Ö:: پشتیوانی کۆمه‌ڵێک له‌ ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان - ئێران

 

پشتیوانی کۆمه‌ڵێک له‌ ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان - ئێران له‌ ئه‌مریکا( ویرجینیا- واشنگتن)
خه‌ڵکی تێکۆشه‌ری کوردستان
حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان-ئێران
له‌ رابردووی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران‌دا زۆرجار بینراوه‌ که ئه‌و حیزبه‌ تووشی قه‌یرانی سیاسی- ته‌شکیلاتی هاتووه‌. ده‌سته‌به‌ندی، پاوانخوازی، لادان له‌ پره‌نسیپه‌ دێمۆکڕاتیکه‌کان، وه‌به‌رچاو نه‌گرتنی داخوازییه‌کانی به‌شێکی زۆر له‌ پێکهاته‌ی حیزب به‌مه‌به‌ستی رفۆرم، ئه‌نجام‌دانی چه‌ندین هه‌ڵه‌ی سیاسی و. . .  دوایین کرده‌وه‌ی  زۆرینه‌ی رێبه‌ری هه‌ڵبژێردراوی کۆنگره‌ی سێزده‌ن.

پێش کۆنگره‌ی سێزده‌، زۆرینه‌ی رێبه‌ری هه‌ڵبژێردراوی ئه‌و کۆنگره‌یه‌، خۆیان بۆ یه‌کده‌ست کردنی حیزب ( که‌ به مانای ته‌حه‌موول نه‌کردنی هیچ بیرێکی‌ جیا له‌ هی خۆیانه‌) ئاماده‌ کردبوو. بۆ ئه‌م کاره‌ش ئامرازی ناوچه‌گه‌ری یه‌کێک له‌و که‌رستانه‌ بوو که‌ به‌ چاکی به‌ مه‌به‌ستی راکێشانی که‌سانی خۆشباوه‌ڕ بۆ هێنانه‌وه‌ی ده‌نگی زۆرینه‌ له‌ کۆنگره‌ی 13 به‌ باشی که‌ڵکیان وه‌رگرت. ئاکامی بیری زه‌ره‌رمه‌ند و چه‌وتی (یه‌کده‌ست کردن)،له‌ په‌راوێز خستنی  ئه‌و که‌سانه‌ بوو که‌ خوازیاری  ئاڵوگۆڕی بنه‌ره‌تی له‌ پێکهاته‌ی سیسته‌می کاری ته‌شکیلاتی و سیاسی حیزب بوون.

به‌دوای به‌ ئاکام نه‌گه‌یشتنی هه‌وڵ و ته‌قه‌لای چه‌ند مانگی رابردووی ئۆپۆزیسیۆنی (که‌مینه‌ی رێبه‌ری پێشوو)ی  ‌حیزب به‌ مه‌به‌ستی چاکسازی و پاراستنی یه‌کریزی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران، له‌ ئاست هه‌ڵوێستی بێ وه‌ڵام هێشتنه‌وه‌ی داواکارییه‌کان له‌ لایه‌ن پاوانخوازانی ( زورینه‌ی رێبه‌ری پێشووی) حیزبه‌وه‌، که‌ ئامانجیان له‌و به‌ که‌م گرتنه‌ی داخوازییه‌کان ته‌نیا که‌رت کردنی حیزبی دێمۆکڕات  بوو. که‌ له‌مێژ بوو ئه‌وان کادر و پێشمه‌رگه‌کانیان له ‌ نێوخۆی حیزب به‌ "خومانه‌ و بێگانه‌" دابه‌ش کردبوو، ته‌نیا هه‌موو هه‌وڵ و کرده‌وه‌کانیان له‌ ماوه‌ی وتووێژ له‌ چه‌ند مانگی رابردوو‌دا ناراسته‌وخۆ ئه‌وه‌ بوو، که‌ به هێند نه‌گرتن و به لاڕێ دابردنی داخوازییه‌کان له‌ وه‌ڵامنامه‌که‌ی 17 خاڵی‌یاندا، کارێکی ئاوا بکه‌ن که‌ (ئۆپۆزیسیۆنی )نێوخۆی حیزب ناچار بێ  به فه‌رمی که‌رتبوونه‌که‌ رابگه‌یه‌نێ.

به‌ سه‌رنج دان به‌و راستی‌یه‌ هه‌ست پێکراوانه، ئێمه به‌شێک له‌ ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی پێشووی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران، دانیشتووی ئه‌مریکا(ویرجینیا-واشنگتۆن) پشتیوانی خۆمان له‌ به‌یاننامه‌ی راگه‌یه‌ندراوی ‌ رێکه‌وتی 6-12-2006 له‌لایه‌ن کۆمه‌ڵێک له‌ ئه‌ندامانی ده‌فته‌ری سیاسی  و کۆمیته‌ی ناوه‌ندی و جێگران و موشاویرانی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران راده‌گه‌یه‌نین. له‌ هه‌مان کات‌دا، داوا له‌ هاورێیانی پێشوومان له‌ حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران ده‌که‌ین که‌ به‌رپرسانه‌ بڕواننه رووداوه‌کان، با هه‌موومان تواناکانمان بۆ به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ له‌ گه‌ڵ دوژمنی سه‌ره‌کی گه‌له‌که‌مان که‌ کۆماری ئیسلامی ئێرانه‌ بخه‌ینه‌ سه‌ر یه‌ک .

سه‌رکه‌وێ جوڵانه‌وه‌ی میللی دێمۆکڕاتیکی گه‌لی کورد

سه‌ربه‌رزی بۆ شه‌هیدانی رێگای ئازادی، به‌تایبه‌ت سه‌روه‌رانی رێبه‌ر قازی، قاسملوو و شه‌ره‌فکه‌ندی

بژی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان- ئێران

کۆمه‌ڵێک له‌ ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان له‌ ئه‌مریکا-

ویرجینیا- واشنگتن 19-12-2006

 سه‌ره‌وه‌. ده‌سپێک.

ئه‌م بابه‌ته‌ چاپ بکه‌!

   ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ هاوڕێکه‌ت بنێره:

© www.giareng.com
All rights reserved 2005.