Ö:: دووی ڕێبه‌ندان له‌ شاری مه‌هابادی هه‌میشه‌ پێشره‌و دا

 

ڕۆژی 2ی ڕێبه‌ندان هه‌ر له‌ سه‌ر له‌ به‌یانی زووه‌وه‌، هێزه‌ سه‌رکوت که‌ره‌کانی ئیداره‌ی ئیتلاعات و هێزی به‌ ناو پارێزگاری و به‌سیج له‌ ده‌وروبه‌ری مه‌یدانی چوارچرا خۆیان مۆڵ دا و گشت لایه‌کیان خسته‌ ژێر چاوه‌دێری خۆیان و زۆر به‌ ناشیرینی له‌ گه‌ڵ خه‌ڵک ده‌جووڵانه‌وه‌ و ته‌نانه‌ت نه‌یان ده‌هێشت هیچ که‌س له‌و شه‌قام و گۆڕه‌پانه‌ دا راوه‌ستێ و یا له‌ یه‌کتر سڵاو بکه‌ن.

به‌ڵام هێزی زۆر و بێ وره‌ی دوژمن قه‌ت نه‌یتوانی‌وه‌ و ناتوانێ له‌ ئاست هێز و هه‌ستی شۆرشگێری خه‌ڵکی کوردستان و به‌ تایبه‌ت شاری قاره‌مانی مه‌هاباد دا ڕاوه‌ستێ و به‌ که‌یفی دڵی خۆی چاو بگێرێ و خه‌ڵک چاوترسێن بکات و پێش به‌ هه‌ست و کرده‌وه‌ی شۆرشگێرانه‌ی خه‌ڵک بگرێ.

خه‌ڵکی شاری مه‌هاباد بریاریان دا بوو که‌ له‌و ڕۆژه‌ پیرۆزه‌ دا جیژنه‌ پیرۆزه‌ له‌ یه‌کتر بکه‌ن، هه‌ر بۆیه‌ش به‌ گوێ نه‌دان به هێزی زۆر و بۆری دوژمن له‌ دوانیوه‌ڕۆی ئه‌م ڕۆژه‌ پیرۆزه‌دا، خه‌ڵک به‌ جل‌وبه‌رگی کوردی و ئاغابانوو و جامانه‌ و په‌سته‌ک و سۆرانی هه‌ڵبه‌ستن هاتنه‌ سه‌ر شه‌قام‌ و به‌ ده‌نگی به‌رز و به‌ ڕووی خۆش و به‌ بێ ترس جێژنه‌ پیرۆزه‌یان لێک ده‌کرد و یه‌کتریان له‌ ئامێز ده‌گرت و به‌ شیرینی دابه‌ش کردن له‌ نێو خۆیان دا ده‌می خۆیان شیرین ده‌کرد و به‌م شێوه‌یه‌ چاوی کوێری دوژمنیان زیاتر کوێر ده‌کرد. هێزه‌کانی ڕێژیم له‌ ترسی هه‌ستی شۆرشگێرانه‌ و کرده‌وه‌ی بوێرانه‌ی ئه‌و خه‌ڵکه‌ دلێر و چاونه‌ترسه‌ له‌ سه‌ر شه‌قام و گۆڕه‌پانی چوارچرا به‌ شێوه‌یه‌کی ترسنووکانه‌ له‌ قالبی خۆیان دا سڕ و کپ ببوون.

ماویه‌ک دواتر خه‌ڵک ورده‌ ورده‌ له‌ ماڵان هاتنه‌ ده‌ر و به‌ره‌و گۆڕستانی شه‌هیدان وه‌رێ که‌وتن و سه‌ردانی سه‌رجه‌م گۆڕی شه‌هیدان و به‌ تایبه‌ت سه‌ر قافڵه‌ی شه‌هیدانی کوردستان پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د و هه‌ڤاڵه‌کانیان دا و به‌ دانانی ده‌سته‌ گوڵ و خوێندنی فاتیحا ڕیزیان له‌م ڕۆژه‌ پیرۆزه‌ گرت. دیاره‌ دوای ئه‌وه‌ فاتیحا خوێندرا خه‌ڵکی بوێری شاری پێشه‌وا به‌ ده‌نگی به‌رز و دلێرانه‌ی خۆیان سروودی نه‌ته‌وایه‌تی ئه‌ی ڕه‌قیبیان خوێنده‌وه‌ که‌ ئه‌وه‌ش بوو هۆی ئه‌وه‌ که‌ خه‌ڵکێکی زۆرتر بێنه‌ ناو گۆرستانی شه‌هیدان و ئه‌و ڕۆژه‌ به‌ جوانی پیرۆز بکه‌ن.

ماویه‌ک دواتر هێزه‌کانی ڕیژیم هاتن و هورشمیان هێنایه‌ نێو گۆرستانی شه‌هیدان و بڵاوه‌یان به‌ خه‌ڵک کرد. به‌ڵام هه‌ر ئه‌و خه‌ڵکه‌ به‌ره‌و شه‌قامه‌کانی دیکه‌ی نێو شار وه‌رێ که‌وتن و خۆیان له‌ گه‌ڵ لاوه‌کان که‌ پێشتر له‌ چه‌ند شه‌قام کۆ ببوونه‌وه‌ تێکه‌ڵ کرد.

