Ö:: وه‌ڵامێک به‌: ئاوڕدانه‌ویه‌ک { ى‌‌ چه‌واشه‌کارانه‌} له‌ گرفتى‌‌ نێوخۆیى‌‌ حیزبى‌‌ دێموکرات

له‌ لایه‌ن ئۆپۆزیسیۆنى‌‌ نێوخۆیى‌‌ حیزبى‌‌ دێمۆکراتى‌‌ کوردستانى‌‌ ئێرانه‌وه‌

وه‌ڵامێک به‌: ئاوڕدانه‌ویه‌ک { ى‌‌ چه‌واشه‌کارانه‌} له‌ گرفتى‌‌ نێوخۆیى‌‌ حیزبى‌‌ دێموکرات
(به‌شى‌‌ سێهه‌م)
بۆ ئه‌وه‌ سه‌رانى‌‌ قۆڵى‌‌ پاوانخواز نه‌ خۆیان نه‌ خه‌ڵکى‌‌ دیکه‌ فریو بده‌ن
"ئاوڕدانه‌وه‌"ى‌‌ قۆڵى‌‌ پاوانخوازى‌‌ حیزب وه‌ک گوتمان هه‌وڵه‌کانى‌‌ ئۆپۆزیسیۆنى‌‌ نێوخۆى‌‌ حیزبى‌‌ دێموکرات بۆ به‌ربه‌ست دانان له‌ رێى‌‌ پاوانخوازى‌‌ و ره‌فتاره‌کانیان به‌ مه‌به‌ستى‌‌ یه‌کده‌ست کردنى‌‌ ئه‌م حیزبه‌ به‌ "کێشه‌ى‌‌ درۆیى‌‌" و "قه‌یرانى‌‌ ده‌سکرد" ناو ده‌با. له‌م پێوه‌ندییه‌دا ئۆپۆزیسیۆن به‌ "بڵاوکردنه‌وه‌ى‌‌ ده‌نگۆى‌‌ ناڕاست و بردنه‌ده‌ره‌وه‌ى‌‌ باسه‌کانى‌‌ نێوخۆى‌‌ حیزب و په‌نابردنه‌ به‌ر زۆر لایه‌نى‌‌ ده‌ره‌کى‌‌" له‌ به‌ره‌به‌رى‌‌ پلینۆمى‌‌ پێنجه‌مى‌‌ کۆمیته‌ى‌‌ ناوه‌ندى‌‌ له‌ ساڵى‌‌ 1384دا تاوانبار ده‌کا.

بابزانین نیازه‌کانى‌‌ قۆڵى‌‌ ناوبراو له‌ پلینۆمى‌‌ پێنجه‌م‌دا که‌ ناوى‌‌ ده‌نێ "به‌جێ گه‌یاندنى‌‌ ئه‌و ئه‌رکانه‌ى‌‌ له‌ کۆنگره‌ى‌‌ سێزده‌دا به‌ڵێنى‌‌ دابوو" چ بوون که‌ سه‌رئه‌نجام "له‌م قۆناغه‌ش‌دا به‌ دڵفره‌وانى‌‌ و به‌ هه‌ست‌کردن به‌ به‌رپرسیاره‌تیى‌‌ مێژویى‌‌یه‌وه‌ ... گرفته‌کانى‌‌ چاره‌سه‌ر کرد"؟

به‌داخه‌وه‌ ئه‌م نیازانه‌ شتێک نه‌بوون جگه‌ له‌ به‌ره‌وپێشبردنى‌‌ یه‌که‌مین و دواهه‌مین پرۆژه‌ى‌‌ ئه‌م قۆڵه‌ که‌ به‌ره‌وپێشبردن و به‌ ئاکام گه‌یاندنى‌‌ پرۆژه‌ى‌‌ یه‌کده‌ست کردنى‌‌ حیزب بوو. کارى‌‌ ئه‌و پلینۆمه‌ بێجگه‌ له‌ هێندێک شتى‌‌ رۆتینى‌‌ ئه‌وه‌ بوو: 2 که‌س له‌ ده‌ره‌وه‌ى‌‌ وڵات به‌ پێى‌‌ بڕیارى‌‌ کۆنگره‌ بکا به‌ ئه‌ندامى‌‌ ئه‌سڵیى‌‌ کۆمیته‌ى‌‌ ناوه‌ندى‌‌ ، ده‌فته‌رى‌‌ سیاسیى‌‌ 6 ئه‌ندامیى‌‌ ئه‌وکات یا بکاته‌وه‌ به‌ پێنج که‌س (هاوڕێ یه‌ک له‌ قۆڵى‌‌ که‌مینه‌ى‌‌ رێبه‌رى‌‌ لى‌‌بخا) یا که‌سێکى‌‌ دیکه‌ى‌‌ سه‌ر به‌ زۆرینه‌ بێنێته‌ نێو ده‌فته‌رى‌‌ سیاسى‌‌ و بیکا به‌ 7 که‌س، چاو به‌ ئایین نامه‌ى‌‌ نێوخۆیى‌‌ ئۆرگانه‌کانى‌‌ سه‌ربه‌ کۆمیته‌ى‌‌ ناوه‌ندى‌‌ دا بخشێنێته‌وه‌و بڕیاریان له‌سه‌ر بدا.

قۆڵى‌‌ ده‌سه‌ڵاتدار، به‌ پێى‌‌ تێگه‌یشتنێکى‌‌ چه‌وتى‌‌ خۆى‌‌ له‌ دیمۆکراسى‌‌ و به‌کارهێنانى‌‌ ئامرازى‌‌ زۆرینه‌ى‌‌ رێبه‌رى‌‌، نیازى‌‌ ئه‌وه‌ى‌‌ هه‌بوو هه‌موو ئه‌و کارانه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندى‌‌ خۆى‌‌ و به‌ زیانى‌‌ که‌مینه‌ى‌‌ رێبه‌رى‌‌ له‌م پلینۆمه‌دا جێ به‌جێ بکا. پێش پێکهاتنى‌‌ پلینۆمى‌‌ کۆمیته‌ى‌‌ ناوه‌ندى‌‌ و له‌ ده‌فته‌رى‌‌ سیاسییش‌دا هیچ چه‌شنه‌ ئاماده‌یى‌‌یه‌کى‌‌ بۆ قبووڵکردنى‌‌ داواکانى‌‌ که‌مینه‌ى‌‌ رێبه‌رى‌‌ له‌م پلینۆمه‌دا پێشان نه‌ده‌دا و، ده‌یگوت کۆمیته‌ى‌‌ ناوه‌ندى‌‌ (که‌ مه‌به‌ستیان زۆرایه‌تیى‌‌ رێبه‌رى‌‌ بوو) هه‌ر جۆرێک بڕیار بدا، سه‌لاحییه‌تى‌‌ هه‌یه‌ و هه‌قى‌‌ خۆیه‌تى‌‌. لێره‌دا بوو که‌ که‌مینه‌ راى‌‌گه‌یاند ئاماده‌ نیه‌ له‌ پلینۆمێک‌دا به‌شدارى‌‌ بکا که‌ هیچ رۆڵێکى‌‌ بێجگه‌ له‌ شه‌رعیه‌تدان و ره‌سمیه‌تدان به‌ جێبه‌جێ بوونى‌‌ نیازى‌‌ یه‌ک لانه‌یه‌ى‌‌ زۆرینه‌، نه‌بێ.

کاتێکیش ده‌رکه‌وت زۆرینه‌ له‌سه‌ر بڕیارى‌‌ خۆى‌‌ سووره‌ و کۆبوونه‌وه‌که‌ى‌‌ به‌بێ به‌شداریى‌‌ که‌مینه‌ى‌‌ رێبه‌رى‌‌، پێک دێنێ که‌ ئه‌مه‌ له‌تکردنى‌‌ حیزبى‌‌ دێمۆکراتى‌‌ لى‌‌ ده‌که‌وته‌وه‌ هاوارى‌‌ برده‌ لاى‌‌ هه‌ر دوو حیزبى‌‌ دۆست و برا،  پارتى‌‌ دێمۆکرات و یه‌کیه‌تیى‌‌ نیشتمانیى‌‌ کوردستان بۆ ئه‌وه‌ى‌‌ زۆرینه‌ له‌م کاره‌ پڕ مه‌ترسى‌‌یه‌ بگێڕنه‌وه‌ و نه‌هێڵن حیزبى‌‌ دێمۆکرات له‌ت بێ.

