Ö:: وتووێژ له‌گه‌ڵ‌ به‌ڕێز كاك مسته‌فا مه‌ولوودی‌، ئه‌ندامی‌ ده‌فته‌ری‌ سیاسیی‌ حیزب سه‌باره‌ت به‌ 2ی‌ رێبه‌ندان

سه‌رچاوه‌: ماڵپه‌ری کوردستان مێدیا

مسته‌فا مه‌ولوودیوتووێژ له‌گه‌ڵ‌ به‌ڕێز كاك مسته‌فا مه‌ولوودی‌، ئه‌ندامی‌ ده‌فته‌ری‌ سیاسیی‌ حیزب سه‌باره‌ت به‌ 2ی‌ رێبه‌ندان

پ: ره‌وشی‌ سیاسی‌، ئابووری‌، كۆمه‌ڵایه‌تی‌‌و باری‌ فه‌رهه‌نگیی‌ كورد له‌ سه‌رده‌می‌ كۆماری‌ كوردستاندا چۆن شی‌ ده‌كه‌یه‌وه‌؟
به‌ڕێز مسته‌فا مه‌ولوودی‌: ره‌وشی‌ سیاسیی‌ سه‌رده‌می‌ كۆماری‌ كوردستان، سه‌رده‌می‌ پاش كۆتایی‌هاتنی‌ شه‌ڕی‌ دووهه‌می‌ جیهانی‌ بووه‌ كه‌ شوێنه‌واری‌ شه‌ڕ له‌سه‌ر دنیا به‌تایبه‌ت ئه‌و ناوچانه‌ی‌ كه‌ شه‌ڕیان تێ‌دا رووی‌ دابوو، وه‌یان به‌ جۆرێك پریشكی‌ شه‌ڕیان وێ‌ كه‌وتبوو، ناوچه‌ی‌ ئێمه‌ش به‌تایبه‌ت ئه‌و ناوچه‌یه‌ی‌ كه‌ كۆماری‌ كوردستانی‌ تێ‌دا دامه‌زرابوو، كه‌وتبووه‌ ژێر كاریگه‌ریی‌ هه‌لومه‌رجی‌ دوای‌ شه‌ڕ. له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌دا شوێنه‌واری‌ خه‌راپی‌ شه‌ڕ به‌رچاو بوو، خه‌ڵك بێكار‌و برسی‌‌و نه‌دار‌و هه‌ژار بوون. به‌ڵام ره‌وشه‌ سیاسی‌یه‌كه‌ وابوو كه‌ تێكۆشه‌رانی‌ به‌ فیكری‌ كورد له‌و ناوچه‌یه‌دا له‌ هه‌لومه‌رجی‌ ره‌خساو به‌ باشی‌ سوود وه‌ربگرن‌و به‌ كاری‌ جیددی‌‌و به‌رده‌وام‌و پێكهێنانی‌ رێكخراو‌و حیزبی‌ سیاسی‌، زه‌مینه‌ بۆ دامه‌زراندنی‌ كۆماری‌ كوردستان خۆش بكه‌ن. دامه‌زرێنه‌رانی‌ كۆماری‌ كوردستان له‌و ده‌رفه‌ته‌ سوودی‌ زۆر باشیان وه‌رگرتوه‌. هه‌رچه‌نده‌ به‌ داخه‌وه‌ سه‌ڕه‌ای‌ ئیمكاناتی‌ كه‌م ته‌نیا 11 مانگ توانیویانه‌ كاری‌ به‌رده‌وام بكه‌ن. به‌ڵام كاری‌ زۆر به‌رچاو‌و دره‌خشان‌و جێگای‌ شانازییان بۆ گه‌لی‌ كوردستان كرد‌و رووسوورییان بۆ خۆیان له‌ مێژوودا تۆمار كردوه‌.

