Ö:: رێوڕه‌سمێكی‌ تایبه‌تی‌ له‌ بنكه‌ی‌ ده‌فته‌ری‌ سیاسیی‌ حیزب به‌ بۆنه‌ی‌ رۆژی‌ پێشمه‌رگه

سه‌رچاوه‌: ماڵپه‌ری کوردستان و کورد

رێوڕه‌سمێكی‌ تایبه‌تی‌ له‌ بنكه‌ی‌ ده‌فته‌ری‌ سیاسیی‌ حیزب به‌ بۆنه‌ی‌ رۆژی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ كوردستانه‌وه
به‌یانیی‌ رۆژی‌ دووشه‌ممه‌ 27ی‌ سه‌رماوه‌ز بۆ رێزگرتن له‌ رۆژی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ كوردستان، رێوڕه‌سمێكی‌ به‌ شكۆ له‌ ساڵۆنی‌ گشتی‌ له‌ بنكه‌ی‌ ده‌فته‌ری‌ سیاسیی‌ حیزب به‌ به‌شداریی‌ سه‌دان كه‌س له‌ تێكۆشه‌رانی‌ حیزب و بنه‌ماڵه‌كانیان به‌ڕێوه‌چوو. ئه‌و رێوڕه‌سمه‌ سه‌عات 9 و چل ده‌قیقه‌ی‌ به‌یانی‌ به‌ رێپێوانی‌ ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی‌ یه‌كیه‌تیی‌ ژنانی‌ دیموكراتی‌ كوردستان و یه‌كیه‌تیی‌ لاوانی‌ دیموكراتی‌ كوردستان و قوتابیانی‌ قوتابخانه‌ی‌ ئازادی‌ ده‌ستی‌ پێ كرد كه‌ به‌ جل‌وبه‌رگی‌ پێشمه‌رگانه‌ و هه‌روه‌ها ژماره‌یه‌كی‌ به‌رچاویان به‌ جل‌وبه‌رگی‌ ره‌نگاوڕه‌نگ كه‌ هێمای‌ ئاڵای‌ كوردستان بوو چوونه‌ ساڵۆنی‌ مه‌راسمه‌كانی‌ حیزب و له‌به‌ر ده‌رگا له‌ لایه‌ن مامۆستا عه‌بدوڵڵای‌ حه‌سه‌ن‌زاده‌ و ئه‌ندامانی‌ ده‌فته‌ری‌ سیاسیی‌ حیزبی‌ دیموكراتی‌ كوردستانه‌وه‌ پێشوازییان لێ‌ كرا.

سه‌عاتی‌ 10به‌ سروودی‌ نه‌ته‌وایه‌تیی‌ ئه‌ی‌ ره‌قیب و ده‌قیقه‌یه‌ك بێده‌‌نگی بۆ رێزگرتن له گیانی پاكی شه‌هیدان رێوڕه‌سمه‌كه‌ ده‌ستی‌ پێ كرد. پاشان به‌ڕێز مامۆستا عه‌بدوڵڵای‌ حه‌سه‌ن‌زاده‌ له‌ پێوه‌ندی‌ له‌گه‌ڵ‌ رێزگرتن له‌ رۆژی‌ 26ی‌ سه‌رماوه‌ز رۆژی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ كوردستان و رووداوی‌ نه‌خوازراوی‌ ئه‌م دوایی‌یانه‌ كه‌ به‌سه‌ر حیزب‌دا هات، هه‌روه‌ها له‌سه‌ر هه‌ڵوێست وروانین و هێڵه‌گشتی‌یه‌كانی‌ حیزبی‌ دێموكراتی‌ كوردستان قسه‌ی‌ بۆ به‌شداران كرد. به‌ڕێزیان له‌ به‌شێك له‌ وته‌كانی‌دا گوتی‌ ئێمه‌ سه‌باره‌ت به‌و له‌تبوونه‌ی‌ كه‌ له‌ حیزبه‌كه‌مان‌دا به‌سه‌رمان‌دا سه‌پا، ئه‌وه‌نده‌ كه‌ پێوه‌ندیی‌ به‌ ئێمه‌وه‌ هه‌یه‌ داوای‌ لێبوردن له‌ گه‌لی‌ كورد ده‌كه‌ین. هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌ كرد كه‌ به‌ هه‌موو تواناوه‌ تێ‌ده‌كۆشین گیانێكی‌ تازه‌ وه‌به‌ر حیزبه‌كه‌مان بنێینه‌وه‌. به‌ڕێز مامۆستا له‌ به‌شێكی‌ دیكه‌ له‌ قسه‌كانی‌دا گوتی‌ زۆر كه‌س كه‌ به‌هۆی‌ جۆراوجۆر له‌ حیزب دوور كه‌وتوونه‌ته‌وه‌ ئێمه‌ داوایان لێ‌ده‌كه‌ین هاوكاریی‌ حیزبه‌كه‌یان ده‌ست پێ‌بكه‌نه‌وه‌ و، تا ئێستا له‌وباره‌وه‌ زۆرمان هه‌وڵ‌ داوه‌، به‌ڵام كارشكێنیمان له‌گه‌ڵ‌ ده‌كرا، له‌مه‌ودوا به‌ ئامێزی‌ ئاواڵاوه‌ چ بۆ نێو ریزه‌كانی‌ حیزب و چ بۆ هاوكاری‌ كردن له‌گه‌ڵ‌ حیزب دا وه‌ریان ده‌گرین و رێزیان ده‌گرین. به‌ڕێز مامۆستا گوتی‌: ده‌بێ‌ گرینگیی‌ زیاتر بدرێ‌ به‌ لاوان، رووناكبیران و ژنان. ده‌بێ‌ له‌ حیزب‌دا میكانیزمێكی‌ نوێ‌ دابمه‌زرێ‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ ئه‌وان له‌ رێبه‌ری‌ و به‌ڕێوه‌بردنی‌ كاروباری‌ حیزب‌دا رۆڵی‌ به‌رچاویان هه‌بێ‌.