سه‌رانى‌‌ قۆڵى‌‌ پاوانخوازى‌‌ حیزب ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌نده‌ نیگه‌رانى‌‌ په‌نابردنى‌‌ که‌مینه‌ى‌‌ رێبه‌رى‌‌ بۆ لاى‌‌ "لایه‌نى‌‌ دیکه‌" و "بردنه‌ ده‌ره‌وه‌ى‌‌ گرفته‌کانى‌‌ حیزب" بوون و هه‌ن، ده‌بێ پێش ئه‌وه‌ى‌‌ کار بگاته‌ جێگاى‌‌ باریک، "به‌رپرسیاریه‌تیى‌‌ مێژوویى‌‌" له‌ خۆیان نیشان بده‌ن. ئه‌گه‌ر پاراستنى‌‌ یه‌کیه‌تیى‌‌ حیزب به‌ قه‌بووڵکردنى‌‌ لانى‌‌ که‌مى‌‌ داواکانى‌‌ ئۆپۆزیسیۆنیشیان له‌ نه‌هاتنه‌دیى‌‌ کاتیى‌‌ هه‌موو نیازه‌کانی خۆیان پێ باشتره‌، هه‌ق ئه‌وه‌یه‌ سوپاسى‌‌ ئه‌و "لایه‌نه‌ ده‌ره‌کى‌‌"یانه‌ بکه‌ن که‌ له‌وان پتر دڵسۆزى‌‌ یه‌کڕیزیى‌‌ حیزبى‌‌ دێمۆکراتن و نایانهه‌وێ ئه‌م حیزبه‌ له‌ت بێ. پاشان ئه‌وه‌ چ "وشیارى‌‌" و "دڵفره‌وانى‌‌" و "هه‌ست کردن به‌ به‌رپرسیاریه‌تیى‌‌ مێژوویى‌‌"یه‌که‌ له‌ پێناوى‌‌ پاوانخوازیى‌‌ خۆیان‌دا، هه‌موو جارێ حیزبى‌‌ دیمۆکرات تا سه‌ر لێوارى‌‌ له‌تبوون ده‌به‌ن و، ته‌نیا ئه‌و کاته‌ى‌‌ هه‌موو لا پێیان راگه‌یاندن ئه‌م شێوه‌ حیزب به‌ڕێوه‌بردن و به‌کارهێنانى‌‌ زۆرینه‌ى‌‌ رێبه‌رى‌‌، هیچ خزمه‌تێک به‌ حیزبى‌‌ دێمۆکرات ناکا، به‌ناچار و بۆ ماوه‌یه‌کى‌‌ کاتى‌‌، "دڵفره‌وانى‌‌یه‌کى‌‌ نه‌خوازراو" له‌ خۆیان ده‌نوێنن و درێژه‌ى‌‌ نیازه‌ خراپه‌کانیان بۆ ده‌رفه‌تێکى‌‌ دیکه‌ هه‌ڵ ده‌گرن؟!

"ئاوڕدانه‌وه‌" کاتێک ده‌چێته‌ سه‌رنامه‌ 20 خاڵى‌‌یه‌که‌ى‌‌ رۆژى‌‌ 7/5/1386ى‌‌ ئۆپۆزیسیۆن، بۆ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ى‌‌ ئه‌م قسه‌یه‌ى‌‌ ئۆپۆزیسیۆن له‌ پێشه‌کیى‌‌ نامه‌که‌ى‌‌دا که‌ "حیزبه‌که‌مان دووچارى‌‌ وه‌زعێک بووه‌ که‌ ته‌نیا دوژمنانى‌‌ کورد ئاواتى‌‌ بۆ ده‌خوازن" جارێکى‌‌ دیکه‌ ده‌که‌وێته‌وه‌ چه‌واشه‌کارى‌‌ و پێهه‌ڵگوتن به‌و ده‌سکه‌وتانه‌ که‌ له‌ لاپه‌ڕه‌کانى‌‌ پێشتردا به‌درێژى‌‌ له‌سه‌ریان رۆیشتوه‌ و وه‌ک به‌ڵگه‌ى‌‌ ده‌ست پێکردنى‌‌ سه‌رده‌مى‌‌ زێرێنی‌‌ تێکۆشانى‌‌ حیزبى‌‌ دێمۆکرات له‌ به‌ره‌که‌تى‌‌ زاڵبوونى‌‌ ئه‌م قۆڵه‌ پێیان ده‌نازێ. به‌ڵام له‌ ناو بردنى ئه‌و کار و کرده‌وانه‌ى خۆیان که‌ نامه‌ى ئۆپۆزیسیۆن به‌ دواى ئه‌م رسته‌یه‌ دا ئاماژه‌ى پىَکردوون و بوون به‌ هۆى وه‌زعێکى نێوخۆیى دڵته‌زێن، خۆده‌بوێرێ. داوا له‌ هه‌موو خوێنه‌ران ده‌که‌ین جارێکى دیکه‌ پێشه‌کیى‌‌ نامه‌که‌ى ئۆپۆزیسیۆن بخوێننه‌وه‌ و   قه‌زاوه‌ت بکه‌ن ئه‌و وه‌زعه‌ نێوخۆییه‌ى ئاماژه‌ى پێ کراوه‌، بێجگه‌ له‌ دوژمنانى حیزبى دیموکرات، بۆ چ که‌سانێک  جێگاى دڵخۆشییه‌؟

به‌ڵام له‌ باره‌ى کاره‌کانى دیکه‌ى دواى کۆنگره‌وه‌ هه‌روه‌ک له‌به‌شى‌‌ دووهه‌مى‌‌ ئه‌م وه‌ڵامه‌دا گوتمان" بناغه‌ى‌‌ هیچ کام له‌وکار و چالاکییانه‌ى‌‌ ئه‌مڕۆ هه‌ن و سه‌رانى‌‌ قۆڵى‌‌ پاوانخواز ده‌یانه‌وێ هه‌موو گرفت و عه‌یبه‌کانى‌‌ دیکه‌ى‌‌ پێ داپۆشن، له‌ دواى‌‌ کۆنگره‌ى‌‌ سێزده‌ دانه‌نراوه‌... ئه‌گه‌ر سه‌رکه‌وتن و به‌ره‌وپێشچوونێکیش بووبێ هه‌موو تێکۆشه‌ران و ئه‌ندامانى‌‌ حیزب تێیان‌دا به‌شدار بوون. ... خۆشه‌ویست بوونى‌‌ حیزبى‌‌ دێمۆکرات و رێبه‌ره‌ شه‌هیده‌کانیش له‌ نێو خه‌ڵکى‌‌ کوردستان‌دا، یا رێزگیران له‌ چه‌ند ده‌یه‌ خه‌باتى‌‌ ئوسووڵیى‌‌ ئه‌م حیزبه‌ و بایه‌خ پێدرانى‌‌ له‌ کۆڕ و کۆمه‌ڵه‌ نێونه‌ته‌وه‌یى‌‌یه‌کان‌دا نه‌ تایبه‌ته‌ به‌دواى‌‌ کۆنگره‌ى‌‌ سێزده‌ و، نه‌ به‌ڵگه‌یه‌ بۆ نه‌بوونى‌‌ قه‌یران له‌ نێوخۆى‌‌ حیزبى‌‌ دێمۆکرات‌دا..."  به‌و حاڵه‌ش هه‌ر بۆ ئه‌وه‌ى‌‌ سه‌رانى‌‌ ئه‌م قۆڵه‌ نه‌ خۆیان فریو بده‌ن، نه‌ خه‌ڵکى‌‌ دیکه‌، وه‌بیرهێنانه‌وه‌ى‌‌ چه‌ند ڕاستى‌‌ به‌ پێویست ده‌زانین:

1ـ چالاکیى‌‌ ئه‌ندامانى‌‌ حیزبى‌‌ دێمۆکرات له‌ نێوخۆ و ده‌ره‌وه‌ى‌‌ وڵات و، وه‌ڕێخستنى‌‌ کار و چالاکیى‌‌ جۆراوجۆر (رێپێوان، مانگرتن و خۆپێشاندان) له‌ لایه‌ن ئه‌وانه‌وه‌ به‌ خۆشى‌‌یه‌وه‌ له‌مێژساڵه‌ هه‌یه‌. نه‌ک پێش کۆنگره‌ى‌‌ 13، به‌ڵکوو له‌ پێش کۆنگره‌ى‌‌ 12شه‌وه‌ له‌ نێوخۆى‌‌ وڵات، نه‌ورۆز، رۆژى‌‌ شه‌هیدان، بۆنه‌ مێژوویى‌‌یه‌کانى‌‌ وه‌ک 25ى‌‌ گه‌لاوێژ و 2ى‌‌ رێبه‌ندان، ساڵڕۆژى‌‌ تیرۆرى‌‌ رێبه‌رانى‌‌ شه‌هید د. قاسملوو و د. شه‌ره‌فکه‌ندى‌‌، ده‌رفه‌تێک بوون بۆ خرۆشانى‌‌ ئه‌ندامان، لایه‌نگران و دڵسۆزانى‌‌ حیزبى‌‌ دێمۆکرات و خه‌ڵکى‌‌ وشیار و هه‌قخوازى‌‌ کوردستان. له‌ زۆر بۆنه‌ى‌‌ دیکه‌ش‌دا وه‌ک رفێندرانى‌‌ ئۆجه‌لان، راگه‌یاندنى‌‌ فێدرالیزم له‌ عێراق و رووداوه‌ خۆش و ناخۆشه‌کانى‌‌ هه‌رێمى‌‌ کوردستان، خه‌ڵکى‌‌ کوردستانى‌‌ ئێران، حه‌ره‌که‌تى‌‌ جه‌ماوه‌ریى‌‌ به‌رینیان وه‌ڕێخستوه‌ که‌ بووه‌ به‌ هۆى‌‌ وه‌حشه‌ت و تووڕه‌یى‌‌ کۆمارى‌‌ ئیسلامى‌‌. حیزبى‌‌ دێمۆکراتیش له‌ راگه‌یه‌نه‌کانى‌‌ خۆى‌‌دا، به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ شانازیى‌‌ به‌ وشیارى‌‌، ئازایى‌‌ و ئاگایى‌‌ و یه‌کیه‌تیى‌‌ نه‌ته‌وه‌یى‌‌ ئه‌وان کردوه‌. ئایا حاشاکردن له‌م راستى‌‌یه‌ بێ ئه‌مه‌گى‌‌ به‌رامبه‌ر به‌ ئه‌ندامانى‌‌ حیزب و خه‌ڵکى‌‌ کوردستان نیه‌؟

