Ö:: ده‌ست له‌نێو ده‌ستی چه‌پكێك یاد‌و بۆنه‌ی‌ خۆش دا 

نووسینی: ع. وريا

قادر وریائه‌م ژماره‌یه‌ی‌ "كوردستان" ده‌ست له‌نێو ده‌ستی‌ كۆمه‌ڵـێك یاد‌و بۆنه‌دا، یا به‌ده‌ربڕینێكی‌ دیكه‌ له‌نێو شه‌پۆله‌كانی‌ شادی‌‌و خوشه‌ویستیی‌ چه‌پكێك بۆنه‌‌و بیره‌وه‌ریی‌ خۆش دا ده‌گاته‌ ده‌ستی‌ خوێنه‌ران. له‌ 15ی‌ به‌فرانباره‌وه‌ تا 30ی‌ به‌فرانبار كه‌ ئه‌م ژماره‌یه‌ تایبه‌ته‌ به‌‌و ماوه‌یه‌، كۆمه‌ڵـێك رووداو‌و بیره‌وه‌ریی‌ خۆش هه‌ن: بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ هه‌واڵی‌ رێككه‌وتنی‌ سه‌ركردایه‌تیی‌ پارتی‌ دێموكرات‌و یه‌كیه‌تیی‌ نیشتمانی‌ له‌سه‌ر یه‌كخستنه‌وه‌ی‌ حكوومه‌تی‌ هه‌ریمی‌ كوردستان، ئه‌م رووداوه‌ گرنگه‌ بوو كه‌ ڕۆڵه‌كانی‌ گه‌لی‌ كورد له‌ كوردستانی‌ عێراق، به‌شه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ كوردستان‌و هه‌موو جێ‌یه‌كی‌ جیهان، زۆر له‌مێژ بوو چاوه‌ڕوانی‌ بوون‌و به‌ ئاواتیان ده‌خواست. جێژنی‌ قوربانیش كه‌ چه‌ند رۆژێك دوای‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی‌ ئه‌م هه‌واڵه‌ هات، ئه‌مساڵ‌ تام‌و چێژێكی‌ دیكه‌ بۆ كۆمه‌ڵانی‌ خه‌ڵك كوردستان هه‌بوو. چونكه‌ ترس‌و نیگه‌رانیی‌ سه‌رچاوه‌گرتوو له‌ ئاكامی‌ دوو ئیداره‌یی‌‌و یه‌كگرتوو نه‌بوونی‌ حكوومه‌تی‌ هه‌ریم، ئه‌ویش له‌ قۆناغی‌ تێپه‌رینی‌ عێراق به‌ ئه‌زموونی‌ نووسینه‌وه‌ی‌ ده‌ستوور‌و بنیاتنانه‌وه‌ی‌ بناغه‌كانی‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ سیاسی‌دا، جێی‌ خۆی‌ داوه‌ به‌ گه‌شبینی‌‌و دڵخۆشی‌ به‌ یه‌كگرتوویی‌‌و پشت پێك به‌ستن.