له‌ باری‌ ئابووری‌یه‌وه‌، ئابووریی‌ ئه‌و سه‌رده‌می‌ ئێران به‌تایبه‌ت كوردستان زۆر پاشكه‌وتوو بوو‌و هیچ گه‌شه‌كردنێكی‌ جێگای‌ باسی‌ به‌ خۆیه‌وه‌ نه‌بینیوو. هه‌ر بۆیه‌ ئابووریی‌ كوردستان شوێنه‌واری‌ باش‌و كارسازی‌ له‌ پێگه‌یاندن‌و گه‌شه‌كردن‌و پاراستن‌و مانه‌وه‌ی‌ كۆماری‌ كوردستاندا نه‌گیڕاوه‌. نه‌شی‌توانیوه‌ كۆمه‌ك‌و یارمه‌تیده‌ر بێ‌ بۆ ئامانجه‌كانی‌ كۆمار له‌و ماوه‌یه‌دا، به‌ڵام پێویسته‌ ئیشاره‌ بكه‌ین له‌وه‌ ماوه‌ كه‌مه‌دا رێبه‌رانی‌ كۆمار بۆ باشبوونی‌ ژیانی‌ خه‌ڵك تێ‌كۆشاون‌و به‌ نیسبه‌ت بووژانه‌وه‌یه‌ك كار‌و كاسبی‌ له‌ نێو بازاڕ‌و خه‌ڵكدا هه‌ستی‌ پێ‌ كراوه‌.

له‌باری‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌یه‌وه‌، كۆمه‌ڵی‌ كورده‌واری‌ كۆمه‌ڵێكی‌ زۆر سوننه‌تی‌ بووه‌. زۆرینه‌ی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان نیشته‌جێی‌ دێهاته‌كان بوون. خه‌ڵكی‌ خوێنده‌واری‌ زۆر كه‌م بووه‌ به‌تایبه‌ت له‌ دێهاته‌كان نیزامی‌ "كۆمه‌ڵایه‌تی‌" ئاغا‌و ره‌عییه‌تی‌ زاڵ‌ بووه‌‌و ئاستی‌ وشیاریی‌ سیاسی‌ له‌ نێو توێژه‌ جۆراوجۆره‌كانی‌ كۆمه‌ڵ‌دا زۆر نزم بووه‌. ئه‌وانه‌ هه‌موویان ده‌یانتوانی‌‌و توانیویانه‌ شوێنه‌واری‌ ناخۆش له‌سه‌ر ده‌وام‌و قه‌وامی‌ كۆماری‌ كوردستان دابنێن. له‌به‌ر ئه‌وه‌ هه‌وڵدان‌و كاركردن‌و ئاڵوگۆڕی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌‌و فه‌رهه‌نگی‌ زۆر پێویست، به‌ڵام به‌ زه‌حمه‌ت بووه‌. نیازی‌ زۆر پێویست به‌ ئیمكاناتی‌ ماددی‌‌و مه‌عنه‌وی‌‌و ده‌رفه‌ت باش‌و درێژخایه‌ن هه‌بووه‌ كه‌ به‌داخه‌وه‌ كۆماری‌ كوردستان نه‌ك به‌ ئه‌ندازه‌ی‌ پێویست، به‌ڵكوو به‌ ڕاده‌یه‌كیش له‌و پێویستی‌‌و كه‌ره‌سانه‌ی‌ به‌ده‌سته‌وه‌ نه‌بووه‌ هه‌تا به‌ ئه‌ركی‌ نیشتمانی‌‌و دیاریكراوی‌ خۆی‌ عه‌مه‌ل بكا. به‌ڵام به‌و حاڵه‌ش كۆماری‌ كوردستان له‌و ماوه‌ كه‌مه‌دا زۆر كاری‌ به‌رچاوی‌ كردوه‌. فه‌زای‌ سالم‌و پڕ له‌ خێر‌و خۆشیی‌ ره‌خساندوه‌، بزووتنه‌وه‌ی‌ كۆمه‌ڵایه‌تی‌‌و رووناكبیریی‌ له‌ نێو كۆمه‌ڵی‌ كورده‌واری‌دا وه‌ڕێ‌ خستوه‌. وه‌ك پێكهێنانی‌ یه‌كیه‌تیی‌ ژنان، یه‌كیه‌تیی‌ لاوان‌و رێكخراوی‌ سینفیی‌ دیكه‌، هه‌وڵی‌ داوه‌ ره‌وابێت‌و پێوه‌ندییه‌كی‌ سالم له‌ نێوان جووتیاران‌و مالكاندا دابمه‌زرێنێ‌. له‌باری‌ فه‌رهه‌نگی‌یه‌وه‌ رۆژنامه‌‌و گۆڤاری‌ چاپ‌و بڵاو كردۆته‌وه‌، به‌رنامه‌ی‌ رادیۆیی‌ هه‌بووه‌، بۆ فێربوونی‌ زمانی‌ كوردی‌ مه‌دره‌سه‌‌و كلاسی‌ ده‌رسی‌ كوردیی‌ پێك هێناوه‌‌و ته‌رتیب كراون. شانۆی‌ كوردیی‌ نیشانی‌ خه‌ڵك دراوه‌، كه‌ شوێنه‌واری‌ زۆر چاكی‌ هه‌بووه‌ له‌سه‌ر بیر‌وبۆچوونی‌ خه‌ڵك. ده‌كرێ‌ بڵێین له‌و ماوه‌ كه‌مه‌دا بزووتنه‌وه‌یه‌كی‌ فه‌رهه‌نگیی‌ باش وه‌ڕێ‌ خراوه‌. خولاسه‌ له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌دا ره‌وشی‌ سیاسی‌، به‌تایبه‌ت ئابووری‌‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌‌و فه‌رهه‌نگیی‌ كوردستان‌و ناوه‌چه‌كه‌ به‌ هیچ پێوانه‌یه‌ك باش نه‌بووه‌. به‌ڵام كۆماری‌ كوردستان توانیویه‌تی‌ له‌ كه‌مترین ئیمكان سوودی‌ باش وه‌ربگرێ‌، شوێنه‌واری‌ باش له‌ پاش خۆی‌ به‌جێ‌ بهێڵێ‌.

