Ö:: سه‌رۆكی كوردستان یه‌كگرتنه‌وی هه‌ر دوو ئیداره‌كه‌ی به‌ گه‌لی كوردستان راگه‌یاند

سه‌رچاوه‌: ماڵپه‌ری په‌یامنێر

دوای ئه‌وه‌ی وه‌فدی هه‌ر دوو مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان سه‌باره‌ت به‌ یه‌كگرتنه‌وه‌ی هه‌ر دوو ئیداره‌كه‌ چه‌ندین كۆبوونه‌وه‌ی دوورودرێژیان ئه‌نجامدا، دوانیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ له‌ دوا كۆبوونه‌وه‌ له‌ هاوینه‌هه‌واری سه‌لاحه‌دین به‌ چاودێری به‌ڕێز مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی كوردستان یه‌كخستنه‌وه‌ی هه‌ر دوو ئیداره‌كه‌ راگه‌یه‌نرا.

له‌ كۆنفرانسێكی رۆژنامه‌نووسیدا به‌ڕێز مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند: ئه‌و برایانه‌ی كه‌ له‌و لیژنه‌یه‌دا بوون كارێكی زۆر گه‌وره‌یان ئه‌نجامدا، ده‌توانم به‌ گه‌لی كوردستان رابگه‌یه‌نم كه‌ هه‌ر دوو حزب گه‌یشتنه‌ رێككه‌وتن بۆ یه‌كگرتنه‌وه‌ی هه‌ر دوو ئیداره‌، ئه‌مه‌ رۆژێكی مێژوویی و ده‌ستكه‌وتێكی گه‌وره‌شه‌ بۆ گه‌لی كوردستان و راسته‌وخۆش له‌ دوای جه‌ژن رێككه‌وتنه‌كه‌ له‌ په‌رله‌مان ده‌خرێته‌ روو، بۆ ئه‌وه‌ی پشتڕاست بكرێت و پاشان ده‌ست به‌ جێبه‌جێكردنی بكرێت.

من ئه‌و رێككه‌وتنه‌ وه‌كوو جه‌ژنانه‌یه‌ك پێشكه‌ش به‌ گه‌لی كوردستان و كه‌سوكار و خانه‌واده‌ی شه‌هیده‌ سه‌ربه‌رزه‌كان ده‌كه‌م، هه‌روه‌ها پیرۆزبایی له‌ هه‌ر دوو حزب و هه‌موو گه‌لی كوردستان ده‌كه‌م و سوپاس بۆ سه‌ركردایه‌تی هه‌ر دوو حزب، په‌نا به‌ خوا گه‌لی كوردستان هه‌ر له‌ خۆشی و سه‌ركه‌وتندا ده‌بێت.

هه‌روه‌ها له‌لای خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز "كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی" كارگێڕی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان رایگه‌یاند: پیرۆزبایی له‌ گه‌لی كوردستان و جه‌نابی سه‌رۆك كۆماری عێراق جه‌لال تاڵه‌بانی و به‌ڕێز مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و هه‌ر دوو مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان و هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و كه‌سوكاری شه‌هیده‌ سه‌ربه‌رزه‌كان ده‌كه‌ین كه‌ ئه‌مڕۆ دوای ده‌یان كۆبوونه‌وه‌ی دوورودرێژ له‌لایه‌ن وه‌فدی هه‌ر دوو مه‌كته‌بی سیاسی پارتی و یه‌كێتی گه‌یشتینه‌ رێككه‌وتننامه‌ی یه‌كخستنه‌وه‌ی هه‌ر دوو ئیداره‌، ئه‌مڕۆ رۆژێكی مێژووییه‌ له‌ خه‌باتی گه‌لی كوردستان و دڵی هه‌موو كوردێكیش زۆر شادبوو به‌م رێكه‌وتنه‌ كه‌ خه‌ڵكێكی زۆر پێیان وابوو ئێمه‌ ناتوانین رێك بكه‌وین و ئیداره‌كان یه‌ك بخه‌ینه‌وه‌.

هه‌روه‌ها له‌لای خۆیه‌وه‌ به‌ڕێز دكتۆر "رۆژ نووری شاوه‌یش" ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان به‌ ناوی وه‌فدی پارتی دیموكراتی كوردستان پیرۆزبایی له‌ هه‌ر دوو به‌ڕێزان مه‌سعود بارزانی و جه‌لال تاڵه‌بانی و مه‌كته‌بی سیاسی هه‌ر دوو پارت و جه‌ماوه‌ری كوردستان و بنه‌ماڵه‌ی سه‌ربه‌زری شه‌هیدان كرد و هه‌وڵی هه‌ر دوو مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستانی به‌رز نرخاند.

 
 سه‌ره‌وه‌. ده‌سپێک.

ئه‌م بابه‌ته‌ چاپ بکه‌!

   ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ هاوڕێکه‌ت بنێره:

© www.giareng.com
All rights reserved 2005.