Ö:: وه‌ڵامێک بۆ: "ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ک‌ [ ‌ى چه‌واشه‌کارانه] له‌ گرفتى‌ نێوخۆیى‌ حیزبى‌ دێمۆکرات"

له‌ لایه‌ن ئۆپۆزیسیۆنى نێوخۆیى حیزبى دێمۆکراتى کوردستانى ئێرانه‌وه‌

وه‌ڵامێک بۆ: "ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ک‌ [ ‌ى چه‌واشه‌کارانه] له‌ گرفتى‌ نێوخۆیى‌ حیزبى‌ دێمۆکرات"
ده‌راوێک:
سه‌رانى قۆڵى‌ پاوانخوازى‌ حیزبى‌ دێمۆکرات، ئه‌مڕۆژانه‌ بابه‌تێکى‌ 13 لاپه‌ڕه‌ییان له‌ژێر سه‌ردێڕى‌ "ئاوڕدانه‌وه‌یه‌ک له‌ گرفتى‌ نێوخۆیى‌ حیزبى‌ دێمۆکرات" له‌ نێو ته‌شکیلاتى‌ ئاشکرا و نهێنیى‌ حیزب و له‌ سایتى ئینترنێتیى
   mehabad.info‌دا بڵاوکردۆته‌وه‌. به‌ڕواڵه‌ت، بابه‌ته‌که‌ به‌ مه‌به‌ستى‌ ئاگادارکردنه‌وه‌ى‌ ئه‌ندامان و دڵسۆزانى‌ حیزبى‌ دێمۆکرات له‌ گرفتى‌ نێوخۆى‌ حیزب نووسراوه‌. به‌ڵام هه‌ر به‌ چاوخشاندنێک به‌م ئاوڕدانه‌وه‌یه‌دا ده‌رده‌که‌وێ که‌ هه‌موو هه‌وڵى‌ ئاماده‌که‌رانى‌، چه‌واشه‌کردنى‌ راستى‌یه‌کان و شاردنه‌وه‌ى‌ حه‌قیقه‌ته‌کان له‌ ئه‌ندامان و دۆستانى‌ حیزبى‌ دێمۆکرات و، پاکانه‌ بۆ خۆیان له‌ پێوه‌ندى‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و قه‌یرانه‌دایه‌ که‌ به‌سه‌ر حیزبى‌ دێمۆکراتى‌ کوردستانى‌ ئێرانیان هێناوه‌.

وادیاره‌ فه‌ڕ و به‌ره‌که‌تى‌ کۆنگره‌ى‌ 13 بۆ حیزبى‌ دێمۆکرات و گه‌لى‌ کورد، یه‌کجار له‌وه‌پتره‌ که‌ له‌م بابه‌ته‌ 13 لاپه‌ڕه‌یى‌یه‌دا پێى‌ هه‌ڵگوتراوه‌. هه‌ر بۆیه‌شه‌ به‌ڕێوه‌به‌ران و ده‌مڕاسته‌کانى‌ ئه‌م قۆڵه‌ ئۆگرى‌یه‌کى‌ زۆریان به‌ ژماره‌ى‌ 13 هه‌یه‌ و حه‌ز ده‌که‌ن سێزده‌یى‌ به‌ هه‌موو شتێکیانه‌وه‌ دیاربێ، هه‌ر له‌ رۆژى‌ ده‌ست به‌کاربوونى‌ کۆنگره‌ى‌ سێزده‌هه‌م (13ى‌ پووشپه‌ڕى1383)ه‌وه‌، تا ژماره‌ى‌ شه‌ریکه‌ده‌سه‌ڵاته‌کانیان له‌ نێو ئه‌ندامانى‌ ئه‌سلیى‌ هه‌ڵبژێراوى‌ کۆنگره‌دا و، به‌ڕێوه‌بردنى‌ کۆبوونه‌وه‌ گشتى‌یه‌که‌یان له‌ رۆژى‌ 13ى‌ خه‌رمانانى ئه‌مساڵ و بڵاوکردنه‌وه‌ى‌ قسه‌کانى‌ سه‌رۆکى قۆڵه‌که‌یان له‌م کۆبوونه‌وه‌یه‌ له‌ 13 لاپه‌ڕه‌دا! له‌ درێژه‌ى‌ ئه‌م وتاره‌دا، پتر له‌ "فه‌ڕ" و "به‌ره‌که‌ت"ى‌ ئه‌م کۆنگره‌یه‌ بۆ به‌رهه‌مڕن و سوودبه‌رانى‌ ده‌دوێین.

کۆنگره‌ى‌ 13 خاڵى‌ وه‌رچه‌خان، به‌ڵام چۆن وه‌رچه‌رخانێک؟!

ئاوڕدانه‌وه‌ى‌ چه‌واشه‌کارانه‌ى‌ قۆڵى‌ پاوانخوازى‌ حیزب، به‌ پێشه‌کى‌یه‌کى زۆر رووکه‌شانه‌ له‌ باره‌ى‌ رۆژهه‌ڵاتى‌ نێوه‌ڕاست و ئه‌و ناوچه‌یه‌ى‌ کوردى‌ تێدا ده‌ژى‌ ده‌ست پێ ده‌کا. له‌م پێوه‌ندى‌یه‌دا پاش ئاماژه‌ به‌ بارودۆخى‌ ئێستاى‌ ناوچه‌که‌ و چاوه‌ڕوانیى‌ هه‌لومه‌رجێکى‌ نوێ، له‌ پێویستیى‌ خۆ ئاماده‌کردن بۆ گۆڕانکارى‌یه‌کانى‌ داهاتوو ده‌دوێ و ده‌نووسێ: "به‌ تایبه‌تى‌ گه‌لى‌ کورد له‌ کوردستانى‌ ئێران { پێویسته} خۆى‌ بۆ ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ ته‌یار و ئاماده‌ بکا و پته‌وتر و یه‌کگرتووتر له‌ جاران، به‌ ڕوانینى‌ نوێ و خه‌باتێکى‌ سه‌رده‌میانه‌ و تێکۆشان له‌ رێى‌ دابینکردنى‌ مافه‌کانى‌دا به‌ره‌و داهاتوو هه‌نگاوى‌ خێرا و وشیارانه‌ هه‌ڵ بگرێ." (زه‌ق‌کردنه‌وه‌ى وشه‌کان له‌ لایه‌ن ئێمه‌وه‌یه‌)

نووسه‌ر، یا نووسه‌ران " ئاوڕدانه‌وه‌..."، کۆنگره‌ی سێزده‌هه‌می حیزب وه‌ک وه‌ڵامدانه‌وه‌ به‌و پێویستی‌یه‌ مێژوویی‌یه‌ و " له‌ پێناو نوێکرنه‌وه‌ و به‌ خۆدا چوونه‌وه‌ی حیزب و ... پێداچوونه‌وه‌ به‌ ستراتێژییکانی، به‌ سیاسه‌ته‌ هه‌نووکه‌ییه‌کانی و پێکهێنانی ئاڵوگۆڕ له‌ خۆیدا و..." ده‌ناسێنن. له‌ ره‌وتی ئه‌مجۆره‌ ناساندنه‌ش دا، نه‌ک هه‌ر هه‌وڵ ده‌دن کرده‌وه‌ چه‌وت زیانباره‌کانی خۆیان و هاوقۆڵه‌کانیان بۆ خۆزڵکردن به‌سه‌ر حیزبی دێموکراتدا پێش و دوای کۆنگره‌ی 13، وه‌ک " نوێکرنه‌وه‌ی حیزب" و هه‌نگاونان بۆ پێشه‌وه‌" پێشان بده‌ن، به‌ڵکوو ئه‌و ئاڵوگوڕو هه‌نگاوه‌ سیاسی و گرنگانه‌ش که‌ ئه‌م کۆنگره‌یه‌ بڕیاری له‌سه‌ر دان و په‌سه‌ندی کردن و، ئه‌وان که‌مترین رۆڵیان له‌ ئاماده‌ کردنی دا هه‌بوو، با شانازی خۆیان و قۆڵه‌که‌یان له‌ قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن.

له‌م بڕوایه‌داین نه‌ک هه‌ر ئه‌ندامێکى‌ ئاگادار له‌ کێشه‌ نێوخۆیى‌یه‌کانى‌ حیزبى‌ دێمۆکرات، به‌ڵکوو هه‌ر که‌سێکى‌ ئاشنا به‌ چه‌مکى‌ نوێخوازى‌ و خاوه‌نى‌ ده‌رک و تێگه‌یشتنى‌ نوێ له‌ باره‌ى‌ سیاسه‌ت و حیزبایه‌تى‌ و تێکۆشانى‌ ئازادیخوازى‌یه‌وه‌، هه‌ر به‌ خوێندنه‌وه‌ى‌ ئه‌م پێشه‌کى‌یه‌، نامۆبوونى‌ نووسه‌ران وقۆڵه‌که‌یان له‌گه‌ڵ نوێبوونه‌وه‌و

له‌م بڕوایه‌داین نه‌ک هه‌ر ئه‌ندامێکى‌ ئاگادار له‌ کێشه‌ نێوخۆیى‌یه‌کانى‌ حیزبى‌ دێمۆکرات، به‌ڵکوو هه‌ر که‌سێکى‌ ئاشنا به‌ چه‌مکى‌ نوێخوازى‌ و خاوه‌نى‌ ده‌رک و تێگه‌یشتنى‌ نوێ له‌ باره‌ى‌ سیاسه‌ت و حیزبایه‌تى‌ و تێکۆشانى‌ ئازادیخوازى‌یه‌وه‌، هه‌ر به‌ خوێندنه‌وه‌ى‌ ئه‌م پێشه‌کى‌یه‌، نامۆبوونى‌ نووسه‌ران وقۆڵه‌که‌یان له‌گه‌ڵ نوێبوونه‌وه‌ و نوێخوازیى‌ بۆ ده‌رده‌که‌وێ و پێکه‌نینی پێ دێ. کێ هه‌یه‌ ئه‌م پێشه‌کى‌ و سه‌رجه‌م بابه‌ته‌که‌ بخوێنێته‌وه‌ و نه‌گاته‌ ئه‌و ئاکامه‌ که‌ بڕواى‌ ئه‌م قۆڵه‌ به‌ "روانینى‌ نوێ" و "خه‌باتێکى‌ سه‌رده‌میانه‌" شتێکه‌ له‌ چه‌شنى‌ بڕوایان به‌ یه‌کیه‌تى‌ و به‌کگرتوویى‌ حیزبى‌ دێمۆکرات. سه‌رانى‌ قۆڵى‌ پاوانخوازى‌ حیزبى‌ دیمۆکرات وشه‌ و زاراوه‌ جۆراوجۆره‌کانى‌ وه‌ک "نوێخوازى‌" و "به‌خۆداچوونه‌وه‌"شیان وه‌ک "رێبازى‌ قاسملوو" کردۆ‌ به‌ سه‌رپۆشێک بۆ ده‌سته‌به‌ندى‌ و په‌یمان شکێنى‌ و ناوچه‌گه‌رایى‌ و، له‌ هه‌مووى‌ ئه‌مانه‌ش له‌ جیهه‌تى‌ دژایه‌تیى‌ واتا راسته‌قینه‌کانیان و، ته‌نیا بۆ یه‌ک مه‌به‌ست که‌ڵک وه‌رده‌گرن، ئه‌ویش ململانێى‌ ناسالم له‌گه‌ڵ هاوڕێ و هاوسه‌نگه‌رى‌ رکابه‌ر و جیابیر و، پاوانکردنى‌ حیزبى‌ دێموکرات به‌ قازانجى‌ خۆیان.

که‌سانێک که‌ ده‌م له‌ پێویستیى‌ "روانینى‌ نوێ" و "خه‌باتێکى‌ سه‌رده‌میانه‌" وه‌رده‌ده‌ن و، هه‌وڵه‌کانى‌ خۆیان بۆ پاوانکردنى‌ ده‌سه‌ڵات له‌ حیزبى‌ دێموکرات‌دا، وه‌ک "هه‌نگاونان‌ بۆ پێشه‌وه‌" و "ئاڵوگۆڕ پێکهێنان" پێشان ده‌ده‌ن، له‌ بارى‌ ئاوه‌ڕ و تێگه‌یشتنى‌ نوێوه‌ له‌ هه‌ژارى‌ و ده‌سکورتى‌یه‌کى‌ ئه‌وه‌نده‌ زه‌ق‌دا ده‌ژین که‌ ته‌نانه‌ت ئه‌م شته‌ ساکاره‌شیان بۆ ده‌رنه‌که‌وتوه‌ که‌ مرۆڤى‌ نوێ و نه‌وه‌ى‌ ته‌یار به‌ عه‌قڵ و گیانى‌ سه‌رده‌م، له‌گه‌ڵ ره‌خنه‌ و ره‌خنه‌ له‌ خۆگرتن‌دایه‌ و، ‌ له‌و هه‌مووه‌ به‌خۆداهه‌ڵگوتنه‌ بێزاره‌ که‌ له‌مێژ ساڵه‌ گۆڕه‌پانى‌ سیاسه‌ت که‌‌ کوردستانى‌ داگرتوه‌ و سیاسى‌یه‌کانى‌ کورد خوویان پێوه‌ گرتوه‌. توێژه‌ ئاگا و وشیاره‌کانى‌ خه‌ڵکى‌ کوردستان و ئه‌ندامانى‌ حیزبى‌ دێمۆکرات که‌ به‌خۆشى‌یه‌وه‌ رێژه‌یه‌کى‌ زۆریان له‌م جۆره‌ توێژانه‌ن، لایه‌ن و که‌سه‌ سیاسى‌یه‌کان نه‌ک به‌ پێى‌ دروشم و بانگه‌شه‌ى‌ بریقه‌دار، به‌ڵکوو به‌ پێى‌ ئه‌و فه‌هم و عه‌قڵییه‌ته‌ى‌ له‌پشت دروشم و بانگه‌شه‌کانیانن، هه‌روه‌ها به‌ پێى‌ ره‌وشت و مێتۆد و هه‌ڵوێسته‌کانیان له‌ ره‌وتى‌ کار و تێکۆشان‌دا هه‌ڵ ده‌سه‌نگێنن.

