Ö:: وتووێژی، به‌ڕێز کاک قادر وریا له‌گه‌ڵ ڕێبازی ئازادی

سه‌رچاوه‌: ماڵپه‌ری کوردستان وکورد

وتووێژی، به‌ڕێز کاک قادر وریا له‌گه‌ڵ ڕێبازی ئازادی
زیاتر له‌ ساڵێک وتووێژ سه‌رئه‌نجام هه‌ردوولاتان نه‌گه‌یشتنه‌ رێککه‌وتن بۆ مانه‌وه‌ له‌ ناو (حدکا) هۆکاره‌کانى چیبوون به‌رنامه‌ى داهاتووتان چییه‌؟
وێڕاى به‌داخبوونم له‌و چاره‌نووسه‌ى تووشى حیزبى دیموکرات کرا، ده‌مه‌وێ ئه‌م قسه‌یه‌ راست بکه‌مه‌وه‌ که‌ مه‌سه‌له‌که‌ "نه‌مانه‌وه‌ له‌ نێو حیزبى دێموکرات"دا نیه‌. مه‌سه‌له‌که‌ به‌ پێچه‌وانه‌ى هه‌راوهوریاى ته‌بلیغاتیى لایه‌نى به‌رامبه‌ر، نه‌ک "رۆیشتنى چه‌ند کادر‌و پێشمه‌رگه‌له‌ حیزب" به‌ڵکوو له‌تبوونى حیزبى دیموکراته‌. هۆیه‌کانى ملدانى ئێمه‌ بۆ له‌تبوونێک که‌ به‌ کرده‌وه‌ له‌ مێژ بوو له‌ لایه‌ن زۆرینه‌ى کۆمیته‌ى ناوه‌ندیى پێشوو به‌ سه‌ر حیزبى دیموکراتدا سه‌پێنرابوو، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ خۆبواردنى ئه‌وان له‌ قبووڵکردنى میکانیزمه‌کانى پێکه‌وه‌ بوون.