هه‌روه‌ها له‌ به‌شێكی‌ دیكه‌ی‌ قسه‌كانی‌دا هیوای‌ ده‌ربڕی‌ له‌گه‌ڵ‌ هاوڕێیانی‌ پێشوو بتوانرێ‌ له‌ چوارچێوه‌ی‌ به‌ره‌یه‌كی‌ كوردستانی‌‌دا درێژه‌ به‌ هاوكاری‌ و هاوخه‌باتی‌ بدرێ‌.

له‌ بڕگه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ رێوڕه‌سمه‌كه‌دا شاعیری‌ شۆڕشگێڕ مامۆستا "بێ‌به‌ش" له‌گه‌ڵ‌ خوێندنه‌وه‌ی‌ سوپاسنامه‌ی‌ كومیته‌ی‌ ناوه‌ندیی‌ حیزبی‌ دیموكراتی‌ كوردستان و لیسته‌ی‌ ئه‌و كۆمیتانه‌ی‌ حیزب كه‌ تا ئێستا له‌ وڵات و شوێنه جۆراوجۆره‌كان پشتیوانییان له‌ هه‌ڵوێستی‌ 15ی‌ سه‌رماوه‌زی‌ حیزبی‌ دیموكراتی‌ كوردستان كردوه‌، یه‌كێك له‌ شێعره‌كانی‌ خۆی‌ به‌ ناوی‌ "سڵاو له‌ تۆ ئه‌ی‌ پیشمه‌رگه‌"ی‌ خوێنده‌وه‌.

پاشان په‌یامی‌ یه‌كیه‌تیی‌ لاوانی‌ دیموكراتی‌ كوردستان له‌ لایه‌ن سكرتێری‌ گشتیی‌ ئه‌و یه‌كیه‌تی‌یه‌ واته‌ به‌ڕێز ره‌حمان سه‌لیمی‌یه‌وه‌ و به‌ دوای‌ ئه‌ودا په‌یامی‌ یه‌كیه‌تیی‌ ژنانی‌ دیموكراتی‌ كوردستان له‌ لایه‌ن به‌ڕێز عیسمه‌ت نه‌ستانی‌ سكرتێری‌ ئه‌و یه‌كیه‌تی‌یه‌ پێشكه‌ش کران.‌

" سڵاوی‌ گه‌رمی‌ دڵی‌ پڕهومێدی‌ مه‌ت پێشكه‌ش" گۆرانی‌یه‌ك بوو كه‌ به‌ ده‌نگی‌ هونه‌رمه‌ندی‌ لاو گزینگ باڵه‌كی‌ رێوڕه‌سمه‌كه‌ی‌ رازانده‌وه‌.