لێره‌دا نه‌ک بۆ حاڵگرتنى‌ خوێنه‌ران، به‌ڵکوو بۆ ئاشناکردنیان به‌م جۆره‌ ئه‌ده‌بیاته‌، ته‌نیا پاراگرافێک له‌ چه‌ند لاپه‌ڕه‌ پێ هه‌ڵگوتن به‌ "په‌رجۆ" (موعجیزه‌)کانى‌ رێبه‌ریى‌ "هه‌ڵبژێراوى‌" کۆنگره‌ى‌ 13 به‌ نموونه‌ دێنینه‌وه‌:

"له‌ زۆر بوارى دیکه‌ى خه‌باتى حیزبدا، ئاڵوگۆڕ له‌ کارو تێکۆشانه‌کانداو گوڕوتینى نوێ به‌خشین به‌ بواره‌ جۆربه‌جۆره‌کانى چالاکى سیاسى ـ ته‌شکیلاتى ـ راگه‌یاندن و په‌روه‌رده‌ى حیزبى دێموکرات درا که‌ کۆى ئه‌و هه‌وڵ و چالاکیانه‌ واى له‌ حیزب کردوه‌ که‌ به‌ دانپێنانى دۆست و دوژمنان، کۆنگره‌ى سێزده‌هه‌مى حیزب، خاڵى وه‌چه‌رخان و حه‌ره‌که‌تێکى به‌هێزو پێشکه‌وتووانه‌ى روو له‌ پێشى حیزبى دێموکرات بوو که‌ رێبه‌رایه‌تیى جووڵانه‌وه‌ى مافخوازانه‌و ئازادیخوازانه‌ى کورد له‌ کوردستانى ئێران بۆ حیزبه‌ خۆشه‌ویسته‌که‌مان مسۆگه‌رترو جێگه‌و پێگه‌ى له‌ نێو دڵى کۆمه‌ڵانى خه‌ڵکدا پته‌وترو قایمتر کردو ترسو دڵه‌خورپه‌ى خسته‌ دڵ نه‌یاران و دوژمنانى حیزب و نه‌ته‌وه‌که‌مانه‌وه‌."

له‌ نووسه‌رى‌ "ئاوڕدانه‌وه‌" و هاوقۆڵانى‌ ده‌پرسین ئێوه‌ بۆ کونگره‌ى‌ سێزده‌هه‌مى‌ حیزب بێجگه‌ له‌ هێنانى‌ له‌شکرى‌ ده‌نگده‌ر و نوێنه‌رى‌ به‌ ته‌واوى‌ به‌ستراوه‌ به‌ خۆتان، ئه‌ویش له‌ رێگاى‌ شکاندنى‌ بڕیار و په‌یمانى‌ راشکاوانه‌ى‌ کۆنگره‌ى‌ 12 و به‌ که‌ڵک وه‌رگرتن له‌ ده‌سته‌به‌ندیى‌ نهێنى‌ و بێبه‌شکردنى‌ زۆر کادر و پێشمه‌رگه‌ و ئه‌ندامى‌ لێوه‌شاوه‌ له‌ مافى‌ هه‌ڵبژێران بۆ کۆنفرانسه‌کان و کۆنگره‌، چى‌ دیکه‌تان هه‌بوو؟ کام ستراتێژى‌ و سیاسه‌تى‌ هه‌نووکه‌یى‌ و به‌رنامه‌ و گه‌ڵاڵه‌ى‌ نوێتان له‌ مێشک‌دا بوو؟ نه‌ک هه‌ر پێش کۆنگره‌، به‌ڵکوو له‌ دواى‌ کۆنگره‌ش کام لێکۆڵینه‌وه‌، وتار، میزگرد، وتووێژ و کۆڕ و سیمینارتان له‌باره‌ى‌ فێدرالیزم وه‌ک دروشمى‌ ستراتێژیى‌ نوێى‌ حیزب پێشکه‌ش کرد و ئه‌نجام‌دا؟ کام کار و هه‌نگاوى‌ فیکرى‌ و رۆشنگه‌رانه‌تان له‌ مانگه‌کانى‌ پێش کۆنگره‌دا له‌باره‌ى‌ "به‌رنامه‌ و نیازه‌ نوێ‌یه‌کانتان" به‌ مه‌به‌ستى‌ پێکهێنانى‌ ئاماده‌یى‌ زه‌ینى‌ له‌ نێو ئه‌ندامانى‌ حیزب‌دا جێبه‌جێ کرد؟ ئه‌گه‌ر نیازى‌ شتێکى‌ نوێتان هه‌بوو، بۆچى‌ رێگاتان به‌ لاوه‌ خوێنده‌وار و تێگه‌یشتووه‌کان نه‌دا هه‌ڵ ببژێردرێن؟ هه‌ر چونکه‌ به‌ مێشکى‌ خۆیان بیریان ده‌کرده‌وه‌ و ئاماده‌ نه‌بوون که‌سه‌ ده‌ست‌نیشانکراوه‌کانى‌ ئێوه‌ بکه‌ن به‌ رێبه‌رانى‌ داهاتووى‌ خۆیان؟ ئایا چوونى‌ ئه‌م جۆره‌ که‌سانه‌ بۆ کۆنفرانسه‌کان و کۆنگره‌ ناته‌بایى‌ له‌گه‌ڵ تێگه‌یشتن و روانینى‌ نوێ و ویست و داواکانى‌ نه‌وه‌ى‌ نوێ و پێکهێنانى‌ ئاڵوگۆڕدا هه‌بوو؟ 

به‌ڕێوه‌به‌ران و ده‌مڕاسته‌کانى‌ قۆڵى‌ پاوانخوازى‌ حیزبى‌ دێمۆکرات ده‌یانه‌وێ کرده‌وه‌ و ره‌فتاره‌ چه‌وت و زیانباره‌کانى‌ خۆیان که‌ تێکه‌ڵ به‌ جنوونى‌ ده‌سه‌ڵاتخوازى‌ بووه‌ و، هه‌ر له‌پێش کۆنگره‌ى‌ سێزده‌وه‌ له‌گه‌ڵ ره‌خنه‌ و ناڕه‌زایه‌تیى‌ رۆژ به‌ رۆژ زیاترى‌ ئه‌ندامانى‌ حیزب به‌ره‌و روو بووه‌، وه‌ک "نوێخوازى‌" و "هه‌نگاونان بۆ پێشه‌وه‌" بنوێنن و، رووهه‌ڵماڵاوییش له‌م پێوه‌ندى‌یه‌دا ده‌گه‌یه‌ننه‌ ئه‌و جێگایه‌ که‌ ناوى‌ "دژبه‌ریى‌ ناشاره‌زایانه‌" و هه‌وڵى‌ "گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ دواوه‌" له‌سه‌ر به‌ربه‌ره‌کانیى‌ ئه‌ندامانى‌ حیزب له‌گه‌ڵ عه‌قڵییه‌تى‌ پاوانخوازانه‌ و شه‌پۆلى‌ پاڵ پێوه‌نان و وه‌لانان، داده‌نێن و ئه‌م به‌ربه‌ره‌کانى‌یه‌ ره‌وایه‌ له‌گه‌ڵ په‌له‌قاژه‌ى‌ ده‌سه‌ڵاتدارانى‌ دیکتاتۆر و کۆنه‌په‌رست له‌گه‌ڵ ره‌وتى‌ مێژوو، ده‌خه‌نه‌ تاى‌ ته‌رازوویه‌ک!

لێره‌دا چه‌ند به‌شێک له‌ نامه‌یه‌کى‌ نهێنیى‌ کاک مسته‌فا هیجرى‌ سه‌رۆکى‌ قۆڵى‌ پاوانخوازى‌ حیزب ده‌خه‌ینه‌ روو. ئه‌م نامه‌یه‌ تاریخى‌ 24ى‌ ژانوییه‌ى‌ 2004ى‌ له‌سه‌ره‌ و، ناوبراو بۆ هێندێک هاوڕێى‌ حیزبیى‌ به‌ خه‌یاڵى‌ خۆى‌ جێگاى‌ متمانه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى‌ وڵاتى ناردوه‌. دیاره‌ کاک مسته‌فا و هاوقۆڵه‌کانى‌ زۆر به‌ر له‌و تاریخه‌ (6 مانگ پێش کۆنگره‌) خه‌ریکى‌ ئه‌م جۆره‌ نویخوازییانه‌! بوون. کاک مسته‌فا، دواى‌ پێشه‌کى‌یه‌کى‌ چه‌ند دێڕى‌ که‌ هه‌وێنه‌که‌ى‌ هه‌ر ئه‌و هه‌وێنه‌ى‌ پێشه‌کیى‌ ئه‌م "ئاوڕدانه‌وه‌"یه‌ى‌ ئێستایانه‌، ده‌نووسێ:

"... بۆ ئه‌وه‌ى‌ ده‌ورى‌ رێبه‌ریى‌ و پێشه‌نگایه‌تى‌ حیزبه‌که‌مان له‌ نێو کۆمه‌ڵگادا به‌رده‌وام بێ، پێویست ده‌کا که‌ حیزبه‌که‌مان نوێ بکه‌ینه‌وه‌ و به‌شێوه‌یه‌ک که‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و ئاڵوگۆڕانه‌ هه‌ماهه‌نگ بین و زمانى‌ نه‌سلى‌ نوێ تێ بگه‌ین.

بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ پێویسته‌ پێش له‌ هه‌موو شتێک ته‌رکیبى‌ رێبه‌رایه‌تیى‌ حیزب، که‌ له‌ راستى‌دا له‌ کۆنگره‌ى‌ دوازده‌ دا خۆى‌ هه‌ڵبژارد و خه‌ریکه‌ له‌ کۆنگره‌ى‌ سێزده‌ش ـ به‌و گه‌ڵاڵه‌ى‌ که‌ په‌سندى‌ کردووه‌ ـ خۆى‌ بسه‌پێنێ و رێگا نه‌دا که‌سانى‌ دیکه‌ بێنه‌ نێو حه‌ریمى‌ رێبه‌رایه‌تی، بگۆڕێ و ته‌رکیبێک له‌ لایه‌ن ئه‌ندامانى‌ کۆنگره‌وه‌ به‌ شێوه‌یه‌کى‌ دێمۆکراتیک هه‌ڵبژێردرێ که‌ وه‌ڵامده‌رى‌ ئه‌و هه‌لومه‌رجه‌ نوێیه‌ بێ.

له‌ کۆنگره‌ى‌ داهاتوومان‌دا، دواى‌ باس له‌سه‌ر راپۆرتى‌ سیاسى‌ و هه‌ڵسه‌نگاندنى‌ کار و تێکۆشانى‌ رێبه‌رایه‌تیى‌ حیزب له‌ ماوه‌ى‌ نێوان کۆنگره‌کانى‌ 12-13 و دیارى‌ کردنى‌ ئه‌رکه‌کانى‌ داهاتوو، پێم وایه‌ هه‌ڵبژاردنى‌ رێبه‌رایه‌تیى‌ حیزب ده‌بێ گرنگترین باس بێ و له‌ ئێستاوه‌ بیرى‌ لى‌بکرێته‌وه‌ و کارى‌ بۆ بکرێ.

ره‌نگه‌ بڵێن باشه‌ ئه‌و ئاڵوگۆڕانه‌ چن که‌ ده‌بێ پێک بێن، به‌رنامه‌ى‌ سیاسى‌ بۆ ئه‌و ئاڵوگۆڕانه‌ چى‌یه‌؟ وڵامى‌ من بۆ ئه‌و پرسیاره‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ له‌ پێشدا ده‌بێ ئاڵوگۆڕ له‌ رێبه‌رایه‌تى‌‌دا پێک بێ، دوایه‌ قسه‌ له‌ به‌رنامه‌ى‌ سیاسى‌ و ته‌شکیلاتى‌ نوێ بگرێته‌وه‌، (زه‌ق کردنه‌وه‌ى وشه‌کان له‌ لایه‌ن ئێمه‌وه‌یه‌) چونکه‌ به‌ مانه‌وه‌ى‌ ئه‌و رێبه‌رایه‌تى‌یه‌ قسه‌کردن له‌ به‌رنامه‌ى‌ نوێى‌ سیاسى‌ زه‌حمه‌تێکى‌ بێ سه‌مه‌ره‌.

... ئه‌گه‌ر لاتان په‌سنده‌ هه‌رکامه‌ى‌ له‌ لاى‌ خۆتان به‌ناوى‌ خۆتان له‌گه‌ڵ هاوڕێیانى‌ دیکه‌ بى‌هێننه‌ گۆڕێ، به‌تایبه‌ت له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانى‌ کۆنگره‌ به‌ وردى‌ باسى‌ بکه‌ن با به‌ وریایى‌یه‌وه‌ بێنه‌وه‌."

