Ö:: هه‌وڵێکى نه‌زۆک بۆ تاوانبار نیشاندانى لایه‌نى ئۆپۆزیسیۆن به‌ له‌تکردنى حیزب

نووسینی: عه‌بدوڵلا به‌هرامى

هه‌وڵێکى نه‌زۆک بۆ تاوانبار نیشاندانى لایه‌نى ئۆپۆزیسیۆن به‌ له‌تکردنى حیزب
(هه‌ڵوه‌سته‌یه‌ک له‌سه‌ر به‌یاننامه‌ى قۆڵى زۆرینه‌ى کۆمیته‌ى ناوه‌ندیى حیزبى دێمۆکراتى کوردستانى ئێران سه‌باره‌ت به‌ به‌یاننامه‌ى رۆژى 15ى سه‌رماوه‌زى ژماره‌یه‌ک له‌ ئه‌ندامانى ده‌فته‌رى سیاسى، کۆمیته‌ى ناوه‌ندى و جێگران و راوێژکارانى کۆمیته‌ى ناوه‌ندیى حیزب)

دوا به‌دواى بڵاوبوونه‌وه‌ى به‌یاننامه‌یه‌ى ژماره‌یه‌ک له‌ ئه‌ندامانى ده‌فته‌رى سیاسى، کۆمیته‌ى ناوه‌ندى و جێگران و راوێژکارانى کۆمیته‌ى ناوه‌ندیى حیزبى دێمۆکراتى کوردستانى ئێران سه‌باره‌ت به‌ ده‌ست پێکردنى تێکۆشانى سه‌ربه‌خۆى سیاسى و ته‌شکیلاتى، قۆڵى باڵاده‌ستى کۆمیته‌ى ناوه‌ندیى حیزبیش به‌ بڵاوکردنه‌وه‌ى به‌یاننامه‌یه‌کى پڕ له‌ ئاوه‌ژووکارى هه‌ڵوێستى خۆى له‌م پێوه‌ندىیه‌دا ده‌ربڕیوه‌.

به‌یاننامه‌ى ناوبراو سه‌ره‌تا به‌ کۆپى کردنى نێوه‌رۆکى ده‌سپێکى به‌یاننامه‌ى ئه‌م ده‌سته‌یه‌ له‌ ئه‌ندامانى رێبه‌رایه‌تیى حیزب سه‌باره‌ت به‌ بارودۆخى ناوچه‌ و ئێران و بزووتنه‌وه‌ى نه‌ته‌وایه‌تیى کورد و گرێدانى به‌ هه‌ڵوێستى ئه‌وانه‌وه‌ و باس کردن له‌ پێویستیى یه‌کیه‌تى و یه‌کڕیزى ـ که‌ دیاره‌ مه‌به‌ست له‌و تاک ده‌نگ کردنى ریزه‌کانى حیزبه‌ ـ و وه‌بیرهێنانه‌وه‌ى دڵفره‌وانیى!! رێبه‌راتیى حیزب (واته‌ قۆڵى کاک مسته‌فا هیجرى) ده‌ست پێ ده‌کا. له‌م پێوه‌ندىیه‌دا پێویسته‌ بڵێین که‌ ئه‌م به‌ڕێزانه‌ هه‌ر له‌ یه‌که‌م رسته‌کانى ئه‌م به‌یاننامه‌یه‌دا که‌وتوونه‌ته‌ په‌سنبێژیى خۆیان و تاوانبارکردنى لایه‌نى به‌رانبه‌ر و به‌ روونى دیاره‌ که‌ ئه‌وان هه‌ر لێره‌وه‌ ده‌یانهه‌وێ به‌ هه‌موو شێوازێک! نه‌ک هه‌ر به‌رپرسایه‌تیى ئه‌و قه‌یرانه‌ و ده‌ره‌نجامه‌کانى له‌ ئه‌ستۆى خۆیان داماڵن، به‌ڵکوو چه‌ندى ده‌کرێ به‌رپرسایه‌تیى ته‌واوى ئه‌و بارودۆخه‌ قه‌یرانى‌یه‌ى دواى کۆنگره‌ى سێزده‌ش بخه‌نه‌ ئه‌ستۆى به‌ گوته‌ى خۆیان ژماره‌یه‌ک کادر و پێشمه‌رگه‌ى حیزب.

