Ö:: سه‌رکرده‌ .. پاڵه‌وان یان پیاوی نه‌خۆش

نووسینی: م . حه‌مید عه‌زیز

سه‌رکرده‌: له‌ حزوری جه‌نابی دووژمندا من گه‌لێ شه‌رمنم، بڕوابکه‌ن هێند شه‌رمنم له‌ڕووم نایه‌ت هیچ باس بکه‌م، به‌ڵام شوکور بۆ خوا من سه‌رکرده‌و ئاغایه‌کی به‌هه‌یبه‌ت و چاونه‌ترسم، به‌رامبه‌ر پاڵه‌و ڕه‌نجبه‌رو کرێکارو نه‌ته‌وه‌ی ژێر ده‌ستم .

جوانترین ناشرینیین بۆ ئاوازی ژینتان و گه‌وره‌ترین بچووکیین بۆ ناساندنتان و جوانترین شمشێرین بۆ له‌ت کردنی ئاواته‌کانتان و باشترین هاوڕێین بۆ نه‌گه‌یاندن و به‌رده‌وام نه‌بوونی شۆڕش و یه‌کبوونتان، ئاواتی شه‌هیدانیش نین ئێمه‌.. ته‌نها کورسی و ده‌سه‌ڵات مه‌رامی شۆڕشمانه‌ و بێباکین له‌ له‌تبوونی نیشتمان و نه‌ته‌وه‌و حیزب . 

پێناسه‌یه‌کی زۆر کورتی سه‌رکرده‌: (لێپرسراوێتی و خه‌مخۆری یه‌ به‌رامبه‌ر ژیانی میلله‌تێک و نیشتمانێک له‌باری ڕامیاری و ئابووری و کۆمه‌ڵایه‌تی یه‌وه‌ بۆ ئێستاو چاره‌نووسی نه‌وه‌کانی ئه‌و میلله‌ته‌‌ له‌ ژیانی سبه‌ینێ و داهاتوودا) . ‌

ئێمه‌ هه‌میشه‌ و ته‌نها به‌ئاگرو پشکۆی دووژمن نه‌سوتاووین ، دووژمن به‌شێکه‌ له‌ شانۆی کڵۆڵیمان، دووژمن به‌شێکه‌ له‌تابلۆ ڕه‌ش و‌ سه‌قه‌ته‌کانی ژیانمان . خۆشمان به‌ده‌ستی ڕه‌ش و بیری کۆنی ژه‌نگاوی و بڕوای ئه‌فسانه‌یی و کلتووری سه‌قه‌ت و بڕوا به‌ ئاغاو هێزو بنه‌ماڵه‌ په‌رستی و پشتگوێ خستنی خوێنده‌واری ڕۆشنبیری و به‌کاری ڕامیاری هه‌ڵه‌وه‌‌ سه‌رگه‌رمین و ژیانمان له‌تاریکیدا ڕۆژکردۆته‌وه‌‌ هه‌میشه‌ به‌ زووقم و شه‌خته‌ هه‌ژاریمان گه‌وره‌ بووه‌و به‌دیار دڵۆپه‌ی مه‌نجه‌ڵی داپیره‌وه‌ تک تک سه‌رمان ناوه‌ته‌وه‌ و له‌هه‌ڵله‌رزین و سه‌رمادا خه‌به‌رمان بۆته‌وه‌ له‌هیچ نه‌ته‌وه‌و مه‌ملله‌که‌تێک ناچین ڕۆژمان شه‌وه‌و شه‌ومان زه‌هرو زریان و هه‌واڵی خۆشمان ته‌قو تۆقه‌و گرمه‌گرم ، جیهانێکین یه‌که‌م له‌خۆشاردنه‌وه‌و حه‌شاردان له‌ ماڵ وێرانی و دێ سووتان ، بێشکه‌و جۆلانێی منداڵیمان به‌به‌رچاوی خۆمانه‌وه‌ هه‌پروون هه‌پروون بووه‌ بۆیه‌ تا دنیا دنیایه‌ دڵ شکاوین .. دڵ شکاو . ‌ له‌کێڵگه‌ی ته‌مه‌ندا ڕق و کینه‌مان چاندوو دوو به‌ره‌کیمان دووری یه‌وه‌ بۆیه‌ ئێستا هه‌م نیشتمان و هه‌م خۆمان له‌باتی چوار ده‌یان به‌ش و سه‌دان حیزبین.

