Ö:: هێڵه‌ گشتی‌یه‌کانى رێبازى ئێمه‌

حیزبى دیموکراتى کوردستان ـ ئێران

هێڵه‌ گشتی‌یه‌کانى رێبازى ئێمه‌

هه‌روه‌ک هاونیشتمانه‌ به‌ڕێزه‌کان و دۆستانى گه‌لى کورد ئاگادارن دواى زیاتر له‌ دوو ساڵ قه‌یرانى ته‌شکیلاتى له‌ نێوخۆى حیزبى دێموکراتى کوردستانى ئێران داو پاش پتر له‌ چوارمانگ هه‌وڵ و ته‌قه‌لا بۆ گێڕانه‌وه‌ى یه‌کپارچه‌یى بۆ ریزه‌کانى حیزب سه‌ره‌نجام به‌ پێچه‌وانه‌ى ویستى خۆمان ملمان بۆ له‌تبوونى حیزبى خۆشه‌ویست و جێ متمانه‌ى خه‌ڵکى کوردستان راکێشا. هه‌ر وه‌ک له‌ به‌یاننامه‌ى راگه‌یاندنى ئه‌و رووداوه‌ نادڵخوازه‌دا گوترا، کارى ئێمه‌ دژایه‌تى له‌ گه‌ڵ هاوسه‌نگه‌رانى پێشوومان نیه‌ و رێگاى خه‌باتگێڕانه‌مان بۆ وه‌دیهێنانى ئامانجه‌کانى گه‌لى کورد له‌ کوردستانى ئێران دا درێژه‌ ده‌ده‌ین و خه‌باتى ئێمه‌رووى ته‌نیا له‌ زه‌وتکه‌رانى ماف و ئازادی‌یه‌کانى خه‌ڵکى کوردستانه‌. له‌و پێوه‌ندىیه‌دا به‌ پێویست ده‌زانین به‌شێک له‌ هێڵه‌ گشتىیه‌کانى رێبازى سیاسى و بنه‌ما ته‌شکیلاتیتیه‌کانى خۆمان بخه‌ینه‌ به‌رچاوى ئه‌ندامان و لایه‌نگرانى حیزب و کۆمه‌ڵانى خه‌ڵکى کوردستان و هه‌موو دۆستانى گه‌لى کورد.

گومان له‌وه‌دا نیه‌ که‌ له‌ هێڵه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌کان دا ئێمه‌ په‌یڕه‌وى له‌و بنه‌ما ته‌شکیلاتى و سیاسییانه‌ ده‌که‌ین که‌ حیزبى دێموکراتى کوردستانیان له‌ سه‌ر دامه‌زراوه‌ و به‌ ده‌ستى رێبه‌رانى به‌ تواناى وه‌ک پێشه‌وا قازى محه‌ممه‌دو دوکتور قاسملوو نه‌خشه‌یان بۆ کێشراوه‌. به‌ڵام هه‌روه‌ک زۆر جارى دیکه‌ش گوتوومانه‌ حیزبى دێموکراتى کوردستان ئۆرگانیزمێکى زیندوویه‌ که‌ ده‌بێ هه‌میشه‌ له‌ حاڵى گه‌شه‌ کردن و ئاڵوگۆڕو پێشکه‌وتن دا بێ. پێویسته‌ له‌ زۆر بوارى سیاسى و دیپلۆماسى و ته‌شکیلاتى و هتددا ئاڵوگۆڕى پێویست پێک بێنین و حیزبه‌که‌مان هه‌میشه‌ له‌ حاڵى گه‌شه‌ کردن و نوێ بوونه‌وه‌دا رابگرین. کۆمه‌ڵى کورده‌وارى و به‌ گشتى ئێران و رۆژهه‌ڵاتى نێوه‌ڕاست و جیهان گۆڕانى زۆر بنه‌ڕه‌تییان تێدا به‌دى هاتوه‌و حیزبى دێموکراتى کوردستان ته‌نیا به‌ پشت به‌ستن به‌ شانازىیه‌کانى رابردووى ناتوانێ وه‌ڵامده‌رى به‌ره‌ى تازه‌ پێگه‌یشتووى کۆمه‌ڵى کورده‌وارى و پێداویستییه‌کانى هه‌ل و مه‌رجى تازه‌ى خه‌بات بێ. ده‌بێ ئه‌وه‌ش زیاد بکه‌ین که‌ پێکهێنانى ئاڵوگۆڕ له‌ ستراتیژى و تاکتیکى حیزب و بنه‌ما فکرى و ته‌شکیلاتییه‌کان دا به‌ هیچ جۆر بێوه‌فایى به‌رامبه‌ر به‌ رێبه‌رانى شه‌هیدو ترازان له‌ رێبازى پیرۆزیان، رێبازى خه‌بات بۆ وه‌ده‌ستهێنانى ماف و ئازادییه‌کانى خه‌ڵکى کوردستان نیه‌. چونکه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌وانیش ئێستا زیندوو بان پێ به‌پێى گۆڕانى هه‌لومه‌رج ئاڵوگۆڕیان له‌ هێڵه‌ سیاسی و ته‌شکیلاتییه‌کان دا پێک دێنا.