له‌ ده‌ره‌وه‌ى‌‌ وڵاتیش، نموونه‌ى‌‌ چالاکیى‌‌ شیاوى‌‌ ئافه‌رینى‌‌ ئه‌ندامان و لایه‌نگرانى‌‌ حیزب له‌ ساڵانى‌‌ پێش کۆنگره‌ى‌‌ 13دا زۆرن. ئه‌وه‌ى‌‌ ئه‌ندامان و لایه‌نگرانى‌‌ حیزب و لاوه‌ دێمۆکراته‌کان له‌ کاتى‌‌ راگه‌یاندنى‌‌ بڕیارى‌‌ مێژوویى‌‌ دادگاى‌‌ میکۆنووس و دانانى‌‌ له‌وحى‌‌ یادکردنه‌وه‌ى‌‌ شه‌هیدانى‌‌ بێرلین و هێندێک بۆنه‌ى‌‌ دیکه‌دا ئه‌نجامیان داون، له‌ چالاکى‌‌یه‌کانى‌‌ دواى‌‌ کۆنگره‌ى‌‌ 13 ئه‌گه‌ر زیاتر نه‌بووبن که‌متر نه‌بوون. وادیاره‌ سه‌رانى‌‌ ئه‌م قۆڵه‌ ته‌نیا ئه‌وکار و چالاکییانه‌ به‌ گرنگ و شیاوى‌‌ یادکردنه‌وه‌ ده‌زانن که‌ دواى‌‌ کۆنگره‌ى‌‌ 13 به‌ڕێوه‌چوون!

2 ـ بێزاریى‌‌ خه‌ڵکى‌‌ کوردستان له‌ کۆمارى‌‌ ئیسلامى‌‌ و راده‌ى‌‌ به‌رزى‌‌ ئاگایى‌‌ سیاسی و ئاماده‌یى‌‌ به‌رخۆدان و بووژانه‌وه‌ى‌‌ هه‌ست و بیرى‌‌ نه‌ته‌وه‌یى‌‌یان له‌مێژساڵه‌ بووه‌ به‌ هۆى‌‌ ئه‌وه‌ به‌ هه‌ر بیانوویه‌ک بڕژێنه‌ سه‌ر شه‌قامه‌کان و به‌گژ هێز و دام و ده‌زگا سه‌رکه‌تکه‌ر و جینایه‌تکاره‌کانى‌‌ ر ێژیم‌دا بچنه‌وه‌. به‌م هۆیه‌شه‌وه‌ که‌ حیزبى‌‌ دێمۆکرات و رێبه‌رانى‌‌ شه‌هیدى‌‌ ئه‌م حیزبه‌یان خۆش ده‌وێ، شتێکى‌‌ سروشتى‌‌یه‌ که‌ زۆربه‌ى‌‌ دروشمه‌کانیان له‌م جۆره‌ حه‌ره‌که‌تانه‌دا به‌ قازانجى‌‌ حیزبى‌‌ دێمۆکرات و به‌ لایه‌نگرى‌‌ له‌ رێبه‌رانى‌‌ شه‌هیدى‌‌ ئه‌م حیزبه‌یه‌. ئه‌م راستى‌‌یه‌ به‌ هیچ جۆر به‌ ماناى‌‌ رێکخستنى‌‌ حه‌ره‌که‌ته‌کان له‌ لایه‌ن حیزبى‌‌ دێمۆکراته‌وه‌ نیه‌ تا رێبه‌رایه‌تیى‌‌ هه‌ڵبژێراوى‌‌ کۆنگره‌ى‌‌ سێزده‌ به‌ناوى‌‌ خۆى‌‌ بیان‌نووسێ و وه‌ک ده‌سکه‌وتى‌‌ خۆى‌‌ به‌چاوى‌‌ هاوڕێیانى‌‌ حیزبى‌‌ و رێکخراوه‌کانى‌‌ دیکه‌ى‌‌ دا  داته‌وه‌. ئه‌مه‌ش ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێ که‌ ئه‌ندامان و لایه‌نگرانى‌‌ حیزب له‌م حه‌ره‌که‌تانه‌دا به‌شدار نه‌بوون. چۆنیه‌تى‌‌ رووبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ى‌‌ ئه‌م رێبه‌رى‌‌یه‌ و راگه‌یه‌نه‌کانى‌‌ حیزب له‌گه‌ڵ رووداوه‌کانى‌‌ پووشپه‌ڕ و گه‌لاوێژى‌‌ 1384، پێچه‌وانه‌ى‌‌ ئه‌م ئیدیعایه‌ى‌‌ به‌رپرسى‌‌ ته‌شکیلاتى‌‌ نهێنى‌‌ و قۆڵى‌‌ ده‌سه‌ڵاتدارى‌‌ حیزب ده‌سه‌لمێنێ که‌ ده‌ڵێن ئه‌وان ئه‌م حه‌ره‌که‌تانه‌یان وه‌ڕێ خستبوو.

3 ـ له‌ باره‌ى‌‌ "سه‌فه‌رى‌‌ سه‌رکه‌وتووانه‌ و پڕ ده‌سکه‌وت"ى‌‌ کاک مسته‌فا هیجرى‌‌ بۆ ده‌ره‌وه‌ى‌‌ وڵات، ئێمه‌ ئاره‌زوو ده‌که‌ین ئه‌و ئیدیعایانه‌ى‌‌ "ئاوڕدانه‌وه‌" راست بن. به‌ڵام ده‌پرسین ئه‌و به‌ڕێزه‌ کام ناوه‌ندى‌‌ بڕیاردان و کۆڕ و کۆمه‌ڵى‌‌ نێونه‌ته‌وه‌یى‌‌ دیوه‌ که‌ پێشتر حیزبى‌‌ دێمۆکرات له‌ ئاستى‌‌ خوارتر له‌ سکرتێر و جێگرى‌‌ سکرتێر و ئه‌ندامى‌‌ ده‌فته‌رى‌‌ سیاسییش‌دا نه‌ى‌‌دیبن؟ یا له‌ ئاستێکى‌‌ به‌رزتر له‌ ئێستادا، پێشوازییان له‌ سکرتێرى‌‌ گشتیى‌‌ حیزبى‌‌ دێمۆکرات‌ نه‌کردبێ؟ کام لایه‌ن و ناوه‌ند و که‌سایه‌تى‌‌ به‌رزى‌‌ سیاسى‌‌، دیپلۆماتیک و مرۆڤدۆستى‌‌ دیوه‌ که‌ پێشتر پێوه‌ندییان له‌گه‌ڵ حیزبى‌‌ دێمۆکرات‌دا نه‌بووبێ و چاویان به‌ رێبه‌ران و نوێنه‌رانى‌‌ ئه‌م حیزبه‌ نه‌که‌وتبێ؟

یه‌ک له‌و ناوه‌نده‌ بڕیارده‌رانه‌ى‌‌ جیهان که‌ گوایه‌ به‌وپه‌ڕى‌‌ گرنگى‌‌یه‌وه‌ کاک مسته‌فایان وه‌رگرتوه‌، ئه‌مریکایه‌. له‌م باره‌یه‌وه‌ پرسیار ئه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌م ئیدیعایه‌ راسته‌، چۆنه‌ تا ئێستاش له‌ هیچ ئاستێک‌دا وه‌ڵامى‌‌ ئه‌و په‌یامه‌ پیرۆزبایى‌‌یه‌ خه‌ست و خۆڵه‌ى‌‌ ناوبراویان به‌ بۆنه‌ى‌‌ هه‌ڵبژێرانه‌وه‌ى‌‌ دووباره‌ى‌‌ جۆرج بووش ـ که‌ ئه‌و هه‌مووه‌ ره‌خنه‌یه‌ى‌‌ هێنایه‌وه‌ سه‌ر سکرتێر و رێبه‌رى‌‌ حیزب ـ نه‌دایه‌وه‌؟