به‌یاننامه‌ى کۆمیته‌ى ناوه‌ندیى قۆڵى به‌ڕێز هیجرى دواتر و له‌ درێژه‌ى په‌سنبێژى کردن له‌ خۆیان له‌ دڵفره‌وانیى رێبه‌رایه‌تیى حیزب (قۆڵى زۆرینه‌ى رێبه‌رایه‌تى) ده‌دوێ و لێره‌ش‌دا به‌ لاسایى کردنه‌وه‌ى به‌یاننامه‌ى که‌مایه‌تیى کۆمیته‌ى ناوه‌ندى باس له‌ هه‌وڵ و تێکۆشانى دڵسۆزانى کورد و به‌تایبه‌ت هه‌ردووک هێزى پارتى دێمۆکراتى کوردستان و یه‌کیه‌تیى نیشتمانیى کوردستان ده‌کا و ده‌یهه‌وێ وانیشان بدا که‌ ئه‌و "ژماره‌یه‌ له‌ کادر و پێشمه‌رگه‌کانى حیزب"!! نه‌ک هه‌ر دڵفره‌وانیى ئه‌وان به‌ڵکوو هه‌وڵ و تێکۆشانى ئه‌م دوولایه‌نه‌ سه‌ره‌کى‌یه‌ى باشوورى کوردستانیشیان له‌به‌ر چاو نه‌گرتوه‌. به‌داخه‌وه‌ ئه‌و به‌ڕێزانه‌ لێره‌ش‌دا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دا که‌ خۆیان له‌ راستییه‌کان دزیوه‌ته‌وه‌ و پێشنیاره‌ ناکاریگه‌ر و ده‌ڵه‌مه‌کانى خۆیان وه‌ک دڵفره‌وانى له‌قه‌ڵه‌م داوه‌، ته‌نانه‌ت ده‌یانهه‌وێ وانیشان بده‌ن که‌ دۆستان و دڵسۆزانى حیزب له‌و ماوه‌یه‌دا ته‌نیا هه‌وڵیان داوه‌ لایه‌نى که‌مایه‌تیى کۆمیته‌ى ناوه‌ندى رازى بکه‌ن یه‌کڕێزیى حیزب بپارێزێ!! بۆیه‌ لێره‌دا به‌ مه‌به‌ستى به‌رگرىکردن له‌ راستییه‌کان ئاماژه‌ به‌ چه‌ند خاڵ ده‌که‌ین:

یه‌که‌م: ئه‌وه‌ که‌مایه‌تیى کۆمیته‌ى ناوه‌ندى بوو که‌ به‌ نوێنه‌رایه‌تیى ئه‌و سه‌دان و هه‌زاران کادر و پێشمه‌رگه‌ و هه‌زاران ئه‌ندامى حیزب وێڕاى هێنانه‌ گۆڕى سکاڵا و ره‌خنه‌ و پێشنیاره‌کانى له‌ پێوه‌ندى له‌گه‌ڵ ئه‌و بارودۆخه‌ پڕله‌ جیاوازیدانان و هه‌ڵاواردنه‌دا که‌ ئێوه‌ له‌ ریزه‌کانى حیزب‌دا خوڵقاندبووتان، هه‌رچى هه‌وڵ و ته‌قه‌لا بوو خستیه‌کار بۆ ئه‌وه‌ى یه‌کڕیزیى حیزب بپارێزێ و هه‌ربۆیه‌ش باوه‌شى بۆ هه‌موو هه‌وڵ و نێوبژىیه‌کى دۆستانى حیزب کرده‌وه‌. له‌ به‌رامبه‌ردا ئێوه‌ هه‌موو هه‌وڵه‌کانتان پووچه‌ڵ کرده‌وه‌ و به‌ راشکاویش نێوبژیى دۆستانتان ره‌ت کرده‌وه‌. سه‌رنجڕاکێش‌تر له‌وه‌ش له‌ هه‌موو ئه‌و دانیشتنانه‌دا که‌ له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانى ئه‌م دوو هێزه‌ کوردستانى‌یه‌ و حکوومه‌تى هه‌رێم و زۆر له‌ دڵسۆزانى حیزب پێک ده‌هات ئێوه‌ قه‌یرانه‌که‌تان بچووک نیشان ده‌دا و رێگاتان له‌ نێوبژیوانى و که‌ڵک وه‌رگرتن له‌ بۆچوون و پێشنیاره‌کانى ئه‌وان ده‌گرت. به‌ڕێزان! ئه‌مانه‌ راستیى مێژوویین و به‌ڵگه‌دارن و بۆ خۆبێبه‌رى کردن له‌ به‌رپرسیارێتییه‌کانتان له‌و قه‌یرانه‌ و ده‌ره‌نجامه‌کانى ئاوه‌ژوویان مه‌که‌نه‌وه‌.