راستییه‌که‌ى ئه‌وه‌یه‌ که‌ حیزبى دێموکرات له‌ زۆر باره‌وه‌ پێویستیى به‌ نوێبوونه‌وه‌و ئاڵوگۆڕى بنه‌ڕه‌تى هه‌یه‌، له‌ قه‌واره‌ى ته‌شکیلاتیدا، له‌ پێوه‌ندىیه‌ ته‌شکیلاتییه‌کانى نێوان کادرى رێبه‌رى و رێکخراوه‌کانیدا، له‌ داڕشتنى به‌رنامه‌ و ئامانجه‌ دوورو ستراتیژىیه‌کانیداو له‌ پێوه‌ندىیه‌ سیاسى و دیپلۆماسییه‌کانى له‌گه‌ڵ دنیاى ده‌ره‌وه‌ى خۆىداو، له‌ زۆر روانگه‌ و بۆچوونى خۆى بۆ دنیاى ده‌وروبه‌رىدا به‌جێ و پێویسته‌ به‌خۆىدا بچێته‌وه‌ و ئاڵوگۆڕ پێک بێنێ. چونکه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و کاره‌ نه‌کا هیچ دوور نیه‌ ئۆگران و لایه‌نگرانى که‌ تا ئێره‌ش زۆربه‌ى کۆمه‌ڵانى خه‌ڵکى کوردستان پێک دێنن، له‌ ده‌ورى لابچن و له‌ فکرى دۆزینه‌وه‌ى حیزبى دڵخوازى خۆیان دا بن. ئاڵوگۆڕپێکهێنان به‌ تایبه‌تى بۆ راکێشانى متمانه‌ى به‌ره‌ى خوێنده‌وارو تازه‌ پێگه‌یشتووى کۆمه‌ڵ یه‌کجار پێویست و حه‌یاتییه‌. به‌ڵام شتێکى ئاشکرایه‌ که‌ ئاڵوگۆڕى ته‌واوو هه‌موولاگر له‌ بواره‌ جۆراوجۆره‌کان دا به‌ پێى پره‌نسیپه‌ حیزبى و ته‌شکیلاتییه‌کان ته‌نیا له‌ سه‌لاحیه‌تى کۆنگره‌دایه‌. به‌و پێیه‌ ئه‌وه‌ى ده‌کرێ له‌ ئێستاوه‌ ئاڵوگۆڕى تێدا پێک بێنین ته‌نیا ئه‌و شتانه‌ن که‌ له‌ چوارچێوه‌ى ئه‌سڵه‌کانى به‌رنامه‌ و پێره‌وى نێوخۆى حیزب دا ده‌گونجێن و له‌ ناته‌بایى دانین. له‌ پێوه‌ندى له‌گه‌ڵ ئاڵوگۆڕى گشتگیردا هه‌ر ئه‌ونده‌مان پێ ده‌کرێ که‌ خۆمان به‌رامبه‌ر زه‌مینه‌سازکردن بۆ ئه‌و ئاڵوگۆڕانه‌ له‌کۆنگره‌ دا به‌ به‌رعۆده‌ دابنێین و هه‌موو هه‌وڵه‌کانیشمان بۆ پێکهێنانى کۆنگره‌ له‌ زووترین ده‌رفه‌تى گونجاودا بخه‌ینه‌گه‌ڕ. به‌و پێیه‌ ئه‌وه‌ى له‌م ده‌فه‌رته‌دا ده‌توانین خۆمانى له‌ به‌رامبه‌ردا  به‌به‌رپرس بزانین له‌م هێڵه‌ گشتییانه‌دا خۆى ده‌نوێنى:

