ نابێته‌وه‌ و كۆنتڕۆڵی‌ ده‌سه‌ڵات له‌ سه‌ریان كه‌متره‌. به‌شێكی‌ زۆر له‌و زانیاری‌ و بابه‌تانه‌ی‌ كه‌ رۆژانه‌ ده‌یبینین و ده‌یبیسین، نه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ دوژمنان دایه‌ و نه‌ به‌ دڵیشیانه‌. كه‌ وابوو ئه‌مڕۆ ئه‌ركی‌ نه‌وه‌ی‌ تازه‌ پێگه‌یشتوو گه‌لێك قورستره‌ و بیاڤه‌كانی‌ كارپێكردن و كارتێكردن به‌رفراوانتر له‌ جارانن و له‌ لایه‌كی‌ دیكه‌شه‌وه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ مه‌یدانی‌ مانۆڕدانی‌ سیسته‌مه‌ تۆتالیتێر و سه‌ره‌ڕۆكان به‌رته‌سكتر بۆته‌وه‌.

سه‌رهه‌ڵدانی‌ شێوه‌یه‌كی‌ نوێ‌ له‌ خه‌بات و ده‌رئه‌نجامه‌كانی‌

 دیاره‌ له‌ دوو ده‌یه‌ی‌ رابردوودا گۆڕانێكی‌ خێرا و پۆزه‌تیڤ به‌ سه‌ر عه‌قڵیه‌تی‌ كوردییش دا هاتوه‌و رێبه‌رانی‌ حیزب و رێكخراوه‌ سیاسی‌یه‌ كوردی‌یه‌كان له‌ جیهانی‌ سیاسه‌ت دا خۆیان دیتۆته‌وه‌ و هه‌وڵێكی‌ جیددیان بۆ به‌جیهانی‌ كردنی‌ كێشه‌كان داوه‌ كه‌ ده‌رئه‌نجامی‌ پۆزه‌تیڤیشی‌ لێكه‌وتۆته‌وه‌. بۆ وێنه‌ هه‌وڵه‌ دیپلۆماسی‌یه‌كانی‌ دوكتور قاسملو و هه‌روه‌ها رێبه‌رانی‌ كوردی‌ باشوور توانیویه‌تی‌ كێشه‌ی‌ كورد له‌ مه‌سه‌له‌یه‌كی‌ ناوچه‌یی‌یه‌وه‌ بگه‌یه‌نێته‌ میدیا جیهانی‌یه‌كانه‌وه‌ و سه‌رنجی‌ بیروڕای‌ گشتی‌ بۆ لای‌ خۆی‌ راكێشێ‌. ئه‌و سه‌ركه‌وتنانه‌ هیۆایه‌كی‌ زۆریان خستۆته‌ دڵی‌ كورده‌وه‌ و به‌ دڵنیایی‌یه‌وه‌ داهاتوویه‌كی‌ گه‌شتری‌ بۆ به‌دی‌ ده‌كه‌ن.

وه‌رگیرانی‌ دوو رێكخراوی‌ كوردی‌ لاوان، یه‌كیه‌تیی‌ لاوانی‌ دێموكراتی‌ كوردستانی‌ ئێران و كۆمه‌ڵه‌ی‌ خوێندكارانی‌ كوردستان له‌ (26)مین كۆنگره‌ی‌ نێونه‌ته‌وه‌یی‌ لاوانی‌ سۆسیالیست دا وه‌ك ئه‌ندامی‌ چاوه‌دێر له‌ درێژه‌ی‌ ئه‌و خه‌باته‌ دیپلۆماتیكه‌ی‌ كورد له‌ ساڵانی‌ رابردوودا بووه‌، كه‌ شیاوی‌ رێزگرتن و بایه‌خ پێدانه‌. گرینگی‌ ئه‌و رووداوه‌ له‌وه‌ دایه‌ كه‌ هه‌ر دوو رێكخراوی‌ كوردی‌ بۆ یه‌كه‌م جار بوو كه‌ له‌ كۆنگره‌ی‌ iusy (international union of socialist youth)دا به‌شدار ده‌بوون و توانیان ده‌نگی‌ متمانه‌ی‌ ئه‌ندامانی‌ كۆنگره‌ بۆ لای‌ خۆیان راكێشن. رێكخراوی‌ نێونه‌ته‌وه‌یی‌ لاوانی‌ سۆسیالیست گه‌وره‌ترین رێكخراوی‌ جیهانی‌ لاوانه‌ كه‌ نزیك به‌ 100 ساڵی‌ ته‌مه‌ن هه‌یه‌و پێكهاتووه‌ له‌ نزیك به‌ 150 رێكخراو كه‌ له‌ زیاتر له‌ 100 وڵاتی‌ جیهانه‌وه‌ تێیدا به‌شدارن و كاریگه‌ری‌یه‌كی‌ به‌رچاوی‌ له‌ ره‌وتی‌ رووداوه‌كانی‌ جیهان دا هه‌یه‌.

له‌و كۆنگره‌یه‌ دا جیا له‌وه‌ی‌ كه‌ دوو رێكخراوی‌ كوردی‌ لاوان وه‌ك ئه‌ندامی‌ چاوه‌دێر وه‌رگیران، هه‌روه‌ها توانیان كۆنگره‌ به‌و قه‌ناعه‌ته‌ بگه‌یه‌نن كه‌ به‌ شێوه‌ی‌ فه‌رمی‌ بڕیارنامه‌یه‌ك له‌ سه‌ر كێشه‌ی‌ كورد ده‌ركا و له‌وێدا داكۆكی‌ له‌ مافی‌ چاره‌نووسی‌ كورد بكا.

سه‌ركه‌وتنی‌ رێكخراوه‌ سینفی‌- مه‌ده‌نی‌یه‌كانی‌ كوردستان له‌ كۆنگره‌یه‌كی‌ جیهانی‌ دا پێشانده‌ری‌ ئه‌م راستی‌یی‌یه‌ كه‌ كورد زۆر به‌ خێرایی‌ هه‌وڵ ده‌دا هه‌نگاوه‌كانی‌ به‌شارستانی‌بوون بپێوێ‌ و گوتارێكی‌ عه‌قڵانی‌ مۆدێڕن بكاته‌ رێبازی‌ بنیاتنانی‌ كۆمه‌ڵگایه‌كی‌ پێشكه‌وتوو.

تا ئه‌و جێگایه‌ی‌ ئێمه‌ به‌ مافی‌ خۆمانی‌ ده‌زانین ره‌خنه‌ له‌ خاڵه‌ نێگه‌تیڤه‌كانی‌ سه‌رجه‌م بزاوتی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌، سیاسی‌ و كۆمه‌ڵایه‌تی‌ كورد بگرین، تا ئه‌و راده‌یه‌ش پێویسته‌ و جێگای‌ خۆیه‌تی‌ له‌ كاتی‌ سه‌ركه‌وتنه‌كان دا فه‌خر و شانازی‌ بكه‌ین و خۆمان به‌ هێند بگرین.   

 سه‌ره‌وه‌. ده‌سپێک.

ئه‌م بابه‌ته‌ چاپ بکه‌!

   ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ هاوڕێکه‌ت بنێره:

© www.giareng.com
All rights reserved 2005.