دووهه‌م: ئه‌و دڵفره‌وانى‌یه‌ى گۆیا ئێوه‌ى به‌ڕێز له‌ " قبووڵ کردنى به‌شێکى به‌رچاو"ى ئه‌و داوایانه‌ى که‌ به‌ ناڕه‌واشتان!! له‌قه‌ڵه‌م‌داون نواندووتانه‌ چیه‌ وا به‌م چه‌شنه‌ به‌ چاوى ئێمه‌ى داده‌ده‌نه‌وه‌ و لایه‌نى به‌رامبه‌رتانى پێ تاوانبار ده‌که‌ن. ئێمه‌ پێمان وایه‌ ئه‌و دوایین دڵفره‌وانى!!یه‌ى ئێوه‌ له‌ پێشنیاره‌ حه‌ڤده‌ خاڵى‌یه‌که‌دا نواندبووتان نه‌ک دڵفره‌وانى نه‌بوو به‌ڵکوو لێره‌ش‌دا بوار خۆش کردن بوو بۆ تاوانبار نیشاندانى ئۆپۆزیسیۆن به‌وه‌ که‌ بۆخۆتان ناوتان ناوه‌ "سه‌پاندنى جیاکردنه‌وه‌ى به‌ ره‌سمى به‌سه‌ر حیزب‌دا". چونکه‌ به‌ر له‌وه‌ى چاوه‌ڕوان بن تاوه‌کوو راوبۆچوونى ئێمه‌ى له‌سه‌ر بڵاوبێته‌وه‌، له‌ هه‌موو جێگایه‌ک بڵاوتان کرده‌وه‌ و واشتان بانگه‌شه‌ بۆ ده‌کرد که‌ ئێمه‌ 17 خالڕ له‌و 20 خاڵه‌ى لایه‌نى به‌رانبه‌ر داواى کردوه‌ ـ و له‌ به‌یاننامه‌ى 15ى سه‌رماوه‌زدا زۆر به‌ روونى به‌ناڕه‌وا له‌قه‌ڵه‌م دراون ـ قبووڵ کردوه‌. ئێوه‌ له‌خۆتان بپرسن و ئه‌وانه‌ش که‌ بڕوایان پێتان هه‌یه‌ با جارێک نه‌ک له‌ ئێوه‌! له‌ خۆیان بپرسن ره‌فتارى سیاسى و ته‌شکیلاتیى ئێوه‌ له‌ ماوه‌ى پێش کۆنگره‌ى 13 و دواى کۆنگره‌ش هێنده‌ دێمۆکراتیک بووه‌ که‌ داواکانى ئۆپۆزیسیۆن ناڕه‌وا بن و به‌ قه‌یران خوڵقێنى بژمێردرێن.

