|
سه‌ددام حسین سه‌رکۆماری وڵاتێکی سهروهتمهمندی وه‌ک ئێراق ده‌یتوانی سه‌روه‌ت و سامانی ئه‌م وڵاته بۆ ئاوه‌دان کردنه‌وه‌ی وڵاته‌که‌ی و گه‌شه‌سه‌ندنی کۆمه‌ڵایه‌تی و دێموکراسی و دامه‌زراندنی کۆمه‌ڵگایه‌کی ئازاد و پێشکه‌وتوو سه‌رف کا. ئێراق گشت هه‌لومه‌رج و که‌ره‌سه و سامانی بۆ پێکه‌وتن و گه‌شه‌سه‌ندی کۆمه‌ڵایه‌تی و دێموکراسی بوو. به مه‌رجێک ئه‌م وڵاته له‌لایه‌ن حکومه‌تێکی دڵسۆزی خه‌ڵکه‌وه ئیاره کرابا، له ماوه‌ی دوای شه‌ڕی یه‌که‌می جیهانیه‌وه ده‌بوو به‌یه‌کێک له‌وڵاته هه‌ره پێشکه‌وتوه‌کانی جیهان. به‌ڵام سه‌ددام حسین رێگایهکیدیکهی هه‌ڵبژارد، رێگای کوشتن و وێران کردنی ئه‌و وڵاته‌ی که خۆی سه‌رۆکی بوو و به‌م جۆره به‌ده‌ستی خۆی گۆڕی خۆی هه‌ڵکه‌ند.سه‌ددام حسین پێش ئه‌وه‌ی که بگاته ئه‌م ئاکامه پێڕاگه‌یشت که ماڵی سهدانههزار که‌س نه‌ک هه‌ر جارێک بڵکو به‌ده‌یان جار وێران کا و زیاتر له چه‌ند ملوێن له شاروه‌ندانی وڵاتی به‌ناو ئێراق بکوژێ. لێره‌دا ناکرێ زه‌ره‌روزیانی ماڵی و گیانی که سه‌ددام له گه‌لی کوردی داوه سنورێکی بۆدابنرێ. ئامانجی سه‌ددام حسین ئه‌وه‌بوو که گه‌لی کورد له باشووری کوردستان به گشتی له گۆڕ خا. هه‌ر بهوپیهش گه‌لی کورد زێتر له هه‌موو گه‌لانی جیهان پێشوازی له‌م حوکمه کرد. به‌ده‌یان مناڵی بێدایکوباوک کراوی کورد، به‌هه‌زاران ئافره‌تی بێوهکراو، کیژان و کۆرانی براکوژراو و دایکانی جه‌رگسووتاو شادبوونی خۆیان له‌م حوکمه نیشاندا و ره‌نگه ببێته مه‌رهه‌مێک بۆ سارێژکردنه‌وه‌ی برینه‌کانیان. لێره‌دا ئه‌م پرسیاره دێته پێشێ که ئاخۆ له‌داردانی سه‌ددام حسین ئه‌و زه‌ره‌ر و زیانه‌ی که له‌گه‌لی کورد که‌وتوه دگێڕێته‌وه؟ ئاخۆ کوشتنی سه‌ددام له به‌رژه‌وه‌ندی گه‌لی کورددایه؟ ئاخۆ به کوشتنی سه‌ددام حسین گه‌لانی ئێراق تۆڵه‌ی خۆیان له دیکتاتۆر کردۆته‌وه و ئه‌م هه‌موو ماڵوێرانیه که ئه‌مان تووشی هاتوون بۆیان قه‌ره‌بوو ده‌کرێته‌وه؟ هه‌رچه‌نده تۆڵه سه‌ندنه‌وه‌ش خۆشبێ؟ ئاخۆ مناڵای ههتیوکراو باوکه‌کانیان ده‌گه‌ڕێنه‌وه؟ مه‌به‌ست له نووسی ئه‌م دێرانه ئه‌وه‌یه که به کورتی له‌سه‌ر حوکمی مه‌رگی سه‌ددام حسین بکه‌م که له‌ودا زه‌ره‌ر و زیانه‌کانی ئه‌م کاره و سوود و قازانجه‌که‌ی و هه‌روه‌ها زۆره‌ر و زیانه‌کانی بۆ گه‌لی کورد بده‌مه باس و لێکۆڵیه‌وه. سه‌ددام حسین وه‌ک تاوانبارێک دادگایی کراوه و وه‌ک تاوانبارێکیش حوکمی له‌داردانی دراوه. له‌سه‌ر