Ö:: تۆ بڵێی ڕێکخه‌رانی گۆڤاری" چه‌شم ئه‌نداز ئیران"(پانۆڕامای ئێران) و به‌ره‌ی کوردستانی ...

نووسینی: ڕێناس  جاف

تۆ بڵێی ڕێکخه‌رانی گۆڤاری" چه‌شم ئه‌نداز ئیران"(پانۆڕامای ئێران) و به‌ره‌ی کوردستانی، له‌ دووی یه‌ک ئامانج نه‌بن؟!
خه‌نیبوونی کوردی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌ ده‌رچوونی ژماره‌ێیکی تر له‌ گۆڤاری "چه‌شم ئه‌نداز ئیران"، تایبه‌ت به‌ کوردستان، له‌ چییه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێ؟ ئه‌ی پاش دوو ساڵان که‌ ژماره‌ی یه‌که‌می ئه‌و گۆڤاره‌ به‌ شێوه‌ێیکی لێڵ و کوێرانه‌ که‌وته‌ ئاوڕدانه‌وه‌ له‌ ڕووداوه‌کانی مێژووی خه‌باتی سیاسی کوردی ڕۆژهه‌ڵات، ئه‌مجاره‌ به‌ڕێوه‌به‌رانی ئه‌م گۆڤاره‌ چ خه‌ونێکیان بۆ کوردی ئه‌م به‌شه‌ی کوردستان بینیوه‌ و له‌ دووی چی ده‌گه‌ڕێن و ئه‌وجار گه‌ره‌کیانه‌ کامه‌ سه‌رچاوه‌ی ڕوونی مێژووی گه‌له‌که‌مان لا، لێڵ بکه‌ن؟!

 له‌ 26 ساڵ ده‌سته‌ڵاتی کۆماری ئیسلامی، ئه‌وه‌ی بۆ هه‌موو مرۆڤێکی وریا و چاوکراوه‌ی کوردی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ڕوون کردبێته‌وه‌ که‌ کوردستان پاش ئه‌و هه‌موو ساڵانه‌، باشه‌ کامه‌ ئاوه‌دانی و گه‌شه‌ی به‌ خۆوه‌ بینیوه‌ که‌ ئێستا سه‌رانی ڕژێم ئاوا به‌ په‌له‌ له‌ ڕێی جۆر به‌جۆر و به‌ خافڵاندن و خاپاندنی ئالی و که‌سانی جیاوازه‌وه‌، وه‌بیر ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی کوردستان که‌وتوون و خۆ گوته‌نی ده‌یانه‌وێ ئاوڕێ تایبه‌تی لێ بده‌نه‌وه‌؟! تۆ بێژی ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئه‌ویش له‌ سه‌رده‌مێکدا کارنامه‌ی سه‌رانی ئێستای بۆ هه‌موو کوردێک ڕوونه‌، هه‌ستی به‌و گشت سته‌مه‌ی خۆ ده‌رحه‌ق به‌ کورد کرد بێت و ئه‌مجاره‌ بیه‌وێ قه‌ره‌بووی ڕابوردووی ڕه‌شی خۆ بکاته‌وه‌؟