له‌ درێژه‌ى به‌یاننامه‌که‌ى 15ى سه‌رماوه‌زى قۆڵى کاک مسته‌فادا و هه‌روه‌ها له‌و وتووێژه‌ش‌دا که‌ یه‌کێک له‌ قسه‌که‌ره‌کانى ئه‌و قۆڵه‌ له‌گه‌ڵ تلویزیۆنى تیشک (16ى سه‌رماوه‌ز) هه‌یبوو، دیسان بۆ قورس کردنى بارى ئه‌و تۆمه‌تانه‌ى خستوویاننه‌ته‌ پاڵ لایه‌نى ئۆپۆزیسیۆن گوتراوه‌ "ئه‌م ژماره‌یه‌ له‌ کادر و پێشمه‌رگه‌کانى حیزب له‌ نیازپاکى و دڵفره‌وانی"!!ى ئه‌وان "که‌ڵکى خراپیان وه‌رگرتوه‌" و "رۆژ به‌ رۆژ به‌هانه‌ى جۆراوجۆر و شه‌رت و پێش شه‌رتى تازه‌یان بۆ درێژه‌ى دیالۆگ" هێناوه‌ته‌ گۆڕێ و ... . لێره‌دا زۆر پێویسته‌ له‌و به‌ڕێزانه‌ و له‌ هه‌موو شاره‌زایانى کارى رێکخراوه‌یى بپرسین که‌ ئایا داوا و داخوازى نزیک به‌ نیوه‌ى کادر و پێشمه‌رگه‌کانى حیزبى دێمۆکرات له‌ زۆرینه‌ى رێبه‌رى بۆ ئه‌وه‌ى کۆتایى به‌ ره‌وتى یه‌کده‌ست کردنى ریزه‌کانى حیزب و پاڵپێوه‌نانى خۆیان بگیرێ و میکانیزمێک بێته‌ کایه‌وه‌ که‌ کۆتایى به‌ ره‌فتارى نادێمۆکراتیک و پڕ له‌ هه‌ڵاواردن ده‌رهه‌ق به‌و ژماره‌ زۆره‌ى کادر و پێشمه‌رگه‌ و ئه‌ندامانى حیزب بێنێ، ده‌توانرێ ناوى ناڕه‌واى له‌سه‌ر دابنرێ؟ ئایا له‌قه‌ڵه‌م دانى ئه‌م داخوازییانه‌ به‌ مه‌رج و پێش مه‌رج بێجگه‌ له‌ به‌هێند نه‌گرتنى داخوازىیه‌ ره‌واکانى ئه‌و به‌شه‌ زۆره‌ى ئه‌ندامان، که‌ له‌و به‌یاننانه‌یه‌ و هه‌موو بڵاوکراوه‌ و لێدوانه‌کانى قسه‌که‌رانى ئه‌م لایه‌نه‌دا به‌ روونى ره‌نگى داوه‌ته‌وه‌، ده‌توانێ چ واتایه‌کى دیکه‌ى هه‌بێ؟ هه‌موو ئه‌وانه‌ى به‌ دادپه‌روه‌رىیه‌وه‌ ده‌ڕواننه‌ داخوازه‌کانى ئۆپۆزیسیۆن ده‌زانن که‌ هه‌م جه‌وهه‌رى داخوازه‌کان بریتی بووه‌ له‌ ئاسایى و دادپه‌روه‌رانه‌بوونى ره‌فتارى رێکخراوه‌یى زۆرینه‌ و ره‌خنه‌گرتن له‌و هه‌ڵه‌ سیاسىیه‌ مێژوویىیانه‌ى ئه‌و به‌ڕێزانه‌ به‌زیانى حیزبى دێمۆکراتیان کردوه‌ و به هیچ شێوه‌یه‌ک ئاماده‌ نین ددان به‌ هه‌ڵه‌بوونیان دابنێن. داهاتوو و شێوازى ره‌فتار و هه‌ڵسوکه‌وتى سیاسى و رێکخراوه‌یى ئه‌و به‌ڕێزانه‌ ده‌رىده‌خا که‌ داخوازه‌کانى ئۆپۆزیسیۆن داواى ره‌وا و به‌جێ‌ بوون که‌ نه‌ک ته‌نیا ده‌سته‌یه‌کى ئاوا گه‌وره‌ له‌ ئه‌ندامان به‌ڵکوو ته‌نیا ئه‌ندامێکیش ده‌توانێ بیانهێنێته‌ گۆڕێ، به‌ڵام ئه‌وان به‌ ناڕه‌وایان له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن. ئه‌ویش ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ى میکانیزمێکیان لێ ده‌که‌وته‌وه‌ که‌ کۆتایى به‌ پاوانخوازیى ئه‌وان دێنا و ده‌یتوانى ببێته‌ زه‌مینه‌یه‌ک بۆ هاتنه‌گۆڕێى پرۆژه‌ى رێفۆرم و چاکسازى و نوێبوونه‌وه‌ له‌ حیزبى دێمۆکراتى کوردستانى ئێران‌دا. ئه‌و که‌سانه‌ى که‌ ئه‌مڕۆ لافى نه‌ک ته‌نیا رێبه‌رایه‌تیى حیزبى دێمۆکرات به‌ڵکوو لافى رێبه‌رایه‌تیى بزووتنه‌وه‌ى نه‌ته‌وایه‌تى له‌ رۆژهه‌ڵاتى کوردستان لێ ده‌ده‌ن، له‌ خۆیان ناپرسن ئه‌وان که‌ ته‌نانه‌ت ئاماده‌ نین داخوازىیه‌ رێکخراوه‌یى‌یه‌کانى به‌شێکى به‌رچاو له‌ سه‌رکرده‌ و تێکۆشه‌ره‌ دێرین و به‌ ئه‌زموونه‌کانى حیزب و سه‌دان و هه‌زاران که‌س له‌ ئه‌ندامانى حیزب که‌ بریتییه‌ له‌ کۆتایى هێنان به‌ هه‌ڵسوکه‌وتى هه‌ڵاوێرانه‌ى زۆرینه‌ى رێبه‌رى و ئه‌رک و به‌رپرسایه‌تیى وه‌ک یه‌ک بۆ ئه‌ندامان قبوولڕ بکه‌ن و ئه‌م داوا و داخوازانه‌یان به‌ "ناڕه‌وا" له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن، چۆن ده‌توانن وڵامى داخوازه‌ جۆراوجۆره‌کانى کۆمه‌ڵگه‌ بده‌نه‌وه‌ و له‌گه‌ڵ فره‌چه‌شنییه‌کانى کۆمه‌ڵگه‌ هه‌ڵ بکه‌ن. هه‌ر لایه‌ن و رێکخراوێک زه‌رفیه‌تى هه‌ڵکردن له‌گه‌ڵ فره‌ییه‌کانى نه‌بێ بێجگه‌ له‌ ته‌ریک که‌وتنه‌وه‌ چاره‌نووسێکى دیکه‌ى له‌ ئاسۆدا بۆ به‌دى ناکرێ.

