Ö:: هاوڕێى تێکۆشه‌ر، کاک عه‌لى مێهرپه‌روه‌ر جێگاى له‌نێو دڵى هاوڕێ نزیکه‌کانى دایه‌

کومیته‌ى ناوه‌ندیى حیزبى دیمۆکراتى کوردستان ـ ئێران

هاوڕێى تێکۆشه‌ر، کاک عه‌لى مێهرپه‌روه‌ر جێگاى له‌نێو دڵى هاوڕێ نزیکه‌کانى دایه‌
زۆر به‌داخه‌وه‌ رۆژى 16/9/85 (7/12/2006) هاوڕێى به‌وه‌ج و تێکۆشه‌ر کاک عه‌لى مێهرپه‌روه‌ر ئه‌ندامى ده‌فته‌رى سیاسى به‌ ده‌رکردنى راگه‌یاندنێک بۆ "بیرو ڕاى گشتى" وه‌ک دژکرده‌وه‌یه‌ک به‌رامبه‌ر به‌ له‌تبوونى حیزبى دیمۆکراتى کوردستانى ئێران "راگرتنى تێکۆشانى سیاسى" ى خۆى "له‌ چوارچێوه‌ى حیزبایه‌تیدا" راگه‌یاند.

ئێمه‌ وێڕاى رێزگرتن له‌ هه‌وڵ و تێکۆشانى چه‌ندین ساڵه‌ى کاک بابه‌ عه‌لى له‌ ریزى پێشه‌وه‌ى رێبه‌رایه‌تیى حیزبه‌که‌مان دا و هه‌روه‌ها سوپاسى له‌ هه‌وڵ و تێکۆشانى دڵسۆزانه‌ى بۆ پاراستنى یه‌کڕیزیى حیزب، ئه‌وپه‌ڕى داخ و که‌سه‌رى خۆمان له‌و بڕیاره‌ى به‌ڕێزى راده‌گه‌یه‌نین و ئاواته‌خوازین ئه‌مه‌ دوابڕیارى نه‌بێ و جارێکى دیکه‌ ئه‌و هاوڕێ به‌ ئه‌زموونه‌ له‌ ته‌نیشتى خۆمان ببینین. به‌ش به‌ حاڵى خۆمان به‌ ئه‌مانه‌ت و سه‌داقه‌ته‌وه‌ باوه‌شمان بۆ هاوخه‌باتى له‌گه‌ڵ کاک بابه‌ عه‌لى ئاوه‌ڵایه‌ و به‌وپه‌ڕى خۆشحاڵى و شانازییه‌وه‌ ئاماده‌ین له‌ ریزى هه‌ره‌ پێشه‌وه‌ى رێبه‌رایه‌تیى حیزبدا کارى له‌گه‌ڵ بکه‌ین.

هه‌ر له‌و پێوه‌ندىیه‌ش دا بێ ئه‌وه‌ى ئیددعا بکه‌ین که‌ ئێمه‌ هیچ هه‌ڵه‌یه‌کمان نه‌بووه‌، هه‌ر کاک بابه‌ عه‌لى، خۆى به‌ شاهید ده‌گرین که‌ ئێمه‌ چه‌نده‌مان هه‌وڵ دا حیزبى دیمۆکرات تووشى له‌تبوون نه‌بێ و ئه‌و به‌ڕێزه‌ش چه‌ندى هه‌وڵى به‌رپرسانه‌دا که‌ به‌داخه‌وه‌ هیچ وه‌خت لایه‌نى به‌رامبه‌رمان رووى خۆشى له‌گه‌ڵ نیشان نه‌دا و په‌سندى نه‌کرد.

به‌هه‌رحاڵ ئه‌و هاوڕێ خۆشه‌ویسته‌مان له‌ هه‌ر شوێنێک بێ و هه‌ر هه‌ڵوێستێک بگرێ، هه‌روه‌ک خه‌باتگێڕێکى دڵسۆزى حیزبى دیمۆکرات و بزووتنه‌وه‌ى میللى ـ دیمۆکراتیى خه‌ڵکى کوردستانى ده‌ناسین و جێگاى له‌ نێو دڵى هاوڕێ نزیکه‌کانى دایه‌.

کومیته‌ى ناوه‌ندیى
حیزبى دیمۆکراتى کوردستان ـ ئێران

17/ 9/ 1385 (8/12/ 2006)

 سه‌ره‌وه‌. ده‌سپێک.

ئه‌م بابه‌ته‌ چاپ بکه‌!

   ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ هاوڕێکه‌ت بنێره:

© www.giareng.com
All rights reserved 2005.