4 ـ هه‌موو که‌س ده‌زانێ پێکهاتنى‌‌ کۆڕ و کۆبوونه‌وه‌ى‌‌ ئه‌مساڵى‌‌ ئێرانى‌‌یه‌کان له‌ یه‌کێک له‌ ساڵۆنه‌کانى‌‌ کۆنگرێس و سه‌ناى‌‌ ئه‌مریکا ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ هه‌وڵه‌کانى‌‌ KNC (کۆنگره‌ى‌‌ نه‌ته‌وه‌یى‌‌ کورد له‌ ئه‌مریکا). به‌ هه‌وڵى‌‌ ئه‌و رێکخراوه‌ بوو که‌ نوێنه‌رانى‌‌ رێکخراوه‌کانى‌‌ ئه‌ندامى‌‌ کۆنگره‌ى‌‌ نه‌ته‌وه‌کانى‌‌ ئێرانى‌‌ فێدرال و ژماره‌یه‌ک که‌سایه‌تیى‌‌ ئێرانى‌‌ و رۆژئاوایى‌‌، له‌ سه‌ر مه‌سه‌له‌کانى‌‌ پێوه‌ندیدار به‌ داهاتووى‌‌ ئێران لێک کۆبوونه‌وه‌ و ئاڵوگۆڕى‌‌ بیروڕایان کرد که‌ بێگومان ئه‌م کاره‌ گرنگى‌‌ و بایه‌خی خۆى‌‌ هه‌یه‌. بۆ ئێمه‌ زۆر خۆش ده‌بوو ئه‌گه‌ر حیزبى‌‌ دێمۆکرات ـ که‌ پێوه‌ندى‌‌یه‌کى‌‌ چه‌ندین ساڵه‌ى‌‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مریکا هه‌یه‌ ـ چاوساغ و رێنوێنى‌‌ کۆنگره‌ى‌‌ نه‌ته‌وه‌کانى‌‌ ئێرانى‌‌ فێدرال بۆ لاى‌‌ ئه‌مریکایى‌‌یه‌کان بوایه‌، نه‌ک به‌ پێچه‌وانه‌وه‌، سکرتێرى‌‌ حیزب له‌ سۆنگه‌ى‌‌ ئه‌ندامه‌تیى‌‌ حیزب له‌م کۆنگره‌یه‌دا رێى‌‌ بکه‌وێته‌ ساڵۆنه‌کانى‌‌ کۆنگرێس و سه‌ناى‌‌ ئه‌و وڵاته‌.

چه‌ند خۆش ده‌بوو هه‌روا که‌ له‌ راگه‌یه‌نه‌کانى‌‌ حیزب‌دا به‌ ئه‌نقه‌ست وا نیشان‌درا، به‌ راستى‌‌ سکرتێرى‌‌ حیزب له‌ سه‌نا و کۆنگره‌دا وتارى‌‌ پێشکێش کردبا. به‌ڵام هۆى‌‌ چیه‌ قسه‌کانى‌‌ به‌ڕێزیان بۆ به‌شدارانى‌‌ کۆبوونه‌وه‌ى‌‌ ئێرانى‌‌یه‌کان، جیاواز له‌ وتارى‌‌ هه‌موو که‌سانى‌‌ وه‌ک خۆى‌‌ ناوى‌‌ "وتارى‌‌ سکرتێرى‌‌ گشتیى‌‌ حیزب له‌ کۆنگره‌ و سه‌ناى‌‌ ئه‌مریکا"ى‌‌ له‌سه‌ر داده‌نرێ و راست هه‌وڵه‌کانى‌‌ ئه‌و به‌ "بردنى‌‌ کێشه‌ى‌‌ کورد له‌ کوردستانى‌‌ ئێران بۆ نێو هاوکێشه‌ سیاسى‌‌یه‌کانى‌‌ جیهانى‌‌ و ناوچه‌یى‌‌" ناودێر ده‌کرێ؟

دیاره‌ پارلمانى‌‌ فه‌رانسه‌ش شوێنێک نیه‌ که‌ ته‌نیا دواى‌‌ کۆنگره‌ى‌‌ 13، ئه‌ویش له‌ پێوه‌ندى‌‌ له‌گه‌ڵ کۆنگره‌ى‌‌ نه‌ته‌وه‌کانى‌‌ ئێرانى‌‌ فێدرال‌دا، سکرتێرى‌‌ حیزب رێى‌‌ تێ که‌وتبێ. هه‌ر له‌م پارلمانه‌، جارێک به‌ بۆنه‌ى‌‌ 10 ساڵه‌ى‌‌ تیرۆرى‌‌ دوکتور قاسملوو و جارێکى‌‌ دیکه‌ به‌ بۆنه‌ى‌‌ 10 ساڵه‌ى‌‌ تیرۆرى‌‌ دوکتور شه‌ره‌فکه‌ندى‌‌یه‌وه‌ وچه‌ند جارى دیکه‌ش به‌ موناسه‌به‌تى جۆراو جۆره‌وه‌و له‌ به‌ره‌که‌تى‌‌ دۆستایه‌تیى‌‌ حیزب و رێکخراو و که‌سایه‌تى‌‌یه‌ فه‌رانسه‌یى‌‌یه‌کان له‌گه‌ڵ حیزبى‌‌ دێمۆکرات، رێوڕه‌سمى‌‌ تایبه‌ت به‌ به‌شداریى‌‌ سکرتێرى‌‌ گشتیى‌‌ حیزب به‌ڕێوه‌چووه‌ و، مه‌سه‌له‌ى‌‌ سه‌ره‌کى‌‌ له‌ هه‌ر دوو کۆبوونه‌وه‌که‌ش‌دا هاوپێوه‌ندی له‌گه‌ڵ گه‌لى‌‌ کورد و حیزبى‌‌ دێمۆکراتى‌‌ کوردستانى‌‌ ئێران بوو.

که‌ وایه‌ جیاوازیى‌‌ سه‌فه‌ره‌کانى‌‌ سکرتێرى‌‌ گشتی له‌ دواى‌‌ کۆنگره‌ى‌‌ 13 له‌گه‌ڵ سه‌فه‌ره‌کانى‌‌ سکرتێرى‌‌ گشتى‌‌ له‌ ده‌وره‌کانى‌‌ پێشوودا چى‌‌یه‌ که‌ ئه‌وانى‌‌ پێشوو هیچ بایه‌خێکیان (له‌ روانگه‌ى‌‌ سه‌رانى‌‌ قۆڵى‌‌ پاوانخوازه‌وه‌) نه‌بووه‌ به‌ڵام هى‌‌ ئه‌م دووساڵه‌ "هه‌وڵى‌‌ دیپلۆماتیکى‌‌ سه‌رکه‌وتوو و پڕده‌سکه‌وت" بوون؟ یا ده‌بێ سکرتێرى‌‌ ئێستاى‌‌ حیزب دیپلۆماتێکى‌‌ به‌توانا و مرۆڤێکى‌‌ زۆر شاره‌زا له‌ سیاسه‌ت و ته‌واو ئاگادار له‌ وه‌زعى‌‌ دنیا بێ که‌ زۆر به‌داخه‌وه‌ وانیه‌ و ئه‌م راستى‌‌یه‌ بێجگه‌ له‌ هێندێک لایه‌نگرى‌‌ ده‌مارگرژى‌‌ خۆى‌‌، هه‌مووان دانى‌‌ پێدا ده‌نێن. یا ده‌بێ ئاڵوگۆڕێک له‌ به‌رپرسانى‌‌ دیپلۆماسیى‌‌ حیزب‌دا رووى‌‌ دابێ که‌ ده‌زانین زۆربه‌ى‌‌ ئه‌و به‌رپرسانه‌ش که‌ کارى‌‌ پێوه‌ندى‌‌یه‌کان ده‌که‌ن هه‌ر ئه‌وانى‌‌ پێشوون. ئه‌گه‌ر گۆڕانێکیش رووى‌‌دابێ، به‌ زۆرى‌‌ وه‌ک زۆربه‌ى‌‌ ئاڵوگۆڕه‌کانى‌‌ دیکه‌ مه‌به‌ستى‌‌ جه‌ناحییان له‌ پشت بووه‌ نه‌ک بردنه‌سه‌رى‌‌ چۆنایه‌تى‌‌ و به‌رهه‌مى‌‌ کار. ته‌نیا جیاوازیى‌‌ ئه‌م ده‌وره‌یه‌ له‌گه‌ڵ پێشوو له‌وه‌دایه‌ زۆرترین هه‌وڵ ده‌درێ بۆ ئه‌وه‌ى‌‌ هه‌موو کاروچالاکى‌‌یه‌ک وه‌ک ده‌سکه‌وتێکى‌‌ نوێ و بێ وێنه‌ نیشان بدرێ. به‌ ئه‌نقه‌ستیش وانیشان ده‌درێ که‌ ئه‌م "ده‌سکه‌وتانه‌" به‌رهه‌مى‌‌ زۆرینه‌ى‌‌ رێبه‌رى‌‌ و به‌ تایبه‌تى‌‌ به‌رهه‌مى‌‌ بیر و هه‌وڵه‌کانى‌‌ سکرتێرن. هه‌ر ئه‌وه‌ش که‌ له‌ زۆربه‌ى‌‌ هه‌واڵ و راپۆرته‌کانى‌‌ تایبه‌ت به‌ دیدار و چاوپێکه‌وتنه‌کانى‌‌ سکرتێر له‌ ده‌ره‌وه‌ى‌‌ وڵات‌دا، به‌ ئه‌نقه‌ست ناوى‌‌ به‌رپرسانى‌‌ پێوه‌ندى‌‌یه‌کانى‌‌ حیزب که‌ رێکخه‌ر و پێکهێنه‌رى‌‌ ئه‌م دیدارانه‌ و چاوساغى‌‌ سکرتێر بوون، ناهێنرێت، بۆ گه‌وره‌کردنه‌وه‌ى‌‌ سکرتێر و ته‌واوکردنى‌‌ هه‌موو کاره‌کان به‌ ناوى‌‌ ئه‌وه‌وه‌، به‌ قیمه‌تى‌‌ پشتگوێ خستنى‌‌ زه‌حمه‌تى‌‌ که‌سانى‌‌ دیکه‌یه‌.