ئه‌وه که‌س کێشه‌ی نیه. ته‌نیا که‌سێک که سه‌ددام حسین به تاوانبار نازانێ هه‌ر خۆیه‌تی. ئه‌م باسه ره‌نگه له زۆر گۆشه‌نیگاوه بدرێته به‌ر هه‌ڵسه‌نگاندن و لێکۆڵینه‌وه‌ی له‌سه‌ر بکرێ که کاری ئه‌م نووسراوه‌یه نییه. ئه‌وه‌ی مه‌به‌ستی ئه‌م نوسراوه‌یه به‌راوردکردنی ئاکامی ئه‌و حوکمه و کارتیکردنی له‌سه‌ر داهاتووی گه‌لی کورد له باشووری کوردستانه. من بهباشیدهزانم که به‌ر له وه‌ی بچمه سه‌ر وڵامدانه‌وه به ئه‌و پرسیارانه‌ی له‌مه‌وبه‌ر ئاراسته‌م کردن نمایه‌کی کۆرتی هزری و سیاسی له تاوان و تاوانبار و ئه‌رکی سه‌زادان بخه‌مه به‌رچاوی خوێنه‌ر. تاوان کامه کرده‌وانه ده‌بێ وه‌ک تاوان چاوی لێبکرێ ئه‌رکێکی سیاسییه و ئۆرگانێکی سیاسی یاخۆد دامه‌زراوه‌یه‌کی سیاسی بڕیاری له‌سه‌ر ده‌دا. له وڵاتهدێموکراسیهکانداو، تا ئه‌و جێگایه‌ی من بزانم، له زۆربه‌ی وڵاتانێکدا که خاوه‌نی دام و ده‌زگای ده‌وڵه‌تین ئه‌وه په‌رله‌مانه که ئه‌و مهشرووعییهتهو سهڵاعییهته سیاسیه‌ی هه‌یه. تاوان ته‌نیا به‌و مه‌رجه‌ی به تاوان ده‌ناسرێ که به‌پێێ یاسای له‌ئارادا به‌تاوان دانرابێ. به واتایه‌کی دیکه تاوان کرده‌وه‌یه‌که که له یاسای وڵاتی مهفرووزدا باسی لێکراوه و سهزاشی بۆ دیاریکراوه. تاوان له روانگه‌ی یاساوه ته‌نیا کاتێک به تاوان داده‌نرێ که گۆمان لهوهدانهبێ که به ئه‌نقه‌ست کراوه. دیاره تاوانی سه‌ددام حسین له‌وه گه‌وره‌تر و ره‌هه‌نده‌کانی تاوانه‌کانی ئه‌و هه‌م له‌به‌ری زه‌مانییه‌وه و هه‌م له‌باری سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌وه، له چوارچێوه‌ی یاسای وڵاتێک‌دا ناگۆنجێن. هه‌ر بۆیه‌ش ئه‌و که‌سه ده‌بێ به پێێ یاسای نێوده‌وڵه‌تی و له‌سه‌ر تاوانی کوشتنی به‌تێکڕای خه‌ڵک و هه‌روه‌ها تاوان له دژی وڵاتانی دیکه‌شدا دادگایی بکرێ. له باره‌ی سه‌ددامه‌وه ئه‌و ئه‌سڵه له‌به‌رچاو نه‌گیراوه چونکه گه‌لانی ئێراق له سهرویستی خۆیان خوازیاری دادگایی‌کردن و سه‌زادانی ئه‌و له ناو خاکی ئێراقدا بوون. به‌ڵام ئاخۆ سه‌زای دیاری کراو له‌گه‌ڵ رێژه‌ی تاوانه‌کانی سه‌ددام حسین یه‌کده‌گرێته‌وه؟ ئاخۆ چه‌ند ملوێن جار ده‌بێ سه‌ددام حسین له‌دار بدرێ بۆ ئه‌وه‌ی تۆڵه‌ی کۆژراوه‌کان بستێندرێته‌وه؟ ئاخۆ کوشتنی سه‌ددام ته‌نیا سه‌زای شیاوی تاوانه‌کانیه‌تی؟ بۆ ئه‌وه‌ی که وڵامێک بۆ ئه‌م پرسیارانه و هه‌زاران پرسیاری له‌م چه‌شنه بدۆزینه‌وه جێی خۆیه‌تی باسێکی هزری له‌سه‌ر چه‌مکی سه‌زا ئاراسته بکرێ. سه‌زا و سه‌زادان تێگه‌یشتن وخوێندنه‌وه و مه‌به‌ستی مرۆف له چه‌مکی سه‌زادان و چۆنیه‌تی سه‌زادان، وه‌ک هه‌موو شتێکیدیکهی کۆمه‌ڵایه‌تی، له ره‌وتی مێژوودا‌و، به پێی به‌ره‌وپێشچوونی کۆمه‌ڵگا، ئاڵوگۆڕی به‌سه‌ردا هاتوه و دێ. له ئوروپادا، له‌دوای رێنێسانس و گه‌شه‌سه‌ندنی بیری فه‌ردگه‌رایی (Individualism)، گوازتنهوهیهک له سه‌زادانی ئه‌ندام، واته بڕینی دهستولاق، ده‌رهێنانی چاو، داخکردن، یان کوشتن له‌رێگای سووتاندن، خنکاندن، سه‌ربڕین یاخۆد کۆشتن به گۆلله و شمشیر و له‌سیداره‌دان، به‌ره‌و سه‌زادان و جه‌زره‌به‌ی ره‌وانی روویدا. ئازاردانی گیان جێگه‌ی به ئازاردانی ئه‌ندام چۆڵ کرد. هه‌ندێ بیرمه‌ندی رۆژئاوایی وه‌ک میشێل فۆکۆ، بیرمه‌ندی به‌ناوبانگی فرانسه‌یی پێیان وایه که هه‌ر له‌م پێوه‌ندیه‌دا، دوو زانستی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌رونناسی و کۆمه‌ڵناسی په‌ره‌یان سه‌ند و به‌ره‌به‌ره جێگای خۆیان له‌ناو کۆمه‌ڵدا کرده‌وه. ئه‌م زانستانه ئه‌رکی دیاریکردنی نیازه کۆمه‌ڵایه‌تی و ره‌وانیه‌کانی تاکه‌که‌سیان به‌ئه‌ستۆوه گرت، بۆ ئه‌وه‌ی که کاردانه‌وه‌ی سه‌زادان به‌شێوه‌یه‌کی کاریگه‌رانه‌تر مه‌یسه‌ر بێ. له‌لایه‌کیتره‌وه، سه‌زادان که‌ره‌سه‌یه‌که که نه‌زمی ده‌سڵات و دیسیپلین راده‌گرێ و به‌م شێوه‌یه فۆرمی سه‌زادان له کۆشتنهوه به‌ره‌و به‌ندیخانه ده‌گوێزرێته‌وه که فۆرمێکی نه‌رمتره. ئه‌م فۆڕمه وه‌ک که‌ره‌سه‌یه‌کی بیرهیناوهس بپ راگرتنی دیسیپلیین کهکی لێوهردگیرێ و جاربه‌جار به‌ندیه‌کان بیر شاروه‌ندان ده‌خرێنه‌وه. هه‌ر بۆیه‌ش زۆربه‌ی هه‌ره‌زۆری دێموکراسیه‌کان حوکمی ئیعدامیان له یاسای بنه‌ڕه‌تی خۆیان سڕیوه‌ته‌وه و له هه‌ندێ وڵات نه‌بێ ئه‌و شێوه سهزادانه باوی نه‌ماوه1. ناوه‌رۆکی سه‌زادان له‌باری مافناسیهوه ناوه‌رۆکی هه‌ستپێکراوی ماددی سه‌زادان له روانگه‌ی یاساوه له‌سه‌ر پرینسیپی ئازارکێشان یاخود هه‌ست به ناخۆشی کردن بنیاتنراوه. ئه‌م ئازاردانه له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه به‌ڕیوه ده‌چێ و له‌دژی تاکه‌که‌س بهرکاردێ، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌و که‌سه تاوانێکی ئه‌نجامداوه. هه‌روه‌ها له روانگه‌ی تیوری مافناسیهوه، سه‌زادان وه‌ک بێبه‌شکردن له هه‌ندێ مافیش ده‌ژمێردرێ. مانای ئه‌م وته‌یه ئه‌وه‌یه که یاسا هه‌ڕه‌شه‌ی بێبه‌شکردن ده‌کا به‌و مه‌رجه‌ی پێڕه‌وه‌ی