نێوه‌رۆکى‌ ئه‌م نامه‌یه‌ زۆر له‌وه‌ روونتره‌ که‌ پێویست بێ تیشکى‌ بخرێته‌سه‌ر.ئه‌م نامه‌یه‌ ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستیکى سادقانه‌ى له‌ پشت با و، نووسه‌ره‌که‌ىنه‌ک سه‌وداى سکرتێرى، به‌ڵکوو نیازى نوێکردنه‌وه‌ى حیزبى دێموکراتى له‌ مێشک دابایه‌، به‌ نهێنى و به‌ بێ ناوى خۆى بڵاوى نه‌ده‌کرده‌وه‌ و ته‌نیا بۆ ژماره‌یه‌کى دیاریکراوى نه‌ده‌نارد. کورت و کرمانجى‌، کاک مسته‌فا ده‌ڵێ هه‌ڵبژێرانى‌ ته‌رکیبێک له‌ کۆنگره‌دا که‌ من بکاته‌ سکرتێرى‌ گشتى‌، راست یانى‌ نوێکردنه‌وه‌ى‌ حیزبى‌ دیمۆکرات و خۆ گونجاندن له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رجى‌ نوێ. ئه‌م کاره‌ ده‌بێته‌ سه‌رچاوه‌ى‌ ئاڵوگۆڕ و به‌رنامه‌ى‌ نوێى‌ سیاسى‌ و ته‌شکیلاتى‌! هه‌ر به‌ڕاستى‌ کاک مسته‌فا و هاوقۆڵه‌کانى‌، تاقه‌ یه‌ک رێگایان بۆ نۆژه‌نکردنه‌وه‌ى‌ حیزبى‌ دێموکرات و گونجاندنى‌ له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رجى‌ نوێ دا شک بردوه‌. ئه‌ویش پێکهێنانى‌ کۆنگره‌یه‌کى‌ ئه‌وتۆ که‌ هه‌رکه‌س له‌سه‌ر رێى‌ ئه‌م خولیا ده‌سه‌ڵاتخوازانه‌یان کۆسپ بێ، له‌سه‌ر رێیان لاببا و، زۆرایه‌تیى‌ ئه‌ندامانى‌ ده‌فته‌رى‌ سیاسى‌ وهه‌موو پۆست و به‌رپرسایه‌تى‌یه‌ کلیدى‌یه‌کان بدا به‌وان. ته‌نانه‌ت ئێستاش ئه‌مه‌ هه‌موو تێگه‌یشتن و ده‌رکى‌ ئه‌و به‌ڕێزانه‌ له‌ نوێخوازى‌ و نوێکردنه‌وه‌یه‌!

شتێکى‌ زۆر روونه‌ کاتێک که‌سێک، تاقمێک یا باڵێک ، گه‌ڵاڵه‌، پلاتفۆرم یا به‌رنامه‌یه‌کى‌ سیاسى‌ و ته‌شکیلاتى‌ و کاریى‌ روونیان نه‌بێ تا به‌هۆى‌ ئه‌وه‌وه‌ ئامانج و نیازه‌کانى‌ خۆیان بناسێنن و سه‌رنج و پشتیوانیى‌ ده‌نگده‌ران له‌ ره‌وتى‌ هه‌وڵدان بۆ ده‌سه‌ڵات‌دا رابکێشن، هه‌ر له‌و کاته‌ش‌دا له‌سه‌ر گه‌یشتن به‌ پۆست و ده‌سه‌ڵات زۆر سوور و لێبڕاو بن، چارناچار شێوه‌ و مێتۆده‌کانى‌ دیکه‌ى‌ سه‌رکه‌وتن به‌سه‌ر لایه‌نى‌ به‌رامبه‌ر و رقه‌به‌ردا ده‌گرنه‌به‌ر.

ده‌سته‌به‌ندیى نهێنى‌، له‌ژێر پێنانى‌ بڕیار و په‌سندکراوه‌کانى کۆنگره‌، وه‌ڕێخستنى‌ ته‌بلیغاتى‌ ناسالم، ته‌خریب و تیرۆرى‌ که‌سایه‌تیى‌ رکه‌به‌ران، به‌رنامه‌ڕێژى‌ بۆ له‌سه‌ر رێ لابردنى‌ موخالیفان به‌هه‌ر شێوه‌ و نرخێک، حاشاکردن له‌سه‌رکه‌وتن و به‌ره‌وپێشچوونه‌کان و ئاگراندیسمانى که‌م و کورتى‌ و لاوازى‌یه‌کان، هه‌روه‌ها په‌نابردن بۆ کۆمه‌ڵێک دیارده‌ى‌ پڕمه‌ترسیى‌ وه‌ک "ناوچه‌گه‌رایى‌" و که‌ڵک وه‌رگرتنى‌ ئامرازى‌ له‌ ناو و خۆشه‌ویستیى‌ رێبه‌رانى‌ شه‌هید و تاوانبارکردنى‌ هاوڕێیان و هاوسه‌نگه‌ران به‌ لادان له‌ رێبازى‌ ئه‌سلى‌ و ... چه‌رده‌یه‌ک له‌م کرده‌وه‌ و مێتۆدانه‌ن که‌ کاک مسته‌فا و هاوقۆڵه‌کانى‌ ده‌ستیان لێ ‌نه‌پاراست. ئه‌مه‌ له‌ حاڵێکدابوو که‌ کاک مسته‌فا و هاوده‌سته‌کانى‌ به‌ پێى‌ پێڕه‌وى‌ نێوخۆى‌ حیزب ده‌یانتوانى‌ له‌ کۆڕ و کۆبوونه‌وه‌ى‌ گشتى‌ و له‌ نامیلکه‌ى‌ نێوخۆیى‌ حیزب‌دا، ئه‌گه‌ر قسه‌یه‌کیان بۆ کردن و رێگاچاره‌یه‌کیان بۆ نه‌هێشتنى‌ که‌م و کورتى‌ و گرفته‌کان و خۆگونجاندنى‌ حیزب له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رجى‌ نوێ هه‌بوو، به‌ڕاشکاوى‌ باسى‌ بکه‌ن.خۆ ئه‌و کات حیزب وه‌ک ئێستاى لێ نه‌هاتبوو که‌ تریبوونه‌کانى هه‌ر ته‌نیا له‌ خزمه‌ت بڵاوکردنه‌وه‌ و راگه‌یاندنى بۆچوونی ده‌سه‌ڵاتبه‌ده‌ستان و لایه‌نگره‌کانى دابێ و، هه‌ر که‌س ره‌خنه‌ى له‌ که‌سى یه‌که‌مى حیزب و  بڕیار وهه‌لوێسته‌کانى رێبه‌ریى حیزب گرت ، سووکایه‌تیى پێ بکرێ و که‌سیش لێى نه‌پرسێته‌وه‌.

 ئه‌و کات ، کاک مسته‌فا، هه‌رکه‌ له‌نێو خۆ و ده‌ره‌وه‌ى‌ حیزب پرسیارى‌ لێ ده‌کرا چ به‌رنامه‌یه‌کت بۆ کۆنگره‌ى‌ 13، وه‌ک کاندیداى‌ سکرتێرى‌ هه‌یه‌، ده‌یگوت هێشتا بڕیارم له‌سه‌ر کاندیدابوون بۆ ئه‌م پۆسته‌ نه‌داوه‌، هیچ به‌رنامه‌یه‌کیشم نیه‌، هه‌ر کات بڕیاردرا سکرتێر له‌ لایه‌ن کۆنگره‌وه‌ هه‌ڵ ببژێردرێ، منیش به‌رنامه‌ى‌ خۆم به‌ کۆنگره‌ ئیرائه‌ ده‌ده‌م. دیاره‌ له‌ کۆنگره‌ش، هیچ‌ که‌س که‌م تا زۆر هیچ گه‌ڵاله‌ و شتێکى‌ نوێى‌ لى‌ نه‌دیت.

ئه‌م بێ به‌رنامه‌یى‌یه‌ى‌ ئاڵاهه‌ڵگرانى‌ رواڵه‌تیى‌ "نوێخوازى‌" و "شایسته‌ سالارى‌ و جه‌وانگه‌رایى‌" له‌ لایه‌ک و، که‌ڵک وه‌رگرتنیان له‌ هه‌وڵدانى‌ په‌نامه‌کى‌ و ژێربه‌ژێر، ته‌بلیغاتى‌ ژاراوى‌، میتۆده‌ ناسالمه‌کانى‌ دیکه‌ و ده‌نگ کڕین و ده‌سکاریى‌ مه‌به‌ستدار و به‌ به‌رنامه‌ى‌ ئارایشى‌ ئۆرگان و به‌شه‌کان به‌قازانجى‌ قۆڵه‌که‌یان، به‌ر له‌ پێکهاتنى‌ کۆنگره‌ گومانى‌ بۆ رێژه‌یه‌کى‌ به‌رچاو له‌ تێکۆشه‌ران و ئه‌ندامانى‌ حیزب نه‌هێشته‌وه‌ که‌ ئه‌م جه‌ماعه‌ته‌ ده‌یانه‌وێ خوازیارانى‌ نوێخوازى‌ و نوێکردنه‌وه‌ له‌ نێو حیزبى‌ دێمۆکرات‌دا وه‌ک پردێک بۆ مه‌به‌سته‌ تایبه‌تى‌به‌کانى‌ خۆیان به‌کاربێنن و ،پێش بینیى‌ ئه‌وه‌ ده‌کرا ئه‌گه‌ر له‌م که‌لکى‌ خراپ وه‌رگرتنه‌ش‌ له‌ خوازیارانى‌ نوێخوازى‌ و شایسته‌سالارى‌‌دا، سه‌رکه‌وتوو بن، له‌ پاشه‌ڕۆژدا، خۆیان و حیزبى‌ دێموکرات له‌گه‌ڵ قه‌یرانێکى‌ قووڵ به‌ره‌وڕوو بکه‌ن. چونکه‌ سه‌ره‌نجام روون ده‌بێته‌وه‌ که‌ هیچیان له‌باران‌دا نیه‌ و هیوا و چاوه‌ڕوانى‌یه‌کانى‌ خوازیارانى‌ گۆڕان و نوێبوونه‌وه‌یان به‌رباد داوه‌. 

کۆنفرانسه‌کانى‌پێش کۆنگره‌ى‌ سێزده‌ى‌ حیزب له‌ کوردستان و ده‌ره‌وه‌ى‌ وڵات  له‌ نێو شه‌پۆلى‌ په‌یتاپه‌یتاى‌ سکاڵا و ناڕه‌زایه‌تیى‌ تاک تاک و به‌کۆمه‌ڵى‌ سه‌دان ئه‌ندامى‌ حیزب ، به‌ڕێوه‌ چوون. نێوه‌رۆکى‌ هه‌ر هه‌مووى ئه‌وتۆمار و سکاڵا و ئیعترازنامانه‌، ره‌خنه‌ و ناڕه‌زایه‌تى‌ له‌ ده‌سته‌به‌ندیى‌ نهێنیى‌ قۆڵى‌ کاک مسته‌فا هیجرى‌ و زه‌وتکردنى‌ مافه‌ حیزبى‌ وته‌شکیلاتى‌یه‌کانى‌ ئه‌ندامانى‌ دیکه‌ى‌ حیزب له‌ لایه‌ن ئه‌وانه‌وه‌ بوو. ئه‌م نامه‌ و تۆمارانه‌ هه‌ن و، ئه‌گه‌ر پێویست بێ بڵاو ده‌کرێنه‌وه‌. به‌ڵام زۆرایه‌تیى‌ کۆمیته‌ى‌ ناوه‌ندى‌ و کۆمیته‌ى‌ ئاماده‌کردنى‌ کۆنگره‌، له‌ پێناوى‌ مانه‌وه‌ و پاراستنى‌ یه‌کیه‌تیى‌ ریزه‌کانى‌ حیزبى‌ دێمۆکرات‌دا، چاوى‌ له‌ زۆربه‌ى‌ ناڕه‌زایه‌تى‌یه‌کان پۆشى‌ و ده‌نگدانیشیان به‌ مه‌شروعییه‌تى‌ کۆنگره‌ى‌ سێزده‌هه‌م که‌ بناغه‌که‌ى‌ له‌سه‌ر شکاندنى‌ بڕیارى‌ کۆنگره‌ى‌ 12 له‌ باره‌ى‌ حه‌رامکردنى‌ ده‌سته‌به‌ندیى‌ نهێنى‌ دامه‌زرابوو، هه‌ر له‌ سۆنگه‌ى‌ پاراستنى‌ یه‌کیه‌تی و یه‌کڕیزیى‌ حیزب‌دا بوو. 

له‌و کۆنگره‌یه‌دا، مودده‌عییانى‌ "ئاڵوگۆڕ" و "تێگه‌یشتن له‌ زمانى‌ نه‌سلى‌ نوێ" و "خۆ گونجاندن له‌گه‌ڵ هه‌لومه‌رجى‌ نوێ"، چونکه‌ به‌ ته‌واوى‌ له‌و شتانه‌ى‌ ئیددیعایان ده‌کرد بێگانه‌ بوون، له‌ کاره‌ سیاسى‌یه‌کانى‌ کۆنگره‌دا که‌مترین رۆڵیان هه‌بوو. بۆ وێنه‌:

1 – راپۆرتى‌ کۆمیته‌ى‌ ناوه‌ندى‌ بۆ کۆنگره‌ که‌ لێکدانه‌وه‌ى‌ هه‌لومه‌رجى‌ سیاسیى‌ نێونه‌ته‌وه‌یى‌، ناوچه‌ى رۆژهه‌ڵاتى نێوه‌راست، ئێران و کوردستان و، ئه‌رکه‌کانى‌ حیزب له‌ به‌ر رووناکایى‌ ئه‌م لێکدانه‌وه‌یه‌دا گرتبووه‌ خۆى‌، سکرتێرى‌ گشتى‌ به‌ڕێز عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌ن‌زاده‌ ئاماده‌ى‌ کردبوو. ئه‌وان ئه‌گه‌ر له‌ مایه‌یان دا نه‌بوو شتێک له‌ نێوه‌رۆکى‌ ئه‌م راپۆرته‌ زیاد بکه‌ن، له‌ به‌رامبه‌ردا پاراگرافێک له‌و راپۆرته‌یان که‌ پێى‌ له‌سه‌ر پێویستیى‌ یه‌کیه‌تی و پێکه‌وه‌ کارکردنى‌ قۆڵ و لایه‌نه‌کانى‌ نێو حیزب داگرتبوو، حه‌زف کرد.

