Ö:: پشتیوانی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان– ئێران کۆمیته‌ی رۆژهه‌ڵاتی کانادا

حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان– ئێران کۆمیته‌ی رۆژهه‌ڵاتی کانادا

ئازادیخوازانی نه‌ته‌وه‌که‌مان!
تێکۆشه‌رانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان!
حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان – ئێران!
له رۆژی 6ی دسامبری 2006ی زایینی، به‌رامبه‌ر به‌15ی سه‌رماوه‌زی 1385ی هه‌تاوی له‌ رێگای به‌یاننامه‌ی ژماره‌یه‌ک له ئه‌ندامانی ده‌فته‌ری سیاسی، کۆمیته‌ی ناوه‌ندی، جێگران و موشاویرانی کۆمیته‌ی ناوه‌ندی، هه‌واڵێکی  ناخۆش و دڵته‌زێنمان بیست؛ که داسه‌پاندنی له‌تبوونی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران، له لایه‌ن زۆرایه‌تی  پاوانخوازی  کۆنگره‌ی  سێزده‌ بوو.

له مێژووی زیاتر له 60 ساڵی حیزبه‌ تێکۆشه‌ر و ماندوو نه‌ناسه‌که‌ماندا، زۆر ململانێ و کێ به‌رکێ و دووبه‌ره‌کی و جیاوازی بیرو بۆچوون هه‌بوون؛ که چه‌نده‌ جێی داخ بوون. به‌ڵام که‌رت بوونی ئه‌مجاره شوێنه‌وارێکی قووڵتر و‌ به‌رچاوتر ده‌خاته‌ سه‌ر ره‌وتی خه‌بات و تێکۆشانی  حیزب.

ئه‌م رووداوه‌ تاڵه‌ دوای نزیکه‌ی ده‌ ساڵ له‌ وه‌سه‌ریه‌ک که‌وتنه‌وه‌ی بنه‌ماڵه‌ی گه‌وره‌ی دێمۆکڕات هاته‌ ئاراوه‌. که‌ ئه‌و  هه‌نگاوه‌ گه‌وره‌یه،‌ حیزبه‌ خۆشه‌ویسته‌که‌مانی کرده‌ وێنه‌یه‌کی پازتیڤ (موسبه‌ت) بۆ حه‌للی کێشه‌کانی نێوخۆیی حیزب له‌ نێو بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوای نه‌ته‌وه‌که‌مان، به رێگای ئاشتی و ئارامی و به‌ شێوه‌یه‌کی دێمۆکڕاتیک، به ئیراده‌ی  تێکۆشه‌ران و خه‌باتگێڕانی  نێوخۆی  دێمۆکڕاته‌وه‌.

ئه‌و تێکۆشه‌رانه‌ی که‌ ئێستا، له‌ ژێرناوی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان– ئێران خه‌باتێکی نوێ و سه‌رده‌میانه‌یان ده‌ست پێکردووه‌، به هێڵه‌گشتی‌یه‌کانیان، دڵفره‌وانی و نیازپاکی یان، خاوێنی قه‌ڵه‌م و قسه‌یان، ئاگایی و ژیربێژی یان، بڕوایه‌کی نوێ‌یان له دڵی ئازادیخوازانی کورد به گشتی و تێکۆشه‌رانی رۆژهه‌ڵاتی کوردستان به‌تایبه‌تی زیندوو کردۆته‌وه‌. ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ نوێیه‌ موژده‌ی هاوخه‌باتی و هاوپه‌یمانی به‌رفراوانی هێز و که‌سایه‌تی‌یه‌  خه‌باتگێڕه‌کانی  لێ چاوه‌ڕوان ده‌کرێ، که‌ له‌مێژه‌ جێگایان به‌تاڵه‌ و پشتگوێ خراون.

 ئێمه‌ ژماره‌یه‌ک له‌ ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی حیزب له رۆژهه‌ڵاتی کانادا، به هه‌ستکردن به‌ به‌رپرسیاری له‌ ئاست  خه‌باتی رزگاریخوازانه‌ی گه‌له‌که‌مان و بڕوا به‌ چاکسازییه‌کی بنه‌ڕه‌تی بۆ ئاستێکی به‌رزتری سه‌رده‌میانه له نێوخۆی حیزبی دێمۆکڕات دا، پشتیوانی خۆمان له‌ به‌یاننامه‌ی رێکه‌وتی 6-12-2006 که له‌ لایه‌ن به‌شێک له‌ ئه‌ندامانی رێبه‌ری حیزب به‌ نێوی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان- ئێران ده‌رچوو، راده‌گه‌یه‌نین. جارێکی‌تر به‌ڵێن ده‌ده‌ین که‌  وه‌ک هه‌مێشه‌ تا وه‌دی هاتنی ویست و داخوازه‌ ره‌واکانی گه‌لی کورد له‌ سه‌ر رێبازی حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان که  ئامانجی به‌رزی، وه‌دیهێنانی ئازادی و دابین کردنی ئاسایش بۆ گه‌لی کورده‌ بمێنینه‌وه‌.

ئاواته‌ خوازین هاوڕێیان و هاوخه‌باته‌کانی پێشوومان له‌ حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستانی ئێران به‌ کرده‌وه‌یه‌کی  دێمۆکڕاتیک و به‌رپرسانه‌، که‌ له‌ ئاست خه‌باتی نه‌ته‌وایه‌تی گه‌له‌که‌مان ده‌که‌وێته‌ سه‌ر شانیان، به‌ چاوی  هاوخه‌باتی بۆ ئازادی گه‌له‌ ژێرده‌سته‌که‌مان، بڕواننه هاوڕییانی پێشوویان.

با هه‌موومان پێکه‌وه‌، هه‌ر که‌سه‌ و هه‌ر هێزه‌ی له‌ رێبازی هه‌ڵبژارده‌ی خۆیه‌وه‌، تواناکانمان بۆ به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ له‌ گه‌ڵ دوژمنانی ئازادی نه‌ته‌وه‌که‌مان، له‌ سه‌رووی هه‌موویان کۆماری ئیسلامی ئێران بخه‌ینه‌ گه‌ڕ و سه‌ریه‌ک.

سه‌رکه‌وێ بزووتنه‌وه‌ی میللی دێمۆکڕاتیکی گه‌لی کورد
سڵاو له‌ شه‌هیدانی رێگای ئازادی، به‌ تایبه‌ت سه‌رکرده‌ شه‌هیده‌کانمان: قازی، قاسملوو و شه‌ره‌فکه‌ندی
سڵاو له‌ بنه‌ماڵه‌ی سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان و زیندانیانی سیاسی
سڵاو له‌ حیزبی دێمۆکڕاتی کوردستان– ئێران

حیزبی  دێمۆکڕاتی  کوردستان – ئێران
کۆمیته‌ی  رۆژهه‌ڵاتی  کانادا  15-12-2006

 سه‌ره‌وه‌. ده‌سپێک.

ئه‌م بابه‌ته‌ چاپ بکه‌!

   ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ هاوڕێکه‌ت بنێره:

© www.giareng.com
All rights reserved 2005.