سه‌رکرده‌ دێته‌ گۆو ده‌ڵێ: ئه‌وه‌ی دووژمن پێی خۆش بێت به‌رنامه‌مه‌و جێ به‌جێ ده‌بێت، ئه‌وه‌ی ئاواتی ئه‌و میلله‌ته‌یه‌ نایه‌ته‌دی و من سه‌رکرده‌م هه‌رچیم بووێ بۆ خۆم ده‌یکه‌م به‌ڵام له‌به‌ر حزورو جه‌نابی دووژمن شه‌رمنێکم تاکم نی یه‌، نه‌ته‌وه‌که‌م بسووتێنن باکم نی یه‌ به‌ده‌ست خۆم نی یه‌و زۆر شه‌رمنم. خۆشه‌ویستی و وه‌فا دووره‌ له‌ مرۆڤی ئه‌م مه‌ملله‌که‌ته‌وه‌ چونکه‌ ئێمه‌ ڕک و کینه‌و بوغزمان چاند هیچی تر چونکه‌ په‌روه‌رده‌ی ده‌ستی سه‌رکرده‌ سه‌قه‌تاکانین.. چیش ئه‌دوورینه‌وه‌ له‌ ناحه‌زی و شه‌ڕو دوواکووتن زیاتر .. ! . میلله‌تێکی تابڵێی ئازاین بۆیه‌ له‌هه‌موو شه‌ڕێکی سه‌ربازیدا براوه‌ین که‌چی له‌هه‌مووشیانا دۆڕاووین چونکه‌ له‌ کاری ڕامیاریدا لاوازو دڵپاک و ساویلکه‌ین، ئازایه‌تی و کۆڵنه‌دانی پێشمه‌رگه‌ چ بایه‌خێکی هه‌یه‌ که‌ سه‌رکرده‌ی ڕامیاری ( سیاسی ) نه‌بێت . ئه‌وه‌نده‌ی سه‌رکرده‌ کورده‌کان باوه‌ش ئه‌که‌ن به‌ دووژمندا و ئه‌م لاو لای دووژمنان ماچ ده‌که‌ن ئاماده‌نین ده‌ستێک بێنن به‌سه‌ری منداڵی شه‌هیدێکدا. که‌واته‌ سه‌رکردایه‌تی کورد کاری چی بووه‌ بۆ کورد وا هه‌ر خه‌ریکی لاواندنه‌وه‌ی دڵی دووژمنه‌ که‌چی ئه‌وه‌نده‌ میلله‌تێکی که‌م زانین له‌ کاری ڕامیاریدا هه‌ر ئه‌و سه‌رکرده‌یه‌ که‌ خیانه‌ت و درۆمان له‌گه‌ڵ ده‌کات که‌چی چه‌پڵه‌ی بۆ لێده‌ده‌ین و خۆمانی به‌قوربان ده‌که‌ین .. بۆیه‌ پیاو خراپ و ڕابوردوو پیسه‌کانیش ده‌میان له‌ پێشمه‌رگه‌ گه‌رمتره‌ چونکه‌ کلیلی شانۆگه‌ری گاڵته‌و هه‌ڵخه‌ڵتان لای سه‌رکرده‌و ئه‌وانیشه‌‌. شۆڕشی خوێناوی دوورو درێژی کورد له‌ ماوه‌ی سه‌ده‌یه‌کدا و دووای ئه‌و هه‌موو ماڵ وێرانی یه‌ چی بۆ کورد کراوه‌ له‌ پای ئه‌و هه‌موو خوێنه‌ی که‌داوێتی .؟ له‌ ته‌نها ده‌ووڵه‌مه‌ند کردنی سه‌رکرده‌ نه‌بێ و هه‌ژارانیشی ئه‌وه‌نده‌ی تر بردووه‌ به‌قوڕا . بۆیه‌ به‌ ساجی گه‌رمی مێشک و دڵمان په‌نجه‌کانمان ئووتو بووه‌‌ به‌خه‌ڵه‌تاندنی هۆشمان چاوه‌کانمان لێڵ کراوه‌ ده‌سته‌کانمان کورته‌ کورت زۆر جاریش ماڵمان کاول و ڕوخاو بووه له‌ئه‌نجامی هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌ی سه‌رکرده‌کان .. به‌ڵام سه‌رکرده‌ خه‌ڵکی وا گۆش و په‌روه‌رده‌ کردووه‌ که‌ ئه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌ له‌ سه‌رکرده‌ بگرێ ، ئه‌وه‌ پیاوی بێگانه‌یه‌و دووژمنی ئه‌و گه‌له‌یه‌ ، به‌ڵام سه‌رکرده‌ خۆی بۆی هه‌یه‌ هه‌میشه‌ له‌ پایته‌خت له‌گه‌ڵ دووژمنی گه‌له‌که‌ی خه‌ریکی قاقای پێکه‌نین بێت ، پێشمه‌رگه‌ نانه‌ ڕه‌قه‌ بخوات و ئه‌و ویسکی ده‌مپڵ و گرانتس چه‌ریۆ بکات له‌گه‌ڵ دووژمنان. کورد به‌خوێنی لاوه‌کانی گه‌یشتۆته‌ مه‌رام، به‌ڵام ئه‌و داره‌ بووین که‌ کرمی له‌ خۆی بووه‌. مخابن بۆیه‌ کورد هه‌ر له‌دوواوه‌یه‌و به‌یه‌کێک له‌نه‌ته‌وه‌ ئازاده‌کان نایه‌ته‌ ژماردن چونکه‌ سه‌رکرده‌کانی هێند به‌ ده‌مارن حه‌ز ده‌که‌ن هه‌موو کورد خزمه‌تکارو سووچه‌ریان بن و ناحاڵی و به‌ڵێ که‌ر ته‌نها به‌ڵێیان له‌سه‌ربێت وه‌ک و ماستاوچی یه‌کانی ده‌ورو پشتی خۆیان، ئه‌ویش ئه‌و مه‌رامه‌ به ‌نه‌خوێنده‌واری و باوه‌ڕه‌ ڕزیووه‌کانی سه‌ده‌کانی ناوه‌ڕاست دێته‌ دی که‌هه‌میشه‌ ئاوات و به‌رنامه‌ی سه‌رکرده‌ بووه‌ که‌ خه‌ڵک به‌وشێوه‌یه‌ بیر بکاته‌وه‌. سه‌د حه‌یف که‌وا ئه‌وان به‌و شێوه‌یه‌ بیر ئه‌که‌نه‌وه، ئه‌ی چۆن له‌ نه‌عله‌ت و نه‌فره‌تی مێژوو سڵ ناکه‌نه‌وه‌‌ ..!؟ . لای سه‌رکرده‌ کورسی و ده‌سه‌ڵات هێنده‌ خۆشه‌ بیری مێژووی له‌ کوێ بوو ئه‌و ته‌نها بیری ئه‌و خوله‌که‌ کارده‌کات و بستێکیش ناڕوات ، ئه‌گه‌ر بیریان له‌ سبه‌ینێ بکردایه‌ته‌وه‌ باره‌که‌ لار نه‌ده‌بوو ... ! .