2 – به‌رنامه‌ و پێڕه‌وى‌ نێوخۆى‌ حیزب که‌ گۆڕینى‌ دروشمى‌ ستراتێژیى‌ حیزب بۆ "دابینکردنى‌ مافه‌ نه‌ته‌وایه‌تى‌یه‌کانى‌ گه‌لى‌ کورد له‌ چوارچێوه‌ى‌ ئێرانێکى‌ دێمۆکراتیکى‌ فێدرالى‌دا"ى‌ تێدا گه‌ڵاڵه‌ کرابوو، به‌ڕێزان حه‌سه‌ن ره‌ستگار و حوسێن مه‌ده‌نى‌ که‌ هیچکامیان سه‌ر به‌ قۆڵى‌ پاوانخواز نین،پێشتر ئاماده‌یان کردبوو. له‌مباره‌یه‌وه‌ش قۆڵى‌ پاوانخواز ئه‌گه‌ر شتێکى‌ باشى‌ وه‌ک زیاده‌ بۆ به‌رنامه‌ى‌ حیزب نه‌بوو، له‌ به‌رامبه‌ردا چه‌ندى‌ بۆیان کرا، مادده‌ و به‌نده‌کانى‌ پێڕه‌وى‌ نێوخۆیان به‌ گوێره‌ى‌ مه‌به‌سته‌ جه‌ناحى‌یه‌کانیان گۆڕى‌. ئه‌و ده‌سکارى‌ و گۆڕانانه‌ى‌ ئه‌وان مه‌به‌ستیان بوو، زۆربه‌ى‌ هه‌ره‌زۆریان بۆ به‌رته‌سک کردنه‌وه‌ى‌ دیمۆکراسیى‌ نێوخۆیى‌ و مافه‌کانى‌ ئه‌ندامانى‌ حیزب بوو. ئه‌و نموونانه‌ له‌ ده‌رفه‌ته‌کانى‌ داهاتوودا ده‌خه‌ینه‌ به‌رچاوى‌ خوێنه‌ران.

3 – هه‌م ئه‌و په‌یامانه‌ى‌ بۆ کۆنگره‌ هاتبوون، هه‌م ئه‌و په‌یامانه‌ى‌ کۆنگره‌ بڕیارى‌ له‌سه‌ر ناردنیان دا، له‌گه‌ڵ که‌مته‌رخه‌مى‌ و بێ ڕێزى‌یه‌کى‌ بێ وێنه‌ به‌ره‌وڕوو بوون. به‌م هۆیه‌وه‌ که‌ زۆربه‌ى‌ ئه‌و په‌یامانه‌ به‌ڕێزه‌وه‌ باسیان له‌ تێکۆشان و هه‌ڵوێست و سیاسه‌ته‌کانى‌ حیزب له‌سه‌رده‌مى‌ سکرتێریى‌ به‌ڕێز حه‌سه‌ن‌زاده‌‌دا کردبوو، به‌ ئه‌نقه‌ست ژماره‌یه‌کى‌ هه‌رچى‌ که‌میان لى‌ خوێندنه‌وه‌. ئه‌و په‌یامانه‌ش که‌ کۆنگره‌ ده‌بوو بیان نێرێ، به‌ هۆى‌ سه‌رقاڵیى‌ مودده‌عییانى‌ "نوێخوازى‌" و "روانینى‌ نوێ" و "شایسته‌ سالارى‌"، به‌ ته‌ون و به‌سته‌کانى‌ تایبه‌ت به‌ هه‌ڵبژاردنى‌ کۆمیته‌ى‌ ناوه‌ندى‌، نه‌ک هه‌ر له‌ کۆنگره‌دا ئاماده‌ نه‌کران و ده‌نگى‌ کۆنگره‌یان بۆ وه‌رنه‌گیرا، ته‌نانه‌ت دوو مانگ دواى‌ کۆنگره‌ش، نه‌نووسرابوون و ئاماده‌ى‌ بڵاوبوونه‌وه‌ نه‌بوون.

وه‌ک باس کرا ئه‌گه‌ر کار و بڕیاره‌ سیاسى‌یه‌کانى‌ کۆنگره‌، شتى‌ گرنگیشیان له‌نێو دابووبێ که‌ بێگومان له‌نێویان دابووه‌، قۆڵى‌ پاوانخوازى‌ حیزب رۆڵى‌ زۆر که‌مى تێدا هه‌بووه‌. دیاره‌ وه‌ک له‌ نامه‌ نهێنى‌یه‌که‌ى‌ کاک مسته‌فادا هاتوه‌ گرنگ نه‌ک "به‌رنامه‌ى‌ سیاسى‌ و ته‌شکیلاتى‌ نوێ" به‌ڵکوو هه‌ڵبژاردنى‌ رێبه‌رى‌یه‌.

با بزانین له‌ هه‌ڵبژاردنى‌ رێبه‌رى‌‌دا کام یه‌ک له‌ ئیددیعاکانى‌ ناوبراو که‌ له‌ نامه‌ نهێنى‌یه‌که‌ و بانگه‌شه‌کانى‌ پێش کۆنگره‌ى‌دا،ده‌یه‌ویست خوازیارانى‌ نوێخوازى‌ و جه‌وانگه‌رایى‌ و شایسته‌سالارییان  پێ هه‌ڵ خه‌ڵه‌تێنێ هاتنه‌دى‌؟

1- زۆرایه‌تیی رێبه‌رایه‌تى‌یه‌ک که‌ کۆنگره‌ى‌ سێزده‌ هه‌ڵ‌بژارد، بۆخۆى‌ خۆى‌ هه‌ڵبژارد. چونکه‌ زۆربه‌ى‌ ئه‌و که‌سانه‌ى‌ هێنابوونى‌ بۆ کۆنگره‌، پێشتر بۆ خۆى‌ ده‌ست نیشانى‌ کردبوون و، ئه‌گه‌ر خۆى‌ نه‌یویستبایه‌، ئه‌وانه‌ نه‌ده‌هاتنه‌ کۆنگره‌، واته‌ بۆ هه‌ڵبژاردنى‌ که‌سانێکى‌ له‌پێشه‌وه‌ دیاریکراو هێنابوونى‌.

2- زۆربه‌ى‌ ئه‌ندامانى‌ کۆنگره‌ که‌ به‌ مه‌به‌ستى‌ "حژف" (وه‌لانان)ى‌ ژماره‌یه‌ک و سه‌رخستنى‌ ژماره‌یه‌کى‌ دیکه‌ هێنرابوون بۆ کۆنگره‌، نه‌یانتوانى‌ ئازادانه‌ ده‌نگ بده‌ن، چونکه‌ بۆیان دیارى‌کرابوو ده‌نگ به‌ چ که‌سانێک بده‌ن و چ که‌سانێکیش وه‌لابنێن. 

3- رێکخه‌رانى‌ هه‌ڵبژاردنى‌ ئه‌م کۆنگره‌یه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ى‌ کادرى‌ رێبه‌رایه‌تیى‌ پێشوو، که‌مترین ژماره‌یان هێنایه‌ نێو حه‌ریمى‌ رێبه‌رى‌ و، ئه‌و جێ گۆڕکێیانه‌ش که‌ هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ى‌ کادرى‌ رێبه‌رایه‌تى‌دا کردیان "گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ دواوه‌" بوون. چونکه‌ وه‌لانان و له‌ مه‌یدان ده‌رکردنى‌ به‌ ئه‌نقه‌ستى‌ به‌ڕێوه‌به‌رانى‌ (هه‌م له‌بارى‌ سیاسى‌ و هه‌م له‌ بارى‌ کلاسیکه‌وه‌) خوێنده‌وار، کارامه‌ و به‌ئه‌زموون بۆ که‌سانى‌ که‌متر خوێنده‌وار و له‌ بارى‌ سیاسى‌ و رۆشنبیرى‌ و به‌ڕێوه‌به‌رى‌یه‌وه‌ لاواز بوون.

4- سه‌رنجێک له‌ ئاستى‌ خوێنده‌واریى‌ زیاتر له‌ نیوه‌ى‌ ئه‌‌ندامه‌ ئه‌سلى‌ وجێگره‌کانى‌ کۆمیته‌ى‌ ناوه‌ندى‌ سه‌ر به‌م قۆڵه‌ ( که‌ له‌ نێوان پێنجى‌ سه‌ره‌تایى‌ و خوار دیپلۆم دایه‌)، ده‌رى‌ ده‌خا یا کاک مسته‌فا هیجرى‌ به‌ شێوه‌یه‌کى‌ زۆر رووکه‌شى‌ له‌ "زمانى‌ نه‌سلى‌ نوێ" و "بیرو ئه‌ندیشه‌ى‌ نه‌سلى‌ تازه‌ پێگه‌یشتوو" تآگه‌یشتوه‌، یا ئه‌و نوسخانه‌ى‌  ئه‌م به‌ڕێزه‌ به‌ هۆى‌ ئه‌م جۆره‌ رێبه‌رایه‌تى‌یه‌ بۆ ده‌ردومه‌رگى‌ نه‌سلى‌ نوێ ده‌یاننووسێ و نووسیونى‌، شتێکى‌ زۆر دانسته‌ و عه‌نتیکه‌ن!

5- ئه‌وان که‌ وایان ده‌نواند له‌ کۆنگره‌دا ده‌یانه‌وێ خه‌ڵکى تازه‌ بێننه‌ نێو رێبه‌رایه‌تى، له‌ 21 که‌س ئه‌ندامى ئه‌سڵیى کۆمیته‌ى ناوه‌ندى ته‌نیا یه‌ک نه‌فه‌ریان هه‌ڵبژارد که‌ له‌ کۆنگره‌ى دوازده‌دا نه‌بووبێته‌ ئه‌ندامى رێبه‌رى، ئه‌ویش له‌ کۆنگره‌ى 11دا ئه‌ندامى رێبه‌رى ببوو. کارێک که‌ ئه‌و تاقمه‌ کردى ته‌نیا ئه‌وه‌بوو که‌ به‌و زۆرایه‌تییه‌ چاووگوێ به‌ستراوه‌ نه‌یارانى خۆیان وه‌لاده‌ن و ده‌ستوپێوه‌نده‌کانیان بکه‌نه‌ ئه‌ندامى رێبه‌رى.

ئه‌و شتانه‌ى‌ سه‌رانى‌ قۆڵى‌ پاوانخوازى‌ حیزبى‌ دێموکرات به‌ نیشانه‌ى‌ "وه‌رچه‌خان"ى‌ حیزبى‌ دێموکرات له‌ کۆنگره‌ى‌13دا ده‌زانن، ته‌نیا هه‌ڵبژاردنى‌ رێبه‌رایه‌تى‌یه‌ک به‌م ته‌رکیبه‌وه‌یه‌. ئه‌وان هێنانى‌ ژماره‌یه‌کى‌ زۆر نوێنه‌رى‌ به‌ستراوه‌ به‌ خۆیان بۆ کۆنگره‌ که‌ ده‌ستیان له‌گه‌ڵ ده‌ستى‌ سه‌رۆک قۆڵه‌که‌یان‌دا به‌ نیشانه‌ى‌ ده‌نگدان به‌رز ده‌کرده‌وه‌ و، بۆ هه‌موو مه‌به‌ستێکى‌ پاوانخوازانه‌ و جه‌ناحى‌ له‌ "ئه‌مر و نه‌هى‌"یان دابوون، به‌ خاڵى‌ وه‌رچه‌رخان ده‌زانن. هاتنه‌دیى‌ ئاواتى‌ له‌ مێژینه‌یان بۆ تۆڵه‌ ستاندنه‌وه‌ و راماڵین و پاوانکردنى‌ حیزبى‌ دێموکرات به‌ قازانجى‌ خۆیان به‌" خاڵى‌ وه‌رچه‌رخان" و سه‌رکه‌وتوو بوونى‌ کۆنگره‌ ده‌ژمێرن. به‌ڵام قه‌یرانێک که‌ فاتیحانى ئه‌م کۆنگره‌یه‌ به‌ردى بناغه‌که‌یان له‌ پێش کۆنگره‌وه‌ دامه‌زراند و له‌ کۆنگره‌ داو دواى کۆنگره‌ش، حیزبى دێموکراتیان رۆژبه‌رۆژ پتر تێدا نوقم کرد، نه‌ک به‌ڵگه‌ى سه‌رکه‌وتنى حیزبى دێموکرات له‌م کۆنگره‌یه‌دا، به‌ڵکوو نیشانه‌ى بێ به‌شکرانى ئه‌م حیزبه‌ له‌ رێبه‌رىیه‌کى مشوورخۆرى یه‌کیه‌تى و یه‌کڕیزى و، پارێزه‌رى مانه‌وه‌ و به‌ره‌وپێشچوونى حیزبى دێموکرات له‌هه‌لومه‌رجى نوێ دایه‌. ئه‌مه‌ نه‌ک "سه‌رکه‌وتن" به‌ڵکوو به‌داخه‌وه‌ "سه‌ر"که‌وتن بوو که‌ ئاسه‌واره‌ دڵته‌زێنه‌کانى ئه‌مڕۆ به‌ جه‌سته‌ى حیزبى دێمۆکراته‌وه‌ دیاره‌. 

دیاریى پاوانخوازان بۆ حیزبى دیموکرات دواى سه‌رکه‌وتن له‌ کۆنگره‌ ى 13 دا!

ئاوڕدانه‌وه‌ى‌ چه‌واشه‌کارانه‌ى‌ قۆڵى‌ ده‌سه‌ڵاتدارى‌ حیزبى‌ دێمۆکرات، هه‌وێنى‌ قه‌یرانى‌ ئه‌مڕۆى‌ حیزب ده‌باته‌وه‌ نێو ساڵۆنى‌ کۆنگره‌ى‌ سێزده‌ و ده‌ڵێ: "که‌مینه‌یه‌ک له‌ ئه‌ندامانى‌ کۆنگره‌ که‌ به‌رژه‌وه‌ندى‌ تاکه‌که‌سى‌ و گرووپیى‌ خۆیان به‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌نده‌‌ گشتى‌ و نه‌ته‌وه‌یى‌یه‌کان‌دا ته‌رجیح ده‌دا، هه‌وڵى‌ کارشکێنیان ده‌ست پێکرد و پێشگیریان له‌ خۆکاندیدا کردنى‌ ژماره‌یه‌ک له‌ ئه‌ندامانى‌ کۆنگره‌ ده‌کرد. به‌ڵام به‌ خۆشیه‌وه‌ سه‌ره‌نجام کۆنگره‌ به‌ هه‌ڵبژاردنى‌ ئه‌ندامانى‌ رێبه‌ریى‌ حیزب سه‌رکه‌وتووانه‌ کۆتایى‌ به‌کاره‌کانى‌ هێنا".