له‌و نۆڕم پرینسیپانه نه‌کرێ که کۆمه‌ڵ دیاریکردوون یان هه‌ندێ مه‌رجی دیاریکراو بهڕیوهنهچن. به واتایهکیتر مه‌به‌ست له سه‌زادان ئه‌وه‌یه که به‌شێوه‌یه‌کی ئاشکرا و شه‌فاف کرده‌وه‌ی باش و نه‌باش لێک جیابکرێنه‌وه. ئه‌م باسه له کاتی ده‌سپێکی ژیانی کۆمه‌ڵایه‌تی مرۆڤه‌وه باو بووه. له فه‌لسه‌فه‌ی مافناسی سه‌رده‌می مۆدێرنیته‌دا سه‌زادان وه‌ک دژ کرده‌ویه‌ک ده‌ناسرێ که به‌کارهێنانی ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌یه که تاوانکردن ده‌بێ سهزادنی بۆ تاوانبار له‌به‌ردابێ. یه‌کێکی دیکه له مه‌به‌سته گرنگه‌کانی سه‌زادان بیری به‌رگری کردن یان ره‌واندنه‌وه‌ی شاروه‌ندان له کرده‌وه‌ی تاوانبارانه‌یه. دوو چه‌شنه به‌رگریکردن هه‌یه، به‌رگریکردنی گشتی و به‌رگریکردنی تاکی. مانای به‌رگری کردنی گشتی ئه‌وه‌یه به‌هۆی سه‌زادان کۆسپ بخرێته سه‌ر رێگای ئه‌ندامانی دیکه‌ی کۆمه‌ڵ بۆ تاوانکردن. کاردانه‌وه‌ی ئه‌م مه‌ترسیه‌ش له خۆپاراستنی شاروه‌ندان لهتاوانکردن، له رواڵه‌تی به‌ئاگابوون واته ئاگادری له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی که ئاکامی تاوان کردن سهزادنه، دیاری ده‌دا. دیاره مه‌به‌ستی سه‌ره‌کی ئاگاداربوونه ئه‌وه‌یه که له سه‌ر هه‌ڵسوکه‌وتی شاروه‌ندان کاربکا و له‌لایه‌کی دیکه‌ش ببێته هۆی چه‌سپاندنی بنه‌ما ئه‌خلاقی و ئێتیکیه‌کان که به‌نۆره‌ی خۆیان دابونه‌ریت ده‌خوڵقێنن. کۆمه‌ڵگا گرنگیه‌کی تایبه‌تی به زه‌قکردنه‌وه‌ی کاراکته‌ری ئهخلاقخوڵقێنی سه‌زادان ده‌دا، به‌ڕێوه‌بردنی ئه‌رکی سهزادانیش ره‌نگه به‌و مهبهستهبێ که یاسا بێناوه‌رۆک نه‌مێنێته‌وه. کارامه‌بوونی یاساش به سه‌رکه‌وتن له تاراندنی تاکه‌که‌س له تاوانکردن به‌هۆی سه‌زادان دێته خۆیده‌نوێنێ. پێویست به وتن ناکا که به‌ڕێوه‌بردنی یاسا هه‌ڵگری ئه‌و ئه‌سڵه‌یه که ده‌بێ له رێگای گوشاری فیزیکیه‌وه واتا له ڕیگای به‌ندیکردن و شێوه‌کانی دیکه‌ی سه‌زادان پێش به تاوانبار ده‌گێرێ بۆ ئه‌وه‌ی که تاوانه‌کانی دووپاته نه‌کاته‌وه. بیری تۆڵه‌کردنه‌وه‌ش لایه‌نگرانێکی که‌می له‌ناو بیرمه‌ندانی مافناسدا نه‌بوه. ناوه‌رۆکی ئه‌م بۆچوونه له‌سه‌ر ره‌هه‌ندی سه‌زادانی کرده‌وه‌ی تاوان ساغ ده‌بێته‌وه نه‌ک له‌سه‌ر به‌رگریکردن له تاوان. سه‌زادان به مه‌به‌ستی ره‌واندنه‌وه‌ی خه‌ڵک له تاوان به مانای ئه‌وه‌یه که مرۆڤه‌کان به‌شێوه‌یه‌کی نامه‌شرووع بکه‌ونه به‌ر مه‌ترسی که‌ڵک لێ وه‌ر