گه‌لێ ڕوونه‌ وه‌رامی ئه‌و پرسیارانه‌ له‌ وردبوونه‌وه‌ێیکی سه‌رپێیانه‌دا (نا)یه‌. گه‌ر بگه‌ڕێینه‌وه‌ سه‌ر وه‌رامی پرسیاری یه‌که‌م، ئه‌وه‌مان لا ده‌رده‌‌که‌وێ هه‌تا هاتووه‌ کوردستان زێتر وێران و خاپوور کراوه‌. ڕێی چ پێشکه‌وت و ته‌کانێک به‌ هیچ ناوچه‌ێیکی کوردنشینی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، نه‌دراوه‌. به‌ هۆی مێدیای زاڵه‌وه‌ که‌ به‌ شێوه‌ێیکی بێ به‌زه‌ییانه‌ و نامرۆڤانه‌ به‌ درێژایی ئه‌و هه‌موو ساڵانه‌، که‌وتۆته‌ گیانی کولتووری کوردان و به‌ داخ و که‌سه‌رێکی گرانه‌وه‌، سیماێیکی وای له‌ کوردی ڕۆژهه‌ڵات لای ئێرانییه‌کان نه‌خشاندووه‌، هه‌رکه‌ له‌ نێزیکه‌وه‌ ده‌گه‌ڵ ناکوردێک هه‌ڵس و که‌وتت کردووه‌، گه‌ر ناحه‌ق نه‌بێژم سه‌تی سه‌ت، هه‌ڵگری هه‌مان بیر و بۆچوونی مێدیای زاڵ بوونه‌ و کوردیان لا خه‌ڵکانێکی سه‌ربڕ، دوور له‌ شارستانییه‌ت، ئاژاوه‌گێڕ و شه‌ڕانه‌چی بووه‌. منێک له‌ به‌ره‌به‌ری سه‌رکه‌وتنی شۆڕشی گه‌لانی ئێرانه‌وه‌، له‌ نزیکه‌وه‌ ئاگام له‌ مامه‌ڵه‌ و سات و سه‌ودای ڕژێم ده‌گه‌ڵ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان هه‌یه‌، به‌ درێژایی ئه‌و هه‌موو ساڵانه‌، جگه‌ له‌ به‌ نائه‌من له‌قه‌ڵه‌مدانی کوردستان، چ ده‌سکه‌وتێکی دیکه‌ی ڕژێمم بۆ ئه‌م به‌شه‌ی کوردستان پێ شک نایه‌. هێشتا ئه‌م به‌شه‌ی کوردستان له‌ گشت بارێکه‌وه‌ ته‌مێکی چڕی پاشکه‌وتوویی پێوه‌ دیاره‌. هێشتا سه‌تی 90 ی ده‌رچووانی زانستگه‌یی و شاره‌زا و پسپۆڕانی کورد، له‌به‌ر ڕه‌وشی ئه‌م به‌شه‌ی کوردستان و نه‌بوونی بازاڕی کار و چالاکی و وه‌رنه‌گیران له‌به‌ر گه‌لێ هۆ و هه‌گه‌ران، ناچارن ملی ڕێگا به‌ره‌و گه‌وره‌شاران بگرنه‌ به‌ر. هه‌تا هاتووه‌ ده‌رکه‌ی زێتر له‌ ڕووی کوردان داخراوه‌ و گه‌ر له‌ هه‌ل و مه‌رجێکی وه‌ک ئه‌مڕۆشدا که‌ بارودۆخی دونیا و ناوچه‌، گۆڕانێکی فره‌ی به‌سه‌ردا هاتووه‌، ڕژێم به‌ فێڵ و ته‌ڵه‌ێیکی دی، ده‌یه‌وێ خۆیمان لا به‌ پاڵ پشتی کورد پێ بناسێنێ، مه‌خابن له‌به‌ر سێبه‌ری ڕه‌شی ئه‌و ساڵانه‌، ئیتر پێمان وایه‌ شۆڕش و په‌رجووێیک ڕووی داوه‌ و ده‌بێ به‌ دید و بۆچوون و ڕوانگه‌ێیکی دیکه‌وه‌ به‌ره‌و پیری بچین.