 

ئا: له‌ نێو ریزه‌کانى حیزب دائه‌م پره‌نسیپانه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌برێن:

ـ ئازادیى راده‌ربڕین له‌ کۆبوونه‌وه‌ حیزبییه‌کاندا  (چ کۆبوونه‌وه‌ى ئۆرگان و چ کۆبوونه‌وه‌ى به‌ربڵاوتر) و هه‌روه‌ها له‌ بڵاوکراوه‌ى نێوخۆیى حیزب دا بۆ هه‌موو ئه‌ندامانى حیزب مسۆگه‌ر ده‌کرێ. هه‌روه‌ک له‌ بڕیارنامه‌ى کۆنگره‌ى دوازده‌دا هاتوه‌ هه‌موو که‌س هه‌قى هه‌یه‌ له‌سه‌ر هه‌رکام له‌ روانگه‌ و سیاسه‌ته‌کانى حیزب ته‌نانه‌ت له‌ سه‌ر دروشمه‌ ستراتیژى و ئامانجه‌ درێژخایه‌نه‌کان و له‌ سه‌ر هه‌ر که‌س و ئورگانێک نه‌زه‌رێکى هه‌یه‌ ده‌رى ببڕێ، ته‌نیا به‌و مه‌رجه‌ که‌ ده‌رفه‌ت به‌ بیروڕاى به‌رامبه‌ر بداو له‌ به‌کارهێنانى وشه‌و زاراوه‌ى ئه‌وتۆ که‌ هه‌ستى هاوڕێیان بریندار بکا یان بێ حورمه‌تى به‌ که‌سێک بێ، خۆبپارێزێ. له‌ سه‌ر ئورگانه‌کانى حیزبه‌ هه‌ر که‌س ئه‌و ئازادىیه‌ به‌رته‌سک بکاته‌وه‌ یان پێشى پێ بگرێ، بخاته‌ ژێر لێپرسینه‌وه‌ و سزاى حیزبیى بۆ دیارى بکا.

ـ ئه‌م حیزبه‌ ئى هه‌مووانه‌ و به‌ هه‌مووانه‌وه‌ جوانه‌. که‌وابوو ده‌بێ له‌ ته‌واوى تواناو لێوه‌شاوه‌یییه‌کان بێ له‌به‌رچاوگرتنى هیچ چه‌شنه‌ جیاوازییه‌کى جینسى، ته‌مه‌نى، ناوچه‌یى، ئایینى و هى دیکه‌ به‌ قازانجى به‌ره‌وپێشبردنى کاروبارى حیزبى که‌ڵک وه‌رگیرێ و ده‌رفه‌رتى وه‌ک یه‌کى پێشکه‌وتن و چوونه‌سه‌ر بۆ هه‌مووان بڕه‌خسێندرێ.

ـ سه‌ره‌ڕۆیى و ته‌کڕه‌وى له‌ حیزب دا جێگاى نیه‌. ده‌بێ له‌ ئه‌قڵى به‌ کۆمه‌ڵى هه‌موو ئه‌ندامانى رێبه‌رى و هه‌موو ئه‌ندامانى به‌ تواناى حیزبى هه‌رکامیان به‌ پێى میکانیزمى گونجاوى خۆیان که‌ڵک وه‌رگیرێ.