له‌مێژه‌ گوتوویانه‌ ده‌کرێ "هه‌موو که‌س بۆ ماوه‌یه‌ک و هێندێک که‌سیش بۆ هه‌میشه‌ فریوبدرێن، به‌ڵام ناکرێ هه‌موو که‌س بۆ هه‌میشه‌ فریوبدرێن." به‌ڕێوه‌به‌رانى‌ قۆڵى‌ پاوانخوازى‌ حیزب ئه‌گه‌ر بڕوایان به‌م قسانه‌ى‌ خۆیان له‌ باره‌ى‌ کۆنگره‌ى‌ سێزده‌وه‌ هه‌یه‌، با فیلمى‌ به‌ڕێوه‌چوونى‌ ئه‌م کۆنگره‌یه‌ له‌ کاتى‌ ده‌ست پێکردنیه‌وه‌ تا کۆتایى‌ ـ بێ سانسۆر و لى‌ قرتاندن ـ بڵاو بکه‌نه‌وه‌ تا راستیى‌ رووداوه‌کان بۆ هه‌موو لا روون ببێته‌وه‌. بێگومان ئه‌گه‌ر ئه‌م فیلمه‌ به‌ ئه‌مانه‌ته‌وه‌ بڵاو بکرێته‌وه‌، جگه‌ له‌وه‌ى‌ ده‌رده‌که‌وێ رۆڵیان له‌ "هه‌ڵسه‌نگاندنى‌ وردى‌ بارودۆخى‌ ناوچه‌ و جیهان له‌ کۆنگره‌ى‌ سێزده‌دا" که‌ گوایه‌ کردوویانه‌ به‌ بناغه‌ى‌ ئاڵوگۆڕه‌کان، چه‌نده‌ که‌م بووه‌، مه‌به‌سته‌ سه‌ره‌کى‌یه‌که‌شیان که‌ له‌ باربردنى‌ یه‌کیه‌تى‌ و یه‌کگرتوویى‌ حیزبى‌ دێمۆکراتى‌ کوردستانى‌ ئێران بوو و، ئه‌مه‌ش هیچ مانایه‌کى‌ بێجگه‌ له‌ قوربانى‌کردنى‌ به‌رژه‌وه‌نده‌ گشتى‌ و نه‌ته‌وه‌یى‌یه‌کان له‌ پێناوى‌ به‌رژه‌وه‌ندى‌ شه‌خسى‌ و گرووپى‌دا نیه‌، به‌ به‌ڵگه‌ى‌ روون و ئاشکراوه‌ بۆ هه‌موو ئه‌ندامان و دڵسۆزانى‌ حیزبى‌ دێمۆکرات ده‌رده‌که‌وێ.

سه‌رانى‌ ئه‌م قۆڵه‌ که‌ له‌مێژسال بوو له‌ "وه‌سه‌ریه‌ک که‌وتنه‌وه‌ى‌ بنه‌ماڵه‌ى‌ گه‌وره‌ى‌ حیزبى‌ دێمۆکرات" داخ له‌دل بوون، کۆنگره‌ى‌ سێزده‌یان وه‌ک ده‌رفه‌تێک بۆ سڕینه‌وه‌ى‌ ئه‌م ده‌سکه‌وته‌ مێژوویى‌ و پڕشانازى‌یه‌ى‌ حیزبى‌ دێمۆکرات قۆسته‌وه‌. ئه‌وان که‌ ده‌سته‌به‌ندیى‌ نهێنى‌ و هێنانى‌ که‌سانى‌ به‌ستراوه‌ به‌ خۆشیان بۆ کۆنگره‌ به‌م نیازه‌وه‌ ئه‌نجام دابوو، هه‌ر له‌ رۆژى‌ یه‌که‌مى‌ کارى‌ کۆنگره‌ و له‌ کاتى‌ باس له‌سه‌ر راپۆرتى‌ کۆمیته‌ى‌ ناوه‌ندى‌‌دا، نیاز و ماهییه‌تى‌ پاوانخوازانه‌ و دژبه‌یه‌کیه‌تى‌ و یه‌کڕیزیى‌ حیزبى‌ دێمۆکراتیان جارێکى‌ دیکه‌ ده‌رخسته‌وه‌. ئه‌وان تێکڕا پێیان له‌سه‌ر حه‌زفى‌ ئه‌و به‌شه‌ له‌ راپۆرتى‌ کۆمیته‌ى‌ ناوه‌ندى‌ چه‌قاند که‌ داواى‌ ده‌ست هه‌ڵگرتن له‌ ململانێى‌ بێ جێ و، دووبه‌ره‌کى‌ و دوورى‌ له‌ دووره‌په‌رێزکردن و له‌ په‌راوێز خستنى‌ یه‌کتر له‌ هاوڕێیانى‌ حیزبى‌ ده‌کرد. سه‌رنج بده‌نه‌ نێوه‌رۆکى‌ ئه‌م پاراگرافه‌ و خۆتان قه‌زاوه‌ت بکه‌ن ئایا دژایه‌تیى‌ به‌ ئه‌نقه‌ست له‌گه‌ڵ داوا و چاوه‌ڕوانى‌یه‌کى‌ ئه‌وتۆ، شایانى‌ چ ناوێک و، نیشانه‌ى‌ چ نییه‌تێکى‌ شووم بۆ دواى سه‌رکه‌وتن له‌ کۆنگره‌یه‌؟ دواى‌ خوێندنه‌وه‌ى‌ ئه‌م پاراگرافه‌ و په‌یبردن به‌ نییه‌تى‌ ناپیرۆزى‌ ئه‌وانه‌ى‌ دژایه‌تییان کرد، له‌ خۆتان و له‌ وان بپرسن ئایا قسه‌کردنیان له‌ باره‌ى‌ پێویستیى‌ "له‌ جاران پته‌وتر و یه‌کگرتووتر" بوونى‌ نه‌ته‌وه‌ى‌ کورد و خۆته‌یارکردن به‌ "روانینى‌ نوێ" و "خه‌باتێکى‌ سه‌رده‌میانه‌" هیچ بڕوایه‌کى‌ جیددى‌ له‌ پشته‌ و، به‌ راستى‌ بێجگه‌ له‌ ریاکارى‌ ده‌کرێ هیچ ناوێکى‌ دیکه‌ى‌ له‌سه‌ر دابنرێ؟

ده‌قى‌ پاراگرافێک که‌ دژایه‌تیى‌ پاوانخوازانى‌ حیزبى‌ دێمۆکرات له‌گه‌ڵ نێوه‌رۆکه‌که‌ى‌، وه‌ک په‌ڵه‌یه‌ک له‌ کارنامه‌که‌یان‌دا ده‌مێنێته‌وه‌:

 نازانین نووسه‌رانى‌ ئاوڕدانه‌وه‌ى‌ چه‌واشه‌کارانه‌، چلۆن له‌ روویان هه‌ل دێ باس له‌ هه‌ڵبژاردنێک بکه‌ن که‌ حه‌زف و وه‌لانان یه‌کێک له‌ ئامانجه‌ سه‌ره‌کى‌ و ئاشکراکانى‌ بوو و، ئاکامه‌کانیشى‌ هه‌ر له‌ پێش کۆنگره‌وه‌ بۆ زۆربه‌ى‌ به‌شداران (به‌هه‌ر دوو قۆڵه‌وه‌) روون بوو؟بڕیاربه‌ده‌ستانى‌ ئه‌م قۆڵه‌، ئێستا ره‌خنه‌ له‌ خۆ کاندید نه‌کردن و کشانه‌وه‌ى‌ که‌سانێک ده‌گرن که‌ هه‌ر خۆیان و به‌ نیازى‌ ته‌مبێ کردن، به‌ ده‌نگده‌رانى‌ به‌ستراوه‌ به‌ خۆیان سپاردبوو ده‌نگیان پێ نه‌ده‌ن. ئه‌وان ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستیان نه‌ک خێر پێکردن به‌ڵکوو هه‌ڵبژاردنى‌ که‌سانێک له‌ لایه‌نى‌ به‌رامبه‌ر بوایه‌، هه‌ر له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌مى‌ کاندیدا دڵخوازه‌کانى‌ خۆیان، له‌ ده‌ورى‌ یه‌که‌م‌دا سه‌ریان ده‌خستن. به‌ڵام ناڕه‌حه‌تى‌یه‌که‌یان نه‌ک خۆکشاندنه‌وه‌ى‌ کاندیده‌کان، به‌ڵکوو هه‌ڵوێستێک بوو که‌ ئه‌و که‌سانه‌ هه‌ر له‌سه‌ره‌تاى‌ کاره‌وه‌ به‌رامبه‌ر ده‌سته‌به‌ندیى‌ نهێنى‌ و چه‌واشه‌کاریى‌ تینووانى‌ ده‌سه‌ڵات نواندیان. ئه‌و که‌سانه‌ى‌ قۆڵى‌ ده‌سه‌ڵاتبه‌ده‌ست به‌ ریاکارى‌یه‌وه‌ له‌ خۆکاندیدا نه‌کردن و کشانه‌وه‌یان ده‌دوێن،له‌پێناوى ‌ داکۆکى‌ له‌ مافه‌ حیزبى‌ و ته‌شکیلاتى‌یه‌کانى‌ ئه‌ندامانى‌ حیزب‌دا و، به‌ دژایه‌تی له‌گه‌ڵڕ ده‌سته‌به‌ندیى‌ نهێنى‌ و چه‌واشه‌کارى‌ و ته‌ون‌و به‌ست و هه‌وڵى‌ خۆسه‌پێنانه‌، هه‌ر پێش کۆنگره‌ ، به‌ڵێن و "حق السکوت"ه‌کانى‌ سه‌رۆکى‌ ئه‌م قۆڵه‌یان ره‌ت کردبۆوه‌. ئه‌م هاوڕێیانه‌ به‌ سه‌رانى‌ قۆڵى‌ پاوانخواز ـ که‌ له‌ سایه‌ى‌ گه‌له‌کۆمه‌گیى‌ به‌نهێنى‌ و بێ ئوسوولى‌ رێکخراو ده‌یانه‌ویست هه‌مووان پێشه‌کى‌ بێن و به‌یعه‌تیان له‌گه‌ڵ بکه‌ن ـ نیشانیان دا که‌ له‌ پۆست و مه‌قام به‌رزترن و، سه‌باره‌ت به‌ بڕوابه‌خۆبوون، پشت ئه‌ستوورى‌ به‌ رابڕدووى‌ پڕله‌ به‌رهه‌م و به‌دیکردنى‌ توانا و لێهاتوویى‌ ئه‌ندامه‌تیى‌ رێبه‌رى‌ له‌ خۆیان‌دا، نه‌ ئاماده‌ن بچنه‌ سواڵى‌ پۆست و مه‌نسه‌ب، نه‌ کڕنۆش بۆ ده‌سه‌ڵاتخوازانى‌ له‌شکر کردوو ببه‌ن. ناڕه‌حه‌تیى‌ سه‌رانى‌ ئه‌م قۆڵه‌ له‌و راستى‌یه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێ که‌ زۆر له‌ تێکۆشه‌رانى‌ حیزب، نه‌ک هه‌ر دانیان به‌م به‌ناو ره‌وته‌ به‌ڕواڵه‌ت نوێخوازه‌ دانه‌نا که‌ جڵه‌وه‌که‌ى‌ له‌ ده‌ست تاقمێک "گندم نماى‌ جوفروش" دابوو، به‌ڵکوو لێیان له‌ هه‌ڵڵا دان و، خۆیان شه‌رمه‌زارى‌ ویژدانى‌ خۆیان و سه‌دان تێکۆشه‌ر و ئه‌ندامى‌ ناڕازیى‌ حیزب له‌ نێوخۆ و ده‌ره‌وه‌ى‌ وڵات نه‌کرد.

"ئاوڕدانه‌وه‌"ى‌ ده‌سه‌ڵاتپه‌رستانى‌ نێو حیزبى‌ دێمۆکرات، پاشان ده‌چته‌سه‌ر رووداوه‌کانى‌ دواى‌ ته‌واو بوونى‌ کۆنگره‌ و، رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ى‌ درێژه‌ى‌ کار و کرده‌وه‌ى‌ پاوانخوازانه‌ى‌ خۆیان له‌گه‌ڵ ناڕه‌زایه‌تیى‌ تێکۆشه‌ران و ئه‌ندامانى‌ حیزب به‌ کارشکێنى‌، ئه‌ویش کارشکێنیى‌ "به‌شێکى‌ که‌م له‌ کادر و ئه‌ندامانى‌ حیزب" ناو ده‌با و وه‌ک نموونه‌ سه‌رنجى‌ خوێنه‌ران بۆ لاى‌ فیلمى‌ راپۆرتى‌ کۆنگره‌ راده‌کێشێ تا بزانن چ که‌سانێک له‌ جێژنى‌ کۆتایى‌ کۆنگره‌دا به‌شدار نه‌بوون. هێشتا کاتى‌ ئه‌وه‌ نه‌هاتوه‌، زۆر شت بگوترێ و هیوادارین پێویستیش نه‌کا هه‌مووشت بگوترێ بۆ ئه‌وه‌ى‌ ده‌رکه‌وێ کێن ئه‌وانه‌ى‌ راستى‌یه‌کان له‌ ئه‌ندامانى‌ حیزب و خه‌ڵکى‌ کوردستان ده‌شارنه‌وه‌. کۆنگره‌ى‌ سێزده‌یه‌م ته‌نیا کۆنگره‌یه‌ک له‌ مێژووى‌ حیزبى‌ دێمۆکرات‌دا بوو که‌ به‌ بۆنه‌ى  گه‌یشتنى تاقمێکى تینووى ده‌سه‌ڵات به‌ مه‌به‌سته‌کانیان ته‌قه‌ى خۆشیى بۆ کرا! ته‌نیا کۆنگره‌یه‌ک له‌ مێژووى‌ حیزبى‌ دێمۆکرات‌دا بوو که‌  ده‌ست و پێوه‌نده‌کانى‌ سه‌رۆکى‌ قۆڵى‌ سه‌رکه‌وتوو، به‌ سینى‌یه‌ک شیرینى‌یه‌وه‌ چوونه‌ پیرۆزبایى‌ هه‌ڵنه‌بژێرانه‌وه‌ یا وه‌لانران و پاڵپێوه‌نرانى‌ ئه‌ندامانى‌ پێشووى‌ رێبه‌رى‌!