ئه‌وان هه‌ر له‌ دواى کۆنگره‌ى سێزده‌وه‌ حیزبیان به‌سه‌ر دوو به‌شى "خۆمانه‌"‌و "بێگانه‌"دا دابه‌ش کردبوو‌و هه‌وڵێکى به‌ربڵاویان بۆ له‌ په‌راوێزخستنى سه‌دان تێکۆشه‌ر‌و ئه‌ندامى به‌وه‌جى حیزب ده‌ست پێکردبوو. شانبه‌شانى ئه‌مانه‌ش کۆمه‌ڵێک هه‌ڵه‌ى سیاسییان کرد که‌ له‌ سه‌ر حیزب زۆر به‌ گران وه‌ستان. بۆ چاره‌سه‌رى ئه‌م وه‌زعه‌ ئێمه‌ نێوه‌ڕاسته‌کانى هاوینى رابردوودا له‌ نامه‌یه‌کدا که‌ به‌ ناوى ئۆپۆزیسیۆن دامان به‌ زۆرینه‌ى کومیته‌ى ناوه‌ندى‌و که‌سى یه‌که‌مى ئه‌وان، وێڕاى ئاماژه‌ به‌و قه‌یرانه‌ى تووشى حیزبیان کردبوو، کۆمه‌ڵێک داوامان خستبووه‌ روو. ئامانجى ئه‌و دوایانه‌ قبووڵى ئازادیى بیروڕاده‌ربڕین ‌و دابینکردنى ئه‌سڵى موشاره‌که‌ت‌و به‌کارهێنانى عه‌قڵى به‌ کۆمه‌ڵ بۆ پێشگیرى له‌ هه‌ڵه‌ سیاسییه‌کان‌و گه‌ڕاندنه‌وه‌ى یه‌کڕیزى بۆ نێو حیزب بوو. له‌و کاته‌وه‌ تا له‌تبوونى حیزب پتر له‌ 4 مانگى خایاند. له‌و ماوه‌یه‌دا ئه‌وان نه‌ک هه‌ر کارێکیان بۆ لێک نزیکبوونه‌وه‌‌و داننان به‌ قه‌یرانه‌که‌‌و دۆزینه‌وه‌ى رێگاچاره‌ نه‌کرد، به‌ڵکوو لایه‌نگرانیان بۆ وه‌رێخستنى هێرشى ته‌بلیغاتى له‌ دژى ئۆپۆزیسیۆنى نێوخۆ ده‌نگ دا‌و، به‌ شێوه‌ى جۆراوجۆر خۆیان له‌ قه‌بووڵکردنى داواکان بوارد. به‌ کورتى ئه‌وان ئاماده‌ نه‌بوون قه‌بووڵ بکه‌ن که‌ بێجگه‌ له‌ خۆیان، که‌سانى دیکه‌ش له‌ حیزبدا هه‌ن که‌ پێویسته‌ حیسێبیان بۆ بکه‌ن‌و به‌و جۆره‌ى پێویسته‌ له‌ به‌رێوه‌به‌ری و کاروبارى  حیزب دا به‌شدار بکرێن. ئه‌و هه‌مووه‌ هه‌وڵى نێوبژیوانىیه‌ش که‌ له‌ لایه‌ن حیزب‌و رێکخراو‌و که‌سایه‌تییه‌کانى دۆستى حیزبى دیموکراتى کوردستان به‌ مه‌به‌ستى لێک نزیک کردنه‌وه‌ ده‌دران، له‌ لایه‌ن ئه‌و به‌ڕێزانه‌، ره‌ت کرایه‌وه‌. هه‌مووى ئه‌مانه‌ش نیشانه‌ى ئه‌وه‌ بوون که‌ نایانهه‌وێ که‌سانى غه‌یرى خۆیان، به‌ ماف‌و ده‌رفه‌تى وه‌ک ئه‌وان له‌ گه‌ڵیان له‌ نێو یه‌ک حیزب دابێ. دوایین هه‌وڵى ئه‌وان به‌ قه‌ول بۆ چاره‌سه‌رى کێشه‌که‌ گه‌ڵاڵه‌یه‌کى 17 خاڵى بوو که‌ به‌داخه‌وه‌ رۆحى گه‌ڵاڵه‌که‌ دیسانه‌که‌  پاوانخوازیى به‌سه‌ردا زاڵ بوو‌و، خۆبواردن بوو له‌ قبوولى داوا سه‌ره‌کىیه‌کانمان که‌ پێکه‌وه‌ بوونێکى بىَهه‌لاواردن بوو.ناچار بووین مل بۆ له‌تبووونێک بده‌ین که‌ به‌ شێوه‌یه‌کى رانه‌گه‌یاندراو، به‌ڵام به‌ کرده‌وه‌ له‌مێژ بوو به‌سه‌ر حیزبیاندا سه‌پاندبوو. بۆ ئه‌وه‌ى چى دیکه‌ هێز‌و توانامان به‌ ململانێ له‌گه‌ڵ یه‌کتر خه‌ریک نه‌بێ.

دیاره‌ به‌رنامه‌ى ئێستا‌و داهاتووشمان خه‌بات‌و تێکۆشانى سیاسى‌و سه‌ربه‌خۆ‌و جیا له‌و هاوڕێیانه‌ى پێشوومانه‌.

چۆن میکانیزمه‌کانى جیابونه‌وه‌ ده‌گرنه‌به‌ر له‌ بوارى راگه‌یاندن و رێکخستن و دارایى و په‌یوه‌ندیه‌کانى ناوخۆو ده‌ره‌وه‌ که‌ به‌شێکى زۆرى له‌ ژێر ده‌سه‌ڵاتى باڵى زۆرینه‌یه‌دایه‌ و به‌رنامه‌ى تازه‌ى ئێوه‌ چییه‌ له‌ هه‌موو بواره‌کاندا؟