هه‌م له‌ به‌یاننامه‌ى ناوبراو و هه‌میش له‌ قسه‌کانى وته‌بێژه‌که‌ى قۆڵى ناوبراودا هه‌وڵدراوه‌ به‌ شێوه‌یه‌کى زۆر دروشم ئاسا و ساده‌خه‌ڵه‌تێنانه‌ ئه‌م دۆخه‌ و له‌تبوونى ئه‌م جاره‌ى حیزب به‌ جیابوونه‌وه‌کانى سه‌رده‌مى رێبه‌رانى شه‌هید بشوبهێندرێ و له‌م رێگایه‌شه‌وه‌ خۆیان که‌ بریتى بن له‌ ئه‌ندامانى سه‌ره‌کیى قۆڵى ده‌سه‌ڵاتبه‌ده‌ستى حیزب به‌ رێبه‌ران و سه‌رکرده‌ تێکۆشه‌ر و له‌مێژینه‌کانى حیزب بشوبهێنین. به‌ڵام ئه‌و راستى‌یه‌که‌ نه‌سه‌رده‌مى ئێستا و نه‌ ئه‌م دۆخه‌ و نه‌ ئه‌وان و رێبه‌رانى شه‌هید قازى، قاسملوو و شه‌ره‌فکه‌ندى به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک شیاوى به‌راوردکردن نین. ئه‌وانه‌ى که‌ له‌ ماوه‌ى که‌متر له‌ سێ ساڵ دا حیزبى دێمۆکراتیان تووشى چه‌ند هه‌ڵه‌ى سیاسیى گه‌وره‌ کردوه‌ و نه‌یانتوانیوه‌ هیچ وانه‌یه‌ک له‌و رێبه‌رانه‌ فێربن چۆن ده‌توانن له‌م قه‌یرانانه‌ تێپه‌ڕن. دڵنیاشین به‌ره‌و هه‌ڵدێر و له‌تبوون بردنى حیزب، درێژه‌دانى رێگاى ئه‌وان و ئه‌و وانه‌ و ئه‌زموونانه‌ نیه‌ که‌ ئه‌وان ئیدیعا ده‌که‌ن لێیانه‌وه‌ فێربوون. پێویسته‌ له‌م پێوه‌ندییه‌دا له‌و به‌ڕێزانه‌ بپرسین له‌ سه‌رده‌مى کام یه‌ک له‌و رێبه‌ره‌ شه‌هیدانه‌دا ئه‌ندامانى حیزب به‌سه‌ر خۆمانه‌ و ناخۆمانه‌دا دابه‌ش کرابوون تا وه‌کوو به‌شێک له‌وان له‌به‌ر ئه‌وه‌ ناچاربن ریزه‌کانیان له‌وان جیا بکه‌نه‌وه‌؟