ـ سیاسه‌ت و هه‌ڵوێسته‌کاته‌کانمان بنه‌ماى روون و قائیمى تیئۆریکیان هه‌بێ. باوه‌رمان به‌ قه‌درىزانست و قه‌ڵه‌م هه‌یه‌ و بۆ  به‌ره‌وژووربردنى پله‌ى خوێنده‌واریى تێکۆشه‌رانى حیزب یارمه‌تیده‌ر ده‌بین.

ـ حیزبى دیموکرات ده‌بێ هه‌م به‌ سینگ ئاوه‌ڵایییه‌وه‌ گوێ بۆ ره‌خنه‌ و گازنده‌کانى خه‌ڵک شل بکاو هه‌م حازربێ به‌ چاوى ره‌خنه‌گرانه‌وه‌ رابردووى خۆى بخوێنه‌ته‌وه‌ و چاوى پێ دابخشێنێته‌وه‌. هه‌ر له‌و پێوه‌ندییه‌دا باوه‌ڕمان به‌ گونجاندنى ئه‌ده‌بیاتى سیاسى و شێوه‌ى ئاخاوتنمان له‌گه‌ڵ رۆحى سه‌رده‌م هه‌یه‌.

ـ راستییه‌کى زه‌ق و حاشا هه‌ڵنه‌گر ئه‌وه‌یه‌ که‌ نه‌خشى ژنان و به‌شداریى ژنان له‌ به‌ڕٍێوه‌به‌ریى کاروبارى حیزبی دا له‌ کۆنه‌وه‌ تا ئێستا یه‌کجار که‌م و ناته‌واو بووه‌. بۆیه‌ پێویسته‌ هه‌ر له‌ ئێستاوه‌ میکانیزمێک دابنرێ و پیاده‌ بکرێ که‌ به‌شداریى ژنان له‌ ره‌ده‌ جۆراوجۆره‌کانى رێبه‌رىدا مسۆگه‌ر بکاو به‌رده‌وامیش په‌ره‌ى پێ بدا.

ـ به‌ مێعیارو میکانیزمه‌ کۆنه‌کان لاوانى زاناو خوێنده‌وارو رووناکبیر به‌ زه‌حمه‌ت ده‌توانن خۆیان له‌ ئۆرگانه‌کانى رێبه‌رایه‌تیى حیزب دا ببیننه‌وه‌. که‌وایه‌، ده‌بێ میکانیزمێک بدۆزرێته‌وه‌ که‌ له‌ ئه‌زموونى ئه‌ندامه‌ کۆنه‌کاره‌کان و لێوه‌شاویى ئه‌ندامه‌ لاوو خوێنده‌وارو شاره‌زاکان پێکه‌وه‌و له‌ په‌ناى یه‌ک که‌لک وه‌رگیرێ و ئه‌م دوو به‌شه‌ ببنه‌ ته‌واوکه‌رى یه‌کتر.

ـ رێگا بۆ گه‌شه‌کردنى تواناو لێوه‌شاوه‌یییه‌کان هه‌موار ده‌کرێ و ده‌ره‌تانى پێشکه‌وتن و داهێنان به‌ هه‌موو که‌س ده‌درێ و ته‌نانه‌ت به‌ پێى توانا کۆمه‌گیشیان پێ ده‌کرێ.

ـ رێکخراو له‌ تاکه‌کان پێک دێ. که‌وایه‌ هه‌موو تاکه‌کان ده‌بێ خاوه‌نى که‌سایه‌تى و بیروبۆچوونى تایبه‌تى و ئازادیى ده‌ربرینى نه‌زه‌راتى خۆیان بن و ته‌نیا ئه‌و کاته‌ پێش به‌ ئازادیى تاک ده‌گیرێ که‌ ئازادیى تاکێکى دیکه‌ یان قازانجى گشتى و پڕه‌نسیپه‌ گشتییه‌کان پێشێل بکا.