ئه‌وانه‌ى‌ تۆوى‌ "نفاق" و "دووبه‌ره‌کى‌" و "هه‌ڵاواردن" ده‌چێنن، ده‌بێ پێش‌بینیى‌ ئه‌وه‌ش بکه‌ن که‌ چ به‌رهه‌مێک ده‌دروونه‌وه‌. کۆنگره‌یه‌ک به‌م وه‌زعه‌ پێک هاتبێ و له‌ هه‌ر قۆناغێکى‌ کاره‌کانى‌دا، به‌ ده‌ستى‌ ئه‌نقه‌ست ته‌بایى‌ و یه‌کڕیزیى‌ حیزبى‌ له‌ پێناوى‌ به‌رژه‌وه‌ندى‌ که‌سى‌ و جه‌ناحى‌دا، پتر تێدا کرابێت به‌ قوربانی، کۆنگره‌یه‌ک که‌ نه‌ک له‌به‌ر سه‌رکه‌وتنى‌ حیزب، به‌ڵکوو له‌به‌ر سه‌رکه‌وتنى‌ تاقمێک به‌سه‌ر لایه‌نى‌ به‌رامبه‌رى‌دا جێژنى‌ بۆ بگیرێ، له‌ جێژنى‌ کۆتایى‌یه‌که‌شى‌دا ئه‌وانه‌ هه‌ڵناپه‌ڕن که‌ زۆرترین بێ ڕێزى‌ و ناهه‌قى‌ ده‌رحه‌ق که‌سایه‌تى‌ و رابردوو و ره‌نج و تێکۆشانى‌ بێ ئه‌ژماریان کرابێ، ئه‌ویش له‌ هیچ و خۆڕایى‌ و ته‌نیا بۆ گه‌یشتن به‌ هێندێ پۆست و مه‌قام.

به‌و حاڵه‌ش دیتنى‌ ئه‌م فیلمه‌ و زۆر فیلمى‌ دیکه‌ که‌ به‌گوێره‌ى‌ راسپارده‌ و رێوشوێنه‌ دیاریکراوه‌کانى‌ سه‌رانى‌ قۆڵى‌ پاوانخواز به‌رهه‌م ده‌هێنرێن، که‌ڵکى‌ خۆى هه‌یه‌. دیتنى‌ ئه‌و فیلمانه‌ لانى‌ که‌م بۆ ئه‌و که‌سانه‌ى‌ بۆخۆیان له‌نێو رووداو و بۆنه‌ حیزبى‌یه‌کان‌دا بوون ئه‌م راستى‌یه‌ ده‌رده‌خا که‌ فیلمسازییش له‌نێو حیزبى‌ دێمۆکرات‌دا وه‌ک هه‌موو کاروباره‌کانى‌ دیکه‌، به‌گوێره‌ى‌ که‌لتوورى‌ پاوانخوازان که‌ دابه‌شینى‌ حیزب به‌سه‌ر "مه‌حره‌م" و "نامه‌حره‌م" و "خودى‌" و "ناخودى‌" دایه‌، به‌ڕێوه‌ ده‌چێ. ئه‌وانه‌ى‌ به‌دڵى‌ سه‌رانى‌ قۆڵى‌ پاوانخوازن و له‌ قسه‌یان ده‌رناچن، له‌وجۆره‌ فیلمانه‌دا بازاڕێکى‌ گه‌رمیان هه‌یه‌ و، که‌سانێکیش که‌ وه‌ک ئه‌ندامى‌ پله‌ دوو و سێى‌ ئه‌م حیزبه‌ سه‌یریان ده‌کرێ، ئه‌گه‌ر له‌نێو رووداو و بۆنه‌کانیش‌دابن، به‌ ئه‌نقه‌ست نه‌دیو ده‌کرێن. ته‌نانه‌ت منداڵانى‌ ئه‌و هاوڕێ حیزبى‌یانه‌ش که‌ له‌ لایه‌ن قۆڵى‌ ده‌سه‌ڵاتبه‌ده‌سته‌وه‌ ده‌بوغزێندرێن، له‌م جۆره‌ فیلمانه‌دا کاتێک به‌شداریى‌ ئه‌وان له‌ کاروبارى‌ هونه‌ریى‌ حیزب‌دا پێشان ده‌درێ، به‌م جۆره‌ ره‌فتاریان له‌گه‌ڵ ده‌کرێ و، جیاوازیى‌ له‌ نێوانیان‌دا داده‌نرێ. ئه‌مه‌یه‌ "دیارى‌" و "په‌یامى‌" تاقمێکى‌ زاڵ به‌سه‌ر حیزبێک دا که‌ له‌نێوبردنى‌ هه‌موو جۆره‌کانى‌ سته‌م و جیاوازیدانان له‌ نێو کۆمه‌ل دا یه‌ک له‌ ریساله‌ته‌ پیرۆزه‌کانیه‌تى‌!

به‌ڵام سه‌ره‌ڕاى‌ هه‌موو ئه‌و راستیانه‌، بینه‌ره‌ وردبین و خاوه‌ن سه‌رنجه‌کان تێبینى‌ و نوکته‌ى‌ جوانیان هه‌ر له‌ باره‌ى‌ خودى‌ ئه‌م فیلمه‌وه‌ هه‌یه‌ که‌ "ئاوڕدانه‌وه‌" ئاماژه‌ى‌ پێ کردوه‌. دڵنیاشین ئه‌م سه‌رنج و تێبینیانه‌یان له‌ سه‌رانى‌ ئه‌م قۆڵه‌ نه‌شاردۆته‌وه‌. یه‌ک له‌و سه‌رنجانه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ سکرتێرێک که‌ گوایه‌ سه‌مبولى‌ نوێکارى‌یه‌کانى‌ ئه‌م کۆنگره‌یه‌، ئه‌گه‌ر به‌ڕاستى‌ رۆڵێکى‌ واى‌ له‌ په‌سندکردنى‌ دروشمى‌ ستراتێژیى‌ نوێى‌ حیزب‌دا هه‌یه‌، بۆچى‌ له‌ وتارى‌ جێژنى‌ کۆتایى‌‌ کۆنگره‌دا، تواناى‌ دووپاتکردنه‌وه‌ى‌ دروشمى‌ ستراتێژیى‌ نوێى‌ نیه‌ و، به‌شداران و بینه‌ران به‌ قامکى‌ ده‌ستى‌ حه‌واڵه‌ى‌ ئه‌و دروشمه‌ ده‌کا که‌ له‌پشت سه‌رى‌ هه‌ڵاوه‌سراوه‌. سه‌رنجێکى‌ دیکه‌ له‌ باره‌ى‌ دیمه‌نه‌کانى‌ ئه‌م فیلمه‌، ره‌خنه‌ له‌و ئاپۆرا دروست کردن و خه‌ڵک پال پێوه‌نان و که‌شوهه‌وا به‌ ئه‌نقه‌ست دروستکراوه‌یه‌ که‌ گوایه‌ بۆ ده‌رخستنى‌ لایه‌نى‌ کاریزماتیکى‌ که‌سایه‌تیى‌ سکرتێرى‌ گشتى‌، پێشان ده‌درێ! که‌ ئه‌م جۆره‌ ره‌فتارانه‌ هیچ پێکه‌وه‌ گونجاوى‌یه‌کیان له‌گه‌ڵ بانگه‌شه‌ى‌ به‌ڕێز هیجرى‌ و لایه‌نگره‌کانى‌ له‌ باره‌ى‌ نوێخوازى‌ و مۆدێرنبوونه‌وه‌ نیه‌ و زۆرتر له‌نێو شێخ و مه‌شایخ و مریده‌کان‌دا باون.

"ئاوڕدانه‌وه‌" له‌ درێژه‌ى‌ چه‌واشه‌کاریى‌ خۆى‌دا ده‌چێته‌ سه‌ر دابه‌شینى‌ کار و به‌رپرسایه‌تى‌یه‌کان له‌ نێو خۆى‌ حیزب‌دا له‌ دواى‌ کۆنگره‌و، باس له‌ پآسپاردنى‌ کارى‌ شیاو به‌ "که‌مینه‌" و خۆبواردنى‌ ئه‌وان له‌ وه‌ئه‌ستۆگرتنى‌ کار ده‌کا " بۆ ئه‌وه‌ى‌ به‌ خه‌یاڵى‌ خۆیان رێبه‌رایه‌تیى‌ حیزب نه‌توانێ ئه‌رکه‌کانى‌ راپه‌ڕێنێ و دوچارى‌ شکست بێ ئه‌و ده‌م به‌ناچارى‌ ده‌سته‌و داوێنى‌ ئه‌وان بێ کاره‌کانى‌ حیزبیان بۆ به‌رێِوه‌به‌رن!!"

هه‌ر تێکۆشه‌رێکى‌ حیزبى‌ که‌ ساڵانێکى‌ زۆر له‌گه‌ڵ سه‌رانى‌ قۆڵى‌ پاوانخوازدا کارى‌ کردبێ و له‌نزیکه‌وه‌ بیان ناسێ ده‌زانێ ئه‌وان نه‌ له‌ رابردوودا و نه‌ ئێستا، تواناى‌ کاربه‌ڕێوه‌بردن و لێهاتوویى‌ تاکیان نه‌کردوه‌ به‌ بناغه‌ى‌ کار پآسپاردن. هه‌رکه‌س بۆ مه‌به‌ست وبه‌رژه‌وه‌ندى‌ جه‌ناحى‌ له‌گه‌ڵیان دا بووبێ، ئه‌گه‌ر شتێکى‌ واشى‌ له‌باران‌دا نه‌بووبێ، به‌سه‌ر مرۆڤى‌ به‌توانا و لێوه‌شاوه‌دا ته‌رجیحیان داوه‌ و، له‌ یه‌که‌م ده‌رفه‌ت‌ بۆ پاداش‌دانه‌وه‌ و قه‌ره‌بووکردنه‌وى‌ چاکه‌ و خزمه‌ته‌کانیان به‌و قۆڵه‌ که‌لکیان وه‌رگرتوه‌. ته‌رکیبى‌ رێبه‌رایه‌تیى‌ هه‌ڵبژێردراو له‌ لایه‌ن ئه‌وان له‌م کۆنگره‌یه‌دا، بۆخۆى‌ به‌ڵگه‌یه‌کى‌ زۆرباشه‌ بۆ راستیى‌ ئه‌م قسه‌یه‌.

له‌ دواى کۆنگره‌ش که‌ پێیان وابوو دنیا به‌ که‌یفى خۆیانه‌، ئه‌م کاره‌یان له‌ هه‌موو ئاستێک و له‌ سه‌رانسه‌رى حیزب دا جێبه‌جێ کرد. ئه‌و جه‌ماعه‌ته‌ له‌ هه‌موو حیزبى دێموکرات دا ناتوانن 5 که‌س ناو به‌رن که‌ گوایه‌ کارى شیاویان پێ سپاردنوئه‌و کارانه‌یان وه‌رنه‌گرتوون.( له‌مباره‌وه‌ له‌ کوردستان دوو که‌سیان مه‌به‌سته‌ که‌ له‌ درێژه‌ى ئه‌م به‌شه‌دا، راستیى مه‌سه‌له‌که‌ له‌باره‌ى ئه‌وان روون ده‌که‌ینه‌وه‌.) به‌ڵام باسى ده‌یان کادرى سیاسى و به‌رپرسى نیزامى و هتد ناکه‌ن که‌ جگه‌ له‌وه‌ى کارو به‌رپرسایه‌تییان لـێ وه‌رگرتنه‌وه‌، هه‌ر کاریان پێ نه‌سپاردنه‌وه‌، یا کارى زۆر نزمتر له‌ تواناو لێوه‌شاوه‌یى خۆیان به‌ سه‌ر دا سه‌پاندن که‌ به‌شێکى به‌رچاویان به‌م حاڵه‌ش بۆ ئه‌وه‌ى بێکار نه‌بن، کارى پێشنیارکراویان گرتۆته‌ئه‌ستۆ و به‌ ئه‌مانه‌ته‌وه‌ جێبه‌جێیان کردووه‌. له‌ نێو ئه‌وانه‌ش دا که‌ کارو به‌رپرسایه‌تییان له‌ هیچ و خۆڕایى و ته‌نیا به‌ تاوانى به‌ستراوه‌ نه‌بوون به‌ قۆڵى ده‌سه‌ڵاتدار لـێ وه‌رگیراوه‌ته‌وه‌، که‌سانى وا هه‌ن که‌ له‌ دواى کۆنگره‌وه‌ تا ئێستا چاوه‌ڕوان و بێکار کراون. دیاره‌ هێندێک کادرى رێبه‌ریى پێشوو، یا تێکۆشه‌رى به‌وه‌جى حیزب له‌ ئۆرگان و به‌شه‌که‌ى خۆیان جواب کراون، چونکه‌ نه‌ کارێکى وایان دراوه‌تێ، نه‌ روویه‌کى خۆشیان پێ نیشان ده‌درێ. به‌ڵام چار ناچار وه‌زعه‌که‌یان ته‌حه‌ممول کردوه‌.

