Ö:: عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌ن‌زاده‌ له‌ کۆنفرانسێکى چاپه‌مه‌نى دا له‌ هه‌ولێر

سه‌رچاوه‌: ماڵپه‌ری کوردستان وکورد

عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌ن‌زاده‌ له‌ کۆنفرانسێکى چاپه‌مه‌نى دا له‌ هه‌ولێر
که‌س له‌ حیزبى دێمۆکراتى کوردستان جیا نه‌بۆته‌وه‌، نه‌ ئێمه‌ و نه‌ ره‌فیقه‌کانى دیکه‌مان
پاش نیوه‌ڕۆى رۆژى چوارشه‌ممه‌ 13ى دێسامبرى 2006ى زایینى به‌ڕێز عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌ن‌زاده‌ سیماى سیاسیى ناسراوى نه‌ته‌وه‌ى کورد له‌ کۆنفرانسێکى چاپه‌مه‌نى و رادیۆته‌له‌ڤیزیۆنى
دا به‌شدارى کرد. له‌و کۆنفرانسه‌دا که‌ له‌ شارى هه‌ولێر، پێته‌ختى حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستان به‌ڕێوه‌چوو، ژماره‌یه‌کى زۆر له‌ نوێنه‌رانى رۆژنامه‌،ماڵپه‌ڕى ئه‌نتێرنێتى، گۆڤار، رادیۆ و ته‌له‌ڤیزیۆنه‌کانى هه‌رێمى کوردستان و هێزه‌ سیاسىیه‌کانى کوردستانى ئێران و به‌شه‌ جۆراوجۆره‌کانى  راگه‌یاندنى حیزبى دێمۆکراتى کوردستان و به‌شى کوردیى رادیۆى ده‌نگى ئه‌مریکا ئاماده‌ بوون.

له‌ سه‌ره‌تادا رۆژنامه‌نووس خالید محه‌ممه‌دزاده‌ به‌ڕێوه‌به‌رى کۆنفرانسه‌ رۆژنامه‌نووسى‌یه‌که‌ به‌ وته‌یه‌کى کورت مه‌به‌ست له‌ سازدانى ئه‌و کۆنفرانسه‌ى خسته‌به‌ر باس. دواتر به‌ڕێز عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌ن‌زاده‌ پاش به‌خێرهێنانى به‌شدارانى ئه‌و کۆنفرانسه‌، وته‌یه‌کى پێشکه‌ش کرد. ئه‌مه‌ى خواره‌وه‌ده‌قى قسه‌کانى به‌رێزیان له‌ سه‌ره‌تاى کۆنفرانسه‌که‌ دایه‌:

به‌ناوى کورد و کوردستان و به‌ناوى شه‌هیدانى حیزبى دێمۆکراتى کوردستان، له‌ سه‌رووى هه‌موویانه‌وه‌ سێ رێبه‌رى شه‌هید، قازى، قاسملوو و شه‌ره‌فکه‌ندى.

منیش به‌نۆره‌ى خۆم به‌خێرهاتنى نوێنه‌رانى ده‌زگاکانى راگه‌یاندن ده‌که‌م. زۆریش سپاستان ده‌که‌م که‌ بۆ ئه‌و کۆنفرانسه‌ چاپه‌مه‌نىیه‌ یان بڵێین رۆژنامه‌نووسىیه‌ ته‌شریفتان هاتۆته‌ ئێره‌. ئه‌من پێم خۆش بوو بۆ کۆنفرانسێکى ئاوا هه‌م ئه‌من زیاتر باسى مه‌سایلى سیاسیى مه‌ربووت به‌ کوردستان و ئێران و ناوچه‌ و دنیا بکه‌م، هه‌م پرسیاره‌کانى ئێوه‌ له‌ پێوه‌ندى له‌گه‌ڵ بیروبۆچوونه‌کان و روانگه‌کانى حیزبى دێمۆکرات له‌و پێوه‌ندىیه‌دا بن. به‌ڵام گومانم نیه‌ هه‌روه‌کو براى به‌ڕێز کاک خالید ‌[محه‌ممه‌دزاده] ئیشاره‌ى پێکرد، ئێستا هه‌مووى ئێوه‌ى پێتان خۆشه‌ له‌باره‌ى ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ که‌ له‌نێو حیزبى دێمۆکرات‌دا رووىداوه‌ بۆتان بدوێم.