ئێمه‌ هه‌م له‌ یه‌که‌م به‌یاننامه‌مان دا، هه‌م پێشتر داوامان له‌ لایه‌نى به‌رامبه‌ر کردوه‌ که‌ هاوکارى بکه‌ن تا به‌ شێوه‌یه‌کى شارستانیانه‌‌و بێ کێشه‌‌و ناخۆشى لێک جیابینه‌وه‌. کاربه‌ده‌ستانى حکوومه‌تى هه‌رێمیش به‌ هه‌ر دوو لامانیان راگه‌یاندوه‌ که‌ پێیان باشه‌  ئێمه‌ بۆخۆمان له‌سه‌ر چۆنیه‌تیى لێک جیابوونه‌وه‌ رێک بکه‌وین. به‌ڵام ئاشکرایه‌ ئه‌گه‌ر لایه‌نێک له‌م دوو لایه‌نه‌، له‌م باره‌یه‌وه‌ هاوکارى نه‌کا ئه‌وکات پێویسته‌ لایه‌نێکى سێهه‌م بێته‌ نێو مه‌سه‌له‌که‌. باشترین لایه‌نیش، له‌ حاڵه‌تێکى ئه‌وتۆدا هه‌ر حکوومه‌تى هه‌رێمى کوردستانه‌. چونکه‌ له‌ سه‌ر خاکى هه‌رێمى کوردستان ‌و له‌ ژێر سێبه‌رى ده‌سه‌ڵاتداره‌تى‌و یاساى  ئه‌و حکوومه‌ته‌دا ده‌ژین.

ئێمه‌ پێمان وایه‌ ئیمکاناتى حیزب بۆ که‌سه‌کانى ئه‌م حیزبه‌یه‌‌و، هه‌موو تێکۆشه‌رانى ئه‌م حیزبه‌ له‌ به‌ده‌ستهێنان‌و پاراستن‌و راگرتنیاندا، زه‌حمه‌تیان کێشاوه‌‌و رۆڵیان هه‌بووه‌. ئێستاش هه‌ق ئه‌وه‌یه‌ به‌ شێوه‌یه‌کى دادپه‌روه‌رانه‌و به‌ گوێره‌ى به‌ستراوه‌یى‌و دابه‌شبوونى که‌سه‌کان به‌سه‌ر ئه‌م یا ئه‌و لایه‌نى حیزبدا دابه‌ش بکرێن.

له‌ باره‌ى دابه‌شینى که‌مپه‌کانه‌وه‌، باشترین مه‌بنا ده‌توانێ ئه‌مه‌ بێ  که‌ زۆرایه‌تیى دانیشتووانى هه‌ر که‌مێپێک به‌ هه‌ر لایه‌نێک بێ که‌مپه‌که‌ بدرێ به‌و. بنکه‌و باره‌گاکانیش پێویسته‌ به‌ پێى به‌ستراوه‌یى کادر‌و پێشمه‌رگه‌کان به‌م یان ئه‌و لایه‌ن، بڕیاریان له‌سه‌ر بدرێ. به‌ڵام له‌ هه‌ر حاڵدا تا ئه‌م ساته‌ (ئێواره‌ى 10/12/2006) هێشتا نه‌چووینه‌ته‌ سه‌ر ئه‌م باسه‌و، هه‌وڵه‌کان زیاتر بۆ مه‌به‌ستى کۆنترۆڵ کردنى وه‌زعه‌که‌و پێشگیرى له‌ رووداوى نه‌خوازراوه‌. 

*مه‌به‌ست له‌باڵى زۆرینه‌ واتا ئه‌وان زۆرینه‌ن، که‌واتا حه‌ق به‌وانه‌ به‌ناوى (حدکا) کاربکه‌ن؟ ئه‌ى ئێوه‌ له‌ ژێرچ ناوێکدا کارده‌که‌ن گه‌ر له‌ژێر ناوى (حدکا) کاربکه‌ن تا چه‌ند یاساییه‌؟

 زۆرینه‌ بوونى ئه‌وان، ئه‌ویش له‌ رێبه‌ریى حیزبدا، نه‌ده‌توانێ رێگربێ له‌ کارکردنى ئێمه‌ به‌ ناوى حیزبى دیموکرات، نه‌ به‌ ماناى ئه‌وه‌یه‌ ئه‌وان له‌ نێو به‌ده‌نه‌ (قاعیده‌)ى حیزبدا زۆرینه‌ بوون. ئه‌گه‌ر زۆرینه‌ى رێبه‌رى، هه‌ڵبژیردراوى کۆنگره‌یه‌ ، که‌مایه‌تیى رێبه‌رییش هه‌ر هه‌ڵبژێردراوى کۆنگره‌یه‌. ئه‌گه‌ر زۆرینه‌ ده‌ڵـێ به‌شێک له‌ حیزبه‌که‌م له‌گه‌ڵ دایه‌، ده‌توانم بڵێم که‌مایه‌تیى رێبه‌ری، ژماره‌یه‌کى زیاتریشى له‌ حیزبى دیموکرات له‌گه‌ڵدایه‌. به‌ تایبه‌تى که‌ زۆربه‌ى تێکۆشه‌ران‌و کادره‌ له‌مێژینه‌کان له‌گه‌ڵ ئێمه‌دان 