کۆماری ئیسلامی به‌و ساڵانه،‌ بۆ که‌مڕه‌نگ کردنه‌وه‌ی ڕۆڵی پارته‌ سیاسییه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان که‌ به‌حه‌ق ئه‌وان پێشه‌نگ و ئاڵاهه‌ڵگری خه‌باتی سیاسی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانن، ده‌یان ڕێی تاقی کردۆته‌وه‌ و به‌ هۆی داره‌ده‌سته‌کانی نێوخۆییه‌وه‌، هه‌وڵی داوه‌ ڕه‌وتی خه‌باتی سیاسی کورد به‌ ئاراسته‌ێیکی دیکه‌دا ببات و سیمای گه‌شی پارته‌ کوردییه‌کانمان لا بشێوێنێ؛ ئه‌وه‌ی ئه‌م پارتانه‌ش له‌ مێژه‌ ئه‌وه‌نده‌ی سه‌رقاڵی بگره‌ و به‌رده‌ وگێره‌ و کێشه‌ی نێوخۆیین، ده‌ یه‌کی ئه‌وه‌نده‌‌ لایان له‌ جه‌ماوه‌ر نه‌کردۆته‌وه‌، باسێکی دیکه‌یه‌ و ده‌رفه‌تی خۆی گه‌ره‌که‌، وه‌به‌ر لێکدانه‌وه‌ی بخه‌یت. به‌ڵام ڕژێم ئه‌مڕۆکه‌ هه‌رکه‌ ده‌بینێ هیچ کامه‌ له‌و چه‌کانه‌، بۆی کاریگه‌ر نه‌بوونه‌، وا خه‌ریکه‌ ئه‌مجاره‌ ده‌مامکه‌که‌ی به ڕوخساری‌ ئالی و که‌سانی دیکه‌وه‌یه‌ هه‌تا به‌ شێوه‌ێیکی نوێ، ڕۆڵ و ده‌وری بۆ بگێڕن. که‌چی ئه‌وه‌نده‌ نه‌زانه‌ که‌ ڕه‌وشه‌که‌ گۆڕانی  فره‌ی به‌خۆوه‌ بینیوه‌ و ئیتر ئه‌م خه‌ڵکه‌، خه‌ڵکه‌ چاوبه‌ستراوه‌که‌ی دوێنێ و پێرێ نین‌ و ناتوانێ به‌ که‌یفی دڵی خۆ، هه‌موو شتێکیان به‌سه‌ردا داسه‌پێنێ.

شۆڕشی زانیاری بۆ کورد گه‌وره‌ترین ده‌سکه‌وتی بووه‌. ئیدی وه‌ک جاران سنوور و جۆگرافیای ده‌وڵه‌تان، ناتوانێ کوردان لێک دوور بکاته‌وه‌. به‌خته‌وه‌رانه‌ ئه‌مڕۆکه‌ له‌ ڕێ ئینته‌رنێت و سه‌ته‌لایت و ده‌یان که‌ناڵی پێوه‌ندی و ڕاگه‌یاندنی دیکه‌وه‌، کورد به‌ بچوکترین ڕووداوی نێوخۆی کوردستان، ئاگادار ده‌کرێته‌وه‌ و ده‌وڵه‌تانی سه‌رده‌ست، بۆیان نالوێ وه‌ک جاران، لێکمان بکه‌ن.

خوێندنه‌وه‌ێیکی سه‌رپێیانه‌ی گۆڤاری "چه‌شم ئه‌نداز ئیران"، به‌و ده‌ره‌نجامه‌مان ده‌گه‌یینێ کۆماری ئیسلامیش وه‌ک ده‌وڵه‌تانی پێشووی ئێران، به‌ ده‌وری هه‌مان بازنه‌ی شۆڤێنیستی فارسی دا ده‌سووڕێته‌وه‌ و ئیزن به‌ که‌س و هیچ قه‌ومییه‌تێکی دی نێو ئێران نادات، شوناسی خۆ ده‌ربخات.

ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئه‌وه‌ونده‌ قه‌ناعه‌تی به‌ خۆ هه‌یه‌ که‌ ده‌ڵێی هه‌موو ماف و حه‌قێکی به‌ کوردان به‌خشیوه‌ و کورد چ هه‌ست به‌ نامۆبوون له‌ ئێراندا ناکات، بۆیه‌ به‌وپه‌ڕی بێ شه‌رمییه‌وه‌ خه‌ون به‌وه‌شه‌وه‌ ده‌بینێ گه‌ر کورد له‌ هه‌موو پارچه‌کانی دی کوردستانی بنده‌ست دا به‌ مافی خۆ بگات و ده‌سته‌ڵاتی ده‌س بکه‌وێ، تازه‌ ئه‌و ده‌م ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ باوه‌شی ئێران و ده‌لکێته‌وه‌ به‌ خاکی خۆوه‌. ئه‌وه‌ی له‌ نێزیکه‌وه‌ ئاگای له‌ مامه‌ڵه‌ی ده‌وڵه‌تانی سه‌رده‌ستی کوردستان نه‌بووبێت، ڕه‌نگه‌ پێی وابێت کورد هه‌ستێکی ئه‌وتۆی بۆ ئێران له‌ ناخدایه‌ به‌ڵام پڕ ڕوونه‌ له‌ دونیای ئه‌مڕۆدا سه‌تی 98 ی کوردان، هیوای سه‌ربه‌خۆیی کوردستانیان له‌ دڵایه‌، کوردستانێک ئازاد و سه‌ربه‌خۆ و سه‌ر‌به‌ست، کوردستانێک بۆ کوردی هه‌موو پارچه‌کانی له‌ت له‌تکراو و دابڕاو له‌ خاکی پاکی خۆ.

به‌ڵام گه‌ر به‌شی دووه‌می مه‌به‌ستی ئه‌م نووسینه‌ وه‌به‌ر سووکه‌(کورته‌) لێکدانه‌وه‌ێیک بخه‌ین، له‌ حه‌قیقه‌تدا پێکهاتنی به‌ره‌ی کوردستانی له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، نه‌ شتێکی تازه‌یه‌ و به‌ دڵنیاییه‌وه‌ یارییه‌کی دی ڕژێمه‌ بۆ کاڵکردنه‌وه‌ی ڕۆڵ و ده‌وری پارته‌سیاسییه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان. به‌ره‌ له‌ کامه‌ ڕووناکبیر و شاره‌زایانی کورد پێک دێ؟ ئه‌و تاقمه‌ کێن و خاوه‌نی کامه‌ ڕابوردووی گه‌ش بۆ گه‌له‌که‌یانن؟ هه‌تا به‌ ئێستا چییان به‌ کوردستان به‌خشیوه‌ هه‌تا له‌مه‌و به‌دوا ئاوه‌دانی بکه‌نه‌وه‌؟ هه‌تا ئێستا چه‌نده‌ پاڵ پشتی دۆزه‌ ڕه‌واکه‌ی گه‌له‌که‌یان بوونه‌؟ ئه‌ی بۆ هیچ ده‌سکه‌وتێکیان لای که‌س ئاشکرا نییه‌؟! ئه‌ندامانی به‌ره‌، هه‌ڵگری کامه‌ هه‌گبه‌ی هزری و ڕووناکبیری کوردین، هه‌تا ئێستێ لاگری له‌ ماف و حه‌قی کوردان بکه‌ن؟!

