Ö:: نامه‌یێکی سه‌ر ئاوه‌ڵه،

عه‌بدوڵڵای ئیبڕاهیمی

نامه‌ی سه‌ر ئاوه‌ڵه
بابه‌ت: گۆڕینی سروودی ئه‌ی ڕه‌قیب‌و ئاڵای کوردستان.
1- به‌ڕێز سه‌رۆک کۆماری عێراقی فیدرال، جه‌نابی مام جه‌لال تاڵه‌بانی
2- به‌ڕێز سه‌رۆکی کوردستان کاک مه‌سعوود بارزانی
3- به‌ڕێز پارله‌مانی کوردستان
4- به‌ڕێز سه‌رۆکی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان
به‌وپه‌ڕی سه‌رسووڕمانه‌وه‌ دوو بابه‌تم له‌ میدیاکانی کوردی ڕا پێگه‌یشت. وه‌ک پێشمه‌رگه‌یه‌کی ته‌مه‌نێکی به‌رچاو له‌ ژیانی خۆم له‌ڕێگای پیرۆزی کوردایه‌تیدا تێپه‌ڕ کردوو‌، به‌ئه‌رک‌و مافی خۆمی ده‌زانم که‌ له ‌ئاستیان بێده‌نگ نه‌بم. ئه‌و بابه‌ته‌ ئه‌وه‌نده‌ ڕوونه‌ که‌ به‌پێویستی نازانم به‌ درێژکردنه‌وه‌ی کاتی به‌نرختان زۆر بگرم. به‌ڵام پێویسته‌ داوایه‌کی پێشمه‌رگانه‌تان به‌ دوو خاڵ به‌کورتی بخه‌مه‌ به‌رچاو.

1- سروودی ئه‌ی ڕه‌قیب، وه‌ک سروودێکی حه‌ماسی‌و هانده‌رانه‌ ماوه‌یه‌کی زۆره‌ له‌ شۆڕشی گه‌لی کوردی هه‌موو پارچه‌کانی کوردستاندا وه‌ک سروودی نه‌ته‌وه‌یی که‌لکی لێ وه‌رگیراوه‌. ئه‌و سرووده‌ ئه‌وه‌نده‌ له‌ناو دڵی گه‌لی کورددا جێگای خۆی کردۆته‌وه، که‌ بۆته‌ پێناسه‌یه‌ک بۆ خه‌باتی قاره‌مانانه‌ی پێشمه‌رگه‌کان‌و به‌گشتی هه‌موو خه‌باتکارانی ڕێگای ئازادیی کوردستان. ئه‌و سرووده‌ که‌ وێڕای به‌ڵێنی تۆڵه‌ ئه‌ستاندنه‌وه‌، له‌ لایه‌ن هاوسه‌نگه‌رانه‌وه‌، له‌ سه‌ر گۆڕی زۆر شه‌هیدی کورد خوێندراوه‌‌ته‌وه‌، نازانم بۆ بیرۆکه‌ی گۆڕینی لێ بۆته‌ مۆته‌و خه‌ریکه‌ زۆر به ‌ناوه‌خت بی‌خنکێنێ ‌و جوانه‌مه‌رگی کا. پێموایه‌ ئه‌گه‌ر وا بیر بکه‌ینه‌وه‌ که‌ خه‌باتی گه‌لی کورد گه‌یشتۆته‌ ئه‌و قۆناغه‌ی که‌ چیدی پێویستمان به‌ سروودی هانده‌رانه‌ نیه‌، هه‌ڵه‌یه‌کی مێژوویی ده‌که‌ین. ئه‌و خه‌باته‌ هه‌ر له‌ باشووری کوردستانیش وه‌ک ده‌بینین ڕێگایه‌کی دوورو درێژی له ‌پێشه‌، بۆیه‌ زۆر زووه‌ ته‌نانه‌ت له‌و پارچه‌شدا بیری لێ بکرێته‌وه‌، هه‌روه‌ها ئه‌و به‌شه‌ نیوه‌ ئازاده‌ی کور‌دستان به‌شێکی چووکی کوردستانه‌ و به‌شی هه‌ره‌ گه‌وره‌ی گه‌لی کوردو خاکی کوردستان، له ‌ژێر توندترین گوشاری چه‌وساندنه‌وه ‌و دوژمنایه‌تیی داگیرکه‌راندان. گۆڕینی یه‌ک لایه‌نه‌‌ی‌ ئه‌و سرووده‌ به‌هۆی ته‌نیا پارچه‌یه‌کی کوردستان، به‌بێ وه‌به‌رچاو گرتنی ڕوانگه‌و ویستی پارچه‌کانی دیکه‌، به‌دوور له‌ پرێنسیپه‌کانی دێمۆکڕاسی‌یه‌. بێجگه‌ له‌وه‌ش ته‌نا‌نه‌ت به‌ له‌گۆڕێدا نه‌بوونی خه‌باتی چه‌کدارانه‌ش زۆر گه‌لی دنیا سرودی کۆنی نیشتمانیی خۆیان ڕاگرتووه‌. ڕێژیمی ئێران –  هه‌ر بۆ نموونه‌ نه‌ک بۆ باسکردن له‌سه‌ر چاکی یا خراپیی ڕێژیمه‌که‌ - پێش خومه‌ینی سروودێکی نیشتمانیی هه‌بوو، ئه‌من تا له‌ وڵاتی خۆم قاچاخ نه‌ببووم سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی له‌ ئێراندا هیچ شه‌ڕێک له ‌گۆڕێدا نه‌بوو و به ‌ڕواڵه‌ت هیچ مه‌ترسیی‌یه‌کی شه‌ڕیشی له‌ سه‌ر نه‌بوو، ده‌مدی  سروودێک‌ هه‌موو به‌یانی‌یان له‌ قوتابخانه‌و پادگانه‌ نیزامی‌یه‌کان، پێش هه‌موو شتێک به‌کۆڕ ده‌خوێندرایه‌وه‌.  له‌و سرووده‌دا ده‌ڵێ: (ای دشمن گر تو سنگ خاره‌ای من آهنم     جان من فدای خاک پاک میهنم) واته‌ (ئه‌ی ڕه‌قیب ئه‌گه‌ر تۆ به‌ردی له‌شکان نه‌هاتوو بی من ئاسنم، گیانم ده‌که‌م به‌ قوربانی خاکی پاکی نیشتمانم)، ئه‌وه‌ ڕاست واتای ئه‌و به‌یته‌ی سروودی ئه‌ی ڕه‌قیب ده‌داته‌وه‌که‌ ده‌ڵێ: ئه‌ی ڕه‌قیب هه‌ر ماوه‌ قه‌ومی کورد زمان    نایشکێنێ دانه‌یی چه‌رخی زه‌مان. وه‌ک ده‌بینین ئه‌وان ته‌نانه‌ت له‌کاتێکدا دوژمنی دیاریشیان له‌سه‌ر نه‌بوو، سرووده‌ هانده‌رانه‌که‌ی خۆیان نه‌گۆڕی. ئێمه‌ که‌ ئێستا بێجگه‌ له‌ دوژمنانی زۆری له‌ جلکی دۆستدا، چه‌ندین دوژمنی دیار و ڕاسته‌وخۆشمان له ‌پێشن، نه‌ پێویسته‌ و نه‌ ده‌شبێ سرووده‌که‌مان بگۆڕین. ئه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ی داوای گۆڕینی سرووده‌که‌ ده‌که‌ن، پێ‌یان وایه‌ ئێمه‌ ڕۆڵه‌ی میدیاو که‌یخه‌سره‌و نین، ئه‌وه‌ش هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌یه‌ و پشت کردنه‌ ده‌ شانازی‌یه‌کانی ڕابردوومان، که‌ ‌ئاکامی شێواندنی میژوومان به‌ده‌ستی ڕه‌گه‌زپه‌رستانی ده‌سته‌ڵاتدارو نۆکه‌رانیانه‌. به‌داخه‌وه‌ ئه‌و شێواندنه‌ زۆر به‌ ناڕه‌وا له‌لایه‌ن زۆر که‌سی خۆشمان دووپات ده‌بێته‌وه‌. ئه‌من بابه‌تێکم نووسیوه‌و‌ به‌به‌ڵگه‌ی به‌هێز تێیدا سه‌لماندوومه‌ که‌ نه‌ک هه‌ر کاوه‌، به‌ڵکوو فه‌ره‌یدوونیش ڕۆڵه‌ی کورد بوونه‌و ئه‌منیش چه‌نده‌ فارسم یا عه‌ره‌ب یا تورک، که‌یخه‌سره‌ویش هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ (وه‌ک فارسه‌کان ده‌ڵێن‌و به‌داخه‌وه‌ له‌ کوردانیشم دیوه‌ ده‌یڵێنه‌وه‌) کوورۆشی هه‌خامه‌نشی‌یه‌. بابه‌ته‌که‌ درێژه‌و ئه‌گه‌ر فه‌رمان بده‌ن دوایه‌ بۆتانی ده‌نێرم.