جگه‌ له‌مه‌ش ئه‌گه‌ر زۆرینه‌ى رێبه‌رى" پشت به‌ کۆنگره‌‌و په‌سندکراوه‌کانى ده‌به‌ستێ، ئێمه‌ش هه‌ر وه‌ها. چونکه‌ نه‌‌ مه‌شرووعیه‌ت (ره‌وایى) کۆنگره‌مان بردۆته‌ ژێر پرسیار، نه‌ په‌سندکراوه‌کانیمان ژێر پێ خستوه‌. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى هه‌موو کات گوتوومانه‌ بناغه‌ى کارى ئه‌وان بۆ کۆنگره‌ى13 له‌سه‌ر بڕیارشکاندن‌و ده‌سته‌به‌ندیى نهێنى پێک هاتبوو. کۆنگره‌ داواى یه‌کڕیزى‌و ته‌بایى‌و پێویستیى که‌ڵکوه‌رگرتن له‌ هه‌موو تواناکانى حیزب‌و، دووریکردن له‌ هه‌ڵاواردن‌و له‌په‌راوێزخستنى کردوه‌، که‌ به‌داخه‌وه‌  زۆرینه‌ى رێبه‌ى به‌ پێچه‌وانه‌ى ئه‌م بڕیاره‌ جووڵایه‌وه‌‌و به‌مجۆره‌ حیزبى تووشى له‌تبوون کرد.

 له‌ باره‌ى به‌شى دووهه‌مى پرسیاره‌که‌ت ده‌بىَ بڵێم ئێمه‌ به‌ ناوى "حیزبى دێموکراتى کوردستان ـ ئێران" کار ده‌که‌ین. ئه‌مه‌ش جگه‌ له‌وه‌ى نیشانه‌ى پابه‌ندى‌و بڕواهه‌بوونمان به‌ سیاسه‌ت‌و هه‌ڵوێست‌و بنه‌ما فیکرى‌و ته‌شکیلاتییه‌کانى حیزبى دیمۆکراته‌، گه‌ڕانه‌وه‌یه‌ بۆ بنه‌ما سه‌ره‌کییه‌کانى ئه‌م حیزبه‌. چونکه‌ حیزبى دیموکرات له‌ سه‌ره‌تاى دامه‌زرانىدا به‌م ناوه‌ تێکۆشانى خۆى ده‌ست پێکرد‌و، تا کۆنگره‌ى سێهه‌م هه‌ر به‌و ناوه‌ کارى ده‌کرد. له‌ کۆنگره‌ى سێهه‌میشه‌وه‌ تا کۆنگره‌ى چواره‌م، ناوه‌که‌ى هه‌ر ئه‌مه‌ بوو و وشه‌ى "ئێران"ى له‌ که‌وانه‌( )دا پێوه‌ لکێندرابوو. له‌ بارى ناوه‌وه‌، له‌ راستىدا ئێمه‌ گه‌ڕاوینه‌ته‌وه‌ سه‌ر ناوه‌ ئه‌سڵىیه‌که‌ى ئه‌م حیزبه‌ پڕشانازی‌و خاوه‌ن رابردوویه‌. به‌ڵام هه‌ر له‌و کاته‌شدا نیشانه‌ى بایه‌خدانى پتر له‌ پێشوومانه‌ به‌ لایه‌نى نه‌ته‌وه‌یى سیاسه‌ت‌و تێکۆشانمان. ئه‌مه‌ راستییه‌که‌ له‌ "هێڵه‌ گشتییه‌کانى رێبازى ئێمه‌"دا ره‌نگى داوه‌ته‌وه‌ که‌ ئه‌و به‌ڵگه‌ نامه‌یه‌شمان به‌ تازه‌یى بڵاو کردۆته‌وه‌.