نووسه‌رانى‌‌ "ئاوڕدانه‌وه‌" هیچ حیسێبێکیش بۆ "حافڤه"ى‌‌ خه‌ڵک و بیروبۆچوون و ره‌خنه‌ى‌‌ زۆریان له‌ باره‌ى‌‌ هه‌ڵه‌ سیاسى‌‌یه‌کان و هه‌ڵه‌ یه‌ک به‌ دواى‌‌ یه‌که‌کانى‌‌ سکرتێر و زۆرینه‌ى‌‌ رێبه‌رى‌‌دا، ناکه‌ن که‌ خۆش یا ناخۆش ئه‌مانیش پێوه‌ندییان به‌م "سه‌رده‌مه‌ زێڕینه‌" و مانگه‌کانى‌‌ پێش نووسرانى‌‌ نامه‌ى‌‌ ئۆپۆزیسیۆنه‌وه‌ هه‌یه‌! هه‌رواکه‌ باسێک له‌و ره‌فتار و کرده‌وه‌ به‌رنامه‌بۆدانراوه‌ى‌‌ خۆیان به‌ مه‌به‌ستى‌‌ یه‌کده‌ست کردنى‌‌ حیزب له‌ ماوه‌ى‌‌ دوو ساڵ و چه‌ند مانگى‌‌ پێش نووسرانى‌‌ نامه‌ى‌‌ ئۆپۆزیسیۆن‌دا ناکه‌ن!

ئه‌وان رێگایه‌کى‌‌ به‌درێژایى‌‌ مێژوو تاقیکراو به‌ڵام سه‌رنه‌که‌وتوویان بۆ خۆ ته‌بره‌ئه‌کردن له‌و قه‌یرانه‌ى‌‌ بۆخۆیان دروستیان کردوه‌، گرتۆته‌به‌ر. ئه‌ویش تاوانبارکردنى‌‌ لایه‌نى‌‌ به‌رامبه‌ریانه‌. هه‌ر بۆیه‌ ئه‌و راستیانه‌ى‌‌ پێشه‌کیى‌‌ نامه‌ى‌‌ 7/5/1385ى‌‌ ئۆپۆزیسیۆن قامکى‌‌ له‌سه‌ر داناون به‌ "تاوان و گوناحى‌‌ درۆ و ده‌سکرد" که‌ له‌ لایه‌ن "چه‌ند که‌س" دراونه‌ پاڵ رێبه‌رایه‌تى‌‌، له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن وبۆ ره‌تکردنه‌وه‌یان په‌نایان بۆ چه‌واشه‌کارى‌‌یه‌کى‌‌ ئاشکرا، هه‌ڵبه‌ستنى‌‌ "تاوان و گوناح"ى‌‌ به‌ راستى‌‌ "درۆ و ده‌سکرد" و سه‌فسه‌ته‌ى‌‌ زۆر ناشیانه‌ بردوه‌ که‌ لێره‌دا ئاماژه‌ به‌ هێندێکیان ده‌که‌ین:

نامه‌ى‌‌ رۆژى‌‌ 7/5/1385ى‌‌ ئۆپۆزیسیۆن ئه‌گه‌رچى‌‌ ئیمزاى‌‌ 25 که‌س له‌ ئه‌ندامانى‌‌ رێبه‌ریى‌‌ پێشوو و ئێستاى‌‌ پێوه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌و قسه‌ و داوایانه‌ نه‌ک هه‌ر هى‌‌ "ئه‌و چه‌ند که‌سه‌"، به‌ڵکوو وه‌ک سه‌رانى‌‌ قۆڵى‌‌ ده‌سه‌ڵاتداریش له‌ نزیکه‌وه‌ لێى‌‌ ئاگادارن، قسه‌ و داواى‌‌ سه‌دان کادر و پێشمه‌رگه‌ و هه‌زاران ئه‌ندامیى‌‌ حیزبن که‌ به‌ تۆمار و ئیمزا و نامه‌ى‌‌ تایبه‌تى‌‌، پشتیوانیى‌‌ خۆیان له‌و نامه‌یه‌ راگه‌یاندوه‌.

یه‌که‌م "سفسگه"ى‌‌ نووسه‌رانى‌‌ "ئاوڕدانه‌وه‌" که‌ به‌ خه‌یاڵى‌‌ خۆیان به‌ مه‌به‌ستى‌‌ ورووژاندنى‌‌ هه‌ستى‌‌ ئه‌ندامان و لایه‌نگرانى‌‌ حیزب په‌نایان بۆ بردوه‌، به‌ هه‌ڵه‌ ماناکردنه‌وه‌ى‌‌ وشه‌ى‌‌ ئۆپۆزیسیۆنه‌. له‌و باره‌یه‌وه‌ ده‌ڵێن: "له‌ نێوخۆى‌‌ حیزبێکى‌‌ شۆڕشگێڕدا که‌ خه‌ریکى‌‌ به‌ڕێوه‌بردنى‌‌ خه‌باتێکى‌‌ سه‌خت و دژوار و رێبه‌ریى‌‌ جوولانه‌وه‌یه‌کى‌‌ مافخوازانه‌ ده‌کا، ئۆپۆزیسیۆن هیچ مانایه‌ک نابه‌خشێ، ئۆپۆزیسیۆن یانى‌‌ دژ و رکه‌به‌ر، دژ و رکه‌به‌رى‌‌ حیزبى‌‌ دێمۆکرات ده‌توانێ کێ بێ؟!". داهێنه‌رى‌‌ ئه‌م ناوه‌ بۆ ناڕازیانى‌‌ نێوخۆى‌‌ حیزب له‌ رێبه‌رى‌‌، کاک مسته‌فا هیجرى‌‌یه‌. ئه‌م "سفسگه"یه‌ جارێکى‌‌ دیکه‌ش له‌ لایه‌ن ئۆپۆزیسیۆنه‌وه‌ هه‌ر به‌ که‌ڵک وه‌رگرتن له‌ "استدلال" و وتووێژى‌‌ به‌ڕێز کاک مسته‌فا له‌گه‌ڵ گۆڤارى‌‌ مه‌ڵبه‌ند (که‌ له‌ ژماره‌ 438ى‌‌ "کوردستان"یش‌دا بڵاو بۆته‌وه‌) پووچه‌ڵ کراوه‌ته‌وه‌. نووسه‌رانى‌‌ نامه‌ ده‌توانن له‌ سه‌رۆکى‌‌ قۆڵه‌که‌یان بپرسن بۆچى‌‌ خۆى‌‌ و هاوقۆڵه‌کانى‌‌ وه‌ک ئۆپۆزیسیۆنى‌‌ پێش کۆنگره‌ى‌‌ 13 که‌ به‌ هۆى‌‌ ئاڵوگۆڕى‌‌ ده‌سه‌ڵات له‌ حیزب‌دا، له‌ ئۆپۆزیسیۆنى‌‌ نه‌جاتیان بووه‌، ناوبردوه‌. حیزبى‌‌ دێمۆکرات پێش کۆنگره‌ى‌‌ 13یش خه‌ریکى‌‌ به‌ڕێوه‌بردنى‌‌ "خه‌باتێکى‌‌ سه‌خت و دژوار و رێبه‌ریى‌‌ جوولانه‌وه‌یه‌کى‌‌ مافخوازانه‌" بوو. ئه‌دى‌‌ دژ و رکه‌به‌رى‌‌ ئه‌م حیزبه‌ له‌و کات‌دا "ده‌یتوانى‌‌ کێ بێ؟!"