شاعیری‌ تێكۆشه‌ر كاك ئه‌حمه‌دی‌ قادری‌ له‌ بڕگه‌یه‌كی‌ دیكه‌ی‌ رێوڕه‌سمه‌كه‌دا شێعری‌ "پێشمه‌رگه‌"ی‌ پێشكه‌ش كرد. سروودی‌ "مه‌ڕێژن بۆم فرمێسكی‌ غه‌م" له‌ لایه‌ن كۆرسی‌ یه‌كیه‌تیی‌ ژنانه‌وه‌ به‌ڕێوه‌چوو. خوشكه‌ سوهه‌یلا قادریش یه‌كێك له‌ شێعره‌كانی‌ پێشكه‌شی‌ به‌شداران كرد. هه‌روه‌ها هونه‌رمه‌ند فه‌رهادی‌ ساڵحی‌ گۆرانی‌یه‌كی‌ شادی‌ پێشكه‌ش كرد. دوو پارچه‌ شێعری‌ دیكه‌ له‌ لایه‌ن شاعیران عه‌بباس هه‌ق بین و عه‌بدوڵڵا سه‌یداوه‌ خوێندرانه‌وه‌. تیپی‌ هه‌ڵپه‌ڕكێی‌ رۆژهه‌ڵاتیش چه‌ند نموونه‌ هه‌ڵپه‌ڕكێی‌ كوردی‌ نمایش كرد. دوو گۆرانی‌ كه‌ یه‌كیان به‌ كرمانجی‌ و ئه‌وی‌ تریان سۆرانی‌ بوو به‌ ده‌نگی‌ گزینگ باڵه‌كی‌ و شوانه‌ بڵكامه‌ رێوڕه‌سمه‌كه‌یان رازانده‌وه‌.

هه‌ر له‌و رێوڕه‌سمه‌دا رێز له‌ هاورێی‌ خۆڕاگر كاك محه‌ممه‌د شاروێرانی‌ گیرا كه‌ ساڵانێكی‌ زۆر له‌ به‌ندیخانه‌ی‌ رێژیم‌دا ئه‌شكه‌نجه‌ كراوه‌ و ئێستا كه‌م ئه‌ندامه‌.

رێوڕه‌سمی‌ 26ی‌ سه‌رماوه‌ز سه‌عات 5/12ی‌ نیوه‌ڕۆ به‌ هه‌ڵپه‌ڕكێی‌ به‌شداربووان كۆتایی‌ پێ‌هات. جێگه‌ی‌ سه‌رنجه‌ كه‌ هه‌ر له‌و مه‌راسمه‌دا كچ و كوڕێكی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ دێمۆكرات ژیانی‌ هاوبه‌شیان پێك هێنا و بووك و زاوا له‌ ساڵونی‌ مه‌راسمه‌كه‌ و له‌و جه‌ژنه‌دا به‌شدار بوون.

به‌شدارانی‌ جێژنی‌ 26ی‌ سه‌رماوه‌زی‌ ئه‌مساڵ‌ به‌ راده‌یه‌ك زۆربوون كه‌ به‌شێكی‌ به‌رچاویان ناچاربوون له‌ هه‌وای‌ ساردی‌ ئه‌م وه‌رزه‌دا له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ساڵۆنی‌ گشتی‌‌ڕا  گوێ‌ بۆ وته‌كانی‌ به‌ڕێز حه‌سه‌ن‌زاده‌ و بابه‌ته‌ سیاسی‌ و هونه‌ری‌یه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ ئه‌م رێوڕه‌سمه‌ رابگرن.

مه‌راسیمی‌ 26ی‌ سه‌رماوه‌ز له‌ نێو به‌رنامه‌ی‌ شاد و هه‌ڵپه‌ڕكێی‌ كچان و كوڕانی‌ لاوی‌ دێمۆكرات‌دا كۆتایی‌ پێ‌هات.

ماڵپه‌ڕی‌ كوردستان و كورد به‌ زوویی‌ ده‌قی‌ وتاره‌ گرنگه‌كه‌ی‌ رێزدار حه‌سه‌ن‌زاده‌ له‌م بیره‌وه‌ی‌یه‌ مێژوویی‌یه‌دا به‌ ئاگاداریی‌ خوێنه‌ران و ئۆگران ده‌گه‌یه‌نێ‌. 

سه‌رچاوه‌: ماڵپه‌ری کوردستان و کورد








بۆ وێنه‌کانی جێژنی 26ی سه‌رماوه‌ز له‌ بنکه‌ی ده‌فته‌ری سیاسی فه‌رموون ئێره‌ سه‌یر بکه‌ن

 سه‌ره‌وه‌. ده‌سپێک.

ئه‌م بابه‌ته‌ چاپ بکه‌!

   ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ هاوڕێکه‌ت بنێره:

© www.giareng.com
All rights reserved 2005.