Ö:: به‌یاننامه‌ی‌ پشتیوانی

یه‌كیه‌تیی‌ لاوانی‌ دێمۆكڕاتی‌ كوردستانی‌ ئێران

به‌یاننامه‌ی‌ پشتیوانی
چین و توێژه‌ جۆراوجۆره‌كانی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان
!
هیواداران به‌ وه‌دیهاتنی‌ ئامانجه‌كانی‌ پێشه‌وا قازی‌ و د.قاسملوو و شه‌ڕه‌فكه‌ندی‌!
رێكخراوه‌ مه‌ده‌نی‌ و دێمۆكڕاتیكه‌كان!
لاوانی‌ دڵسۆزو نیشتمانپه‌روه‌ر!
ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی‌ یه‌كیه‌تیی‌ لاوانی‌ دێمۆكڕاتی‌ كوردستانی‌ ئێران!
ئاوڕێك له‌ مێژووی‌ پڕ ده‌سكه‌وت و شانازیی‌ یه‌كیه‌تیی‌ لاوانی‌ دێمۆكڕاتی‌ كوردستانی‌ ئێران، له‌ سه‌ره‌تای‌ دامه‌زرانی‌ كۆماری‌ كوردستانه‌وه‌ تا ئێستا سه‌لمێنه‌ری‌ رۆڵی‌ به‌رچاوی‌ ئه‌و رێكخراوه‌یه‌یه‌ له‌ كۆكردنه‌وه‌ی‌ لاوانی‌ به‌هه‌ست و نیشتمانپه‌روه‌ری‌ كورد له‌ ده‌وری‌ به‌رنامه‌یه‌كی‌ پێشكه‌وتووانه‌و پشتیوانی‌ له‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ ره‌وای‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ كورددا.

ئه‌ركی‌ سه‌ره‌كی‌ یه‌كیه‌تیی‌ لاوان له‌ ماوه‌ی‌ زیاتر له‌ 60 ساڵی‌ رابردوودا پێگه‌یاندنی‌ ئه‌م توێژه‌ بووه‌ له‌ بواره‌ جیاجیاكانی‌ سیاسی‌، فه‌رهه‌نگی‌ و هتد و، ئاشناكردنیان به‌ مافه‌ زه‌وتكراوه‌كانی‌ نه‌ته‌وه‌كه‌مان و هاندانیان بۆ پاراستنی‌ كه‌رامه‌تی‌ ئینسانی‌ و نه‌ته‌وه‌یی‌. ئه‌م رێكخراوه‌ به‌ تێپه‌ڕكردنی‌ هه‌وراز و نشێوه‌كانی‌ سه‌ر رێگه‌ی‌ بزووتنه‌وه‌ی‌ رزگاریخوازیی‌ كورد، ئێستا وه‌ك رێكخراوێكی‌ خاوه‌ن تواناو پوتانسیه‌ل و پرستیژ له‌ نێو  NGO كوردستانی‌ و ئورووپاییه‌كان دا ناسراوه‌، كه‌ ئه‌وه‌ش به‌رهه‌می‌ خه‌بات و تێكۆشانی‌ هه‌زاران لاوی‌ دڵسۆز له‌ قۆناغه‌ جیاوازه‌كانی‌ مێژووی‌ یه‌كیه‌تیی‌ لاوان دایه‌.

