Ö:: تۆش پێشمه‌رگه‌ بووی؟

نووسینی: هه‌ڤال

تۆش پێشمه‌رگه‌ بووی؟
له‌ ئێوارێکی پاییز دا که‌ شه‌و ده‌هات به‌ سه‌ر شاردا زاڵ بێ،وه‌بیر هاوڕێکم که‌وته‌مه‌وه‌ که‌ له‌ نێزیک ماڵه‌که‌ی من ده‌ژیا. ته‌له‌فونم بۆ کرد وه‌تم، ئه‌گه‌ر کاتت هه‌بێ ده‌مه‌وی سه‌ردانێکت به‌که‌م، له‌ وه‌ڵام دا وه‌تی یاڕه‌بی به‌ خێر بێت زۆرم پێ خۆشه.
پاش ماوه‌یه‌ک له‌ ده‌رگام دا. گه‌ڵا نارنجی‌یه‌کانی سه‌ر ڕێگا که‌ به‌ بای پاییزی له‌ کۆڵانه‌کان دا وه‌ریبونه‌ سه‌ر زه‌وی له‌ گه‌ڵ پێڵاوه‌کانما خشه‌خش خوێان کرد با ژووره‌که‌ی دا. ویستم فڕێیان ده‌مه‌وه‌ ده‌رێ، که‌ هاوڕێکم ووتی لێیان گه‌ڕێ، زۆرم حه‌ز له‌و گه‌ڵایانه‌یه‌. وو‌تم بۆ؟ وو‌تی زۆر شتی خۆشم ده‌خه‌نه‌وه‌ بیر، زۆر جار له‌ گه‌ڵ پێڵاوه‌کانما خوێان به‌ ماڵه‌ قورماوی‌یه‌کان دا ده‌کرد.
پاش خوراده‌نه‌وه‌ی قاوه‌یه‌ک هه‌ر وه‌ک چۆن به‌ڕێوه‌به‌ری پرۆگرامی تی‌ڤی‌کان داوا ده‌که‌ن ده‌نگی تی‌ڤی‌که‌مان کز بکه‌ین له‌ کاتی قسه‌ کردن دا ئێمه‌ش بۆ ئه‌وی لێک حاڵی بین ده‌نگی تی‌ڤی‌که‌مان کز کرد و ده‌ستمان کرد به‌ قسه‌ کردن. ئاوڕێك له‌ ڕابوردوو بیرێک بۆ داهاتوو بابه‌تی باسه‌کانمان بوون.