2- ئاڵای کوردستان، که‌ شۆڕشگێڕانی هه‌موو پارچه‌کانی کوردستان له‌کاتی خۆیدا دروستیان کردووه‌،  له‌ چه‌ند شۆڕشی کورد دا هه‌ڵدراوه‌، به‌شی هه‌ره‌ زۆری کورد په‌سندی کردووه‌، له‌دنیادا وه‌ک ڕه‌مزی زیندوو بوونی نه‌ته‌وه‌که‌مان ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه‌و نیشانه‌ی گه‌له‌که‌شمانی له‌سه‌ره‌ که‌ بریتی‌یه‌ له‌ ڕۆژه‌ 21 تیشکه‌که‌ی. کوا ڕه‌وایه‌ ته‌نیا به‌ بڕیاری پارچه‌یه‌کی کوردستان که‌ هێشتا سه‌ربه‌خۆییشی نیه‌، که‌ هیچ، به‌ دژه‌بایه‌کی بێواده‌ش به‌هه‌موو ئاواته‌کانیه‌وه‌ خه‌ریکه‌ وه‌له‌رزه‌ بکه‌وێ، به‌بێ وه‌به‌رچاوگرتنی ڕوانگه‌ی کوردی پارچه‌کانی دیکه‌ی کوردستان، بگۆڕێ.  

به‌وپه‌ڕی ڕێزمه‌وه‌
پێشمه‌رگه‌یه‌کی کۆنی کورد
عه‌بدوڵڵای ئیبڕاهیمی

17/12/2006

 سه‌ره‌وه‌. ده‌سپێک.

ئه‌م بابه‌ته‌ چاپ بکه‌!

   ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ هاوڕێکه‌ت بنێره:

© www.giareng.com
All rights reserved 2005.