 ته‌له‌فزیۆنى تیشک له‌ژێر ده‌ستى کێدا ده‌بێت و به‌نیازن سه‌ته‌لایتى نوێ دابنێن؟

ئێمه‌ 4 مانگ به‌ر له‌ ملدان بۆ له‌تبوونى حیزب، له‌و نامه‌20 خاڵى‌یه‌دا که‌ دامان به‌ زۆرینه‌ى رێبه‌ریى حیزب، یه‌کێک له‌ ره‌خنه‌کانمان زاڵبوونى گیانى جه‌ناحبازى له‌ دیاریکردنى پێرسۆنێلى ئه‌م ته‌له‌ویزیۆنه‌دا بوو. داوامان کردبوو سه‌رپه‌رستییه‌کى کارزان‌و لێوه‌شاوه‌‌و هاوبه‌ش بۆ کارى ته‌له‌فیزیۆنى تیشک دیارى بکرێ.  دیاره‌ ئه‌م ته‌له‌ویزیۆنه‌ به‌رهه‌مى ره‌نج‌و هه‌وڵدانى زۆر تێکۆشه‌رى حیزب‌و له‌ پێشه‌وه‌ى هه‌موویانه‌وه‌ مامۆستا عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌نزاده‌یه‌ که‌ ئێستا له‌ ریزى پێشه‌وه‌ى "حیزبى دیموکراتى کوردستان ـ ئێران"دا تێکۆشانیان هه‌یه‌‌و به‌ یارمه‌تیى ماڵى‌و هاوکاریى جۆراوجۆرى ئۆگرانى حیزبى دیموکرات پێک هاتوه‌. به‌ڵام ئێستا به‌داخه‌وه‌ کراوه‌ به‌ تریبوونێک بۆ ئاوه‌ژوو کردنه‌وه‌ى راستییه‌کان‌و بوختانکردن‌و بێحورمه‌تى به‌ که‌سانێک که‌ته‌مه‌نى خۆیان له‌ خزمه‌ت به‌ حیزبى دیموکرات و خه‌باتى ئازادیخوازیى گه‌لى کورددا تێپه‌ر کردوه‌. واته‌ سامان‌و ماڵى ئه‌م حیزبه‌‌و پشتیوانه‌کانى، به‌ دژى خۆشه‌ویستترین، زه‌حمه‌تکێشترین‌و پڕ رابردووترین رۆڵه‌کانى حیزب به‌کار دێنن.

بێگومان، کاناڵى فه‌زایى ئامرازێکى گرنگ‌و پێویستى ئه‌م سه‌رده‌مه‌یه‌‌و، ئه‌م راستییه‌، شتێک نیه‌ ئێمه‌ لێى غافڵ بین‌و کار بۆ دامه‌زراندنى ده‌که‌ین. به‌ڵام نامه‌وێ به‌ڵێن بده‌م که‌ هه‌وڵه‌کانمان به‌م زووانه‌ ده‌گاته‌ ئاکام.

* دواین بۆچۆنى باڵى مسته‌فا هیجرى چییه‌ سه‌باره‌ت به‌ جیابوونه‌وه‌؟

وه‌ک وتم ئه‌مه‌ له‌تبوونه‌ نه‌ک جیابوونه‌وه‌. بۆچوونى باڵى کاک مسته‌فا هیجرى ئه‌وه‌یه‌ که‌ له‌ به‌یاننامه‌که‌یان‌و له‌ وتووێژ‌و لێدوانى به‌رپرسان‌و وته‌بێژه‌کانیاندا خوێندوومانه‌ته‌وه‌، یا بیستوومانن.دیاره‌ وه‌ک له‌ وه‌ڵامى پرسیاره‌کانى دیکه‌شمدا تا راده‌یه‌ک ئاماژه‌م پێ کرد ئه‌وان هه‌وڵ ده‌ده‌ن رووداوه‌که‌ وه‌ک "رۆیشتنى چه‌ند که‌س له‌ حیزب که‌ داواى ئه‌وان‌و حیزب‌و رێکخراوه‌کانى دۆستى حیزبى دیموکراتیان بۆ مانه‌وه‌ له‌ نێو حیزبدا" قبووڵ نه‌کردوه‌، پێشان بده‌ن. وه‌ک هه‌میشه‌ش هه‌وڵیان داوه‌ که‌ڵکى ئامرازى له‌ ناو‌و خۆشه‌ویستیى رێبه‌رانى شه‌هیدمان وه‌ربگرن و خۆیان وه‌ک دریژه‌ده‌رى رێگاى ئه‌و رێبه‌رانه‌ و، ئێمه‌ وه‌ک نه‌یارانى ئه‌وان بناسێنن. به‌ڵام سیاسه‌ت و هه‌ڵوێست و تێکۆشانمان ده‌رى خستوه‌ و ده‌رى  ده‌خا که‌کاممان له‌و رێبه‌رانه‌ پتر فێر بووین و زیاتر پێیان پابه‌ند ده‌بین.