یه‌كیه‌تیی‌ لاوانی‌ دێمۆكڕاتی‌ كوردستان، یادگاری‌ كۆماری‌ كوردستان و پێشه‌وای‌ مه‌زن، یه‌كه‌م سه‌نگه‌ری‌ خه‌باتی‌ رێبه‌ری‌ به‌ناوبانگ و لێوه‌شاوه‌مان شه‌هید دوكتور قاسملوویه‌و، تابڵۆی‌ رێبازو مێژووه‌كه‌ی‌ به‌ خوێنی‌ شه‌هیدانی‌ وه‌ك: وریا ره‌حمانی‌،  خالید شاتری‌، ره‌زا كه‌ریمی‌، حه‌سه‌ن زوودی‌ فه‌ڕ، برایم سالك (سیاوش)، فه‌تاح عه‌بدولی‌، ره‌حمان سۆفی‌ زاده‌، ساماڵ ئیسماعیل زاده‌، ئه‌بوبه‌كر كانی‌ ره‌شی‌ و ده‌یان شه‌هیدی‌ نه‌مری‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ كورد نه‌خشاوه‌و له‌ ژێر ساباتی‌ رێنوێنی‌یه‌كانی‌ حیزبی‌ دێمۆكڕاتی‌ كوردستان دا شانازیی‌ ئه‌م خه‌باته‌ پشوودرێژه‌ی‌ پێ‌ بڕاوه‌و هه‌ر ئه‌و هاوخه‌باتییه‌ش كردوویه‌ته‌ رێكخراوێكی‌ جێی‌ رێزو متمانه‌ی‌ كۆمه‌ڵانی‌ خه‌ڵكی‌ كوردستان.

به‌ڵام حیزبی‌ رێنوێن و پشتیوانی‌ ئه‌م رێكخراوه‌ له‌ مێژینه‌ی‌ لاوانی‌ كوردستان، به‌ داخه‌وه‌ له‌ ئاكامی‌ درێژه‌ی‌ پاوانخوازیی‌ زۆرینه‌ی‌ رێبه‌ریی‌ هه‌ڵبژێراوی‌ كۆنگره‌ی‌ سێزده‌دا سه‌رئه‌نجام به‌ ره‌سمی‌ دوو كه‌رتبوونی‌ به‌ سه‌ردا سه‌پا.

ئێمه‌ داخ و كه‌سه‌ری‌ خۆمان بۆ به‌ ئاكام نه‌گه‌یشتنی‌ هه‌وڵه‌كانی‌ تێكۆشه‌ران و دڵسۆزانی‌ حیزبی‌ دێمۆكڕاتی‌ كوردستان و مێعمارانی‌ وه‌سه‌ر یه‌كخستنه‌وه‌ی‌ بنه‌ماڵه‌ی‌ گه‌وره‌ی‌ حیزبی‌ دیمۆكڕات، بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ی‌ یه‌كریزی‌ بۆ نێو حیزب له‌ دوای‌ كۆنگره‌ی‌ سێزده‌وه‌، ده‌رده‌بڕین. ئێمه‌ هه‌رچه‌ند لایه‌ك له‌ كێشه‌ نێوخۆییه‌كانی‌ حیزب نه‌بووین و له‌ چوارچێوه‌ی‌ سه‌ربه‌خۆیی‌ رێكخراوه‌ییمان دا تێكۆشانمان هه‌بووه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ له‌ دوای‌ كۆنگره‌ی‌ سێهه‌می‌ یه‌كیه‌تیی‌ لاوانه‌وه‌ رێكخراوه‌كه‌مان  له‌ لایه‌ن زۆرایه‌تیی‌ كۆمیته‌ی‌ ناوه‌ندیی حیزبه‌وه‌ كه‌وته‌ به‌ر ده‌ستێوه‌ردانی‌ ناڕه‌واو و به‌ دوور له‌ پڕنسیپه‌ دێمۆكڕاتیكه‌كانی‌ حیزبی‌ دێمۆكڕات و به‌ پێشێل كردنی‌ به‌رنامه‌و پێڕه‌وی‌ نێوخۆی‌ یه‌كیه‌تیی‌ لاوان و به‌ مه‌به‌ستی‌ پاوانكردنی‌ یه‌كیه‌تیی‌ لاوان، رێكخراوه‌كه‌مانیان به‌ره‌و ئاڵۆزی‌ و پشێوی‌ و دووبه‌ره‌كی‌ و له‌ ئاكام دا دوو له‌ت بوون برد. پێكهێنانی‌ یه‌ك لایه‌نه‌ی‌ به‌ناو كۆنفڕانسه‌كانی‌ لاوان له‌ دانمارك، سۆئێدو فه‌نلاند و بڕیاری‌ لابردنی‌ سكرتێری‌ لاوان له‌ لایه‌ن ئه‌ندامانی‌ ده‌فته‌ر سیاسی‌ سه‌ر به‌و باڵه‌ هه‌وڵێك له‌و راستایه‌دا بوو.