گه‌ش بینی له‌ حاند داهاتووی کوردستان خاسما له‌ سه‌روبه‌ندی یه‌کگرتنه‌وه‌ی دوو ئیداره‌که‌ی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستاندا،نابێ تووشی خه‌فڵه‌تمان بکات، چونکه‌ ناحه‌زانی کورد هه‌موو ده‌م ئاماده‌ی پیلانگێڕانن و سڵ له‌ هیچیش ناکه‌ن و کاتێ به‌رژه‌وه‌ندییان وه‌به‌ر مه‌ترسی بکه‌وێ، گوێ به‌ هیچ یاسا و ڕێسا و بنه‌ما و زاکوونێکی نێونه‌ته‌وه‌یی ناده‌ن. بۆیه‌ ده‌بێ به‌ چاوێکی وردبینانه‌وه‌، سه‌یری ڕووداوه‌کانی ده‌ور وبه‌رمان بکه‌ین و گورجێ سه‌تی سه‌ت، ته‌سلیمی هه‌موو خواستێکی ناحه‌زانمان نه‌بین. ئه‌وان به‌ درێژایی مێژوو، نیازناپاکی و دڕه‌خوویی و سیمای کرێتی خۆیان، لامان ده‌رخستووه‌. کورد هه‌تا به‌ ئێستا چی زه‌ره‌ر و زیانی لێ که‌وتووه،‌ له‌به‌ر ناشاره‌زاێتی به‌ یارییه‌کانی سیاسی بووه‌. ڕاستبێژی و مێرخاسی و نیازپاکی چه‌ن سیفه‌تێکی هه‌ره‌ دیار لای کوردانن به‌ڵام کورد ئه‌مڕۆ ده‌بێ ئه‌و خه‌سڵه‌تانه‌ ده‌گه‌ڵ ئه‌وانه‌ی ده‌کار بێنێ، قازانج و به‌رژه‌وه‌ندی گه‌له‌که‌یان بوێت و ئه‌وانیش هه‌مان ڕه‌وتار ده‌گه‌ڵ کورد بکه‌ن. میلله‌تی ژیر و به‌ بیر هه‌رده‌م به‌ره‌و پێشه‌وه‌ ده‌چێ ،له‌سه‌ر ئێمه‌ی کوردیشه‌ ژیرانه‌ هه‌نگاو هه‌ڵبگرین و کارێک نه‌که‌ین سبه‌ی په‌ژیوان بینه‌وه‌. چونکه‌ به‌ره‌ی سبه‌ی ئیدی به‌ هاسانی له‌ سووچ و هه‌ڵه‌ و خه‌تا و لادانمان خۆش نابێت. وه‌بزانم ئه‌مه‌ بچوکترین مافی ئه‌وانیش بێت. به‌ره‌ گه‌ر ڕۆحی کوردی بێت به‌ ئه‌رخه‌یانییه‌وه‌ به‌و زووانه‌ لای هه‌مووان ده‌رده‌که‌وێ. دوابه‌دوای سه‌رهه‌ڵدانی ڕاپه‌ڕینه‌کانی جه‌ماوه‌ری ئه‌م ساڵانه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، ڕژێم ئیدی هه‌ست به‌وه‌ ده‌کات ناتوانێ ‌ وه‌کو ڕابوردوو‌ حوکمی کوردستان بکات بۆیه‌ سه‌ره‌تا به‌ چه‌شنی ساڵانی 1358 و 1389 هه‌تاوی، که‌وته‌ سه‌رکوتکردنی هه‌ژانی جه‌ماوه‌ری که‌چی پێ حه‌سیا ئه‌و ده‌وره‌ و سه‌ر‌ده‌مه‌ تێپه‌ڕیوه‌ و ده‌بێ له‌ که‌ناڵێکی دیکه‌وه‌ ئه‌و ئامانجه‌ گڵاوه‌ی وه‌دی بێنێ. ئه‌ویش دانانی به‌ره‌یه‌. ئه‌مڕۆ مناڵێکی پۆلی ئاماده‌یی ده‌زانێ، کۆماری ئیسلامی به‌ هیچ  ده‌سکه‌وتێکی کوردان خه‌نی نابێت، ئه‌ی باشه‌ چلۆنه‌ ئێستێ ئیزن ده‌دا به‌ره‌ پێک بێت؟!

وشیاری میلله‌تی کورد له‌م قۆناخه‌ هه‌ستیاره‌دا بێگومان نیازی پۆخڵی ناحه‌زانی کورد پووچه‌ڵ ده‌کاته‌وه‌ و ده‌توانێ به‌رپه‌رچی شاڵاوی نوێی ڕژێم بداته‌وه‌.

19 ی به‌فرانباری 2705 ی کوردی

تاران

 سه‌ره‌وه‌. ده‌سپێک.

ئه‌م بابه‌ته‌ چاپ بکه‌!

   ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ هاوڕێکه‌ت بنێره:

© www.giareng.com
All rights reserved 2005.