لێره‌دا پێویسته‌ وه‌بیربێنینه‌وه‌ هه‌روه‌ک بناغه‌کانى رێبازى نه‌ته‌وه‌یى و ئازادیخوازانه‌ى حیزبى دێمۆکرات و رێبه‌ره‌ شه‌هیده‌کانى له‌سه‌ر دژایه‌تی هه‌ڵاواردن و جیاوازیدانان (له‌ هه‌ر شکڵ و شێوه‌یه‌ک‌دا بێ) دامه‌زراوه‌، ئێمه‌ش به‌ ئیلهام وه‌رگرتن له‌و بنه‌ما و رێبازه‌ هه‌میشه‌یى و نه‌گۆڕه‌ى حیزب و رێبه‌رانى شه‌هید و بۆ داکۆکى کردن له‌وان قۆڵمان هه‌ڵماڵیوه‌. ئه‌گه‌رچى هه‌وڵه‌کانمان بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ى حیزب بۆ سه‌ر ئه‌م بنه‌ماو پره‌نسیپانه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م به‌شه‌ له‌ هاوڕێیانى پێشوومان به‌ ئاکام نه‌گه‌یشتوه‌، به‌ڵام هه‌موو لایه‌ک دڵنیا ده‌که‌ینه‌وه‌، به‌ ته‌واوى توانامانه‌وه‌ هه‌وڵ بده‌ین پارێزگارى له‌م بنه‌ما و پره‌نسیپه‌ دێمۆکراتیکانه‌ بکه‌ین که‌ حیزبى دێمۆکراتیان له‌سه‌ر دامه‌زراوه‌ و به‌ که‌ڵک وه‌رگرتن له‌ فکر و بۆچوونى هه‌موو دڵسۆزانى ئه‌م حیزبه‌ و پێداویستییه‌کانى دونیاى سه‌رده‌م نوێژه‌ن و پته‌وتریان بکه‌ین.