 هیچ رۆژنامه‌ و سایتى ئینته‌رنێتى و tv و کارى ئیعلامیتان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ له‌ئێستادا .

حیزبى دیموکراتى کوردستان ـ ئێران، رۆژنامه‌ى ئۆرگانى هه‌یه‌ که‌ ناوى "کوردستان"ه‌، هه‌روا که‌ حیزبمان درێژه‌ى حیزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران‌و شانازىیه‌کانیه‌تى، رۆژنامه‌ى ئورگانى حیزبیشمان درێژه‌ى "کوردستان"ى زمانحاڵى حیزب له‌ هه‌موو سه‌رده‌مه‌کانى پێشوو دایه‌. تازه‌ترین ژماره‌ى ئه‌م رۆژنامه‌یه‌، رۆژى 9ى دیسامبر (18ى سه‌رماوه‌ز) بڵاوبۆته‌وه‌.

کۆمه‌ڵێک ماڵپه‌ڕى ئینترنێتى هه‌ن که‌ کومیته‌کانى حیزبى ئێمه‌ یا رێکخراوه‌ سینفى‌یه‌کانى سه‌ر به‌ حیزبى ئێمه‌ به‌ڕێوه‌ى ده‌به‌ن، یا به‌ڕێوه‌به‌رانیان ئه‌ندامان و لایه‌نگرانى حیزبى دیموکراتى کوردستان ـ ئێرانن. ماڵپه‌ڕى ناوه‌ندییشمان له‌ ژێر ناوى  http://kurdistanukurd.com/  که‌وتۆته‌ کار. دیاره‌ زۆربه‌ى هه‌ره‌ زۆرى کادر و پێرسۆنێلى رادیۆى ده‌نگى کوردستان هه‌ر له‌ به‌رپرسانى به‌شه‌ جۆراوجۆره‌کانه‌وه‌ تا کادره‌ فه‌ننى‌یه‌کان و ئۆپێراتۆره‌کان- له‌ گه‌ڵ ئێمه‌ دان. به‌ڵام ده‌زگاکانى رادیۆ له‌ لایه‌ن هاورێیانى پێشوومان ده‌ستیان به‌ سه‌ر داگیراوه‌ و بۆ بێحورمه‌تی کردن به‌ تێکۆشه‌رانى له‌ میژینه‌ى حیزب و له‌ نێو ئه‌وان دا به‌ڕێوه‌به‌ران و کارگێڕانى20-25 ساڵه‌ى ئه‌م رادیۆیه‌ که‌لکیان لێ‌وه‌رده‌گیرێ! دیاره‌ هه‌م له‌ هه‌وڵى وه‌ڕێخستنى رادیۆ کوردستان ـ داین، هه‌م نیاز‌و پێویستیى دامه‌زراندنى کاناڵێکى فه‌زاییمان هه‌یه‌. به‌ڵام ئه‌مه‌یان کارى پترى ده‌وێ. 

* ئه‌م جیابوونه‌وه‌یه‌ هه‌مان ئه‌زموونى جیابوونه‌وه‌ى باڵى رێبه‌رایه‌تى شۆڕشگێڕ نییه‌، که‌ پێشتر روویدا؟

