Ö:: گیرانی چه‌ند که‌س له‌ ئیتلاعاتی‌یه‌کان له‌ سه‌ر زه‌مینه‌کانی گه‌ڕه‌کی کانی‌بۆگه‌ن له‌ سه‌رده‌شت

زمناکۆ له‌ سه‌رده‌شت

به‌ پێی هه‌واڵ ماوه‌ی چه‌ند حه‌وتوو ده‌بێ که‌ له‌ لایه‌ن هێزه‌کانی ئینتزامی به‌ حوکمی رئیس دادگای شاری سه‌رده‌شت ئاغای نه‌ورۆزی چه‌ند که‌س له‌ پیاوانی سه‌ر به‌ حکومه‌ت و ئیتلاعاتی شاری سه‌رده‌شت ڕاپێچی زیندان کراون و ماوه‌یه‌که‌ له‌ زیندانی خانه‌ی معلمانی سه‌رده‌شت ڕاگیراون.

حوکمی گیرانی پیاوانی سه‌ربه‌ حکومه‌ت له‌ لایه‌ن قازی نه‌ورۆزی‌یه‌وه‌ له‌وه‌ را دراوه‌ که‌ چه‌ند که‌س له‌ جاشه‌کانی ناوچه‌ی سه‌رده‌شت که‌ سه‌ر به‌ سوپای پاسدارانن به‌ هاوکاری به‌رپرسی ئیتلاعاتی لشکری 3 به‌ ناوی جه‌لالزاده‌ و به‌رپرسی ئیتلاعاتی قه‌رارگای سه‌فه‌رزاده‌ به‌ ناوی به‌هرام مه‌هده‌وی و نوێنه‌ری شیرکه‌تی فه‌ره‌کی نوور به‌ ناوی به‌کره‌ ساڵحی و به‌رپرسی کۆ کردنه‌وه‌ی ئیتلاعاتی سه‌رده‌شت و ڕانه‌نده‌یه‌کی بۆلدزێر که‌ خه‌ریکی دابه‌ش کردنی زه‌وی‌یه‌کانی جیهادی سمنان که‌ هه‌ڵکه‌وتوو له‌ گه‌ڕه‌کی کانی بۆگه‌ن بوون، دراوه‌. ئێستاش هه‌موو  ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ ناویان لێره‌دا نووسراوه‌ له‌ بازداشتی هێزی ئینتزامی دان و له‌ خانه‌ی معلمان ڕاگیراون.

شایانی باسه‌ که‌ ئه‌و زه‌وی‌یانه‌ پێشتر ئی بنه‌ماڵه‌ی زاهیری‌یه‌کانی سه‌رده‌شت بووه‌ و کاتی خۆی فرۆشتویانه‌‌.

دیاره‌ ئه‌وه‌ یه‌که‌م جار نی‌یه‌ که‌ له‌ سه‌رده‌شت کێشه‌ی زه‌وی و دابه‌ش کردنی مڵک له‌ نێو خۆفرۆشان دا ڕوو ده‌دا، له‌ ڕێکه‌وتی 07 ـ 09 ـ 2005 دا له‌ سه‌ر به‌شێک له‌ زه‌وی‌یه‌کانی شاری سه‌رده‌شت کێشه‌ گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ که‌ ئاغای نه‌ورۆزی له‌ لایه‌ن کاربه‌ده‌ستانی ئیتلاعات و سوپای پاسدارن بکه‌وێته‌ زیندان و دوای شه‌و و ڕۆژێک بێ سه‌رو شوێن بوونی ناوبراو له‌ لایه‌ن دادگای گشتی پارێزگای ورمێ حوکمی ئازاد کرانی قازی نه‌ورۆزی ده‌درێ و دوای ئازاد بوونی به‌م شێوه‌یه‌ کێشه‌که‌ تا ڕاده‌یه‌ک سه‌رپۆشی له‌ سه‌ر داده‌ندرێ، به‌ڵام ئه‌مرۆ به‌ پێچه‌وانه‌ ئه‌وه‌ ئاغای نه‌ورۆزی‌یه‌ که‌ وه‌ک قازی دادگا حوکمی گیرانی به‌شێک له‌ پیاو و چڵکاوخۆرانی ئیتلاعات و سوپای داوه‌ و ئه‌وانی ڕاگرتوون و به‌ پێی یاسا ده‌یهه‌وێ پێش به‌ بێ به‌ند وباری و دابه‌ش کردنی ئه‌و زه‌وی‌یانه‌ بگرێ، که‌ له‌ لایه‌ن چڵکاوخۆرانه‌وه‌‌ به‌ حوکمی سه‌ره‌ نێزه‌ و به‌ به‌ڵگه‌ی درۆوه‌ دابه‌ش ده‌کرێن.

زمناکۆ له‌ سه‌رده‌شت

07 ـ 01 ـ 2005

 سه‌ره‌وه‌. ده‌سپێک.

ئه‌م بابه‌ته‌ چاپ بکه‌!

   ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ هاوڕێکه‌ت بنێره:

© www.giareng.com
All rights reserved 2005.