Ö:: دوو کورته په‌خشان:

نووسینی: کارۆ . وه‌رگێڕانی: که‌ریم تاقانه

(1) فرمێسکی ترێ..!
دڵم له‌م هه‌موو چاره‌ڕه‌شی‌یه، له‌م هه‌موو خوێن‌خۆری‌و خراپه‌کارییانه گیرابوو. چوومه لای هاوڕێکه‌م و پێم گوت:
"
وه‌ره ده‌با له‌پێناوی ساتێک بیرچوونه‌وه‌دا، چه‌ند پیاڵه‌یه‌ک مه‌ی هه‌ڵده‌ین... "
په‌نامان برده ژێر دارێکی ترێ که ته‌نیا داری ماڵمان بوو. هێشتا هه‌وه‌ڵین پیاڵه‌ی شه‌ڕابم هه‌ڵنه‌دابوو که دڵۆپێک ئاو له لقێکی شکاوی سه‌ر به‌ره‌و خواره‌وه‌ که‌وته ئامێزم.
به‌سه‌رسوڕمانه‌وه له هاوڕێکه‌مم پرسی:
"ئه‌م دڵۆپه چ بوو..؟ له کوێوه باری..؟ خۆ هیچ هه‌ور به ئاسمانه‌وه نی‌یه..؟ "
هاوڕێکه‌م وه‌ڵامێکی وای دامه‌وه ده‌روونی هه‌ژاندم، گوتی:
"داره ترێکه‌یه‌ ده‌گری..! ئه‌و ده‌یهه‌وێ تێمان بگه‌یه‌نێ‌و بڵێ:
"
بێ‌ویژدانه‌کان! ئێوه لانی‌که‌م خوێنی خۆم له‌ به‌رچاوم‌دا مه‌خۆنه‌وه!!. "

(2)  بێناوێکی وننه‌بوو..!
له‌نێو هه‌موو ئه‌و جۆگانه‌دا که له‌گه‌ڵ گشت ڕووباره‌کان‌دا تێکه‌ڵی ده‌ریا ده‌بوون، جۆگه‌له‌یه‌کی بچووکیش هه‌بوو حه‌زی نه‌ده‌کرد تێکه‌ڵاوی زه‌ریا ببێ..!
کاتێ که جۆگه‌له‌کانی دیکه پرسییان، بۆ؟
گوتی: " ئه‌من هه‌رچه‌ند له به‌رامبه‌ر گه‌وره‌ییی ده‌ریادا فره هیچ‌و بێ‌ده‌سه‌ڵاتم، به‌ڵام ئه‌من "بێناوێکی وننه‌بوو"م، له "ناودارێکی ونبوو" زیاتر خۆش ده‌وێ!!.. "

 سه‌ره‌وه‌. ده‌سپێک.

ئه‌م بابه‌ته‌ چاپ بکه‌!

   ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ هاوڕێکه‌ت بنێره:

© www.giareng.com
All rights reserved 2005.