له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌من به‌کورتى هێندێک شت له‌و باره‌یه‌وه‌ باس ده‌که‌م، به‌ڵام بۆ ئه‌وه‌ى مه‌جال بده‌م به‌ ئێوه‌ به‌ڕێزان سه‌عى ده‌که‌م قسه‌کانم زۆر کورت بن، با زۆر شت له‌ زیمنى پرسیاردا روون بێته‌وه‌. ئاره‌زووشم ئه‌وه‌یه‌ که‌ پرسیاره‌کان ته‌نیا له‌و ده‌وروبه‌ره‌دا نه‌بن به‌ڵکوو له‌ باره‌ى مه‌سایلى سیاسییشه‌وه‌ و بیروبۆچوونى ئێوه‌شه‌وه‌ له‌باره‌ى مه‌سایلى سیاسى‌یه‌وه‌، ئێوه‌ پرسیار بێننه‌ گۆڕێ. هه‌روه‌ک باسکرا له‌ رۆژى 6/12/2006دا به‌شێک له‌ ئه‌ندامانى رێبه‌ریى حیزبى دێمۆکراتى کوردستان به‌ ده‌رکردنى به‌یاننامه‌یه‌ک نه‌ک جیابوونه‌وه‌ى خۆیان به‌ڵکوو به‌ جیاکارکردنى خۆیان له‌ زۆرایه‌تیى کۆمیته‌ى ناوه‌ندى راگه‌یاند. که‌س له‌ حیزبى دێمۆکراتى کوردستان جیا نه‌بۆته‌وه‌. نه‌ ئێمه‌ و نه‌ ره‌فیقه‌کانى دیکه‌مان. 

حیزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران به‌داخێکى گرانه‌وه‌ له‌ نه‌تیجه‌ى هێندێک پێشێل کرانى پره‌نسیپه‌ دێموکراتیکه‌کانى که‌ هه‌میشه‌ هه‌م حیزب شانازیى پێوه‌کردوون و، هه‌م دۆستان و ئاشنایانى میلله‌تى کورد و بزووتنه‌وه‌ى کورد شاهیدیان بۆ داوه‌ (له‌ نه‌تیجه‌ى ئه‌وه‌دا) ‌[ئه‌و به‌شه‌ له‌ ئه‌ندامانى رێبه‌رى ] نه‌یانتوانی پێکه‌وه‌ ئیدامه‌ به‌کار بده‌ن. له‌ ماوه‌ى نزیک به‌ دووساڵ‌و نیو بگره‌ زیاتر به‌شێکى زۆر له‌ کادره‌کانى ریزى هه‌ره‌ پێشه‌وه‌ى حیزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران له‌ نه‌تیجه‌ى ئه‌و بۆچوونه‌ ته‌سک بینانه‌ و ئه‌وه‌ى که‌ پێمان گوتوه‌ پاوانخوازانه‌دا خرابوونه‌ په‌راوێز، پره‌نسیپه‌ دیموکراتیکه‌کان له‌بیربرابوونه‌وه‌، هه‌وڵ و ته‌قه‌لایه‌کى زۆر که‌ ئه‌و به‌شه‌ى ناوى نرا ئۆپۆزیسیۆن، له‌چوار مانگى رابردوودا دایان، به‌ ئاکام نه‌گه‌یشت.

نێوبژیوانیى به‌شێکى زۆر له‌ ئه‌حزابى کوردستانى له‌نێو ئه‌وان‌دا دوو حیزبى ده‌سه‌ڵاتدارى ئه‌م به‌شه‌ له‌ کوردستان، (پارتى دیموکراتى کوردستان و یه‌کیه‌تیى نیشتمانى)، هێندێک حیزبى دیکه‌ى ئه‌م به‌شه‌ى کوردستان و هێندێک حیزبى کوردستانى خۆمان، ئه‌وه‌ى پێمان ده‌گوت کوردستانى کوێستان، هێندێک که‌سایه‌تیى نێوخۆى حیزب و ده‌ره‌وه‌ى حیزب و ئه‌ندامانى پارلمان، هه‌مووى ئه‌وانه‌ له‌ ئاکامى گوێ رانه‌گرتنى به‌شى زۆرایه‌تیى کۆمیته‌ى ناوه‌ندى بۆ نێوبژیوانىیه‌که‌ بێئاکام مانه‌وه‌.