"ئاوڕدانه‌وه‌" ده‌ڵێ له‌نێو ئه‌و که‌سانه‌ى‌‌ نامه‌که‌یان ئیمزاکردوه‌ که‌سانێک هه‌ن که‌ ئه‌ندامى‌‌ ده‌فته‌رى‌‌ سیاسى‌‌، کۆمیته‌ى‌‌ ناوه‌ندى‌‌ و ئه‌ندامى‌‌ جێگر و موشاویرى‌‌ کۆمیته‌ى‌‌ ناوه‌ندین. ئه‌م قسه‌یه‌ راسته‌. به‌ڵام ئه‌وش هه‌ر نیشانه‌ى‌‌ راستیى‌‌ نێوه‌رۆکى‌‌ نامه‌که‌ى‌‌ ئۆپۆزیسیۆنه‌ که‌ ده‌ڵێ هه‌رکه‌س له‌گه‌ڵ قۆڵى‌‌ زۆرینه‌دا نه‌بێ، ئه‌ندامى‌‌ هه‌ر ئۆرگانێک و له‌ هه‌ر ئاست و پله‌ و پایه‌یه‌ک‌دا بێ، ناتوانێ له‌ ده‌ره‌وه‌ى‌‌ ویست و ئیراده‌ى‌‌ قۆڵى‌‌ ده‌سه‌ڵاتدار رۆڵى‌‌ له‌ بڕیاردان و به‌ڕێوه‌به‌رى‌‌دا هه‌بێ و، به‌و تاوانه‌ که‌ له‌ رێبه‌ریى‌‌ حیزب‌دا که‌مینه‌یه‌، هیچ داوایه‌کى‌‌ ره‌وا و هیچ قسه‌یه‌کى‌‌ حیسابیى‌‌ بۆ ناچته‌سه‌ر.

"ئاوڕدانه‌وه‌" به‌و ناوه‌ که‌ له‌ ئه‌ساسنامه‌ى‌‌ حیزب‌دا هیچ ئاماژه‌یه‌ک به‌ وشه‌ى‌‌ ئۆپۆزیسیۆن نه‌کراوه‌ حاشا له‌و راستى‌‌یه‌ ده‌کا که‌ له‌ کۆنگره‌ى‌‌ ده‌یه‌مه‌وه‌ تا کۆنگره‌ى‌‌ سێزده‌ که‌مینه‌ى‌‌ رێبه‌رى‌‌ یا هه‌ر که‌مینه‌یه‌ک له‌نێو حیزب‌دا به‌ ره‌سمى‌‌ ناسراوه‌ و مافى‌‌ ئه‌وه‌ى‌‌ پێ دراوه‌ له‌ رۆژى‌‌ دواى‌‌ کۆنگره‌وه‌ (له‌ کۆنگره‌ى‌‌ 10 په‌سندکرا6 مانگ پێش کۆنگره‌) بیروبۆچوونه‌کانى‌‌ خۆى‌‌ له‌ نامیلکه‌ى‌‌ ناوخۆیى‌‌ و کۆبوونه‌وه‌ حیزبى‌‌یه‌کان‌دا رابگه‌یه‌نێ و ته‌بلیغاتیان بۆ بکا. له‌و کاتیشه‌وه‌ تا کۆنگره‌ى‌‌ سێزده‌ به‌ کرده‌وه‌ ئه‌و که‌مینه‌یه‌ حیسابى‌‌ بۆ کراوه‌ و له‌ به‌ڕێوه‌بردنى‌‌ کاروبارى‌‌ حیزب‌دا له‌ هه‌ڵبژاردنى‌‌ کۆمیته‌ى‌‌ ناوه‌ندى‌‌ و ده‌فته‌رى‌‌ سیاسى‌‌ و جێگرى‌‌ سکرتێر و دابه‌شینى‌‌ کار و پۆسته‌کانى‌‌ حیزب، وه‌ک ته‌ره‌فێک سه‌یرى‌‌ کراوه‌ و به‌پێى‌‌ نفووزى‌‌ له‌ نێوحیزب‌داو زۆر له‌وه‌ زیاتریش، له‌ ئۆرگانه‌کانى‌‌ به‌ڕێوه‌به‌رى‌‌ و له‌ به‌ڕێوه‌به‌ریى‌‌ ئۆرگانه‌کان‌دا، کار و به‌رپرسایه‌تییان پێ سپێردراوه‌.

ئه‌گه‌ر ئه‌و داوایه‌ى له‌ خاڵى‌‌ 1 دا هاتوه‌ "رسته‌یه‌کى‌‌ سه‌رتاپا چه‌واشه‌کارانه‌یه‌" و تا ئێستا به‌م جۆره‌ عه‌مه‌لى‌‌ نه‌کردوه‌، بۆچى‌‌ قۆڵى‌‌ ده‌سه‌ڵاتدارى‌‌ حیزب چه‌ندین جار ئه‌و داوایه‌ى‌‌ ره‌ت کردۆته‌وه‌ که‌ "که‌مینه‌ى‌‌ رێبه‌رى‌‌ ئێستا" با به‌ دڵخوازى‌‌ قۆڵى‌‌ ده‌سه‌ڵاتدار ئه‌و جێگایه‌ى‌‌ پێ بدرێ که‌ که‌مینه‌ى‌‌ پێشوو له‌ یه‌کێک له‌ سێ کۆنگره‌ى‌‌ 10 ، 11 و 12ى‌‌ دا هه‌یبووه‌؟ هه‌ر ئه‌وه‌ که‌ ئه‌م زۆرینه‌یه‌ ئاماده‌ نیه‌ جێگا و مه‌وقیعییه‌تى‌‌ که‌مینه‌ له‌ هیچ کام له‌ کۆنگره‌کانى 10 ، 11 و 12‌‌ دا بدا به‌ که‌مینه‌ى‌‌ رێبه‌رى‌‌ ئێستا ماناى‌‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ زۆرینه‌ى‌‌ پێشوو به‌رپرسانه‌ و دێمۆکراتیک له‌گه‌ڵ که‌مینه‌ جووڵاوه‌ته‌وه‌ و هه‌لومه‌رجێکى‌‌ باشى‌‌ بۆ به‌شدارى‌‌ له‌ به‌ڕێوه‌به‌رى‌‌ و بڕیاردانى‌‌ حیزب‌دا پێک هێناوه‌، هه‌روه‌ها ماناى‌‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ زۆرینه‌ى‌‌ ئێستاى‌‌ رێبه‌رى‌‌ به‌ راستى‌‌ پاوانخواز و "تۆتالیتێر"ه‌ و حازر نیه‌ هیچ کام له‌و مه‌وقیعییه‌تانه‌ى‌‌ پێشووى‌‌ خۆى‌‌ که‌ گوایه‌ غه‌دریشى‌‌ لى‌‌ کرابوو، بدا به‌ که‌مینه‌ى‌‌ ئێستا.

له‌ قامووسى‌‌ قۆڵى‌‌ پاوانخوازدا هه‌ر چه‌شنه‌ له‌مپه‌ر دانانێک له‌ سه‌ر رێى‌‌ نیاز و مه‌به‌سته‌ پاوانخوازانه‌ و جیاوازیدانه‌رانه‌کانیان وه‌ک "له‌تکردنى‌‌ حیزب" واتا ده‌کرێته‌وه‌. "ئاوڕدانه‌وه‌"که‌شیان، دیالۆگ له‌ گه‌ڵ لایه‌نى‌‌ به‌رامبه‌ر و حیساب بۆ کردنى‌‌، ناوده‌نێ "به‌ ره‌سمى‌‌ دابه‌شکردن و به‌ ره‌سمى‌‌ ناسینى‌‌ ئینشیعاب له‌ حیزبى‌‌ دێمۆکرات‌دا. " ئه‌وان هه‌ر له‌ کۆنگره‌ى‌‌ سێزده‌وه‌ حیزبیان کردوه‌ به‌ دوو به‌ش و، ئه‌و به‌شه‌ى‌‌ بۆ مه‌به‌سته‌ جه‌ناحى‌‌یه‌کانیان له‌ گه‌ڵیان‌دا نیه‌، به‌ عاله‌مى‌‌ ئاشکرا مافه‌ حیزبى‌‌ و ته‌شکیلاتى‌‌یه‌کانیان زه‌وت ده‌که‌ن و به‌م جۆره‌ ره‌فتاریان له‌گه‌ڵ ده‌که‌ن که‌ له‌ پێشه‌کیى‌‌ نامه‌ى‌‌ 7/5/1385دا هاتوه‌. ئه‌وه‌ "له‌تکردنى‌‌ حیزب به‌کرده‌وه‌" نیه‌! به‌ڵام هه‌رکات له‌گه‌ڵ داواى‌‌ به‌یه‌ک چاو سه‌یرکردنى‌‌ هه‌موو ئه‌ندامانى‌‌ حیزب و پێویستیى‌‌ دابین بوونى‌‌ حه‌ق و حوقووقى‌‌ به‌شه‌ "نامه‌حره‌م" و زۆر لێکراوه‌که‌ى‌‌، رووبه‌ڕوو بوون، ده‌بن به‌ خه‌مخۆر و دڵسۆزى‌‌ یه‌کیه‌تیى‌‌ حیزب. به‌ راستى‌‌ ئه‌م ئیستیدلاله‌ى‌‌ ئه‌وان، چ جیاوازى‌‌یه‌کى‌‌ له‌گه‌ڵ ئیستیدلالى‌‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌ شۆوێنیسته‌ کۆن و نوێ یه‌کانى‌‌ ئێران هه‌یه‌ که‌ به‌رده‌وام باسى‌‌ برا بوونى‌‌ هه‌موو ئێرانى‌‌یه‌کان ده‌که‌ن، به‌ڵام هه‌رکات گوتت با منى‌‌ برا بچووک هه‌قم هه‌بێ به‌ زمانى‌‌ زگماکیى‌‌ خۆم بخوێنم پێت ده‌ڵێن ته‌جزیه‌ته‌ڵه‌ب! و سه‌رکوتى‌‌ "برا"ى‌‌ خۆیان به‌ حه‌ڵاڵ ده‌زانن؟!