گیران. شتێک که تا سه‌ده‌ی هه‌ژده‌هه‌م باو بوو. سه‌زادان به‌مانای تۆڵهوهرگرتن له‌ناو لایه‌نگرانی ئایین و ئێتیکدا باوه. به‌م حاڵه‌ش له زۆربه‌ی شارستانیه‌ته‌کاندا پێوه‌ندی بارستایی و هاوکێشه‌یی تاوان و سه‌زادان وه‌ک پرینسیپێک دانی پیانراوه. ئه‌مه به‌شێکی گرنگ له کێشه- ئه‌خلاقی و دادپهروهرییانهی سه‌رده‌می مۆدێرنه که پێوه‌ندیه‌کی نزیکیشی له گه‌ڵ مافی مرۆڤدا هه‌یه. ڕاستی ئه‌وه‌یه که که‌س نابێ سه‌زای زیاتر له قهواروی ئه‌و تاوانه‌ی که کردوویه‌تی پێبدرێ. یاسا و ماف ئه‌رکی سه‌زادان، به تایبه‌تی سه‌زای مه‌رگ، له خۆیدا هه‌ڵگری بێبه‌زه‌ییه‌کی مه‌شرووع یاخود قه‌بووڵکراوه. بێ به‌زه‌ییانه‌ترین سه‌زای مه‌رگ ئه‌وانه‌ن که له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌ته‌وه به‌ڕێوه‌ده‌چن. که‌سی حوکمدراو به‌رله سه‌زادانی ده‌زانێ چ چاره‌نووسێک چاوه‌ڕوانیه‌تی. به‌ڵام کاتێک حوکمه‌که به‌ڕێوه ده‌برێ تاوانبار له‌ڕاستیدا له ئازارکێشان رزگاری ده‌بێ. بۆیه له جیهانی مۆدێرندا داموده‌زگا ده‌وڵه‌تیه‌کان سه‌زای کوشتنیان هه‌ڵگرتوه. که‌سانێکی زۆر هه‌ن که باوه‌ڕی راسته‌قینه‌یان به ئیسڵاح کردنی تاوانباره‌کان هه‌یه. هۆیه‌که‌شی ئه‌وه‌یه که به بڕوای ئهوهان، به‌شێکی زۆر له‌م تاوانبارانه یان به‌نه‌خۆشی ره‌وانی ده‌ناسرێن یاخود له سه‌رده‌می مناڵیاندا گیروگرفتیان له ژیاندا بووه که وای لێکردوون که تۆڵه له کۆمه‌ڵگا بکه‌نه‌وه. لایه‌نگرانی هه‌ڵگرتنی سه‌زای مه‌رگ هه‌روه‌ها پێیان وایه که تاوانبار له به‌ندیخانه‌دا له‌گه‌ڵ ویژدانی خۆی رووبه‌روو ده‌بێته‌وه و ئه‌مه جه‌زره‌به‌یه‌کی له‌بننه‌هاتووی رووحی بۆ ئه‌و له‌به‌ردایه. له‌م پێوه‌ندیه‌دا باشه به دوو نموونه‌ی مێژوویی ئاماژه بکرێ. له دوای شه‌ڕی دوه‌می جیهانی به‌شێک له رێبه‌رانی حیزبی نازی ئاڵمان له دادگای به نێو بانگی نورم بورگ له ئاڵمان له لایه‌ن تریبوونی نێوده‌وڵه‌تیه‌وه دادگایی کران. به‌شێکی زۆر له‌مانه له سێلهکانیاندا خۆیان کوشت. هه‌روه‌ها سه‌رکۆماری پێسووی یۆگۆسڵاڤیا سلۆبۆدان میلۆسۆڤیچ، له به‌ندیخانه‌دا خۆی کوشت. قازانج و زه‌ره‌ره‌کانی کوشتنی سه‌ددام حسین من به‌شبه‌حاڵی خۆم له دژی سهزانی مه‌رگم. به‌شێک له هۆیه‌کانی ئه‌م هه‌ڵوێسته‌م له‌مه‌و پێش باس کردوه. کوشتنی سه‌ددام حسین جگه له‌وه‌ی که ئۆقره به دڵی به‌شێکی به‌رچاوی گه‌له‌که‌مان ده‌دا هیچ گرفتێکی دیکه چاره‌سه‌ر ناکا. له هه‌لومه‌رجی