کار گه‌یشته‌ جێگایه‌ک که‌ وه‌ک له‌ به‌یاننامه‌که‌ى ئه‌و هاوڕێیانه‌دا هاتبوو: به‌کرده‌وه‌ حیزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران له‌ت ببوو، له‌تبوونێکیش که‌ هه‌وڵه‌کان، تواناکان له‌ جیات ئه‌وه‌ى خه‌رجى خه‌بات و تێکۆشان بۆ وه‌دیهێنانى ئامانجه‌کانى میلله‌تى کورد و خه‌بات دژى دوژمنانى ماف و ئازادىیه‌کان ببێ، سه‌رفى به‌ربه‌ره‌کانى ده‌گه‌ڵ یه‌کترى ده‌کرا. له‌ یه‌ک قسه‌دا ده‌توانین بڵێین ئه‌و حیزبه‌ له‌ زۆرباره‌وه‌ فه‌له‌ج ببوو. وه‌ختێک ئێمه‌ له‌وه‌ نائومێد بووین که‌ هه‌وڵه‌کانمان به‌جێیه‌ک بگه‌ن، پێمان باش بوو هه‌وڵه‌کانمان، تواناکانمان ئازادبکه‌ین، به‌جیا کاربکه‌ین، له‌ جیاتى ئه‌و ململانێ‌یه‌نامه‌شرووع و ناڕه‌وایه‌، بکه‌وینه‌ ململانىیه‌کى پیرۆز. هه‌وڵ بده‌ین هه‌ر که‌سه‌مان به‌جودا کاربکه‌ین بۆ به‌ره‌وپێش بردنى ئامانجه‌کانمان، بۆ خزمه‌تى ماف و ئازادىیه‌کانى میلله‌تى کورد. میلله‌تى کوردیش له‌و نێوه‌دا قازى بێ، داوه‌ربێ و هه‌ڵبژێرێ.

هه‌روه‌کى له‌وێدا گوتوومانه‌، ئێمه‌ کارمان خه‌باته‌ بۆ وه‌ده‌ست هێنانى مافى گه‌لى کورد له‌ کوردستانى ئێران و رووى خه‌باته‌که‌مان له‌ جمهوریى ئیسلامىیه‌ و له‌و ده‌وڵه‌تانه‌یه‌ که‌ ده‌سه‌ڵاتى زاڵمانه‌یان به‌سه‌ر کورددا سه‌پاندوه‌. کارى ئێمه‌ به‌ربه‌ره‌کانى‌یه‌ک ده‌گه‌ڵ ره‌فیقه‌کانى پێشوومان‌دا نیه‌، نه‌ له‌ بوارى پروپاگه‌نده‌ و نه‌ له‌ هیچ مه‌جالێکى دیکه ‌دا. به‌هیچ جۆر نامانه‌وێ له‌و بوارانه‌دا ده‌ست پێشخه‌ر بین.

ئاره‌زووشمان ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌وانیش هه‌ر ئه‌و رێگایه‌ بگرنه‌به‌ر. به‌ باوه‌ڕى من ئه‌وانیش ئه‌گه‌ر ئه‌و رێگایه‌ بگرنه‌به‌رێ، ئه‌و نائومێدیه‌ که‌ حه‌تمه‌ن به‌شێک له‌ خه‌ڵکى ئێمه‌ى گرتۆته‌وه‌، ئه‌و خه‌مانه‌ که‌ چوونه‌ دڵى به‌شێکى زۆر له‌ خه‌ڵکى کوردستان ده‌ڕه‌ونه‌وه‌ و له‌پاشان زۆر که‌س گریاوه‌ به‌ ئیتمینانه‌وه‌ ده‌ڵێم، ئه‌گه‌ر باش عه‌مه‌ل بکه‌ین، ئه‌و فرمێسکانه‌ ده‌بنه‌ قاقاى پێکه‌نین.

ئه‌و حیزبه‌ له‌مێژه‌ ئیحتیاجى به‌ نوێبوونه‌وه‌ هه‌یه‌. راسته‌ حیزبێکى به‌پره‌نسیپ بووین ئێمه‌، شانازى به‌ رابردووى ئه‌و حیزبه‌وه‌ ده‌که‌ین. حیزبێک بووین ئیعتبارمان هه‌بووه‌، به‌ڵام حیزب له‌سه‌ر رابردووى خۆى نابێ بژى، حیزب ده‌بێ هه‌میشه‌ له‌ حاڵى به‌ره‌وپێشچوون و نوێبوونه‌وه‌دا بێ. ئه‌وه‌ ئیددیعاى ئه‌مڕۆ نیه‌ من ده‌یکه‌م. دوو حه‌وتوو دواى کۆنگره‌ى سێزده‌ که‌ ده‌کاته‌ دووساڵ و نیو به‌ر له‌ ئێستا ئه‌من جارێکى له‌ کۆبوونه‌وه‌یه‌کى دا ئه‌و قسه‌یه‌م کرد.