ئه‌گه‌ر ڕامیارزانانی ( سیاسی) کورد و ڕۆشنبیران تۆزێ ئه‌هوه‌ن و له‌سه‌رخۆ بیر بکه‌نه‌وه‌ ده‌بینن مێژووی پڕسه‌روه‌ری کورد پڕه‌ له‌ ناسه‌روه‌ریش، بۆیه‌ کورد گه‌وره‌ترین نه‌ته‌وه‌یه‌‌ له‌ قه‌باره‌و کوردستانیش گه‌وره‌ترین نیشتمانه‌ له‌ پانتایی که‌ وه‌ک و نه‌ته‌وه‌ ژێر ده‌سته‌و وه‌ک و ووڵاتیش ده‌ووڵه‌ت نی یه‌، به‌وواتایه‌کی ساده‌تر ئه‌وه‌یه‌ که‌ گه‌وره‌ترین میلله‌ت و خاکین که‌چی ‌تا ئێستا سه‌ربه‌خۆ نین و ووڵاتیشمان نییه‌، ته‌نها کرێچی سێ ده‌ووڵه‌تی دیکتاتۆری فاشیست نه‌بێ که‌ نموونه‌یان نی یه‌ له‌ بێ شه‌رمی و ناحاڵێتی و دڕنده‌یی و یاسای جه‌نگه‌ڵستان...!!! . سه‌د مخابن میلله‌تێکی چاکی ئازای کۆڵنه‌ده‌ری وه‌کو کورد خاوه‌نی سه‌رکرده‌یه‌کی دڵسۆزی کاریزم و پڕۆلیتاری نی یه‌ تا به ‌ئامانجه‌کانی خۆی بگات. هه‌موو به‌ناوی کرێکارو جوتیارو پاڵه‌و ڕه‌نجده‌رانه‌وه‌ شۆڕش ده‌که‌ن له‌ئه‌نجامدا گه‌وره‌ترین سه‌رمایه‌داریان لێده‌رده‌چێت. بۆیه‌ سه‌رکرده‌کانمان له‌ شۆڕشی شێخ سه‌عیدی پیرانه‌وه‌ هه‌تا ئێستا به‌ کرده‌وه‌ هه‌میشه‌ ئاوا ئاوازی دڵ ڕه‌شییان خوێندووه‌و ووتوه‌: (( ئێمه‌ ئازاترین سه‌رکرده‌ین .. بۆ شه‌ق کردن و له‌ت کردن ( انشقاق )، داخستنی ده‌مه‌کان ئێمه‌ین بۆ یه‌ک بوون، نه‌رمین له‌گه‌ڵ دووژمن و ڕه‌قیش له‌گه‌ڵ یه‌کتری ..‌ تائێستا گه‌وره‌ترین بچوکیین و جوانترین ناشرینین و شۆڕشگێڕترین جاسووس و ده‌سکه‌لای دووژمن و جوانترین شمشێرین بۆ یه‌کبڕین و باشترین خراپه‌ین بۆ چاکه‌ . ئه‌گه‌ر خۆمان حاکم و ئاغا نه‌بین به‌هه‌شتی هه‌موو مسکێنه‌کان ده‌سووتێنین )) ئێمه‌ی نه‌ته‌وه‌ی کوردیش..‌ دنیایه‌کی گه‌وره‌ین له‌ به‌سه‌زمانیدا، ناحاڵین له‌ چی پێکانی ژیان و ده‌ریایه‌کی تاریکه‌ چاومان، سه‌ربانێکی بێ *پالیسین، تووله‌ ڕێیه‌کی بێ دره‌خت و سه‌مایه‌کی بێ ئاوازین چونکه‌ گه‌وره‌کانمان هیتله‌رو مۆسۆلۆنی و شاوشیسکۆی کوردن بۆیه‌ هه‌میشه‌ سه‌رکرده‌ ده‌ڵێ: حه‌ماڵ و کرێکاری بێگانه‌ین و ده‌ستیان ماچ ده‌که‌ین به‌ڵام ئه‌وچاتر ئاغاین بۆ پاڵه‌و جوتیارو ڕه‌نجده‌رانی خۆمان. سه‌رکرده‌ یان سه‌رکرده‌یی وواتای لێپرسراوێتی گه‌وره‌ و خه‌می گه‌وره‌و شه‌ونخونی تاڵ و باوکایه‌تی یه بۆ جه‌رگی خۆی‌، به‌‌ سووتانی ڕۆحی خۆی بۆ هاووڵاتی نیشتمانه‌که‌ی ‌و بستێ له‌ خاکه‌که‌ی و لێپرسراو له‌ چاره‌نووسی میلله‌ته‌که‌ی. کام کوردی داماو سه‌رکرده‌ی ساده‌و له‌خۆبوردووی له‌ لاپه‌ڕه‌ی مێژووی خۆیدا دیووه .!‌ بۆیه‌ تا خاوه‌نی سه‌رکرده‌ی ئاوابین دووژمنانی کورد بێخه‌م لێی نووستون و باکیان نی یه‌. ئه‌م ووتاره‌ بچووک و کورته‌ له‌سه‌ر قاش بوون و له‌تبوونی.. حیزبی دیموکراتی کوردستانی( ئێران) ڕۆژهه‌ڵات و یه‌کێتی نیشتمانی نووسراوه‌. ئایا له‌دنیای شۆڕش و ڕامیاریدا سه‌رکرده‌ کاری ڕێکخستن و یه‌کبوونی میلله‌ته‌ یان به‌ پێچه‌وانه‌وه‌ وه‌ک و لای ئێمه‌.. ئێمه‌ی به‌شکراو به‌ده‌ستی دووژمن و به‌ش به‌ش کراویش به‌ده‌ستی خۆمان. هیوادارم ئه‌م بابه‌ته‌ ببێته هه‌وێنی یه‌کبوون و یه‌ک ڕیزی نه‌ته‌وه‌ی کورد، چونکه‌ زۆر له‌ت بوون و شه‌ق بوونمان بینی که‌ لاوازو بێ هێزی کردین به‌ڵام نه‌بوون به‌ ووانه بۆ ئه‌م قۆناغه‌ی ژیانی شۆڕش و کوردایه‌تی بۆ گه‌له‌ سته‌م دیده‌که‌مان.‌  ‌

* پالیس : مه‌به‌ست له‌و دیوارو  په‌رژینه‌یه‌‌ که‌ چوار ده‌وری شوێنێکی پێ بگیرێت .

م . حه‌مید عه‌زیز

Hamid773@hotmail.com 

 سه‌ره‌وه‌. ده‌سپێک.

ئه‌م بابه‌ته‌ چاپ بکه‌!

   ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ هاوڕێکه‌ت بنێره:

© www.giareng.com
All rights reserved 2005.