ناسکی ئه‌مڕۆدا، گه‌لی کورد له هه‌ر جوڵانه‌وه‌یه‌کی سیاسی کهدهیکا ده‌بێ پۆئێنگێکی سیاسی لێ وه‌ر بگرێ. مه‌رگی سه‌ددام نه‌ته‌نیا چ پۆئێنگێکی سیاسی بۆ ئێمه تیانابێ به‌ڵکو ره‌نگه ئه‌مه له دژی به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانی گه‌له‌که‌مان له باشووری کوردستانیش بێت. ئه‌مڕۆ ئه‌و وڵاته‌ی که پێیدهوتری ئێراق له که‌ڵه‌کێک ده‌چێ که به‌هه‌ناسه‌یه‌ک تێکدهرووخێ و ئه‌وه‌ی راست بێ ته‌نیا بوونی هێزی سه‌ربازی هاوپه‌یمان واتا ئه‌مریکا و بریتانیا رایگرتوه. ئێراقی به‌زۆر پێکه‌وه‌لکاو پێکهاتوه له دوو گرۆپی ئێتنیکی و ئاینی لێکجیاواز. گه‌لی کورد نه له‌باری ئێتنیکیهوه و نه‌له‌باری کولتوریه‌وه چ خزمایه‌تی و هاوبه‌شیه‌کی مێژوویی له‌گه‌ل گه‌لی عه‌ڕه‌بی ئه‌م به‌ناو وڵاته‌دا نییه و ئه‌وه‌ی تا ئه‌مڕۆ له گه‌لی عره‌بی دیوه ته‌نیا داپڵۆسین و شه‌ڕ و کوشتن وێرانکردنی وڵاته‌که‌ی بووه. به واتاهیهکیتر گه‌لی کورد به‌شێک نییه له نه‌ته‌وه‌ی عه‌ره‌ب. ئێراق ئه‌ڕۆ تووشی توندوتیژیه‌ک هاتوه که ده‌کرێ به چواربه‌شی لێکجیاواز به‌ڵام له‌هه‌مانکاتدا پێکه‌وه گرێ‌دراو دابه‌ش بکرێ. به‌شی یه‌کامی توندوتیژیه‌که رووده‌کاته هێزی سه‌ربازی بیانی واتا ئه‌مریکا و هاوپه‌یمانه‌کانی. ئه‌م توندوتیژییه به پاشه‌کشه‌ی ئه‌م هێزانه دوایی دێ. به‌شی دووه‌می توندوتیژیه‌که هه‌ڵگری باری نه‌ته‌وه‌یی و به‌تایبه‌تی باری ئایینیه که ئێستا ده‌کرێ بوترێ که به شێوه‌ی شه‌ڕی ناوخۆیی له مابه‌ینی سوننه‌ی عه‌ره‌ب و شیعه‌ی عه‌ره‌بدا له‌ئارادایه. که‌س ناتوانێ پێشبینی بکا که‌ی ئه‌م به‌شه له توندوتیژی دوایی پێدێ1. ئه‌م جۆره توندوتیژییه که گه‌لی کورد ده‌بێ له داهاتووشدا خۆی لێ بپارێزێ. به‌شی سێیه‌می توندوتیژیه‌که له لایه‌ن داروده‌سته‌ی تێرۆریستی نێونه‌ته‌وه‌یی وه‌ک ئه‌لقاعیده به‌ڕیوه ده‌چی که ئیمکانی دواییهاتنی هه‌یه به مه‌رجێک دووبه‌شه‌که‌ی که له‌مه‌وبه‌ر باسمان لێکردن کۆتای‌یان پێهاتبێ. به‌شی چواره‌می ئه‌م توندوتیژییه له لایه‌ن هه‌ندێ جینایه‌تکاری تاوانباره‌وه به‌رێوه ده‌چێ که ره‌نگه بهمهستیان له کۆکردنه‌وه‌ی پاره و ده‌سه‌ڵات بێ و بیانه‌وێ له‌م هه‌لومه‌رجه سوود وه‌رگرن و له ئاوی لێڵ ماسی بگرن. ئه‌مانه تاوانی وه‌ک دزینی ژنان و رووتکردنی خه‌ڵک و رفاندن و به‌دیلگرتنی ژۆرنالیسته‌کان ئه‌نجام ده‌ده‌ن. ئه‌م به‌شه‌ش له توندوتیژییه، به‌نه‌مانی شه‌ڕوکێشه‌ی ناوخۆیی و دامه‌زرانی