ئه‌م ژماره‌یه‌، هه‌روه‌ها له‌ به‌ره‌به‌ری‌ 60 ساڵه‌ی‌ دامه‌زرانی‌ كۆماری‌ كوردستان دا ده‌رده‌چێ‌. 20 رۆژی‌ دیكه‌، حیزبی‌ دێموكرات، خه‌ڵكی‌ كوردستانی‌ ئێران‌و گه‌لی‌ كورد له‌ به‌شه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ نیشتمانه‌كه‌یان، له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وانیش دا ئازادیخوازان‌و نیشتمانپه‌روه‌رانی‌ كورد له‌ هه‌نده‌ران، یادی‌ 2ی‌ رێبه‌ندانی‌ 1324‌و راگه‌یه‌ندرانی‌ یه‌كه‌م كۆماری‌ كورد له‌ مه‌یدانی‌ چوارچرای‌ مه‌هاباد، ده‌كه‌نه‌وه‌. "كوردستان" هه‌ر له‌م ژماره‌یه‌ی‌دا به‌ پێشوازی‌ ئه‌م بیره‌وه‌ری‌یه‌ مێژوویی‌یه‌وه‌ چووه‌‌و كۆمه‌ڵـێك بابه‌تی‌ به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ بڵاو كردونه‌وه‌. چونكه‌ گرینگیی‌ رووداوی‌ 2ی‌ رێبه‌ندان‌و جێگای‌ كۆماری‌ كوردستان تا راده‌یه‌ك له‌م بابه‌تانه‌دا ره‌نگیان داوه‌ته‌وه‌، من ته‌نیا به‌ وه‌بیر هێنانه‌وه‌ی‌ ئه‌م چه‌نده‌ دێڕه‌ كه‌ دوو ساڵ‌ له‌مه‌وبه‌ر له‌ توێی‌ سه‌روتاری‌ ژماره‌ 381ی‌ ئه‌م رۆژنامه‌یه‌دا بڵاوم كرده‌وه‌، وازدێنم‌و، ده‌چمه‌ سه‌ر چه‌ند یاد‌و بیره‌وه‌ریی‌ تایبه‌ت به‌ رۆژنامه‌كه‌ی‌ خۆمان "كوردستان": " به‌م هه‌نگاوه‌ ]دامه‌زرانی‌ كۆمار[ ،بیری‌ پێویستیی‌ هه‌بوونی‌ ده‌سه‌ڵاتێكی‌ كوردی‌، له‌ قۆناغی‌ ئاره‌زووه‌وه‌ پێی‌ نایه‌ قۆناغی‌ كرده‌وه‌‌و گه‌لی‌ كورد به‌ راگه‌یاندنی‌ كۆماری‌ كوردستان ته‌عبیری‌ خۆی‌ له‌ ئاوات‌و ئاره‌زووه‌ نه‌ته‌وه‌یی‌یه‌ له‌مێژینه‌كانی‌ ده‌ربڕی‌. ئه‌گه‌رچی‌ كۆمار به‌ جوانه‌ مه‌رگی‌سه‌ری‌نایه‌وه‌، به‌ڵام ئامانجه‌كانی‌‌و یاد‌و بیره‌وه‌ری‌یه‌كه‌ی‌ وه‌ك گڕكانێك له‌ هه‌ناوی‌ مێژووی‌ كورددا مایه‌وه‌ تا له‌كات‌و ده‌رفه‌ت‌و هه‌لومه‌رجێكی‌ له‌بارتردا بته‌قێته‌وه‌‌و ئه‌مجاره‌یان ئاگره‌كه‌ی‌ سه‌رانسه‌ری‌ كوردستان دابگرێ‌" (1). وه‌ك ئاماژه‌م پێ‌كرد ئه‌م ماوه‌یه‌‌و رۆژانی‌ دادێ‌ بۆ رۆژنامه‌ی‌ "كوردستان"یش چه‌ند یاد‌و بیره‌وه‌ری‌یه‌كی‌ خۆشیان تێدایه‌. 60 ساڵ‌ له‌مه‌وبه‌ر له‌ 20ی‌ به‌فرانباری‌ 1324 دا، یه‌كه‌م ژماره‌ی‌ "كوردستان" (بڵاوكه‌ره‌وه‌ی‌ بیری‌ حیزبی‌ دێموكراتی‌ كوردستان) ده‌رچوو‌و له‌و رۆژه‌وه‌ تا رووخانی‌ كۆماری‌ كوردستان، 113 ژماره‌ی‌ لـێ‌ بڵاو بۆوه‌. ئه‌مه‌ به‌ یه‌كه‌مین ده‌وره‌ی‌ ده‌رچوونی‌ "كوردستان" داده‌نرێ‌. به‌م هۆیه‌وه‌ كه‌ چاره‌نووسی‌ ئه‌م رۆژنامه‌یه‌ له‌ هی‌ حیزبی‌ دێموكرات به‌گشتی‌‌و رێبه‌ران‌و تێكۆشه‌رانی‌ به‌ تایبه‌تی‌، جیا