Ö:: ڕاپۆرتی جێژنی 26 ی سه‌رماوه‌ز، ڕۆژی پێشمه‌‌رگه‌ی کوردستان، له‌ شاری لینشۆپینگ

" کۆمیته‌ی لینشۆپینگ"ی حیزبی دێموکراتی کوردستان

ڕاپۆرتی جێژنی 26 ی سه‌رماوه‌ز، ڕۆژی پێشمه‌‌رگه‌ی کوردستان، له‌ شاری لینشۆپینگ
" کۆمیته‌ی لینشۆپینگ"ی حیزبی دێموکراتی کوردستان به هاوکاری "کۆمیته‌ی لینشۆپینگ"ی یه‌کیه‌تیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران، به به‌شداری زیاتر له 300 که‌س شه‌وئاهه‌نگێکی به شکۆیان به‌ڕێوه‌برد. کاتژمێر 19:00ی ئێوارێ ڕێوڕه‌سمه‌که به سروودی نه‌ته‌وایه‌تی  ئه‌ی ڕه‌قیب – و ده‌قیقه‌یه‌ک بێده‌نگی وه‌ستان بۆ ڕێزگرتن له گیانی پاکی شه‌هیدان، ده‌ستیپێکرد.

له لایه‌ن پێشکه‌شکارانی به‌رنامه، کوێستان بابایی و موکریان نستانی، به گه‌رمی به‌خێرهێنانی ئاماده‌بووان و میوانه‌کان کرا، به‌رنامه‌کانی ئه‌و شه‌واهه‌نگه‌ به‌م شێوه‌یه‌ به‌ڕێوه‌چوون:

  • په‌یامی کۆمیته‌ی سوئێدی حیزبی دێموکراتی کوردستان له‌ لایه‌ن کاک مه‌ریوان نستانی، به‌رپرسی کۆمیته‌ی حیزب له‌ شاری لینشۆپینگ. له‌و په‌یامه‌دا هاتبوو (هه‌ر له‌وکاته‌دا که‌ یه‌کیه‌تیی و یه‌کگرتووی له‌هه‌مووکات زیاتر پێویستی بوونی خۆیان نیشان ده‌ده‌ن به‌داخه‌وه‌ حیزبه‌که‌مان به‌هۆی هێندێک گیروگرفتی نێوخۆیی توشی لێکدابڕانێک هاتووه‌، ئێمه‌ دلنیاین و پشت ئه‌ستور به‌ هێز و توانای ڕۆڵه‌کانی حیزبه‌ تێکۆشه‌ره‌که‌مان و پشتیوانی خه‌ڵکی کوردستان هه‌روه‌ک له‌ ڕابردوودا نیشانیان داوه‌ حیزبی خۆشه‌ویستی خۆیان، حیزبی ڕێبه‌رانی شه‌هیدمان، قازی، قاسملوو و شه‌ره‌فکه‌ندی. سه‌ربه‌رز له‌ مه‌یداندا ده‌هێڵنه‌وه‌ ناهێڵن ئاواتی دوژمنانی گه‌له‌که‌مان که‌ له‌نێوچوون و سست بوونی حیزبه‌که‌مانه‌ بێته‌ دی.)
  • په‌یامی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆمیته‌ی ناوچه‌ی لینشۆپینگ له‌لایه‌ن کاک نافع هروری.
  • په‌یامی یه‌کیه‌تیی نیشتیمانی کوردستان که‌رتی ڕێکخستنی ئۆستریۆتلاند له‌لایه‌ن کاک موکریان نستانی.

له‌ هه‌ردوو په‌یامه‌کانی پارتی دیموکرات و یه‌کیه‌تیی نیشتیمانی دا وێڕای پیرۆزبایی به‌بۆنه‌ی ڕۆژی پێشمه‌رگه‌ی کوردستانه‌وه‌ جه‌خت له‌سه‌ر پێوه‌ندی و هاوکاری زیاتر کرابۆوه‌.

  • په‌یامی یه‌کیه‌تیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران له‌ لایه‌ن کاک شوان جوانمیری، ئه‌ندامای به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی یه‌کیه‌تیی لاوان له‌ وڵاتی سوئێد.
  • په‌یامی "کۆمیته‌ی ستۆکهۆڵم"ی یه‌کیه‌تیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران له لایه‌ن کاک شه‌هاب خاته‌می.

هه‌روه‌ها ئه‌م بروسکه و په‌یامانه نێردرابوون.

  • په‌یامی کۆمیته‌ی لینشۆپینگی یه‌کیه‌تیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران.
  • په‌یامی پیرۆزبایی ده‌سته‌ی نوێنه‌رایه‌تی گشتی یه‌کیه‌تیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران له ده‌ره‌وه‌ی وڵات.
  • کۆمیته‌ی "شۆپینگ"ی یه‌کیه‌تیی لاوانی دێموکراتی کوردستانی ئێران سوئێد.

له لایه‌ن به‌ڕێز کاک حه‌مه‌ڕه‌سوڵ ‌که‌ریمی باسێک سه‌باره‌ت به‌ که‌سایه‌تی و خۆشه‌ویستی پێشمه‌رگه‌ له‌ نێو کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان دا پێشکه‌ش کرا، هه‌روه‌ها کاک مه‌لا محمد گۆمانی، ده‌رباره‌ی ڕۆژی پێشمه‌رگه پارچه‌ شیعرێکی پێشکه‌ش کرد  که بۆ ڕێزگرتن له پێشمه‌رگه و ڕۆژی پێشمه‌رگه نووسیبووی.
دواتر شه‌وئاهه‌نگه‌که به ده‌نگی هونه‌رمه‌ندی ده‌نگخۆش، پیران قادرزاده و موسیکژه‌نانی په‌نجه ڕه‌نگین، دارڤان سه‌ید ئه‌حمه‌د به‌رزنجی و ئامانج مه‌عروفی، ڕازێنرایه‌وه.
دوای نزیک 6 کاتژمێر، شه‌وئاهه‌نگه‌که له خۆشی و هه‌ڵپه‌ڕکێی گه‌رمی به‌شداران دا، کۆتایی هات.

حیزبی دێموکراتی کوردستان
کۆمیته‌ی
لینشۆپینگ
2006-12-17




















































 سه‌ره‌وه‌. ده‌سپێک.

ئه‌م بابه‌ته‌ چاپ بکه‌!

   ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ هاوڕێکه‌ت بنێره:

© www.giareng.com
All rights reserved 2005.