ـ هه‌وڵ ده‌درێ هه‌موو تێکۆشه‌رانى حیزب که‌ به‌ هه‌ر هۆیه‌ک دوور که‌وتوونه‌وه‌و، هه‌روه‌ها که‌سایه‌تییه‌ کورده‌ سه‌ربه‌خۆیه‌کان به‌ تایبه‌تى له‌ دنیاى ده‌ره‌وه‌ بۆ هاوکارى بانگهێشتن بکرێن و ئه‌وانه‌ش که‌ ناتوانن یان نایانهه‌وێ له‌ چوارچێوه‌ى رێکخراودا کار بکه‌ن له‌ هاله‌یه‌کى گه‌وره‌ترله‌ حیزبداو بۆ ئامانجێکى به‌رینتر له‌ ئامانجى حیزبى رێک بخرێن.

 

ب: هه‌ڵوێست به‌رامبه‌ر به‌ کۆمارى ئیسلامیى ئێران:

ـ رێژیمى کۆمارى ئیسلامیى ئێران رێژیمێکى دژى ئازادى و دوژمن به‌ ماف و ئازادییه‌کانى گه‌لى کوردو هه‌موو خه‌ڵکى ئێرانه‌ و خه‌باتمان بۆ له‌سه‌رکار لابردنی و، هێنانه‌ سه‌رکارى رێژیمێکى گه‌لى و دێموکرات و دامه‌زراندنى سیستمێکى فیدراڵى له‌ ئێران دا درێژه‌ ده‌ده‌ین.

ـ سیاسه‌تى خۆچه‌کدارکردنى رێژیم و به‌ تایبه‌تى هه‌وڵه‌کانى بۆ ده‌ستڕاگه‌یشتن به‌ چه‌کى ئه‌تۆمى که‌ خه‌ریکه‌ گه‌لانى ئێران له‌گه‌ڵ گه‌مارۆى نێونه‌ته‌وه‌یى و گیروگرفتى زیاترى ئابوورى و سیاسى به‌ره‌وروو بکا به‌ توندى مه‌حکووم ده‌که‌ین.

ـ تیرۆریزم و تیرۆریست په‌روه‌رى که‌ بۆته‌ ناسنامه‌ى کۆمارى ئیسلامى به‌ سیاسه‌تێکى دژى گه‌لى و دژى ئینسانى ده‌زانین.

ـ دوژمنایه‌تیى ره‌وتى ئاشتیى جیهانى و ده‌ستێوه‌ردانى کاروبارى وڵاتان له‌ لایه‌ن رێژیمه‌وه‌ به‌ ته‌واوى مه‌حکووم ده‌که‌ین.

ـ خه‌باتى ئاشتیخوازانه‌ بۆ گۆڕینى رێژیم و دابینکردنى ماف و ئازادییه‌کانى خه‌ڵکى کوردستان به‌ باشترین شێوه‌ى خه‌بات ده‌زانین، به‌ڵام که‌ڵکوه‌رگرتن له‌ هیچ شێوه‌یه‌کى خه‌بات که‌ به‌ پێى هه‌لومه‌رجى تێکۆشان به‌ پێویست دابنرێ، ره‌ت ناکه‌ینه‌وه‌.

 

ج: روانینمان بۆ مه‌سه‌له‌ى کوردو هه‌ڵوێستمان به‌رامبه‌ر به‌ هێزه‌ کوردستانییه‌کان:

ـ هه‌موو حیزب و رێکخراوه‌ ناسراوو سه‌ربه‌خۆیه‌کانى کوردستانى ئێران به‌ دۆست و هاوخه‌باتى خۆمان ده‌زانین و هه‌وڵه‌کانمان بۆ زیاتر لێک نزیک بوونه‌وه‌یان تا گه‌یشتن به‌ پلاتفۆرمێکى هاوبه‌ش به‌کار دێنین. پێکهێنانى هاوپه‌یمانه‌تییه‌کى کوردستانى له‌ ژێر هه‌ر ناوێک دا به‌ ئه‌رکێکى هه‌نووکه‌یى و داخوازێکى کۆمه‌ڵانى خه‌ڵک ده‌زانین و له‌و پێناوه‌دا له‌ هیچ تێکۆشانێک درێغى ناکه‌ین.