نه‌بووه‌، مێژووه‌كه‌شی‌ وه‌ك مێژووی‌ تێكۆشانی‌ ئه‌م حیزبه‌، پڕ له‌ هه‌وراز‌و نشێوو ته‌نگ‌و چه‌ڵه‌مه‌ی‌ جۆراوجۆره‌ بووه‌. له‌كاتی‌ ئێعدام‌و به‌ندكران‌و ڕاونرانی‌ رێبه‌ران‌و هه‌ڵسووراوانی‌ حیزب دا، نوشوستی‌‌و بێ‌به‌ختی‌ رووی‌ تێ‌كردوه‌. هه‌ر كه‌ تێكۆشانی‌ حیزبیش له‌ بووژانه‌وه‌دا بووه‌، هه‌لومه‌رجی‌ خه‌باتی‌ ئه‌م حیزبه‌‌و گه‌لی‌ كورد له‌بارتر بووه‌، رۆژی‌ ئیقباڵی‌ له‌ كه‌له‌پۆ هه‌ڵاتووه‌‌و ئه‌م یادگاره‌ی‌ كۆماری‌ كوردستان، گیانی‌ وه‌به‌ر هاتۆته‌وه‌. حیزبی‌ دێموكرات له‌ رووخانی‌ كۆماری‌ كوردستانه‌وه‌ تا سه‌ركه‌وتنی‌ شۆرشی‌ ساڵی‌ 1958ی‌ عێراق ( 1958ـ1946) به‌ده‌ورانێكی‌ سه‌خت‌و پڕكاره‌سات دا تێ‌په‌ڕیوه‌، هه‌ر بۆیه‌ له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ی‌ نیاز‌و هه‌وڵی‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی‌ " كوردستان" له‌نێو ڕۆڵه‌كانی‌ ئه‌م حیزبه‌دا، هیچكات وه‌لانه‌نراوه‌، به‌ڵام به‌ هۆی‌ ناله‌باریی‌ هه‌لومه‌رجه‌كان، ئه‌م هه‌وڵانه‌ پچڕپچڕ بوون‌و چه‌ند ده‌وره‌یه‌كی‌ كورتخایه‌ن‌و كه‌م ته‌ئسیریان لـێ‌كه‌وتۆته‌وه‌. دوای‌ سه‌ر‌وسامان په‌یداكردنه‌وه‌ی‌ حیزب‌و راستبوونه‌وه‌ی‌ پشتی‌ له‌ژێر باری‌ ده‌وره‌یه‌كی‌ دوورودرێژ له‌ زه‌بر وێكه‌وتن‌و پرژ‌و بڵاوی‌، له‌ رێبه‌ندانی‌ ساڵی‌ 1349دا، یه‌كه‌م ژماره‌ی‌ ئه‌م ده‌وره‌یه‌ی‌ ئێستای‌ "كوردستان" بڵاو بۆوه‌. له‌وكاته‌وه‌ تا ئێستا ئه‌گه‌رچی‌ جاری‌ واهه‌بووه‌ بۆی‌ نه‌گونجاوه‌ مانگێ‌ ژماره‌یه‌كیشی‌ لـێ‌بڵاو بێته‌وه‌، به‌ڵام ماوه‌ی‌ 35 ساڵه‌ به‌ به‌رده‌وامی‌ ده‌ر ده‌چێ‌. هه‌ر ئه‌م قه‌ڵه‌مه‌ به‌بۆنه‌ی‌ چه‌ندین ساڵ‌ كاروبه‌رپرسایه‌تی‌ له‌م رۆژنامه‌یه‌، له‌ زۆر بۆنه‌ی‌ دیكه‌ دا له‌ تایبه‌تمه‌ندی‌یه‌كانی‌ ئه‌م ده‌وره‌یه‌ی‌ "كوردستان"‌و خاڵه‌ لاواز‌و به‌ هێزه‌كان‌و چاوه‌ڕوانی‌یه‌كان دواوه‌‌و، به‌ رێزه‌وه‌ یادی‌ هه‌موو ئه‌وانه‌ی‌ كردۆته‌وه‌ كه‌ له‌ ته‌مه‌نی‌ 60 ساڵه‌ی‌ "كوردستان" به‌گشتی‌‌و له‌م ده‌وره‌یه‌دا به‌ تایبه‌تی‌ خزمه‌تی‌ ئه‌م رۆژنامه‌یه‌یان كردوه‌. ئێستاش كه‌ به‌م زووانه‌ ده‌گه‌ینه‌ سه‌ده‌مین ژماره‌ی‌ "كوردستان" به‌دوای‌ گه‌وره‌ كرانه‌وه‌ی‌ لاپه‌ڕه‌كانی‌دا، قسه‌‌و باسی‌ زیاتر له‌گه‌ڵ‌ خوێنه‌ران له‌باره‌ی‌ ئاڵوگۆڕه‌كانی‌ ئه‌م رۆژنامه‌یه‌ له‌ ژماره‌ی‌ 331 تا 431، (30 سه‌رماوه‌زی‌ 1380ـ كۆتایی‌ رێبه‌ندانی‌ 1384) هه‌ڵ‌ ده‌گرم بۆ هاورێیان‌و هاوكارانم‌و، بابه‌ته‌كه‌م به‌ باسی‌ بۆنه‌یه‌كی‌ دیكه‌وه‌ كۆتایی‌ پێ‌دێنم.