ده‌سه‌ڵاتێکی رێک‌وپێکی ده‌وڵه‌تی کۆتایی پێدێ. گهنگتر له هه‌موو شت چۆنیه‌تی پێوه‌ندی گه‌لانی ئێراق له‌گه‌ڵ یه‌کدایه لا داهاتوودا. مه‌ترسیه‌کی گه‌وره‌ی دیکه وڵاتانی ده‌وروبه‌ری کوردستانه، واتا داگیرکه‌رانی کوردستان که ده‌ستیان له هه‌رچوار به‌شی ئه‌م توندوتیژییه‌دا هه‌یه و ئاوری کێشه‌که به پشتیوانیکردنی ماڵی و سیاسی له تێرۆریستان خۆشده‌که‌ن. گه‌لی کورد له باشووری کوردستان تا ئیستا توانیویه‌تی خۆی له تێگلان له‌و توندوتیژییه بپارێزێ. به‌نه‌مانی هێزی سه‌ربازی هاوبه‌ش له ئێراقدا دۆزی کورد لاوازتردهبێ. هه‌ر بۆیه ئه‌گه‌ر بێت‌و گه‌لی کورد له دژی سه‌زای مه‌رگی سه‌ددام حسین بوێستێ، له دوو مه‌یداندا پۆئێنگی سیاسی ده‌باته‌وه. یه‌که‌م، له‌بواری نێودهولهتهیهوه له به‌رژه‌وه‌ندی ئێمه دایه که سه‌ددام لهدارنهدرێ، چونکه به‌شێکی زۆر له جیهان و سه‌رجه‌می ئوروپاییه‌کان له دژی حوکمی ئیعدامن. که‌وابوو، ئیمه وه‌ک گه‌لێکی خاون شارستانیه‌ت به‌شێوه‌کی مۆدێڕن هه‌ڵوێستێکی شیاوی سه‌رده‌می ئه‌مڕۆمان گرتوه و داوه‌ری مێژووشمان سه‌باره‌ت به خۆمان وه‌ک گه‌لێکی شیاوی سه‌ربه‌خۆیی سیاسی تۆمار کردوه. دوه‌م، له باوری ناوخۆییشه‌وه به‌قازانجی گه‌لی کورد ته‌واو ده‌بێ که له دژی سه‌زی مه‌رگی سه‌ددام حسیندا راوه‌ستێ. به‌م جۆره گه‌لی ئێمه هه‌ندێ ئیمکانی ئاشتی له‌گه‌ڵ به‌شی سونه‌ی عه‌ره‌ب که دراوسێی خاکیه‌تی له داهاتوودا مسۆگه‌ر ده‌کا. له‌لایه‌کی دیکه‌وه کوشتنی سه‌ددام حسین خزمه‌تێکی گه‌وره‌یه به صادام حسین خۆی. به‌مجۆره سه‌ددام حسین له ژیانێکی پڕ له سه‌رشۆڕی و بێکه‌رامه‌تی رزگار ده‌بێ. هه‌ر بۆیه‌ش واباشه سه‌ددام حسێن به‌هه‌زاران حه‌بسی ئه‌به‌د مه‌حکوم بکرێ بۆئه‌وه‌ی که هیچ لێبوردن و ئامنێستیهک کافی نبێ بۆ ئه‌وه‌ی ئازادی بکا. جارجاریش به نیشاندانی سه‌ددام حسین له سه‌ر شاشه‌ی تیڤی به سهرشؤڕی، دڵی دی‌کانی زگسووتاو، ماناڵانی ههتیوکراو و ژنانی بێوه کراو شاد بکرێ.
1 نه‌مانی حوکمی مه‌رگ پێوه‌ندی نزیکی له‌گه‌ڵ مافی مرۆڤدا هه‌یه به‌و مانایا که هیچ که‌س مافی ئه‌وه‌ی نییه که‌سێکیتر له ژیان بێبه‌ش کا. 2 من پێموایه ته‌نیا جیابوونه‌وه ئه‌م شه‌ڕه کۆتایی پێدێنێ. چونکه تا کۆماری ئیسلامی ئێران له‌ئارادابێ ئاشتی له‌م ناوچه‌یه‌دا مه‌یسه‌ر نابێ و گه‌لی کوردیش هه‌ر له‌ژێر گوشاری فارس و تورک و عه‌ره‌بدا ده‌مێنێته‌وه. |
سه‌ره‌وه. | ده‌سپێک. |
|
© www.giareng.com |