Ö:: کاول و ویران کردنی مزگه‌وتی حه‌زره‌تی ئیبراهیمی کوردان له‌ نه‌غه‌ده‌

ماڵپه‌ری گیاره‌نگ

مزگه‌وتی حاجی خدر یه‌کێک له‌و مزگه‌وتانه‌یه که له ناوچه‌یه‌کی پڕ حه‌شیمه‌ت دا هه‌ڵکه‌وتووه‌ ده‌وری ئه‌و مزگه‌وته‌ و نێزیک هه‌زار ماڵی له خۆ گرتووه. ئه‌م مزگه‌وته‌ بۆته‌ شوێنی کۆبوونه‌وه‌ی خه‌ڵکی ئه‌م گه‌ره‌که‌ و ده‌رورووبه‌ری و له‌ به‌ر ئه‌وه‌ خه‌ڵک له‌م شوێنه‌ زۆرن و مزگه‌وته‌که‌ش تا ڕاده‌یه‌ک چووکتره‌، خه‌ڵکی ئه‌م گه‌ره‌که‌ له‌ بیری ئه‌وه‌ که‌وتن که‌ مزگه‌وتێکی گه‌وره‌تر و گونجاوتر درووست بکه‌ن که‌ بتوانی خه‌ڵکی زۆرتری تێدا کۆ ببێته‌وه‌.

له ساڵی 1377 ی هه‌تاوی پیاو ماقوڵانی ئه‌م گه‌ره‌که له‌ ‌هه‌وڵی ساز کردنی مزگه‌وتێکی تر له شه‌قامی قادری ده‌بن و خاکێک له‌م شوێنه بۆ درووست کردنی مزگه‌وت ده‌کرن. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته له‌ گه‌ڵ‌ شاره‌داری شار خه‌ریکی راوێژ کردن ده‌بن به‌ڵام شاره‌داری به تاوانی پشتیوانی مادی و مه‌عنه‌وی له‌ حیزبی دیموکرات بۆ ساز کردنی ئه‌م مزگه‌وته‌، له دانی ئیجازه‌ی ساز کردن خۆ ده‌پارێزێ و له ساڵی 1379 ی هه‌تاوی پاش هه‌وڵدانیکی به‌رده‌وامی خه‌ڵک و داواکاری زۆر، جارێکی دیکه‌ شاره‌داری ساز کردنی ئه‌م مزگه‌وته‌ به بیانوگه‌لی پروپوچ پوچه‌ڵ ده‌کاته‌وه. له‌و ماوه‌یه دا نامه‌گه‌لی جۆراوجور بۆ مه‌جلیسی شۆرای ئیسلامی ئیران، وه‌زاره‌تی ناوخۆ و هه‌روه‌ها راوێژکاری سه‌روک کۆمار (خاته‌می) له کاروباری سوننی‌یه‌کان نێردرا به‌ڵام وه‌ڵامێکی ئه‌وتۆی پێ نه‌درایه‌وه‌ تا ئه‌وه‌ی له‌م دوایانه دا خه‌ڵکی گه‌ره‌کی قادری به ده‌ستوری ئیمام جومعه‌ی کوردان حاجی ماموستا ئیبراهیم سورخابی ( که له‌و باره‌وه راوێژی به شاره‌داریش کرد بوو) بریاری ساز کردنی مزگه‌وتیان داو به‌مجوره ساز کردنه‌که‌ی له رۆژانی سه‌ره‌تای ئه‌و مانگه ده‌ستی پێکرد و به‌شێکی به‌رچاوی لێ ساز کرا، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌و په‌ری سه‌ر سورمانه‌وه له رۆژی شه‌ممه رێکه‌وتی 10ی به‌فرانبار کاتژمیر 10ی به‌یانی شاره‌داری به هێنانی لۆدێر به‌شێکی له‌و مزگه‌وته‌‌ی کاول کرد که له گه‌ڵ به‌ربه‌ره‌کانی خه‌ڵک به‌ره‌وڕوو بوو و شاره‌داری ئه‌م شوێنه‌ی به جێهیشت، به‌ڵام کاتژمیر 4 ی ئێوارێ هه‌مان رۆژ به هاوبه‌شی هێزه‌کانی پارێزه‌ر ( نیروی ئینتزامی) هاته ئه‌و شوێنه و ئه‌م جاره به لۆدێری گه‌وره و قورس ته‌واوی مزگه‌وته‌‌که‌ی وێران و له گه‌ڵ خاک یه‌کسانی کرد.

ئه‌م کاره ناجوامێرانه‌ی شاره‌داری شاری نه‌غه‌ده بوو به‌ هۆی توره‌یی هه‌رچی زۆرتری خه‌ڵکی کوردپه‌روه‌ری نه‌غه‌ده. شاری نه‌غه‌ده‌ حه‌فتا له‌ سه‌دی دانیشتوانی کوردن و له‌ مێژه‌ هه‌وڵی پاکتاو کردنی کوردان له‌م شاره‌ دا ده‌درێ و چه‌ندین کاره‌ساتی گه‌وه‌ره‌ی وه‌ک کاول کردن و سووتاندنی گونده‌کانی قاڕنێ و قه‌ڵاتان و کوشتاری خه‌ڵکی ئه‌م گوندانه‌ی به‌ خۆوه‌ دیوه‌ و ئه‌و هه‌وڵه‌ی شاره‌داری ئه‌مڕۆی نه‌غه‌ده‌ش هه‌ر بۆ ئه‌وه‌یه‌ که‌ نه‌هێڵن کورده‌کان شوێن و حاوانه‌وه‌ی زیاتر بۆ خۆیان له‌م شاره‌دا دابین بکه‌ن. کاربه‌ده‌ستانی حوکمه‌تی بۆ نه‌هێشتنی ناوی کوردی له‌ سه‌ر شه‌قام و خوێندگاکان و دووکان و بازاره‌کانی ئام شاره‌ و ته‌نانه‌ت مزگه‌وته‌کانیش هه‌وڵی زۆری داوه‌ و به‌رده‌وام خه‌ریکی ئاژاوه‌ نانه‌وه‌یه‌ له‌ نێوان دوو گه‌لی برای ( کورد و ئازه‌ری ) نیشته‌جێ له‌ شاری نه‌غه‌ده دا و زۆر جار هه‌وڵی ساز کردنی شه‌ر و کێشه‌ی له‌ نێو ئه‌و دوو گه‌له‌ دا داوه‌، به‌ڵام به‌ خۆشیه‌وه‌ گه‌لی کورد و گه‌لی ئازه‌ری له‌م شاره‌ و شاره‌کانی دیکه‌ دا هه‌میشه‌ وه‌ک برا پێکه‌وه‌ ژیاون و ده‌ژین.‌

له‌و باره‌وه‌ هه‌وڵی خه‌ڵک بۆ سه‌ر له نوێ ساز کردنه‌وه‌ی مزگه‌وت به‌رده‌وامه.   

 سه‌ره‌وه‌. ده‌سپێک.

ئه‌م بابه‌ته‌ چاپ بکه‌!

   ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ هاوڕێکه‌ت بنێره:

© www.giareng.com
All rights reserved 2005.