ستوونی‌"به‌رله‌ ماڵاوایی‌" له‌ ژماره‌ی‌ داهاتووی‌ "كوردستان"دا، ده‌گاته‌ سه‌ده‌مین ئه‌لقه‌ی‌ خۆی‌. ئه‌زموونی‌ كردنه‌وه‌ی‌ گۆشه‌‌و ستوونی‌ تایبه‌تی‌ له‌ رۆژنامه‌ی‌ "كوردستان"دا، ئه‌زموونێكی‌ نوێ‌یه‌‌و له‌راستی‌دا ستوونی‌ "به‌رله‌ ماڵاوایی‌" یه‌كه‌م ستوونی‌ سه‌قامگیر‌و هه‌میشه‌یی‌ له‌مێژووی‌ "كوردستان" دا بووه‌. له‌گه‌ڵ‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌متا كورت له‌ بۆچوون‌و بیرورای‌ به‌شێك له‌ خوێنه‌رانی‌ ئه‌م ستوونه‌ ئاگادارم، حه‌زده‌كه‌م به‌ بۆنه‌ی‌ گه‌یشتنی‌ "به‌رله‌ ماڵاوایی‌" به‌ ژماره‌ 100و، بۆ بڕیاردان له‌سه‌ر چاره‌نووسی‌ ئه‌م ستوونه‌، داوا له‌ خوێنه‌رانی‌ به‌ڕێز بكه‌م، له‌ بۆچوون، پێشنیاز‌و ره‌خنه‌‌و هه‌ڵسه‌نگاندنی‌ خۆیان چ له‌ باری‌ بۆچوون‌و نێوه‌رۆك‌و چ له‌ پێوه‌ندی‌ له‌گه‌ڵ‌ شێواز‌و زمانی‌ نووسین‌و بابه‌ته‌كانی‌ ئه‌م ستوونه‌دا، ئاگادارم بكه‌نه‌وه‌. له‌ ئێستاوه‌ش سوپاسی‌ هه‌ر به‌ڕێزێك ده‌كه‌م كه‌ له‌ ره‌خنه‌‌و پێشنیاز‌و هه‌ڵسه‌نگاندنی‌ مه‌نتیقی‌‌و واقیع بینانه‌ی‌ خۆی‌ بێ‌ به‌شم نه‌كا. ئه‌مه‌ش ئادره‌سی‌ پۆستی‌ ئه‌لێكترۆنیی‌ من:

qaderwirya@yahoo.com
(1)، "كوردستان"، ژماره‌ 381، 30 به‌فرانباری‌ 1382، گڕكانێك له‌ هه‌ناوی‌ مێژوودا، لاپه‌ره‌ 1.

سه‌رچاوه‌ دوا لاپه‌ره‌ی ڕۆژنامه‌ی کوردستان ژماره‌ 429 ستوونی به‌ر له‌ ماڵ ئاوایی

 سه‌ره‌وه‌. ده‌سپێک.

ئه‌م بابه‌ته‌ چاپ بکه‌!

   ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ هاوڕێکه‌ت بنێره:

© www.giareng.com
All rights reserved 2005.