گۆڕه‌پانی شۆرش له‌ لایه‌ن ڕێژیمه‌وه‌ گه‌مارۆ درا بوو و نه‌یان ده‌هێشت که‌ خه‌ڵک به‌و شه‌قامه‌ دا هات‌وچۆ بکات به‌ڵام شه‌قامی مه‌نبه‌عی ئاو که‌ زۆر نێزیکه‌ له‌ گۆڕه‌پانی شۆرش هه‌ڵکه‌وتووه‌، پڕ ببوو له‌ لاوی شۆرشگێری کورد، لاوه‌کان به‌ هه‌ڵپه‌رین و گۆڤه‌ند ڕێزیان له‌ شه‌‌سته‌مین ساڵرۆژی دامه‌زرانی کۆماری کوردستان گرت و له‌ هه‌مان کاتدا به‌ ده‌نگی به‌رز درووشمی شۆرشگێریان ده‌دا و به‌ تایبه‌ت سروودی:

" تا وێنه‌ی تۆمان هه‌بێ نامرین                          ئافرین قازی محه‌ممه‌د ئافه‌رین"

له‌ کاتژمێر 6ی ئێواره‌ هێزه‌کانی ڕێژیم که‌ چاوی خۆشی و شادی خه‌ڵکی کوردستان و به‌ تایبه‌ت شاری مه‌هابادیان نییه ڕژانه‌ سه‌ر شه‌قامه‌کان و به‌ هاویشتنی گازی فرمێسک هێنه‌ر بۆ نێو ئاپۆرای لاوه‌ شۆرشگێره‌کانی مه‌هابادی هه‌میشه‌ خۆراگر ‌له‌ دووره‌وه‌ را ده‌یان هه‌ویست کۆنترۆڵی وه‌زعه‌که‌ بکه‌ن، به‌ڵام لاوه‌ تێکۆشه‌ره‌کانی مه‌هاباد به‌ کردنه‌وه‌ی ئاگر له‌ سه‌ر شه‌قامه‌کان نه‌یان هێشت که‌ کاسه‌لێسانی کۆماری ئیسلامیان لێ نێزیک ببنه‌وه.‌ له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌ دا که‌ به‌فرێکی زۆر کۆڵان و شه‌قامه‌کانی شاری مه‌هابادی داپۆشیوه‌ و به‌رد و له‌تکه‌ خشت ده‌ست نه‌ده‌که‌وتن به‌ڵام لاوه‌کان به‌ درووست کردنی تۆپه‌ به‌فر و به‌ هاویشتنی لیخه‌ سه‌هۆڵ به‌رگریان له‌ هاتنه‌ پێشی هێزی سه‌رکوتکه‌ری ڕێژیم ده‌گرت و به‌م شێوه‌یه‌ لاوه‌کان له‌ به‌رامبه‌ر چه‌کی ده‌ستی داگیرکه‌ران و گازی فرمێسک هێنه‌ر دا به‌رگریان له‌ خۆیان و له‌و ڕۆژه‌ پیرۆزه‌ ده‌کرد.

مۆڵگه‌ی ژماره‌ 13 هه‌ڵکه‌وتوو له‌ باغی شایه‌گان له‌ ترسی هێرشی لاوه‌کان هه‌ر له‌ به‌یانی زووه‌وه‌ سه‌نگه‌ره‌کانی خۆیان له‌ سه‌ر سه‌ربانی ئه‌و مۆڵگه‌یه‌ پڕ له‌ چه‌کدار کرد بوو، سه‌رما و به‌فری زۆر له‌شی ته‌واو سارد و سڕی ئه‌و به‌کرێگیراونه‌ی زیاتر وه‌ چه‌ق‌وچۆ خست بوو، سه‌رما و ترس وای له‌و به‌کرێ گیراوانه‌ کرد بوو که‌ ئاگر به‌رنه‌ نێو سه‌نگه‌ره‌کانیان و به‌ هه‌ڵکردنی کوره‌ و سۆبه‌ و عه‌لادین جه‌سته‌ی ته‌زیو و سارد و سڕ و دڵی پڕ له‌ ترسی خۆیان پێ گه‌رم بکه‌نه‌وه.‌ شایانی باسه‌ له‌ ترسی کۆبوونه‌وه‌ و خۆپێشاندانی خه‌ڵک هێزه‌کانی ڕیژیم و به‌ تایبه‌ت جاشه‌کان ناتوانن بچنه‌وه‌ ماڵێ خۆیان و له‌ حاڵه‌تی ئاماده‌باش دان و شه‌ویش هه‌ر له‌ مۆڵگه‌کان دا ده‌مێننه‌وه‌.

دیاره‌ له‌ گه‌ڕه‌که‌کانی دۆڵی که‌روێشکه‌ و شاره‌کی کارمه‌ندانیش خه‌ڵک کۆبوونه‌وه‌ و ڕیزیان له‌ یادی 60 ساڵه‌ی دامه‌زرانی کۆماری کوردستان کرده‌وه‌ و به‌ دابه‌ش کردنی شیرینی و هه‌ڵپه‌ركێ یادی ئه‌و ڕۆژه‌ له‌ لایه‌ن خه‌ڵکه‌وه‌ پیرۆز کرا. 

هه‌ر بژی کوردستان
بژی کۆماری کوردستان
بژی حیزبی
دێمۆکرات دڕێژه‌ده‌ری ڕێگای پڕ له‌ شانازی پێشه‌وا قازی محه‌ممه‌د
جێژنتان پیرۆز بێت

زریان
مه‌هاباد

2/11/1384

 سه‌ره‌وه‌. ده‌سپێک.

ئه‌م بابه‌ته‌ چاپ بکه‌!

   ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ هاوڕێکه‌ت بنێره:

© www.giareng.com
All rights reserved 2005.