من: ته‌مه‌نت چه‌نده‌؟
ئه‌و: له‌ نێردیوانی ته‌مه‌ن سه‌ر که‌وتوم ئێستا خه‌رێکی داگه‌ڕانه‌وه‌م بۆ خوارێ .
من: یانی چی؟
ئه‌و: یانی له‌ 35 تێ په‌ڕیوم ده‌ڕوم بۆ 70.
من: تۆش پێشمه‌رگه‌ بووی؟
ئه‌و: ئیستاش هه‌ر پێشمه‌رگه‌م.
من: که‌ی بووی به‌ پێشمه‌رگه‌؟
ئه‌و: پێش ئه‌وه‌ی هه‌ست بکه‌م پێویستم به‌ ڕدێن تاشین هه‌یه‌، پێش ئه‌وه‌ی تێرتێر چاو به‌ کوڵانه‌کانی شاره‌که‌م دا بگێڕم، پێش ئه‌وه‌ی بۆ ژووانی کچێکی جیرانمان بچمه‌ کوڵانه‌که‌ی ئه‌و دیو ماڵه‌که‌مان، پێش ئه‌وه‌ی کچان یه‌که‌م گوڵی خوشه‌ویستیم بۆ لێ نکه‌نه‌وه ‌و له‌ به‌رووکمی ده‌ن، پێش ئه‌وه‌ی خوێندنی ناوه‌ندی ته‌واو که‌م، پێش زۆر شتی تریش بیرم لای پێشمه‌رگه‌ بوو و بووم به‌ پێشمه‌رگه‌.
من: چۆن بووی به‌ پێشمه‌رگه‌؟
ئه‌و: له‌ ئێواره‌یێکی سارد دا کۆمه‌ڵێک چه‌کدار خۆیان کرد به‌ کۆلانه‌که‌مان دا که‌ زانیمان پێشمه‌رگه‌ن هه‌مو خه‌ڵکی به‌ره‌و پیریان چوون منیش چووم و ئیدی له‌و کاته‌وه‌ بووم به‌ هاورێیان و شاخه‌کانم کرده‌ ماڵ و زێد و هێلانی خۆم ئه‌و کاتانه‌ش زێڕین‌ترێن کاته‌کانی ژیانمن.
من: چی فێر بووی له‌وی؟
ئه‌و: له‌ ژێر چاد‌رێکی کۆن دا فێری ئه‌و به‌ها ئینسانیانه‌ بووم که‌ خه‌ڵک لێره‌ (هه‌نده‌ران) له‌ باشترێن زانکۆکان دا به‌ شوێنی دا عه‌وداڵن، دێموکرات بوون، سه‌داقت، کۆڵنه‌دان، فیداکاری، له‌ سه‌ره‌خۆ بوون، رێزی به‌رامبه‌ره‌که‌ت گرتن، خاون ڕای خوم، سه‌ر ئه‌نجام له‌ پێناو میلله‌ته‌که‌م دا ئه‌گه‌ر پێوست بێ مردن.
من: هه‌موو کات هه‌ر له‌ ژێر ئه‌و چاد‌ره‌ دا بوون؟
ئه‌و: نا. کاتێک باڵنده‌ کوێستانی‌یه‌کان ده‌چوونه‌ خه‌و مانگ هیلاک بوو به‌ ئاسمانه‌وه‌، به‌فر و‌رد ورده‌ ده‌بوو به‌ سه‌هوڵ و به‌سته‌ڵه‌ک تا خۆی پته‌و کا له‌ به‌رابه‌ر خۆری به‌یانی نه‌تیوته‌وه‌، ئێمه‌ش فتیله‌که‌مان ده‌کووژانده‌وه‌ و له‌ چوار لاوه‌ به‌رو ته‌ختایی به‌رو مێرگ و چیمه‌ن به‌رو خۆشه‌ویستی به‌رو قوڵای ناوچه‌ داگیرکه‌راوه‌کان داده‌گه‌ڕاین بۆ ئه‌وه‌‌ی زیاتر تۆویی شۆڕش و به‌رخودان به‌چێنین. تا ده‌گه‌ڕاینه‌وه‌ ناو چادره‌که‌ زۆری پێده‌چو. له‌و سه‌فه‌ره‌دا زۆر هاوڕێی خۆشه‌ویستمان نه‌ده‌گه‌رانه‌وه‌ و شه‌هید ده‌بوون، هه‌ر له‌وێ له‌ ته‌ختایی له‌ ناو مێرگ و چیمه‌ن، له‌و شوێنی که‌ پێی ده‌ڵێن گۆڕی سه‌ربازی وون ته‌سلیم به‌ خاکمان ده‌کردن، روحیان شاد و رێگایان پڕ ڕێبوار بێ، زۆڕیشمان وه‌ک من ئه‌ندامێکی له‌شیان بۆ ڕه‌زگاری میلله‌ته‌که‌یان ده‌به‌خشی.
من: ئه‌و هه‌موو زه‌حمه‌ته‌ی کێشاوتانه ئاکامی چی بووه‌؟
ئه‌و: له‌ بیرت نه‌چێ کوردستانی باشوور که‌ گه‌یشتوته‌ ته‌ختایی ئازادی و حکومه‌تی کوردستان و پارله‌مان، به‌رهه‌می فیداکاری پێشمه‌رگه‌یه‌. هه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ تا ئیستاش نه‌مان هێشتوه‌ داگێرکه‌رانی کوردستان ئاوا به‌ سوک و ئاسانی له‌ کوردستان دا ڕه‌مبازین بکه‌ن، تا لاوانی خوین گه‌رم نه‌وه‌ی نوێ هاتونه‌ته‌ نێو ریزی خه‌بات، ده‌سکه‌وتی گه‌ورن بۆ میلله‌ته‌که‌مان.
من: تۆ که‌سێکی که‌ له‌و خه‌باته‌ دا ئه‌ندامیکی خۆت به‌خشیوه‌، ئه‌گه‌ر سروشتی مرۆڤ به‌ شێوه‌یێک بووایه‌ که‌ ئه‌ندامه‌کانی له‌ش جارێکی دیکه‌ ڕووابایانه‌وه‌، ئاماده‌ی جارێکی دیکه‌ بۆ ڕزگاری میلله‌ته‌که‌ت بی به‌خشی‌یه‌وه‌؟
ئه‌و: ئه‌و ڕووباره‌ خوێنه‌ی که‌ به‌ڕێوه‌یه‌ سه‌رچاوه‌کی هی باشترین ڕووڵه‌کانی ئه‌م گه‌له‌یه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌و ڕوباره‌ دیسان خوێنی ئێمه‌ی ‌بووێ تا ده‌گاته‌ مه‌نزڵگای خۆی، ئه‌و دوو چاوی‌تر، ئه‌وه‌ دوو ده‌ستی‌تر.....هتد وه‌ ئه‌گه‌ر پێوست بی ئه‌و وه‌ک پێشمه‌ر‌گه‌که‌ی ناو چادره‌که‌ ئاماده‌ین بۆ فیداکردنی گیانمان.
من و ئه‌و:  بژی پێشمه‌رگه‌ ئه‌ی پڕشنگی ئاوات

بژی پێشمه‌رگه‌که‌ی حیزبی دێموکڕات
ژیانت بێ شکان و بێ به‌دی بێ
به‌ئاواتین* که‌ ئاواتت به‌دی بێ  

پیروز بێ 26 سه‌رماوه‌ز ڕوژی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان

*هه‌ڵبه‌سته‌که‌ خۆی ده‌ڵی به‌ ئاواتم  که‌ ئاواتت به‌دی بی، له‌ به‌ر ئه‌وی ئیمه‌ 2 بۆین کرد‌مان به‌ ئاواتین.

نووسینی: هه‌ڤال

14.11.2006 ستۆکهۆڵم
 سه‌ره‌وه‌. ده‌سپێک.

ئه‌م بابه‌ته‌ چاپ بکه‌!

   ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ هاوڕێکه‌ت بنێره:

© www.giareng.com
All rights reserved 2005.