گوتم نزیک به‌ سێ ساڵ به‌ر له‌ ئێستا ئه‌من به‌رنامه‌م بۆ ئه‌و کاره‌ داوه‌ به‌ کۆمیته‌ى ناوه‌ندى، په‌سندیش کراوه‌. به‌ڵام به‌ ده‌لایلێک که‌ نامهه‌وێ لێره‌ باسى بکه‌م، ـ چونکى دوور و درێژه‌ـ جێ‌به‌جێ نه‌کراوه‌. که‌وابێ باوه‌ڕ به‌ ئاڵوگۆڕ له‌نێو ئێمه‌دا ئه‌وڕۆ دروست نه‌بووه‌. له‌مێژه‌ ئه‌و باوه‌ڕه‌ هه‌یه‌. به‌س ئه‌و ململانێ‌یه‌ نێوخۆیىیه‌ ناڕه‌وا وناله‌باره‌ نه‌یهێشتوه‌ ئه‌و ئاڵوگۆڕه‌ ببێ. ئێستا ئێمه‌ له‌جیاتى ئه‌وه‌ى به‌قازانجى ته‌ره‌فى موقابیل یان به‌ نه‌فعى که‌سى دیکه‌ خۆمان ته‌عریف بکه‌ین، ده‌مانهه‌وێ خۆمان ته‌عریف بکه‌ین که‌ چیمان ده‌وێ.

هه‌روه‌ک له‌ شتێکىدا که‌ به‌ناوى "هێڵه‌گشتىیه‌کانى رێبازى ئێمه‌" بڵاومان کردۆته‌وه‌، ئێمه‌ ده‌مانهه‌وێ ئاڵوگۆڕ له‌ سیاسه‌ت، له‌ مودیرییه‌ت، له‌ شێوه‌ سازماندان و له‌ به‌رنامه‌ و پێڕه‌وى حیزب‌دا و به‌گشتى له‌ هه‌موو حیزب‌دا پێک بێنین. ئه‌و هه‌وڵه‌ ره‌نگه‌ ته‌نیا به‌ هه‌وڵ و هیممه‌تى ئه‌و که‌سانه‌ که‌ ناسراون وه‌کوو حیزبى دێمۆکرات و، وه‌کوو رێبه‌ریى حیزبى دێمۆکرات نه‌بێ. ئێمه‌ له‌و بواره‌دا پشتمان به‌ هێزى ئه‌و لاوانه‌، ئه‌و ئینسانه‌ نوخبه‌ و خوێنده‌وارانه‌ به‌ستوه‌ که‌ به‌ رووحى ئه‌و عه‌سره‌ په‌روه‌رده‌ بوون و ده‌یانهه‌وێ کۆمه‌ڵه‌که‌یان به‌ره‌وپێش به‌رن. چونکه‌ حیزبى دێمۆکراتیش ئامرازێکه‌، وه‌سیله‌یه‌که‌ بۆ به‌ره‌و پێش بردنى کۆمه‌ڵ ده‌یانهه‌وێ له‌ حیزبى دێمۆکراتى کوردستانیش‌دا خه‌بات بکه‌ن، هاوکارى بکه‌ن بۆ به‌ره‌وپێش چوون و نوێبوونه‌وه‌ى ئه‌و حیزبه‌.

به‌ڕێز مامۆستا حه‌سه‌نزاده‌ له‌ به‌شێکى دیکه‌ى قسه‌کانى دا زۆر به‌ کورتى به‌شێک له‌ به‌نده‌کانى هێڵه‌گشتىیه‌کانى رێبازى ئێمه‌"ى" شى کرده‌وه‌. دواتر نوێنه‌رانى راگه‌یه‌نه‌ گشتى‌یه‌کان پرسیاره‌کانى خۆیانیان هێنایه‌گۆڕێ که‌ له‌ لایه‌ن به‌ڕێز مامۆستا حه‌سه‌ن‌زاده‌وه‌ وه‌ڵامیان درایه‌وه‌. ماڵپه‌ڕى "کوردستان وکورد"به‌ زوویى هه‌ڵبژارده‌ى پرسیار و وڵامه‌کان ده‌خاته‌ به‌رچاوى خوێنه‌رانى.

2006.12.14

 سه‌ره‌وه‌. ده‌سپێک.

ئه‌م بابه‌ته‌ چاپ بکه‌!

   ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ هاوڕێکه‌ت بنێره:

© www.giareng.com
All rights reserved 2005.