ـ هه‌ڵوێستمان له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و ته‌شه‌کولاته‌ سیاسى و فه‌رهه‌نگى و سینفییانه‌ى نێوخۆى وڵات که‌ به‌ شێوه‌ى قانوونى کارو تێکۆشانیان هه‌یه‌، به‌ متمانه‌ى خه‌ڵک به‌وان و هه‌روه‌ها به‌ سه‌داقه‌ت و شێلگیرییان له‌ بردنه‌ پێشى مه‌سه‌له‌ى دیموکراسى و مافى نه‌ته‌وایه‌تى دا به‌ستراوه‌ته‌وه‌.

ـ هێزه‌ کوردستانییه‌کانى ده‌ره‌وه‌ى ئێران به‌ گشتى وه‌ک برا سه‌یر ده‌که‌ین و تێ ده‌کۆشین پێوه‌ندیمان له‌گه‌ڵیان رۆژ به‌ رۆژ پته‌وتر بکه‌ین. له‌و نێوه‌دا دوو حیزبى گه‌وره‌ى کوردستانى عێراق: پارتى دێموکراتى کوردستان و یه‌کیه‌تیى نیشتمانیى کوردستان جێگایه‌کى تایبه‌تییان هه‌یه‌.

ـ چاره‌سه‌رى مه‌سه‌له‌ى کورد له‌ عێراق له‌ چوارچێوه‌ى سیستمێکى فیدراڵى دا به‌ ده‌سکه‌وتێک بۆ هه‌موو کورد ده‌زانین و هیوادارین ببێته‌ نموونه‌یه‌ک بۆ چاره‌سه‌رى مه‌سه‌له‌ى کورد له‌ هه‌موو به‌شه‌کانى کوردستان دا. ئێمه‌ به‌ دڵه‌وه‌ پشتیوانى له‌و ئه‌زموونه‌ ده‌که‌ین و ئه‌وه‌ى له‌ ده‌ستمان دێ بۆ پاراستنى ئه‌و ده‌سکه‌وته‌ دیموکراتییه‌ ته‌نه‌خیى لێ ناکه‌ین.

ـ له‌گه‌ڵ جۆراوجۆریى هه‌لومه‌رجى خه‌بات له‌ هه‌ر به‌شێکى کوردستان دا پێمان وایه‌ بزووتنه‌وه‌ى رزگاریخوازانه‌ى نه‌ته‌وه‌ى کورد له‌ به‌شه‌ جۆراوجۆره‌کان دا خاڵى هاوبه‌ش و ئامانجى هاوبه‌شى زۆرن و ده‌کرێ و پێویسته‌ هاوکارى و هاوخه‌باتییه‌ک له‌ نێو هه‌موو به‌شه‌کانى ئه‌و بزووتنه‌وه‌یه‌دا پێک بێ و ریزه‌ ئامانجێکى درێژخایه‌ن دیارى بکرێ  که‌ هه‌موو لایه‌نه‌کان پێیان پابه‌ند بن و له‌ پێناویان دا تێ بکۆشن. به‌تایبه‌تى پێویسته‌ هه‌لومه‌رجێک بخوڵقێندرێ که‌ له‌ دنیاى ده‌ره‌وه‌دا کورد به‌ یه‌ک زمان قسه‌ بکاو بۆ وه‌رگرتنى ستاتووى چاوه‌دێر له‌ رێکخراوه‌ نێونه‌ته‌وه‌یىیه‌کاندا هه‌وڵ بدرێ.

ـ کوردستان یه‌ک وڵاته‌و کورد یه‌ک نه‌ته‌وه‌یه‌، دابه‌ش کراون. بۆیه‌ پێویسته‌ ترس له‌ تۆمه‌تى جوداییخوازى بشکێندرێ و نه‌ک هه‌ر زه‌مینه‌ى فکرى بۆ یه‌ک که‌وتنه‌وه‌ى خاک و نه‌ته‌وه‌ له‌ دواڕۆژدا بڕه‌خسێندرێ، به‌ڵکوو له‌ بارى سیاسى و دیپلۆماسییشه‌وه‌ کارى بۆ بکرێ و پشتیوانیى بۆ رابکێشرێ.