 به‌ هیچ جۆر.له‌ زۆر باره‌وه‌ ئه‌م حه‌ره‌که‌ته‌، جیاوازیى له‌گه‌ڵ "جیابوونه‌وه‌ى باڵى رێبه‌رایه‌تی شۆرشگێڕ" هه‌یه‌. ئه‌و به‌شه‌ له‌ هاوڕێیان که‌ دواى کۆنگره‌ى 8، له‌ ژێر ناوى "حیزبى دیمۆکراتى کوردستانى ئێران ـ رێبه‌رایه‌تیى شۆرشگێڕ"دا ریزى خۆیان جیا کرده‌وه‌، له‌ رێبه‌ریى حیزبدا که‌سیان له‌گه‌ڵ نه‌بوو. به‌ڵام ئێستا کۆمه‌ڵێک له‌ ئه‌ندامانى ده‌فته‌رى سیاسى، کۆمیته‌ى ناوه‌ندى ‌و جێگره‌کان ‌و راوێژکارانى کومیته‌ى ناوه‌ندى، له‌ سه‌رووى حه‌ره‌که‌ته‌که‌دان. واته‌ رێبه‌ریى حیزب له‌ت بووه‌. زۆربه‌ى ئه‌و که‌سایه‌تییانه‌ش که‌ حیزبى دیموکرات به‌وان‌و ئه‌وان به‌ حیزبى دیموکراته‌وه‌ ده‌ناسرێنه‌وه‌، له‌گه‌ڵ "حیزبى دیموکراتى کوردستان ـ ئێران" دان. ده‌توانم بڵێم له‌ نێو به‌ده‌نه‌ى حیزبیشدا، هه‌م له‌ کوردستان، هه‌م له‌ ده‌ره‌وه‌ى وڵات، ژماره‌ى ئه‌وانه‌ى له‌گه‌ڵ ئه‌م حه‌ره‌که‌ته‌دان له‌ ژماره‌ى ئه‌وانه‌ى له‌گه‌ڵ هاوڕێیانى پێشوودان، که‌متر نین، ئه‌گه‌ر زیاتر نه‌بن. به‌ گوته‌یه‌کى دیکه‌ ئه‌ویان جیابوونه‌وه‌ بوو، ئه‌مه‌یان له‌تبوونه‌.

دیاره‌ هاوڕێیانى پێشوومان له‌ ته‌بلیغاتى ئاشکرا‌و شاراوه‌ى خۆیاندا ده‌یانه‌وێ مه‌سه‌له‌که‌ وا نیشان بده‌ن که‌ ئاماژه‌ت پىَکرد. به‌ڵام هه‌ڵوێستى کاک بابه‌ عه‌لى مێهرپه‌روه‌ر، راستیى قسه‌که‌ى ئێمه‌ ده‌سه‌لمێنێ. هه‌روه‌ها په‌یوه‌ستبوونى ره‌وتى ریفۆرم به‌ "حیزبى دیموکراتى کوردستان ـ ئێران" که‌ له‌ کۆمه‌ڵێکى به‌رچاو له‌ لاوانى رووناکبیر پێک هاتوه‌- به‌ڵگه‌یه‌ بۆ ئه‌م راستىیه‌ که‌ ئه‌م حیزبه‌ داهاتووى هه‌یه‌، به‌ چاوێکى ره‌خنه‌گرانه‌ ده‌ڕوانێته‌ رابردوو‌و، به‌ روانینێکى نوێوه‌ به‌ره‌و داهاتوو ده‌چێ‌و نیازى ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ زۆر له‌و چاوه‌ڕوانییانه‌ جێبه‌جێ بکا که‌ له‌ مێژه‌ساڵه‌ روویان له‌ حیزبى دێموکراته‌.

ئه‌گه‌ر داسه‌پاندنى له‌تبوون به‌سه‌ر حیزبى دیموکرات جێگاى داخه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌یان جێگاى خۆشحاڵییه‌ که‌ " حیزبى دیموکراتى کوردستان ـ ئێران" لێبڕاوه‌ ئه‌م ده‌رفه‌ته‌ بۆ نوێبوونه‌وه‌‌و به‌خۆداچوونه‌وه‌ى حیزبى دیموکرات‌و پێکهێنانى گۆڕانى پێویست بقۆزێته‌وه‌. جیددیى بوونى حیزب له‌سه‌ر ئه‌و هێڵه‌ گشتییانه‌ى وه‌ک رێبازى خۆى راىگه‌یاندوون، ده‌توانێ مایه‌ى هومێد بێ، هه‌م بۆ خودى حیزبى دیموکرات، هه‌م بۆ ئه‌و که‌سانه‌ى له‌مێژساڵه‌ نۆژه‌نکردنه‌وه‌ى ئه‌م حیزبه‌ به‌ پێویست ده‌زانن‌و تێکۆشان له‌ ریزه‌کانى ئه‌م حیزبه‌یاندا به‌م پێویستییه‌ به‌ستۆته‌وه‌. بۆیه‌ پێم وایه‌ ئه‌م ئه‌زموونه‌ جیاوازیى زۆرى له‌گه‌ڵ ئه‌زموونه‌کانى پێشوو هه‌یه‌.