نووسه‌رانى‌‌ "ئاوڕدانه‌وه‌" له‌ هه‌رجێ یه‌ک له‌ به‌رپه‌رچدانه‌وه‌ى‌‌ خاڵه‌کانى‌‌ نامه‌ى‌‌ 7/5/1385دا که‌میان هێنا و قافیه‌یان پێ ته‌نگ بوو یا ئۆپۆزیسیۆن به‌ داواى‌‌ له‌تکردنى‌‌ حیزب تاوانبار ده‌که‌ن یا په‌نا بۆ سفسگه‌یه‌کى‌‌ تازه‌ ده‌به‌ن. نموونه‌یه‌کى‌‌ دیکه‌ له‌و سه‌فسه‌تانه‌ له‌ پێوه‌ندى‌‌ له‌گه‌ڵ خاڵى‌‌ 2ى‌‌ نامه‌که‌، یا په‌سندکرانى‌‌ بڕیارێک له‌ کۆنگره‌ى‌‌ 12 له‌باره‌ى‌‌ ئازادیى‌‌ بیروڕا ده‌ربڕینه‌وه‌یه‌. "ئاوڕدانه‌وه‌" ئه‌مه‌ به‌ "ته‌وهینێکى‌‌ گه‌وره‌ به‌ رابردووى‌‌ خه‌بات و تێکۆشانى‌‌ حیزب" ناو ده‌با و، وه‌ک هێنانه‌ ژێر پرسیارى‌‌ هه‌موو هه‌وڵ و خه‌باتى‌‌ حیزبى‌‌ دێمۆکرات وبه‌ تایبه‌تى‌‌ رێبه‌رى‌‌ بلیمه‌ت و شه‌هید دوکتور قاسملووى‌‌ نه‌مر "بۆ ئه‌وه‌ى‌‌ که‌ حیزب به‌ راستى‌‌ حیزبێکى‌‌ دێمۆکرات بێ" ده‌یناسێنێ.

ده‌ڵێن هه‌ر پرسیارێکى‌‌ روون، وه‌ڵامێکى‌‌ روونیشى‌‌ هه‌یه‌. پرسیار ئه‌وه‌یه‌ ئایا کۆنگره‌ى‌‌ دوازده‌یه‌م بڕیارى‌‌ روون و دیاریکراوى‌‌ له‌ باره‌ى‌‌ ئازادیى‌‌ بیروڕا ده‌ربڕین له‌ کۆبوونه‌وه‌کانى‌‌ حیزبى‌‌ و ئۆرگانه‌کانى‌‌ نێوخۆیى‌‌دا په‌سند کردوه‌ یان نا؟ بێگومان ناتوانن حاشاى‌‌ لى‌‌ بکه‌ن، چونکه‌ کۆنگره‌ى‌‌ سێزده‌ش هه‌ر ئه‌و بریاره‌ى‌‌ په‌سندى‌‌ کردۆته‌وه‌ و، ئه‌گه‌ر حاشاشى‌‌ لى‌‌ بکه‌ن  فیلم و به‌ڵگه‌نامه‌کانى‌‌ تایبه‌ت به‌م کۆنگرانه‌ له‌و باره‌وه‌ شایه‌دى‌‌ ده‌ده‌ن . په‌سندکردنى‌‌ ئه‌و بڕیاره‌ش راست له‌و پێوه‌ندى‌‌یه‌دا بوو که‌ هه‌ر ئه‌مانه‌ى‌‌ ئه‌مڕۆ چاره‌نووسى‌‌ حیزبى‌‌ دێمۆکراتیان گرتۆته‌ ده‌ست چونکه‌ بێجگه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتخوازى‌‌ قسه‌یه‌کى‌‌ دیکه‌یان نه‌بوو، له‌ جیاتى‌‌ قسه‌کردن له‌ کۆڕ و کۆبوونه‌وه‌ى‌‌ ئاشکرادا، نیاز و مه‌به‌سته‌کانى‌‌ خۆیان له‌ژێره‌وه‌ و له‌ په‌نا و په‌سیوان و به‌ که‌لکوه‌رگرتن له‌ ده‌سته‌به‌ندیى‌‌ نهێنى‌‌ ده‌برده‌پێش و خۆیان له‌ "شفافیت" و تێکۆشانى‌‌ نێوخۆیى‌‌ ئاشکرا ده‌دزییه‌وه‌. به‌و حاڵه‌ش هیچ کات نه‌یانویست به‌ رێگاى‌‌ ئه‌م بڕیاره‌دا و به‌هۆى‌‌ ره‌خنه‌ى‌‌ روون و ئاشکرا مه‌به‌سته‌کانیان ببه‌نه‌ پێش. چونکه‌ ئه‌وان بۆ ئه‌م مه‌به‌ستانه‌یان که‌لکیان له‌ چه‌کى‌‌ ساز کردنى‌‌ ده‌نگۆ و درۆ و بوختانى‌‌ ژاراوى‌‌ و رازیکردنى‌‌ هه‌رکه‌س به‌ قه‌ول و به‌ڵێنى‌‌ تایبه‌ت به‌خۆى‌‌ وه‌رده‌گرت. ئه‌م جۆره‌ میتۆدانه‌ش رووى‌‌ کۆڕ و کۆبوونه‌وه‌ى‌‌ ئاشکرا و ئۆرگانى‌‌ نێوخۆیى‌‌ حیزبیان نه‌بوو، چونکه‌ ده‌ست به‌جێ پووچه‌ڵ ده‌کرانه‌وه‌.

نه‌بوونى‌‌ بڕیارێکى‌‌ له‌م چه‌شنه‌ له‌ پێشوودا، به‌ ماناى‌‌ ئه‌وه‌ نیه‌ که‌ ئازادیى‌‌ بیروڕا ده‌ربڕین له‌ حیزبى‌‌ دێمۆکرات‌دا نه‌بووه‌، تا به‌هۆى‌‌ ئه‌م لێکدانه‌وه‌یه‌ "هه‌ر هه‌موو هه‌وڵ و خه‌باتى‌‌ حیزبى‌‌ دێمۆکرات... بۆ ئه‌وه‌ى‌‌ حیزب به‌ راستى‌‌ ببێ به‌ حیزبێکى‌‌ دێمۆکرات" یا ناو و ناوبانگى‌‌ دێمۆکراتبوونى‌‌ دوکتور قاسملوو و نازناوى‌‌ "مامۆستاى‌‌ دێمۆکراسى‌‌" بوونه‌که‌ى‌‌ بچێته‌ ژێر پرسیار. زۆر پێش ئه‌وه‌ى‌‌ نووسه‌رانى‌‌ "ئاوڕدانه‌وه‌" رێگایان بکه‌وێته‌ نێو حیزبى‌‌ دێمۆکرات،که‌سانێک له‌ ئوپۆزیسیۆنى‌‌ ئه‌مرۆ شانبه‌شانى‌‌ دوکتور قاسملوو هه‌وڵى‌‌ جێگیرکردنى‌‌ پره‌نسیپه‌ دێمۆکراتیکه‌کانیان له‌ نێو ئه‌م حیزبانه‌دا ده‌دا. ئه‌م جۆره‌ "سفسگه" و ئیستیدلالانه‌ش مرۆڤى‌‌ تێگه‌یشتوویان پێ هه‌ڵ ناخه‌ڵه‌تێ. حیزبى‌‌ دێمۆکرات له‌ کۆنگره‌کانى‌‌ دواى‌‌ رووخانى‌‌ رێژیمى‌‌ پاشایه‌تى‌‌دا پابه‌ندى‌‌ به‌ به‌یاننامه‌ى‌‌ جیهانیى‌‌ مافى‌‌ مرۆڤ و کنوانسیۆنه‌کانى‌‌ سه‌ر به‌م به‌یاننامه‌یه‌ى‌‌ هێناوه‌ته‌ نێو به‌رنامه‌ى‌‌ خۆى‌‌. به‌ڵام له‌ سه‌رده‌مى‌‌ کۆمارى‌‌ کوردستان‌دا، زۆر له‌و ماف و ئازادییانه‌ى‌‌ له‌و به‌یاننامه‌یه‌دا هاتوون ،بۆ که‌مایه‌تى‌‌یه‌ نه‌ته‌وه‌یى‌‌ و ئایینى‌‌یه‌کان دابین و ده‌سته‌به‌رى‌‌ کردبوون. ئه‌وه‌ له‌ حاڵێک‌دا بوو که‌ هێشتا ئه‌و به‌یاننامه‌ جیهانى‌‌یه‌ هه‌ر بڵاو نه‌ببۆوه‌. ئایا ده‌کرێ بڵێین چونکه‌ حیزب له‌م 25 ساڵه‌ى‌‌ دوایى‌‌دا باسى‌‌ مافى‌‌ مرۆڤى‌‌ هێناوه‌ته‌ نێو به‌رنامه‌که‌ى‌‌، پێشتر دژى‌‌ مافى‌‌ مرۆڤ بوو؟!