پ: مه‌زنترین ده‌سكه‌وته‌كانی‌ كۆماری‌ كوردستان كه‌ پێویسته‌ گرنگییان پێ‌ بدرێ‌، كامانه‌ن؟
و: من پێم وایه‌ كۆماری‌ كوردستان بۆخۆی‌ یه‌كێك له‌ ده‌سكه‌وته‌ سیاسییه‌ هه‌ره‌ مه‌زنه‌كانی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ نه‌ته‌وایه‌تیی‌ گه‌لی‌ كوردستانه‌، بۆیه‌ پێش ئه‌وه‌ی‌ باسی‌ مه‌زنترین ده‌سكه‌وته‌كانی‌ كۆماری‌ كوردستان بكه‌ین‌و ره‌وایه‌ به‌ رێزێكی‌ زۆره‌وه‌ یادی‌ كۆماری‌ كوردستان بكه‌ینه‌وه‌‌و رێزی‌ لـێ‌ بگرین، دروود‌و ئافه‌رین بۆ دامه‌زرێنه‌رانی‌ بنێرین.

كۆماری‌ كوردستان له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌دا به‌داخه‌وه‌ ته‌مه‌نی‌ زۆر كه‌م بووه‌‌و ده‌رفه‌تی‌ ئه‌وه‌ی‌ نه‌بووه‌ وه‌ك پێویست به‌ كار‌و به‌رنامه‌كانی‌ رابگا، به‌و حاڵه‌ش له‌و ماوه‌ كه‌مه‌دا زۆر كاری‌ گرینگ‌و پڕباری‌ كردون. ئه‌من زۆر به‌كورتی‌ ئیشاره‌ به‌ چه‌ند دانه‌یه‌كیان ده‌كه‌م، كه‌ پێم وایه‌ له‌سه‌رده‌می‌ كۆماردا زه‌روورییه‌تیان هه‌ست پێ‌ كراوه‌‌و بۆ ئێستاش قابیلی‌ سوود‌و كه‌ڵك لـێ‌ وه‌رگرتنن. بۆیه‌ پێویسته‌ سیاسییه‌كان‌و تێكۆشه‌رانی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ رزگاریخوازی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان گرنگییان پێ‌ بده‌ن.