هه‌م له‌و به‌یاننامه‌یه‌دا و هه‌میش له‌ قسه‌کانى وته‌بێژه‌که‌ى قۆڵى کاک مسته‌فادا بۆ تاوانبار نیشاندانى ئه‌و به‌شه‌ له‌ ئه‌ندامانى رێبه‌رایه‌تیى حیزب که‌ رایانگه‌یاندوه‌ به‌ جیا درێژه‌ به‌ تێکۆشانى خۆیان ده‌ده‌ن وانیشان‌دراوه‌ که‌ ئه‌وان به‌ ته‌واوى له‌سه‌ر هه‌قن ئه‌م جاره‌ش "راستییه‌کان ده‌رده‌که‌ون" و خه‌ڵک ده‌زانن که‌ کێ (مه‌به‌ست خۆیانه‌) "دڵسۆز و دڵفره‌وان"ه‌ و کێش (مه‌به‌ست لایه‌نى به‌رانبه‌ره‌) "به‌ ناهه‌ق و ناڕه‌وا ئه‌و گیر و گرفتانه‌ى بۆ حیزب" پێک هێناوه‌ و "کارشکێنى" کردوه‌. دیاره‌ ئه‌مه‌ش شتێک نیه‌ بێجگه‌ له‌ کارکردن به‌ لۆژیکى تاوانبار نیشاندانى ره‌خنه‌گران و چاکسازیخوازان که‌ له‌ زۆر له‌ سیستمه‌ دواکه‌وتوو و چه‌قبه‌ستووه‌کان‌دا کارى پێ ده‌کرێ و به‌ که‌ڵک وه‌رگرتن له‌و هه‌موو هه‌وڵه‌ ره‌خنه‌گرانه‌ و چاکسازیخوازانه‌کان سه‌رکوت ده‌کرێ.

ئه‌م قه‌یرانه‌ى ئێستا و له‌ت بوونى ریزه‌کانى حیزبى دێمۆکرات یه‌کێک له‌ گه‌وره‌ترین خه‌ساره‌کانى ئه‌م لۆژیکه‌ و له‌بار بردنى هه‌موو ده‌ره‌تانه‌کانى رێفۆرم و چاکسازییه‌ و، بێگومان ئه‌گه‌ر هه‌ر لایه‌نێک بیهه‌وێ له‌م سه‌رده‌مه‌دا، که‌ گۆڕانکاری و رێفۆرم و نوێبوونه‌وه‌ به‌ ئامرازى سه‌ره‌کیى سه‌رکه‌وتن و پێشکه‌وتنخوازى ده‌ژمێردرێن، به‌ هه‌مان لۆژیک کار بکا بێجگه‌ له‌وه‌ى بۆخۆى تووشى خه‌سارى گه‌وره‌ ده‌بێ و له‌ ره‌وتى رووداوه‌کان دوور ده‌که‌وێته‌وه‌، خه‌سارى گه‌وره‌ به‌ پرۆسه‌ى نوێبوونه‌وه‌ى بزووتنه‌وه‌ى نه‌ته‌وایه‌تى و ئازادیخوازیش ده‌گه‌یه‌نێ.

ماوه‌ته‌وه‌ بڵێین که‌ ئێمه‌ وێڕاى پێداگرتنه‌وه‌ له‌سه‌ر رێبازى نه‌ته‌وه‌یى، دێمۆکراسیخوازانه‌ و ئازادیخوازانه‌ى رێبه‌رانى شه‌هیدمان و بنه‌ما و پره‌نسیپه‌ دێمۆکراتیک و سه‌رده‌مییه‌کانى کارى سیاسى، پێمان وایه‌ هیچ لایه‌نێک به‌بێ پێکهێنانى چاکسازیى هه‌مه‌لایه‌نه‌ له‌ هه‌موو بواره‌کانى چالاکیى سیاسى و رێکخراوه‌یى‌دا ناتوانێ سه‌رکه‌وتن وه‌ده‌ست بێنێ و ته‌نیا به‌ به‌خۆدا هاتنه‌وه‌ و خۆ نوێکردنه‌وه‌یه‌ که‌ ده‌توانین باشتر و چالاکانه‌تر درێژه‌ به‌ رێبازى ره‌سه‌نى حیزبى دێمۆکرات و رێبه‌ره‌ شه‌هیده‌کانى بده‌ین و ئامانجى له‌مێژینه‌ى خه‌ڵکى کوردستان و سه‌رجه‌م شه‌هیده‌کانمان بێنى.                                                              

20/9/1385

11/12/2006

 سه‌ره‌وه‌. ده‌سپێک.

ئه‌م بابه‌ته‌ چاپ بکه‌!

   ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ هاوڕێکه‌ت بنێره:

© www.giareng.com
All rights reserved 2005.