له‌ کوردستان دوو که‌س ده‌ناسین که‌ "کارى شیاو"یان پێ پێشنیار کراوه‌و وه‌ریان نه‌گرتوه‌. جارێ با هه‌ر له‌ پێشدا بگوترێ که‌ وه‌رنه‌گرتنى به‌رپرسایه‌تىیه‌ک له‌ هه‌لومه‌رجێکى ناله‌باردا، به‌ ماناى کارنه‌کردن بۆ حیزب نیه‌. هه‌روا که‌ئه‌م دوو هاوڕێیه‌ نیشانیان داوه‌و ده‌ستوپێوه‌ندو ته‌نانه‌ت ده‌مڕاسته‌کانى قۆڵى ده‌سه‌ڵاتداریش لانىکه‌م شایه‌دییان بۆ کارى رێک و پێکى یه‌ک له‌م هاوڕێیانه‌ له‌ دواى کۆنگره‌ى سێزده‌وه‌ داوه‌. به‌ڵام به‌ گشتى له‌و باره‌وه‌ چه‌ند روونکردنه‌وه‌ پێویسته‌:

یه‌که‌م: ئه‌گه‌ر ئه‌و دوو که‌سه‌- وه‌ک پێشتر به‌ کرده‌وه‌ نیشانیان دابوو- تواناى به‌ڕێوه‌بردنى ئه‌م کارو به‌رپرسایه‌تىیه‌ شیاوه‌یان هه‌بوو، بۆچى قۆڵى پاوانخواز له‌ کۆنگره‌ به‌ توندى دژایه‌تیى له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژێرانیان کردو ته‌نانه‌ت شه‌خسى سه‌رۆک قۆل، یه‌ک به‌ یه‌کى جه‌ماعه‌ته‌که‌ى خۆى و هه‌رکه‌س تێى ڕاده‌دیت، بۆ ده‌نگنه‌دان به‌ یه‌کێک له‌و هاوڕێیانه‌ هان ده‌دا؟ چۆنه‌ قۆڵى پاوانخواز چاوى دیتنى ئه‌وانى له‌ ریزى ئه‌ندامانى کومیته‌ى ناوه‌ندى دا نیه‌، به‌ڵام به‌ڕێوه‌بردنى کارو به‌رپرسایه‌تیى شیاوى لێیان ده‌وآ؟

دووهه‌م: ئه‌گه‌ر قۆڵى پاوانخواز له‌به‌ر که‌مکارى و خراپ به‌ڕێوه‌بردن (سوء مدیریت) و لاوازیى سیاسى و سه‌رکه‌وتوو نه‌بوون له‌ به‌رپرسایه‌تیى پێشوویان دا، نه‌یهێشت بۆ ئه‌ندامه‌تیى کومیته‌ى ناوه‌ندى هه‌لببژێردرێنه‌وه‌، بۆچى له‌ کۆنگره‌دا قامکى له‌سه‌ر ئه‌م که‌م و کوڕییانه‌یان دانه‌نا؟ئه‌دى ئێستا بۆچى هه‌مان کارو به‌رپرسایه‌تییان پێ ده‌سپێرێته‌وه‌؟ ئه‌گه‌ر ته‌نیا له‌به‌ر جیابیرى و موخاله‌فه‌تیان له‌گه‌ڵ باندبازى و چه‌واشه‌کارى و ده‌سته‌به‌ندیى ئه‌و قۆڵه‌، تۆڵه‌یان لـێ ستاندنه‌وه‌، چلۆن بڕوا به‌ نیازپاکیى ئێستایان بکه‌ن و چۆن بزانن که‌ رێگایان پێ ده‌درێ کاروبه‌رپرسایه‌تیى خۆیان سه‌رکه‌وتووانه‌ به‌ڕێوه‌ به‌رن؟ به‌تایبه‌تى که‌ هه‌روه‌ک له‌ رابردوودا دیبوویان هه‌موو فکرو زیکرى ئه‌و قۆڵه‌ ده‌ست به‌سه‌رداگرتن و مۆره‌ دانان له‌و ئۆرگانانه‌یه‌ که‌ بۆخۆیان تواناى به‌ڕێوه‌بردنیان نیه‌.

سێهه‌م: ده‌سه‌ڵاتبه‌ده‌ستانى حیزب به‌ڕێوه‌بردنى کارو به‌رپرسایه‌تیى ئه‌ندامێکى کومیته‌ى ناوه‌ندى و ده‌فته‌رى سیاسییان له‌ هاوڕێیانى وه‌لانراو و غه‌درلێکراو ده‌وێ، به‌ڵام دابینکردنى سه‌ره‌تایى‌ترین پێویستیى ئه‌م کاره‌ بۆ ئه‌وان به‌ زێده‌خوازى ده‌زانن. هه‌ربۆیه‌ کاتێک پێشنیارى به‌رپرسایه‌تیى کۆمیسیۆنى چاپه‌مه‌نى و سه‌رنووسه‌ریى ئۆرگانى کومیته‌ى ناوه‌ندییان به‌ یه‌کێک له‌م هاوڕێیانه‌ کرد، داواى ئه‌ویان که‌ گوتى بۆ ئاگادارى و هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ سیاسه‌ت و هه‌ڵوێسته‌کانى حیزب، پێویسته‌ وه‌ک گوێگر له‌ کۆبوونه‌وه‌ سیاسىیه‌کانى ده‌فته‌رى سیاسى دا به‌شدار بێ، نه‌ک هه‌ر ره‌تکرده‌وه‌،به‌ڵکوو به‌ زێده‌خوازىیه‌کى سه‌رسوڕهێنه‌ر زانى! جا خوێنه‌ران ده‌توانن قه‌زاوه‌ت بکه‌ن که‌ چاوه‌ڕوانیى کام لایه‌ن له‌ یه‌کتر سه‌رسوڕهێنه‌ره‌.

چواره‌م: ئه‌و به‌ ده‌گمه‌ن که‌سانه‌ى له‌به‌ر "مناسبات"ى ناسالم و جه‌وى زاڵ به‌سه‌ر حیزبدا له‌ کۆنگره‌ى سێزده‌وه‌، به‌رپرسایه‌تییان وه‌رنه‌گرتوه‌، هه‌ر له‌ دواى ئه‌م کۆنگره‌یه‌وه‌، که‌متر له‌ کادره‌ پله‌ به‌رزه‌کان و ته‌نانه‌ت که‌متر له‌ ئه‌ندامانى کومیته‌ى ناوه‌ندیى سه‌ر به‌ قۆڵى پاوانخواز، کاریان بۆ حیزب نه‌کردوه‌. ئه‌گه‌ر که‌سانێک مونکیرى ئه‌م راستىیه‌ن ده‌توانین به‌ به‌ڵگه‌ى روونه‌وه‌ بیسه‌لمێنین که‌ له‌نێو که‌سانى تاوانبار  کراو به‌ کارشکێنى و وه‌ئه‌ستۆ نه‌گرتنى به‌رپرسایه‌تى دا، هى وا هه‌ن له‌ ئه‌ندامانى ده‌فته‌رى سیاسى و به‌تایبه‌تى له‌ سکرتێرى حیزب باشتر، داکۆکییان له‌ رابردوو و شانازىیه‌کانى حیزبى دیموکرات و بزووتنه‌وه‌ى ئازادیخوازانه‌ى خه‌ڵکى کوردستان کردوه‌.

به‌ دڵنیایى‌یه‌وه‌ ده‌توانین بڵێین زۆربه‌ى هه‌ره‌زۆرى ئه‌و که‌سانه‌ى کارو به‌رپرسایه‌تیى نوێیان ـ وه‌ک پاداشتى پشتیوانى له‌ تاقمى ده‌سه‌ڵاتدار ـ پێ دراوه‌، له‌ به‌ڕێوه‌بردنى ئه‌و کارو به‌رپرسایه‌تىیانه‌یان دا له‌ که‌سانى پێش خۆیان که‌ به‌ تاوانى له‌گه‌ڵ قۆڵى پاوانخواز دا نه‌بوون کارو به‌پرسایه‌تییان لـى ئه‌ستێندراوه‌ته‌وه‌، نه‌ باشترن نه‌ سه‌رکه‌وتووتر. جگه‌ له‌مه‌ش ئه‌وه‌نده‌ نه‌قڵ و راگوێزتنه‌ى کادرو پێشمه‌رگه‌کان له‌ ئۆرگانێک بۆ ئۆرگانێکى دیکه‌و، له‌ به‌شێک بۆ به‌شێکى دیکه‌، که‌ له‌ دواى کۆنگره‌ى سێزده‌و ته‌نیا به‌ مه‌به‌ستى جه‌ناحى ئه‌نجام دراون له‌ مێژووى حیزبى دێموکرات دا وێنه‌ى نه‌بووه‌. له‌ حاڵێک دا پۆل پۆل کادرو پێشمه‌رگه‌ى سه‌ر به‌ ئۆپۆزیسیۆن به‌ چووکترین بیانوو وه‌ک سزادان له‌ ئۆرگان و بنکه‌کانى سه‌ر به‌ ده‌فته‌رى سیاسى، کاریان لـێ وه‌رگیراوه‌ته‌وه‌و به‌و ناوه‌ که‌ کاریان نیه‌ بۆ ئۆرگان و ناوه‌ندو که‌مپه‌کانى دیکه‌ ناردراون، که‌سانى ده‌ست و پێوه‌ندى خۆیان به‌ ناوى جۆراوجۆر له‌ ناوه‌ندو بنکه‌کانى دیکه‌وه‌ بۆ بنکه‌ى ده‌فته‌رى سیاسى راگوێزتوه‌. واته‌ ئاماده‌ نین ئه‌گه‌ر کارى تازه‌ هه‌یه‌ بیده‌ن به‌و که‌سانه‌ که‌ گوایه‌ بێکارن بۆیه‌ نه‌قڵیان ده‌که‌ن، به‌ڵام به‌ هاسانى بۆ له‌ خۆ کۆکردنه‌وه‌ى که‌سانێک که‌ ده‌ست و پێوه‌ندى خۆیانن کار ده‌دۆزنه‌وه‌.

قۆڵى ده‌سه‌ڵاتدار ئه‌گه‌ر پێش کۆنگره‌ له‌ رێگاى ده‌سته‌به‌ندیى نهێنى و ته‌بلیغاتى درۆ و، هه‌ڕه‌شه‌و شانتاژ مه‌به‌سته‌کانى خۆى ده‌برده‌پێش، له‌ دواى کۆنگره‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ى زۆرینه‌ بوونى خۆى له‌ کۆنگره‌و کومیته‌ى ناوه‌ندى دا بکا به‌ زۆرینه‌بوون له‌ ته‌واوى حیزب دا، ده‌ستى له‌ هیچ نه‌پاراستوه‌. له‌ رێکخستنه‌وه‌ى ئۆرگانه‌کان، له‌ داڕشتنى کارو به‌پرسایه‌تى له‌ ئاستى جۆراوجۆردا، له‌ وه‌رگرتنى پێشمه‌رگه‌ى تازه‌و، له‌ سزادان و ته‌مبێکردن و نه‌قڵ و پله‌دان و ته‌نانه‌ت له‌ چاوخشاندنه‌وه‌ به‌ ئایین نامه‌ى نێوخۆیى ئۆرگانه‌کان دا، خۆزاڵکردن به‌سه‌ر حیزبى دێموکراتى کردوه‌ به‌ ئامانجى سه‌ره‌کیى خۆى. جا قیمه‌ته‌که‌ى هه‌رچىیه‌ک بووه‌و هه‌رچى ده‌بێ، به‌لایانه‌وه‌ گرنگ نیه‌. گرنگ ئه‌وه‌یه‌ لایه‌نى به‌رامبه‌ر بخه‌نه‌ په‌راوێزه‌وه‌. بۆ هه‌رکام له‌و ئیددیعایانه‌ به‌ده‌یان نموونه‌ى زیندوو و فاکت به‌ تاریخ و ناوى شوێن و که‌سه‌کانه‌وه‌ هه‌ن، که‌ به‌ هۆى جۆراوجۆر لێره‌دا خۆ له‌ بڵاوکردنه‌وه‌یان ده‌پارێزین.

هه‌ربۆیه‌ ئه‌وه‌ى پاوانخوازانى زاڵ به‌سه‌ر حیزبى دێموکرات دا ناوى کار وه‌ئه‌ستۆنه‌گرتن و کارشکێنى و که‌مکاریى لـێ ده‌نێن، له‌ راستى دا به‌رپرسایه‌تى وه‌رگرتنه‌وه‌و بێکارکردن و سه‌پاندنى کاروبه‌رپرسایه‌تیى زۆر بچووکتر و نزمتر له‌ تواناو لێوه‌شاوه‌یى تێکۆشه‌رانى سه‌ر به‌ ئۆپۆزیسیۆنى نێوخۆیى بووه‌. ئه‌گه‌ر چه‌ند ئه‌ندامێکى ئه‌سڵى و جێگرى کومیته‌ى ناوه‌ندى (سه‌ر به‌ که‌مینه‌ى رێبه‌رایه‌تى) کارو به‌رپرسایه‌تیى دیاریکراویان دراوه‌تێ، ئه‌مه‌ ناتوانێ ئه‌و هه‌موو سته‌م و غه‌درو هه‌ڵاواردنه‌ که‌ به‌ نیسبه‌ت سه‌دان کادرو پێشمه‌رگه‌وئه‌ندامى دیکه‌ کراوه‌و ده‌کرێ، داپۆشێ.

سه‌رنج راکێش ئه‌وه‌یه‌ بوونى نوێنه‌رانێک له‌ ئۆپۆزیسیۆنى نێوخۆیى له‌ده‌فته‌رى سیاسى و کومیته‌ى ناوه‌ندى دا، که‌ قۆڵى ده‌سه‌ڵاتدار ده‌یه‌وێ وه‌ک به‌شدار کردنى لایه‌نى به‌رامبه‌ر له‌ ده‌سه‌ڵات دا پێشانى بدا، هه‌ر له‌ پێشه‌وه‌ رێگاى کاریگه‌رى دانان له‌سه‌ر بڕیارى ئه‌و ئۆرگانانه‌ى لـێ گیراوه‌. قۆڵى ده‌سه‌ڵاتبه‌ده‌ست، له‌زۆرینه‌بوونى خۆى له‌م ئۆرگانانه‌دا بۆ بردنه‌پێشى مه‌به‌سته‌کانى که‌لک وه‌رده‌گرێ و ویست و داواکانى که‌مینه‌ى رێبه‌رى هه‌رچى‌یه‌ک و هه‌رچۆنێک بن، له‌ پێشه‌وه‌ مه‌حکووم به‌ ره‌تبوونه‌وه‌ن. ئه‌م جۆره‌ به‌شدار کردنه‌ى لایه‌نى به‌رامبه‌ر له‌ ده‌سه‌ڵاتیش دا ئه‌م قسه‌یه‌ى به‌ڕێز عه‌بدولره‌زا که‌ریمى له‌ کۆنگره‌ى سێزده‌دا وه‌بیر دێنێته‌وه‌ که‌ گوتى: "بۆ حیزبێکى که‌ بڕواى به‌ دابه‌شینى ده‌سه‌ڵات له‌ وڵاته‌که‌ى دا هه‌یه‌، زۆر مه‌سخه‌ره‌ ده‌بێ ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات له‌ نێوخۆى دا دابه‌ش نه‌کا"!