شاکارێکى‌‌ دیکه‌ى‌‌ "ئاوڕدانه‌وه‌"ى‌‌ قۆڵى‌‌ ده‌سه‌ڵاتدار، خۆبواردن له‌ خاڵى‌‌ 3 ى‌‌ نامه‌ى‌‌ ئۆپۆزیسیۆنى‌‌ نێوخۆى‌‌ حیزبى‌‌ دێمۆکرات و زۆر رۆیشتنى‌‌ له‌سه‌ر پره‌نسیپى‌‌ ئازادیى‌‌ بیروڕا ده‌ربڕین له‌ حیزبى‌‌ دێمۆکرات، له‌ جێگاى‌‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ به‌و خاڵه‌یه‌. قسه‌ له‌وه‌ نیه‌ که‌ زۆرشت له‌ حیزبى‌‌ دێمۆکرات‌دا وه‌ک پره‌نسیپ هه‌ن، قسه‌که‌ ئه‌وه‌یه‌ بۆچى‌‌ رێگا ناده‌ن ئه‌م پره‌نسیپانه‌ به‌ڕێوه‌بچن. قۆڵى‌‌ ده‌سه‌ڵاتدار له‌ سه‌ره‌تادا به‌ تایبه‌ت  له‌ نێوان کۆنگره‌ى‌‌ 12 بۆ 13دا، قسه‌کانى‌‌ خۆیان که‌ تاوانبارکردنى‌‌ هاوڕێیانیان به‌ لادان له‌ رێبازى‌‌ دوکتور قاسملوو و که‌مڕه‌نگ کردنى‌‌ کار و تێکۆشانى‌‌ حیزبى‌‌ و به‌دگویى‌‌ سکرتێر و به‌رپرسانى‌‌ حیزبى‌‌ بوو، له‌ سایته‌کان و به‌شێوه‌ى‌‌ نهێنى‌‌ و مه‌حفه‌لى‌‌ بڵاو ده‌کرده‌وه‌ و له‌ بڕیارى‌‌ په‌سندکراوى‌‌ کۆنگره‌بۆ ده‌ربڕینى‌‌ مه‌به‌سته‌کانى‌‌ خۆیان که‌ڵکیان وه‌رنه‌ده‌گرت. له‌ دواى‌‌ کۆنگره‌ و ته‌نانه‌ت له‌ کۆنفرانسه‌کانى‌‌ پێش کۆنگره‌ش‌دا کۆسپیان هێنایه‌ سه‌ر رێگاى‌‌ ئازادیى‌‌ بیروڕا ده‌ربڕین و هه‌ڕه‌شه‌یان کرد ئه‌گه‌ر ته‌ون و به‌ست و ده‌سته‌به‌ندیى‌‌ نهێنیى‌‌ ئه‌وان له‌ قاوبدرێ، له‌ به‌رامبه‌ر شێوانى‌‌ کۆبوونه‌وه‌کان و بێحورمه‌تیکران به‌ هاوڕێیانى‌‌ ره‌خنه‌گر و ناڕازى‌‌دا به‌رپرس نابن. ئه‌مه‌یه‌ هه‌موو باوه‌ڕ و رێزى‌‌ ئه‌وان له‌ ئاست پره‌نسیپى‌‌ ئازادیى‌‌ بیروڕا ده‌ربڕین . له‌ کۆبوونه‌وه‌کانى‌‌ دواى‌‌ کۆنگره‌ى‌‌ 13وه‌  بێحورمه‌تى‌‌ به‌ که‌سانێک که‌ ره‌خنه‌ له‌ سکرتێر و رێبه‌ریى‌‌ هه‌ڵبژێراوى‌‌ کۆنگره‌ى‌‌ سێزده‌ ده‌گرن بووه‌ به‌ شتێکى‌‌ باو که‌ لێى‌‌ ناپرسرێته‌وه‌ و ته‌نانه‌ت ئه‌و که‌سانه‌ى‌‌ ئه‌و جۆره‌ بێحورمه‌تیانه‌ ده‌که‌ن ته‌شویقیش ده‌کرێن. زۆر پێشمه‌رگه‌ش هه‌ر به‌ تاوانى‌‌ ناڕه‌زایه‌تى‌‌ ده‌ربڕین له‌و ره‌فتار و کرده‌وانه‌ى‌‌ ده‌سه‌ڵاتداران که‌وتوونه‌ته‌ به‌ر رق و به‌ بیانوویه‌کى‌‌ دیکه‌ به‌ڵام له‌ راستى‌‌دا هه‌ر به‌ تاوانى‌‌ بیروڕا ده‌ربڕین، سزادراون.

ده‌بێ حیکمه‌تى‌‌ خۆبواردنى‌‌ نووسه‌رانى‌‌ "ئاوڕدانه‌وه‌" له‌ خاڵى‌‌ 3 چى‌‌ بێ؟ مه‌سه‌له‌که‌ زۆر روونه‌. ئه‌وان ئه‌گه‌ر بڵێین کاک مسته‌فا وه‌ڵامێکى‌‌ زۆر باشى‌‌ به‌ نه‌زمى‌‌ ئه‌فشار داوه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ هه‌موو خه‌ڵک به‌ تایبه‌ت له‌ ده‌ره‌وه‌ى‌‌ حیزبى‌‌ دێمۆکرات پێکه‌نینیان پێ دێ و ره‌خنه‌ و ناڕه‌زایه‌تییان له‌م وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌ چه‌ند ئه‌وه‌نده‌ى‌‌ دیکه‌ زیاد ده‌کا. ئه‌گه‌ر دان به‌ هه‌ڵه‌بوونى‌‌ وه‌ڵامه‌که‌ دابنێن، ئه‌وه‌ ئه‌و ئوستووره‌یه‌ى‌‌ به‌خه‌یاڵى‌‌ خۆیان له‌ سه‌رۆکى‌‌ قۆڵه‌که‌یان دروستیان کردوه‌ دێته‌ ژێر پرسیار. پاشان ئه‌وان هه‌روه‌ک به‌کرده‌وه‌ نیشانیان داوه‌ نه‌ ئه‌هلى‌‌ ره‌خنه‌ له‌ خۆگرتنن نه‌ ئازایه‌تیى‌‌ ره‌خنه‌گرتن له‌ سه‌رۆک قۆڵى‌‌ خۆیان هه‌یه‌. ئه‌گه‌ر قسه‌کانى‌‌ کاک مسته‌فاش دووپات بکه‌نه‌وه‌ که‌ وه‌ڵامى‌‌ ئه‌م نامه‌یه‌ به‌ ئه‌نقه‌ست و بۆ پووچه‌ڵکردنه‌وه‌ى‌‌ پیلانى‌‌ دوژمنانى‌‌ ره‌نگاوره‌نگ له‌ دژى‌‌ دوو نه‌ته‌وه‌ى‌‌ کورد و ئازه‌ربایجانى‌‌ به‌م جۆره‌ دراوه‌ته‌وه‌، که‌س به‌ جیددى‌‌ وه‌رناگرێ. چونکه‌ هه‌ر ناوبراو بۆ خۆى‌‌ گوتبووى‌‌ ئه‌م نامه‌یه‌ نهێنى‌‌یه‌ و نه‌ده‌بوو بڵاو ببێته‌وه‌. بۆیه‌ نووسه‌رانى‌‌ "ئاوڕدانه‌وه‌" گونجاوترین رێگایان دیاره‌ به‌ لێکدانه‌وه‌ى‌‌ خۆیان هه‌ڵ بژاردوه‌ و کورد گوته‌نى‌‌ به‌ردێکیان له‌ سه‌ر داناوه‌. به‌ڵام ئه‌و کاره‌ ئه‌گه‌ر توانیوێتى‌‌ بۆ نووسه‌رانى‌‌ "ئاوڕدانه‌وه‌" رێگایه‌کى‌‌ گونجاو بێ بۆ خودزینه‌وه‌، بۆ خه‌ڵکى‌‌ تووڕه‌ له‌ نێوه‌رۆکى‌‌ نامه‌ى‌‌ نه‌زمى‌‌ ئه‌فشار و وه‌ڵامى‌‌ کاک مسته‌فا هیجرى‌‌ نابی به‌ جواب!  

درێژه‌ى‌‌ هه‌یه‌
له‌ لایه‌ن ئۆپۆزیسیۆنى‌‌ نێوخۆیى‌‌
حیزبى‌‌ دێمۆکراتى‌‌ کوردستانى‌‌ ئێرانه‌وه‌

1385.08.18   2006.11.09

به‌شی یه‌ک و دووی وه‌ڵامێک

 سه‌ره‌وه‌. ده‌سپێک.

ئه‌م بابه‌ته‌ چاپ بکه‌!

   ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ هاوڕێکه‌ت بنێره:

© www.giareng.com
All rights reserved 2005.