ئێمه‌ له‌ ناکۆکى و کێشه‌ى نێوان هێزه‌ کوردستانییه‌کان دا (له‌ هه‌ر کوێ رووبدا) بێ لایه‌نین و ته‌نیا کار که‌ له‌و جۆره‌ حاڵه‌تانه‌دا هه‌ق به‌ خۆمان ده‌ده‌ین بیکه‌ین هه‌وڵدان بۆ لێک نزیک کردنه‌وه‌ى لایه‌نه‌کان و کۆمه‌ک به‌ چاره‌سه‌رى گیروگرفته‌کانه‌.

 

د: هه‌ڵوێست به‌رامبه‌ر هێزه‌ سیاسییه‌کانى ئۆپۆزیسیۆنى ئێران:

ـ هه‌موو ئه‌و هێزانه‌ى ئۆپۆزیسیۆنى ئێران که‌ باوه‌ڕیان به‌ ئازادى و دیموکراسى و مافى نه‌ته‌وایه‌تیى گه‌لانى ئێران هه‌یه‌، به‌ دۆست و هاوپه‌یمانى خۆمان ده‌زانین و بۆ هاوکارى له‌گه‌ڵ کردنیان ئاماده‌ین. به‌ چه‌شنێکى گشتییش هیچ هێزێکى ئۆپۆزیسیۆنى ئێران به‌ نه‌یارى خۆمان نازانین.

 ـ رێکخراوه‌ سیاسییه‌کانى سه‌ر به‌ گه‌لانى زۆرلێکراوى ئێران له‌ خۆمان به‌ نزیک ده‌زانین و هه‌وڵ ده‌ده‌ین پێوه‌ندیى هاوکارى و هاوخه‌باتیمان له‌گه‌ڵیان پته‌وتر بکه‌ین. له‌و باره‌یه‌وه‌ ئه‌ندامانى "کۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌کانى ئێرانى فیدراڵ" وه‌ک هاوپه‌یمان سه‌یر ده‌که‌ین.

 

ه: هه‌ڵوێست به‌رامبه‌ر ده‌وڵه‌تانى دراوسێ:

ـ خه‌باتى ئێمه‌ رووى له‌ دیکتاتۆرى له‌ ئێران دایه‌، هه‌قى هیچ جۆره‌ ده‌ستێوه‌ردانێکى کاروبارى وڵاتانى دراوسێ به‌ خۆمان ناده‌ین و باوه‌ڕمان به‌ پێوندیى دۆستانه‌و ئاشتیخوازانه‌ى نێوان وڵاتانى دراوسێ هه‌یه‌.

ـ پشتیوانیى ئوسوولى له‌ داخوازه‌ ره‌واکانى گه‌لى کورد له‌ وڵاتانى دراوسێ دا بێ ده‌ستێوه‌ردانى کاروبارى نێوخۆیى ئه‌م وڵاتانه‌ به‌ هه‌قى خۆمان ده‌زانین و ئه‌مه‌ دژایه‌تییه‌کى له‌گه‌ڵ پێوه‌ندیى دۆستانه‌ى ئێمه‌و ئه‌و وڵاتانه‌ دا نیه‌، هه‌روه‌ک رابردووى ده‌یان ساڵه‌ى پێوه‌ندىیه‌کانى حیزبى دیموکرات نیشانى داوه‌.

ـ پێوندى له‌گهه‌ڵ ده‌وڵه‌تانى دراوسێ به‌ هیچ جۆر نابێ به‌ زیانى گه‌لى کورد له‌و وڵاتانه‌ یان دانیشتووانى غه‌یره‌ کوردى وڵاتانى دراوسێ ته‌واو بێ.

 

و: هه‌ڵوێست به‌رامبه‌ر به‌ دنیاى ده‌ره‌وه‌:

ـ رێز له‌ رێکخراوى  نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان و رێکخراوه‌ نێونه‌ته‌وه‌یییه‌کانى لایه‌نگرى ئاشتى و ئازادى ده‌گرین وخۆمان به‌رامبه‌ر به‌ په‌یماننامه‌کانیان له‌ پێناوى پاراستنى ئاشتى و دادپه‌روه‌رى و مافى مرۆڤ دا به‌ پابه‌ند ده‌زانین.

