Ö:: پشتیوانى‌و هاوپێوه‌ندیتان ده‌که‌ین به‌ سه‌رمایه‌‌و هانده‌رێکى به‌نرخ  بۆ تێکۆشانمان

سه‌رچاوه‌: ماڵپه‌ری کوردستان و کورد

پشتیوانى‌و هاوپێوه‌ندیتان ده‌که‌ین به‌ سه‌رمایه‌‌و هانده‌رێکى به‌نرخ  بۆ تێکۆشانمان
هاونیشتمانه‌ به‌ڕێزه‌کان!
خه‌ڵکى خه‌باتگێڕى کوردستان!
ئه‌ندامان! دۆستان‌و ئۆگرانى حیزبى دیموکراتى کوردستان!
دواى ئه‌وه‌ى کۆمه‌ڵێک له‌ ئه‌ندامانى ده‌فته‌رى سیاسى، کومیته‌ى ناوه‌ندى ‌و جێگران ‌و راوێژکارانى کومیته‌ى ناوه‌ندیى حیزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران ناچار کران تێکۆشانى سیاسى‌و ته‌شکیلاتیى خۆیان
  به‌ جیا له‌ قۆڵى زۆرینه‌ى کومیته‌ى ناوه‌ندى ‌و له‌ ژێر ناوى حیزبى دیموکراتى کوردستان دا ده‌ست  پێبکه‌ن، خه‌ڵکێکى زۆر له‌ نێوخۆى رۆژهه‌ڵاتى کوردستان ‌و ئێران، له‌ هه‌رێمى کوردستان و له‌ ده‌ره‌وه‌ى کوردستانه‌وه‌ به‌ شێوه‌ى جۆراوجۆر پێوه‌ندییان به‌ رێبه‌رى ‌و تێکۆشه‌رانى حیزبى دیموکراتى کوردستانه‌وه‌ گرت. ژماره‌یه‌کى زۆر له‌ حیزب‌و رێکخراو‌و که‌سایه‌تى‌یه‌کانى دۆستى حیزبى دیموکراتیش، هه‌ر له‌م پێوه‌ندى‌یه‌دا پێوه‌ندییان پێوه‌ گرتووین. هه‌مووى ئه‌و به‌ڕێزانه‌ وێڕاى ده‌ربڕینى خه‌م‌و به‌داخبوونى خۆیان له‌ به‌ ئاکام نه‌گه‌یشتنى هه‌وڵه‌کان بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ى یه‌کڕیزى بۆ نێو حیزب‌و سه‌رئه‌نجام له‌تبوونى حیزبى خۆشه‌ویستى دیموکرات، هیوادارییان ده‌ربڕیوه‌ لایه‌نى به‌رامبه‌ریش هه‌ڵوێستى به‌رپرسانه‌ بگرێته‌ به‌ر‌و وه‌ک له‌ به‌یاننامه‌ى ئێمه‌دا هاتبوو، رێگه‌ نه‌دا که‌لێن بکه‌وێته‌ یه‌کیه‌تیى ریزه‌کانى خه‌ڵکى کوردستان‌و کارێک نه‌کرێ که‌ به‌ربه‌ست له‌ سه‌ر رێگاى هاوکارى له‌ داهاتوودا دروست بکا.

زۆر له‌و به‌ڕێزانه‌ که‌ پێوه‌ندییان پێوه‌ کردووین خۆشحاڵیى خۆیان له‌ نێوه‌رۆکى هێڵه‌ گشتى‌یه‌کانى رێبازى ئێمه‌ راگه‌یاندوه‌‌و ده‌روه‌ست بوونى حیزبى ئێمه‌یان له‌ ئاست پێویستیى نوێبوونه‌وه‌‌و پێکهێنانى ئاڵوگۆڕى بنه‌ڕه‌تى له‌ بوارى جۆراوجۆردا به‌ مایه‌ى دڵخۆشى‌و هیوادارى زانیوه‌‌و پشتیوانییان لـێکردوه‌.

ئێمه‌ له‌م پێوه‌ندى‌یه‌دا سوپاس‌و پێزانینى بێ‌پایانى خۆمان به‌ئه‌ندامان‌و لایه‌نگرانى حیزب‌و تێکڕاى دۆستان‌و ئۆگرانى حیزبى دیموکراتى کوردستان راده‌گه‌یه‌نین‌و دڵنیایان ده‌که‌ین که‌ پشتیوانیى رۆژ به‌ رۆژ زیاترى ئه‌وان له‌ هه‌ڵوێست‌و تێکۆشانمان، ئێمه‌ له‌ سه‌ر خه‌بات بۆ وه‌دیهێنانى ئه‌و ئامانجانه‌ى رێبه‌رانى شه‌هیدمان قازى‌و قاسملوو‌و شه‌ره‌فکه‌ندى و هه‌زاران رۆڵه‌ى تێکۆشه‌رى گه‌له‌که‌مان گیانیان له‌ پێناوىدا به‌خشى، شێلگیرتر‌و هه‌روه‌ها بڕیارمان بۆ گۆڕینى دیموکراتیک له‌ نێو حیزب‌و کۆمه‌ڵ ‌دا، پته‌وتر ده‌کا.

جارێکى دیکه‌ له‌ ئاست پشتیوانیى به‌رینى تێکۆشه‌ران، ئه‌ندامان‌و لایه‌نگرانى حیزب له‌ کوردستان‌و ده‌ره‌وه‌ى وڵات له‌ هه‌ڵوێستمان‌و، هه‌روه‌ها له‌ به‌رامبه‌ر هاوپێوه‌ندیى توێژه‌ جۆراوجۆره‌کانى خه‌ڵک به‌ تایبه‌تى توێژى لاو‌و رووناکبیر له‌گه‌ڵ حیزبمان، سه‌رى رێز داده‌نوێنین و، به‌و په‌ڕى دڵفره‌وانى و هه‌ستکردن به‌ به‌رپرسایه‌تى‌یه‌وه‌ په‌یامى حیزب و رێکخراو و که‌سایه‌تى‌یه‌کانى دۆست و دلسۆزى حیزبى دیموکرات وه‌ر ده‌گرین. هه‌موو ئۆگرانى حیزبى دیموکراتى کوردستان ‌و بزووتنه‌وه‌ى میللى ـ دیموکراتیکى گه‌له‌که‌مان ‌و بنه‌ماڵه‌ى شه‌هیدانى کوردستان دڵنیا ده‌که‌ین که‌ پشتیوانى ‌و هاوپێوه‌ندیى ئه‌وان‌و هومێد به‌ستنیان به‌ هه‌نگاوه‌کانى داهاتوومان، ده‌که‌ین به‌ سه‌رمایه‌‌و هانده‌رێکى به‌نرخ له‌ به‌جێ گه‌یاندنى ئه‌رکى خه‌باتگێڕانه‌مان دا

حیزبى دیموکراتى کوردستان ـ ئێران

کومیته‌ى ناوه‌ندى

22/9/1385
13/ 12/ 2006

 سه‌ره‌وه‌. ده‌سپێک.

ئه‌م بابه‌ته‌ چاپ بکه‌!

   ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ هاوڕێکه‌ت بنێره:

© www.giareng.com
All rights reserved 2005.