راسته‌ كۆماری‌ كوردستان بۆ هێنانه‌دی‌‌و دابینكردنی‌ مافه‌ نه‌ته‌وایه‌تییه‌كانی‌ گه‌لی‌ كورد دامه‌زراوه‌. به‌ڵام كۆماری‌ كوردستان یه‌كه‌مین ده‌سه‌ڵاتی‌ سیاسیی‌ گه‌لی‌ كوردستان بووه‌ كه‌ به‌ كرده‌وه‌ بۆ جێگیركردنی‌ دێموكراسی‌‌و ده‌سه‌ڵاتی‌ خه‌ڵك هه‌نگاوی‌ هه‌ڵ‌هێناوه‌ته‌وه‌. دامه‌زرێنه‌رانی‌ كۆماری‌ كوردستان جیا له‌ دامه‌زراندنی‌ حكوومه‌تێكی‌ گه‌لی‌ نه‌ته‌وایه‌تی‌ بۆ گه‌لی‌ كوردستان له‌ به‌شێكی‌ كوردستان به‌رنامه‌یان بۆ گه‌شه‌سه‌ندنی‌ ئابووری‌‌و كۆمه‌ڵایه‌تی‌‌و فه‌رهه‌نگیی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان هه‌بووه‌‌و داڕشتوه‌. هه‌ر له‌و ماوه‌ كه‌مه‌دا كه‌ ده‌رفه‌تیان هه‌بووه‌، ئێقدامی‌ به‌رچاویان كردون.
كۆماری‌ كوردستان هیچكات هاوپێوه‌ندیی‌ له‌گه‌ڵ‌ گه‌لانی‌ دیكه‌ی‌ ئێران له‌به‌رچاو دوور نه‌بووه‌‌و به‌ پێی‌ توانا بۆ پته‌وكردنی‌ برایه‌تی‌‌و هاوخه‌باتیی‌ گه‌لانی‌ دیكه‌ی‌ ئێران تێ‌كۆشاوه‌. پێكهێنانی‌ به‌ره‌ی‌ یه‌كگرتوو له‌گه‌ڵ‌ به‌شێك له‌ هێزه‌ سیاسییه‌كانی‌ ئێران له‌و سه‌رده‌مه‌دا به‌تایبه‌ت په‌یمانی‌ دوو قۆڵی‌ له‌گه‌ڵ‌ حكوومه‌تی‌ نیشتمانیی‌ ئازه‌ربایجان، نموونه‌ی‌ به‌رچاوی‌ ئه‌و راستی‌یه‌یه‌. له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌دا كۆماری‌ كرودستان ده‌سه‌ڵاتی‌ به‌سه‌ر به‌شێكی‌ بچووكی‌ كوردستاندا هه‌بوو، كۆمار توانیویه‌تی‌ له‌ هه‌موو هێز‌و توانای‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان بۆ سه‌قامگیریی‌ خۆی‌ سوود وه‌ربگرێ‌‌و خه‌ڵكی‌ به‌ گشتی‌ له‌ ده‌سكه‌وته‌كانی‌ كۆمار سوودمه‌ند بوون. به‌ڵام كۆمار خۆی‌ به‌ هی‌ هه‌موو خه‌ڵكی‌ كوردستان ده‌زانێ‌، خه‌ڵكیش كۆماری‌ كوردستانی‌ به‌ ملك‌و گلێنه‌ی‌ چاوی‌ خۆی‌ حیساب كردوه‌. ئاره‌زوویان ئه‌وه‌ بووه‌ بۆ پڕبارتركردنی‌ كۆماری‌ كوردستان، خزمه‌تی‌ كۆمار بكه‌ن.

جیا له‌وانه‌، زۆر ده‌سكه‌وتی‌ گرینگی‌ دیكه‌ی‌ وه‌ك پاراستنی‌ ئه‌منییه‌ت‌و ئاسایشی‌ سه‌ر‌و ماڵی‌ خه‌ڵك، پێكهێنانی‌ سوپای‌ میللیی‌ كوردستان‌و هێزی‌ پێشمه‌رگه‌، چاپ‌و بڵاو كردنه‌وه‌ی‌ چه‌ند رۆژنامه‌‌و گۆڤار به‌زمانی‌ كوردی‌، دامه‌زراندنی‌ رادیۆ‌و بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ به‌رنامه‌كانی‌ به‌ زمانی‌ كوردی‌‌و دامه‌زراندنی‌ سازمان‌و رێكخراوی‌ وه‌ك یه‌كیه‌تیی‌ ژنان‌و یه‌كیه‌تیی‌ لاوان‌و كۆڕ‌و كۆمه‌ڵه‌ سینفیی‌ دیكه‌ هه‌موویان ده‌سكه‌وتی‌ زۆر گرینگن‌و پێویسته‌ بایه‌خیان پێ‌ بدرێ‌ هیچ، به‌ڵكوو ئێستاش ده‌بێ‌ بۆ زۆربه‌یان خه‌باتی‌ جیددی‌‌و بێ‌ پسانه‌وه‌ بكرێ‌ بۆ وه‌ده‌ست هێنانه‌وه‌یان.

سه‌رچاوه‌: ماڵپه‌ری کوردستان مێدیا

 سه‌ره‌وه‌. ده‌سپێک.

ئه‌م بابه‌ته‌ چاپ بکه‌!

   ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ هاوڕێکه‌ت بنێره:

© www.giareng.com
All rights reserved 2005.