له‌مباره‌یه‌وه‌ پتر نادوێین و هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ ده‌ڵێین سه‌رانى قۆڵى ده‌سه‌ڵاتدارى حیزب که‌ مونکیرى ئه‌م هه‌موو سته‌م و ناهه‌قى و جیاوازیدانانه‌ ده‌رحه‌ق به‌ تێکۆشه‌رانى "ناخودى" و نامه‌حره‌مى حیزبن، ئه‌گه‌ر له‌ ئاشکرابوونى راستى‌یه‌کان ناترسن و نایانهه‌وێ هه‌رچى له‌ پێناوى په‌ره‌پێدانى ناسروشتى و نادێموکراتیکى قۆڵه‌که‌ى خۆیان و هه‌ڵپه‌رتاوتنى به‌ ئه‌نقه‌ستى لک و پۆپى لایه‌نى به‌رامبه‌ردا، رستوویانه‌، لێیان ببێته‌وه‌ به‌ خورى، بۆچى له‌ داواى ئۆپۆزیسیۆن بۆ پێکهاتنى هه‌یئه‌تى لێکۆڵینه‌وه‌ له‌م ئیددیعایانه‌ى، ئه‌وه‌نده‌ نیگه‌ران و تووڕه‌ن و دژایه‌تیى ده‌که‌ن؟

له‌باره‌ى کارو هه‌نگاو و به‌ره‌وپێشچوون و ده‌سکه‌وته‌کانى! دواى کۆنگره‌ى سێزده‌شه‌وه‌ که‌ قۆڵى پاوانخواز وا نیشان ده‌دا، ئۆپۆزیسیۆنى نێوخۆیى رۆڵى تێیان دا نه‌بووه‌، هه‌ر بۆیه‌ چاوى دیتنیانیشى نیه‌و له‌ ئاکام دا بۆ که‌مڕه‌نگ کردنه‌وه‌یان " قه‌یرانىکاژب" وه‌ڕێ ده‌خا، پێویسته‌ ئه‌م راستییانه‌ وه‌بیر بێنینه‌وه‌:

1ـ ئه‌گه‌ر له‌ هه‌رکام له‌ بواره‌کان دا به‌ره‌وپێشچوون و سه‌رکه‌وتنێک بووبێ، خۆ کوتوپڕو له‌ خۆڕا نه‌بووه‌. شتێکى زۆر سروشتىیه‌ بناغه‌ى هیچ کام له‌و کارو چالاکییانه‌ى ئه‌مڕۆ هه‌ن و سه‌رانى قۆڵى پاوانخواز ده‌یانه‌وێ هه‌موو گرفت و عه‌یبه‌کانى دیکه‌ى پێ داپۆشن، له‌ دواى کۆنگره‌ى سێزده‌ دانه‌نراوه‌. واته‌ رێبه‌رایه‌تیى ئێستاى حیزب کاره‌کانى رێبه‌رایه‌تیى پێشووى درێژه‌ داوه‌و، ئه‌مه‌ ماناى دروستى و به‌ که‌لکبوونى هه‌وڵه‌کانى پێشوون، با دانیشیان پێدا نه‌نرێ!

2ـ ئاوڕدانه‌وه‌ى قۆڵى پاوانخواز، ئه‌و که‌سانه‌ى به‌ کارشکێنى و که‌مکارى تاوانباریان ده‌کا، به‌ "به‌شێکى که‌م" ناو ده‌با. ئه‌گه‌ر ئه‌م هه‌موو سه‌رکه‌وتن و به‌ره‌وپێشچوونه‌ى ئه‌وان ئیددیعاى ده‌که‌ن، راست بن ئایا ئه‌مه‌ نیشانده‌رى ئه‌وه‌ نیه‌ که‌ تێکۆشه‌ران و ئه‌ندامانى حیزب به‌ تێکڕا ـ سه‌ره‌ڕاى ناڕه‌زایه‌تى له‌ ده‌سه‌ڵاتبه‌ده‌ستان ـ تێیان دا به‌شدار بوون؟ ئاشکرایه‌ نه‌ ره‌خنه‌گرتن و ناڕه‌زایه‌تى ده‌ربڕین له‌ به‌ڕێوه‌به‌رێتى و بڕیارو ره‌فتارى قۆڵى پاوانخواز به‌ واتاى خۆ بواردن له‌ کارى حیزبى بووه‌و، نه‌ ئه‌و که‌سانه‌ش که‌ له‌ پاوانخوازیى زۆرینه‌ى رێبه‌ریى حیزب وه‌زاڵه‌ هاتوون "به‌شێکى که‌م" له‌ حیزبى دێموکراتن.

3ـ قۆڵى ده‌سه‌ڵاتبه‌ده‌ست قامک له‌سه‌ر کۆمه‌ڵێک بوار داده‌نێ که‌گوایه‌ له‌ دواى کۆنگره‌ى سێزده‌وه‌ به‌ره‌وپێشچوون و سه‌رکه‌وتنى سه‌رسوڕهێنه‌ریان تێدا وه‌ده‌ست هاتوه‌. واش ده‌نوێنێ که‌ حیزب، به‌ر له‌ کۆنگره‌ى سێزده‌ له‌م بوارانه‌دا وه‌زعى زۆر خراپ بووه‌. پرسیار ئه‌وه‌یه‌ بۆ مه‌گه‌ر پێشتر به‌رپرسایه‌تیى زۆر ئۆرگانى وه‌ک راگه‌یاندن، ته‌شکیلات و سیاسى نیزامى و  هتد به‌خۆیان نه‌بوو؟ ئایا ئه‌وکات به‌ ئه‌نقه‌ست هه‌وڵیان ده‌دا کارى حیزبى دێموکرات پێش نه‌که‌وێ بۆ ئه‌وه‌ى زۆرینه‌ى رێبه‌ریى حیزب، تاوانبار بکه‌ن؟ ئه‌دى ئێستا، له‌م بوارانه‌ دا بێجگه‌ له‌ خۆیان هیچ که‌سى دیکه‌ رۆڵ وزه‌حمه‌تى نیه‌؟ ئایا پێشکه‌وتن و سه‌رکه‌وتنێک هه‌یه‌ جێ په‌نجه‌ى تێکۆشه‌رانى سه‌ر به‌ ئۆپۆزیسیۆنى پێوه‌ دیار نه‌بێ؟ ئه‌گه‌ر حاشاى لێ ده‌که‌ن با کۆمه‌ڵێک به‌رهه‌مى ره‌نجى هاوڕێیانى سه‌ر به‌ ئوپۆزیسیۆنیان به‌ چاو داده‌ینه‌وه‌ که‌ نان و پیازى پێوه‌ ده‌خۆن.

4ـ خۆشه‌ویست بوونى حیزبى دێموکرات و رێبه‌ره‌ شه‌هیده‌کانى له‌ نێو خه‌ڵکى کوردستان دا، یا رێز گیران له‌ چه‌ند ده‌یه‌ خه‌باتى ئوسوولیى ئه‌م حیزبه‌و بایه‌خ پێدرانى له‌ کۆڕو کۆمه‌ڵه‌ نێونه‌ته‌وه‌یى‌یه‌کان دا نه‌ تایبه‌ته‌ به‌ دواى کۆنگره‌ى سێزده‌، نه‌ به‌ڵگه‌یه‌ بۆ نه‌بوونى قه‌یران له‌ نێوخۆى حیزبى دێموکرات دا. ئیدامه‌کاریى تێکۆشانى حیزبیش، به‌تایبه‌تى ئه‌و کارو تێکۆشانانه‌ که‌ پێوه‌ندییان به‌ ده‌ره‌وه‌ى حیزب هه‌یه‌و ئۆپۆزیسیۆن شانبه‌شانى لایه‌نى به‌رامبه‌ر تێیان دا به‌شدار بووه‌، نافى (ره‌تکه‌ره‌وه‌)ى هه‌بوونى هه‌وڵێکى به‌ربڵاو و به‌ به‌رنامه‌ بۆ له‌ په‌راوێز خستنى جیابیران له‌ نێو حیزب دا نیه‌.

5ـ ئۆپۆزیسیۆنى نێوخۆیى حیزبى دێموکرات نه‌ بێده‌نگبوون له‌ ئاست ئه‌و دیاردانه‌ى زۆرینه‌ى رێبه‌رى به‌ ئه‌نقه‌ست له‌ نێوخۆى حیزب دا بۆ به‌ده‌سته‌وه‌گرتنى هه‌میشه‌یى چاره‌نووسى حیزبى دێموکرات داویه‌و ده‌یدا، به‌ کارێکى دروست ده‌زانێ، نه‌ ده‌شتوانێ لێیان بێ ته‌فاوه‌ت بێ. هه‌وڵدان بۆ نه‌هێشتنى ئه‌و دیاردانه‌ که‌ وه‌ک مۆرکه‌، جه‌سته‌ى حیزبى دێموکرات رۆژ به‌ رۆژ لاوازتر ده‌که‌ن، نه‌ک هه‌ر پێویست، به‌ڵکوو ئه‌رکى هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌یه‌ که‌، به‌ فیڕۆ نه‌چوونى به‌رهه‌مى خوێنى هه‌زاران شه‌هیدو ده‌یان هه‌زار خه‌باتکار به‌ درێژایى 61 ساڵى رابردوو، له‌ به‌هێزیى حیزبى دێموکرات و پته‌وبوونى یه‌کیه‌تى و ته‌بایى له‌و حیزبه‌دا ده‌بینن. خه‌باتى نێوخۆیى به‌ دژى زۆر دیارده‌ى وه‌ک پاوانخوازى، هه‌ڵاواردن، ده‌مکوتى ناڕازییان و دڵساردکردنه‌وه‌ى تێکۆشه‌رانى به‌نرخى ئه‌م حیزبه‌، ته‌نیا له‌ قامووسى په‌ره‌پێده‌رانى ئه‌و جۆره‌ دیاردانه‌دا وه‌ک "قه‌یران سازیى به‌درۆ" سه‌یرى ده‌کرێ. ئه‌گینا هه‌ر وه‌ک به‌ کرده‌وه‌ ده‌بینین، له‌لایه‌ن زۆربه‌ى ئه‌وانه‌ى له‌م وه‌زعه‌ نێوخۆیى‌یه‌ى حیزب به‌داخن پێشوازیى لـێ ده‌کرێ و پشتى ده‌گیرێ.

6ـ کارو تێکۆشان و نووسین و لێدوانه‌کانى که‌سایه‌تىیه‌کانى سه‌ر به‌ ئۆپۆزیسیۆنى نێوخۆیى به‌ڵگه‌ن بۆ ئه‌و راستى‌یه‌ که‌ هه‌روا که‌ به‌ که‌م و کورتى و لاوازى و گرفتى ئه‌م حیزبه‌وه‌ ماندوون و شێلگیرانه‌ داواى چاره‌سه‌رکردنیان ده‌که‌ن، به‌ شانازى و سه‌رکه‌وتنه‌کانیشى‌یه‌وه‌ خۆشحال و سه‌ربه‌رزن.هه‌ر له‌ جێدا گاڵته‌یان به‌م قسه‌یه‌ دىَ که‌ حیزب یانى قۆڵى پاوانخواز . به‌ڵام نه‌ حاشاکردن له‌م گرفتانه‌و به‌ چاره‌سه‌ر نه‌کراوى هێشتنه‌وه‌یان خزمه‌ت به‌ حیزبى دێموکرات ده‌کا، نه‌ گه‌وره‌کردنه‌وه‌ى له‌ راده‌به‌ده‌رى هێندێک هه‌نگاو و چالاکیى رۆتین و ئاسایى و له‌ قه‌ڵه‌م دانیان به‌ ده‌سکه‌وتى که‌سێک یا تاقمێک. حیزبى دێموکرات به‌بێ گه‌ڕاندنه‌وه‌ى یه‌کیه‌تى و ته‌بایى و به‌ یه‌ک چاو سه‌یر کردنى ئه‌ندامانى بۆ نێو ریزه‌کانى، ناتوانێ ئه‌و به‌ره‌وپێشچوون و سه‌رکه‌وتنانه‌ى هه‌بێ که‌ خه‌ڵکى کوردستان و دڵسۆزانى ئه‌م حیزبه‌ لێى چاوه‌ڕوان ده‌که‌ن. هه‌ربۆیه‌ ده‌سه‌ڵاتبه‌ده‌ستانى ئه‌م حیزبه‌، باشتره‌ له‌ جیاتى گه‌وره‌ کردنه‌وه‌ى له‌ راده‌به‌ده‌رى ئه‌م کارو کرده‌وانه‌ى به‌ هى خۆیانى ده‌زانن، هه‌تا دره‌نگتر نه‌بووه‌ مشوورێکیش له‌و گرفتانه‌ بخۆن که‌ هه‌ر بۆخۆیان تووشى ئه‌م حیزبه‌یان کردوون.

درێژه‌ی هه‌یه‌ 

له‌ لایه‌ن ئۆپۆزیسیۆنى نێوخۆیى حیزبى دێمۆکراتى کوردستانى ئێرانه‌وه‌

1385.08.12  2006.11.03

 سه‌ره‌وه‌. ده‌سپێک.

ئه‌م بابه‌ته‌ چاپ بکه‌!

   ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ هاوڕێکه‌ت بنێره:

© www.giareng.com
All rights reserved 2005.