ـ کۆڕو کۆمه‌ڵه‌ جیهانى و ناوچه‌ییه‌کانى لایه‌نگرى مافى مرۆڤ به‌ دۆست و پشتیوانى خۆمان ده‌زانین و تێ ده‌کۆشین پێوه‌ندیى پته‌‌وو به‌رده‌واممان له‌گه‌ڵیان هه‌بێ.

ـ ئه‌نته‌رناسیۆنالى سۆسیالیست وه‌ک بنه‌ماڵه‌ى گه‌وره‌ى خۆمان سه‌یر ده‌که‌ین و هه‌وڵ ده‌ده‌ین پله‌ى ئه‌ندامه‌تیى حیزب له‌و رێکخراوه‌دا به‌رینه‌سه‌ر.

ـ حیزب و رێکخراوه‌ ئازادیخوازو پێشکه‌وتووه‌کان له‌ هه‌موو جیهان دا وه‌ک دۆستى خۆمان ده‌ناسین و تێ ده‌کۆشین پێوندیى به‌رده‌واممان له‌گه‌ڵیان هه‌بێ.

ـ  ئێمه‌ لایه‌نگرى گولۆبالیزمێکین که‌ له‌ودا بایه‌خه‌کانى ئاشتى و ئازادى و دیموکراسى، یه‌کسانیى نێوان مرۆڤه‌کان و گه‌لان، گه‌شه‌کردنى پایه‌دار، پاراستنى ژینگه‌ و موشاره‌که‌تى نیهاده‌کانى کۆمه‌ڵى مه‌ده‌نى وه‌به‌رچاو گیرابن.

ـ به‌دروست و ته‌نانه‌ت به‌ پێویستیش ده‌زانین له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانى لایه‌نگرى دیموکراسى بێ له‌ ده‌ستدانى سه‌ربه‌خۆیى سیاسیمان پێوندى دامه‌زرێنین و به‌ قازانجى دیموکراسى و دابینکردنى مافى نه‌ته‌وایه‌تى که‌ڵکى لـێ وه‌رگرین.

ـ لایه‌نگرى ئاشتى و ئازادى و چاره‌سه‌رى گیروگرفته‌کان له‌ رێگاى ئاشتى و دیالۆگه‌وه‌ین.

ـ گه‌لانى زۆرلێکراو له‌ هه‌ر کوێ بن به‌ هاوده‌ردى خۆمان ده‌زانین و پشتیوانى له‌ مافه‌ ره‌واکانیان و یه‌ک له‌وان مافى دیاریکردنى چاره‌نووسى خۆیان به‌ ده‌ستى خۆیان ده‌که‌ین.

ـ له‌و شه‌ڕو به‌ربه‌ره‌کانییه‌دا که‌ له‌ نێوان مرۆڤایه‌تیى پێشکه‌وتوو له‌ لایه‌ک و نه‌یارانى دیموکراسى و پێشکه‌وتن له‌ لایه‌کى دیکه‌ له‌ ئارادایه‌، خۆمان له‌ به‌ره‌ى ئازادى و دیموکراسى و پێشکه‌وتن دا ده‌بینین و تیرۆریزم له‌ هه‌موو شێوه‌کان دا (کۆن و نوێ و ده‌وڵه‌تى و ناده‌وڵه‌تى) له‌ هه‌ر کوێ و به‌ ده‌ستى هه‌ر که‌س و دژى هه‌ر که‌س مه‌حکووم ده‌که‌ین.

 

حیزبى دیموکراتى کوردستان ـ ئێران

1385.09.18

2006.12.09

 سه‌ره‌وه‌. ده‌سپێک.

ئه‌م بابه‌ته‌ چاپ بکه‌!

   ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ هاوڕێکه‌ت بنێره:

© www.giareng.com
All rights reserved 2005.