Ö:: بۆ بیروڕای گشتیی

عه‌لی مێهرپه‌روه‌ر

بۆ بیروڕای گشتیی
خه‌ڵكی تێكۆشه‌ری كوردستان!
دۆستان، دڵسۆزان، ئه‌‌ندامان. لایه‌‌نگران و
كادرو پێشمه‌‌رگه‌ فیداكاره‌‌كانی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران!
له‌ كاتێك دا هه‌لومه‌رجی خه‌بات له‌ ئێران و به‌تایبه‌ت له‌ کوردستان دا پتر له‌ هه‌موو کات پێویستی به‌‌ یه‌‌كڕیزی و كۆده‌‌نگی نێو رێكخراوه‌ سیاسییه‌‌كان هه‌یه‌، له‌ کاتێک دا هه‌وڵدان بۆ پێکهێنانی به‌ره‌ی کوردستانی له‌ رۆژهه‌ڵاتی کوردستان دا وه‌ک پێویستییه‌کی مێژوویی که‌وتوه‌ته‌ به‌رباس، به‌‌داخه‌‌وه‌ ململانێی نادروستی جیناحی سه‌‌ر ئه‌‌نجام زه‌‌بری گورچوبڕی خۆی له‌ په‌‌یكه‌‌ری حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران، حیزبی جێی متمانه‌ و باوه‌‌ڕی خه‌ڵكی كوردستان وه‌‌شاند و ئه‌‌و حیزبه‌‌ خۆشه‌ویست و یادگاره‌ی قازی و قاسملوو و شه‌ره‌فكه‌ندی، دوو كه‌رت كرد. ئه‌و له‌ت بوونه‌ نه‌ته‌نیا به‌زیانی حیزبه‌كه‌یه‌‌، به‌ڵكوو بزووتنه‌وه‌ی كورد له‌ کوردستانی ئێران دا تووشی خه‌سارێکی قه‌ره‌بوونه‌ كراو ده‌کا.

من وه‌ك که‌سێک که‌ ده‌یان ساڵ‌ به‌رپرسایه‌تیم له‌و حیزبه‌دا له‌سه‌رشان بووه‌، به‌ هه‌ست کردن به‌ مه‌ترسیی ئه‌و ململانێیه‌ و راگرتنی بێلایه‌نی و هه‌ڵویستی سه‌ربه‌خۆی خۆم، له‌ پێناوی یه‌كڕیزی ئه‌و حیزبه‌ و نزیك كردنه‌وه‌ی داخوازه‌کانی ئه‌و دوو جیناحه‌ له‌ یه‌کتر، ئه‌وپه‌ڕی هه‌وڵم دا و به‌كرده‌وه‌ ئه‌و راستیه‌م سه‌لماند. به‌ڵام به‌ پێچه‌وانه‌ی ویست و داخوازه‌كانی من و زۆر كه‌سی دیكه‌ش له‌ حیزب دا، به‌داخه‌وه‌، ئه‌وه‌ی  نه‌ده‌بوو روو بدا، ڕووی دا و هاته‌ دی. بۆیه‌ به‌مه‌به‌ستی ده‌ربڕینی ناڕه‌زایه‌تی و مه‌حكووم كردنی ئه‌و له‌ت بوونه، به‌و په‌ڕی ناڕه‌حه‌تی و په‌رۆشه‌وه‌ له‌ رێكه‌وتی بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م راگه‌یه‌ندراوه‌وه‌، له‌ هه‌مان کاتدا که‌ ئۆگری خۆم به‌ ئامانجه‌ پیرۆزه‌کانی حیزبی دێموکرات و گه‌لی کورد دووپات ده‌که‌مه‌وه‌ و به‌رده‌وام ده‌بم له‌سه‌ر خه‌بات له‌ پێناوی وه‌دیهاتنی ئه‌و ئامانجانه‌، راگرتنی تێكۆشانی سیاسیی خۆم له‌ چوارچێوه‌ی حیزبایه‌تیدا، ڕاده‌گه‌یه‌نم.

به‌م حاڵه‌یشه‌وه‌، پێوه‌ندی شه‌خسیی خۆم له‌گه‌ڵ هه‌موو هاوسه‌نگه‌رانم له‌ حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران دا ناپسێنم و رێزی بۆ داده‌نێم و ده‌یپارێزم.

عه‌لی مێهرپه‌روه‌ر

ئه‌ندامی ده‌فته‌ری سیاسیی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران

16/09/1385 (7.12.2006)

 سه‌ره‌وه‌. ده‌سپێک.

ئه‌م بابه‌ته‌ چاپ بکه‌!

   ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ هاوڕێکه‌ت بنێره:

© www.giareng.com
All rights reserved 2005.