*ده‌ست له‌کارکێشانه‌وه‌ى بابه‌ عه‌لى میهرپه‌روه‌ر له‌ حزب هۆکاره‌ى چییه‌ و نایه‌ته‌ ناو باڵى ئێوه‌وه‌.

کاک بابا عه‌لى مێهرپه‌روه‌ر که‌ ئه‌ندامى ده‌فته‌رى سیاسیى حیزب بوو، به‌ نیشانه‌ى ناڕه‌زایه‌تى ده‌ربڕین له‌ له‌تبوونى حیزب، تێکۆشانى خۆى له‌ چوارچێوه‌ى حیزبایه‌تیدا راگرتوه‌. به‌ڕێزیان نزیک به‌ دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر، به‌ڵگه‌نامه‌یه‌کى له‌ ژێر ناوى "هه‌وڵى راستکردنه‌وه‌"دا ئاماده‌ کرد‌و، له‌ نێو رێبه‌رى‌و به‌ده‌نه‌ى حیزبدا، بوو به‌ پێشه‌نگى حه‌ره‌که‌تێکى ئیعتیرازى له‌ دژى پاوانخوازى‌و کرده‌وه‌‌و هه‌ڵسوکه‌وته‌کانى زۆرینه‌ى کومیته‌ى ناوه‌ندى. به‌ڵام دواتر له‌ کێشه‌‌و ململانێى نێوخۆى حیزبدا، بێلایه‌نیى گرته‌به‌ر‌و، هه‌وڵى زۆریشى بۆ لێک نزیکبوونه‌وه‌ى لایه‌نه‌کانى نێو حیزب دا. حیزبى ئێمه‌ به‌ دواى بڵاوبوونه‌وه‌ى راگه‌یاندراوه‌که‌ى کاک بابه‌عه‌لى، له‌ به‌یانێکى ره‌سمى دا به‌ رێزه‌وه‌ ئاوڕى له‌ هه‌وڵ‌و تێکۆشانى چه‌ندین ساڵه‌ى ئه‌و له‌ ریزى پێشه‌وه‌ى رێبه‌رایه‌تیى حیزب دا دایه‌وه‌‌و سوپاسى له‌ هه‌وڵ‌و تێکۆشانى دڵسۆزانه‌ى ئه‌و بۆ پاراستنى یه‌کڕیزیى حیزب کرد. له‌ راگه‌یاندراوى کومیته‌ى ناوه‌ندیماندا هاتوه‌ "باوه‌شمان بۆ هاوخه‌باتى  له‌ گه‌ڵ کاک بابه‌ عه‌لى ئاوه‌ڵایه‌‌و به‌وپه‌ڕى خۆشحاڵى‌و شانازییه‌وه‌ ئاماده‌ین له‌ ریزى پێشه‌وه‌ى رێبه‌رایه‌تیى حیزبدا کارى له‌گه‌ڵ بکه‌ین".به‌ڵام دیاره‌ بڕیار به‌ده‌ستى خۆیه‌تى. بێگومان له‌ لایه‌ن ئێمه‌وه‌ هه‌میشه‌ به‌ چاوى رێز‌و خۆشه‌ویستىیه‌وه‌ سه‌یرى ده‌کرێ‌ و به‌ خه‌باتگێڕێکى دڵسۆزى حیزبى دیموکرات‌و بزووتنه‌وه‌ى میللى دیموکراتیکى خه‌ڵکى کوردستانى ده‌زانین.

ڕێبازی ئازادی 2006.12.14

 سه‌ره‌وه‌. ده‌سپێک.

ئه‌م بابه‌ته‌ چاپ بکه‌!

   ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ هاوڕێکه‌ت بنێره:

© www.giareng.com
All rights reserved 2005.