ئێستا كه‌ ئۆپۆزیسیۆنی‌ نێوخۆی‌ حیزبی‌ دێمۆكڕات تێكۆشانی‌ سیاسی‌ و ته‌شكیلاتیی‌ خۆی‌ جیا له‌ قۆڵی‌ زۆرینه‌ی‌ كۆمیته‌ی‌ ناوه‌ندی‌ ده‌ست پێ‌ كردوه‌، یه‌كیه‌تیی‌ لاوانی‌ دێمۆكڕاتی‌ كوردستان وێڕای‌ رێزنان له‌ هه‌وڵه‌كانی‌ پێشووی‌ بۆ داكۆكی‌ له‌ سه‌ربه‌خۆیی‌ رێكخراوه‌یی‌ یه‌كیه‌تیی‌ لاوان، راده‌گه‌یه‌نێ‌ دڵگه‌رم به‌ رێنوێنیی‌ و هاوكاریی‌ حیزبی‌ دێمۆكڕاتی‌ كوردستان ـ ئێران، به‌ سه‌ربه‌خۆیی‌ رێكخراوه‌یی‌ هه‌رچی‌ زیاتره‌وه‌ بۆ خۆ نۆژه‌نكردنه‌وه‌ و چالاكتر كردنی‌ كۆمیته‌كانی‌ هه‌نگاو ده‌نێ‌ و له‌ پێناو وه‌دیهێنانی‌ ئازادی‌ و رزگاریی‌ نه‌ته‌وه‌كه‌مان، به‌ پشتیوانی‌ لاوانی‌ وشیاری‌ كورد به‌ هێزو گوڕێكی‌ نوێوه‌ و له‌ پانتایی‌یه‌كی‌ به‌ربڵاودا، درێژه‌ به‌ تێكۆشانی‌ خۆی‌ ده‌دا.

یه‌كیه‌تیی‌ لاوانی‌ دێمۆكڕاتی‌ كوردستانی‌ ئێران پشتیوانی‌ له‌ هه‌ڵوێستی‌ 6/12/2006ی‌ زایینیی‌ كۆمه‌ڵێك له‌ ئه‌ندامانی‌ ده‌فته‌ری‌ سیاسی‌ و كۆمیته‌ی‌ ناوه‌ندی‌ و جێگران و موشاویرانی‌ كۆمیته‌ی‌ ناوه‌ندیی‌ حیزبی‌ دێمۆكڕاتی‌ كوردستان راده‌گه‌یه‌نێ‌ و لاوان دڵنیا ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ ده‌بێته‌ سه‌ره‌تای‌ قۆناغێكی‌ نوێ‌ له‌ تێكۆشانی‌ حیزبی‌ دێمۆكڕات و، یه‌كیه‌تیی‌ لاوانی‌ دێمۆكڕات پشت ئه‌ستوور به‌ هاوكاری‌ و رێنوێنیی‌ ئه‌م حیزبه‌ و تێكۆشانی‌ هه‌زاران ئه‌ندام له‌ نێوخۆی‌ كوردستان و ده‌ره‌وه‌ی‌ وڵات به‌ره‌و ئامانجه‌كانی‌ هه‌نگاو ده‌نێ.

كۆمیته‌ی‌ به‌ڕێوه‌به‌ریی‌ گشتیی‌ یه‌كیه‌تیی‌
لاوانی‌ دێمۆكڕاتی‌ كوردستانی‌ ئێران
سكرتێری‌ گشتی‌
ره‌حمان سه‌لیمی‌

17/9/1385
ی‌ هه‌تاوی‌
8/12/2006ی‌ زایینی‌

 سه‌ره‌وه‌. ده‌سپێک.

ئه‌م بابه‌ته‌ چاپ بکه‌!

   ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ هاوڕێکه‌ت بنێره:

© www.giareng.com
All rights reserved 2005.