Ö:: رێوره‌سمێک به‌ بۆنه‌ى شه‌وى یه‌ڵدا،یادى 76 ساڵه‌ى له‌ دایکبوونی د.قاسملوو

سه‌رچاوه‌: ماڵپه‌ری کوردستان و کورد

رێوره‌سمێک به‌ بۆنه‌ى شه‌وى یه‌ڵدا،یادى 76 ساڵه‌ى له‌ دایکبوونی د.قاسملوو
لێژنه‌ى به‌ڕێوه‌به‌ریى رێوره‌سمه‌کانی حیزبی دیموکراتی
کوردستان ـ ئێران ، له‌ شه‌و زستانی ئه‌مساڵ واته‌ شه‌وى یه‌ڵدا دا رێوره‌سمێکی به‌ بۆنه‌ى 76 ساڵه‌ى  له‌دایکبوونی نه‌مر دوکتور قاسملووى رێبه‌رمان پێک هێنا.

له‌م رێوره‌سمه‌دا که‌ به‌ به‌شداریی ئه‌ندامانی رێبه‌رى و ژماره‌یه‌کى زۆر له‌کادر و پێشمه‌رگه‌کانى حیزب و بنه‌ماڵه‌کانیان له‌ یه‌کێک له‌ که‌مپه‌کانی حیزبی دیموکراتی کوردستان دا به‌رێوه‌ چوو، بۆ جارێکى دیکه‌ش یاد و بیره‌وه‌ریی دوکتور قاسملووى نه‌مر و نه‌خش و رۆڵی کاریگه‌رى ئه‌م که‌سایه‌تى‌یه‌ مه‌زنه‌ له‌ ره‌وتی بزووتنه‌وه‌ى نه‌ته‌وه‌یی کورددا به‌رز راگیرا و، په‌یمانی وه‌فاداری و به‌ڵێنی درێژه‌دانی رێبازی له‌ گه‌ڵ نوى کرایه‌وه‌.

سۆزى بڵاوێنی شمشاڵه‌که‌ی لاوى ئه‌دیب ره‌سوڵ سوڵتانی له‌ سه‌ره‌تاى رێوره‌سمه‌که‌دا مزگێینی شه‌ویادێکی خۆشی بۆ به‌شداران به‌ دیارى هێنا.

پاشان  هاوڕێى به‌رێز جه‌لیل گادانی کادری له‌مێژینه‌ى حیزب یه‌که‌م وتار بێژی رێوره‌سمه‌که‌ بوو که‌ وێرای گێرانه‌وه‌ى کورته‌یه‌ک له‌ ژیاننامه‌ی دوکتور قاسملوو و چۆنیه‌تیى ئاشنایه‌تیى خۆى له‌ گه‌ڵ ئه‌و نه‌مره‌، چه‌ند ره‌هه‌ندێکی ژیانی سیاسیی دوکتور قاسملووى خسته‌ به‌ر باس و له‌ سه‌ریان دوا .

دواتر به‌رێز قادر وریا که‌سایه‌تیی دیارى بوارى راگه‌یاندنی حیزب له‌ وتارێک دا به‌شێک له‌ بنه‌ما فیکرىیه‌کانی دوکتور قاسملوو و کارتێکه‌رییانی له‌ سه‌ر ره‌وتی پێشڤه‌چوونی بزاڤی نه‌ته‌وه‌یی کوردی خسته‌ به‌ر باس و لێدوان.
له‌ به‌شێکی دیکه‌ى رێوره‌سمه‌که‌دا نۆره‌ درا به‌ شاعیران و ئه‌دیبانی به‌شدار بوو له‌ کۆره‌که‌ تا به‌رهه‌مه‌ شێعرى و ئه‌ده‌بى‌یه‌کانى خۆیان پێشکه‌ش بکه‌ن. له‌م به‌شه‌دا به‌رێزان ئه‌حمه‌د قادری، مامۆستا بێبه‌ش، کوێستان فتووحی، هه‌باس حه‌قبین، سوهه‌یلا قادری، حه‌لیمه‌ ره‌سووڵی، عه‌لی بوداغی و ره‌سوڵ سوڵتانی له‌ که‌شێکی شاعیرانه‌دا  به‌رهه‌مه‌ ئه‌ده‌بى‌یه‌کانی خۆیان پێشکه‌ش کرد.

له‌ نێوئاخنی به‌رنامه‌کانیش دا، هه‌ڵبژارده‌یه‌ک له‌ وته‌ جوان و به‌ نرخه‌کانى د.قاسملووى شه‌هید له‌ لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌رى رێوره‌سمه‌که‌ کاک سمایل شه‌ڕه‌فى، خوێندرانه‌وه‌. له‌ درێژه‌ى مه‌راسمه‌که‌ به‌رێزان ئازاد عه‌بباسیان به‌ نه‌واى حه‌زینی "نه‌ى"و ره‌سوڵ سوڵتانی به‌ حه‌یرانێک  شه‌و یاده‌که‌یان هه‌رچى زیاتر رازانده‌وه‌ .

گۆرانیی" گه‌وهه‌رێ گیان گه‌وهه‌رێ" به‌ ده‌نگی فه‌رهاد ساڵحی دوایین بڕگه‌ی ئه‌م رێوره‌سمه‌ بوو که‌ له‌ گه‌ڵ پێشوازیی گه‌رمی به‌شداران به‌ره‌وروو بوو.

شایانی باسه‌ که‌ رێوره‌سمه‌که‌ پاش 2 کاتژمێر له‌ نێو خۆشحاڵی و شادمانیى به‌شداران کۆتایی پێهات.

هه‌واڵنێرى کوردستان و کورد

شه‌وزستانى1385ى هه‌تاوى

سه‌رچاوه‌: ماڵپه‌ری کوردستان و کورد





 سه‌ره‌وه‌. ده‌سپێک.

ئه‌م بابه‌ته‌ چاپ بکه‌!

   ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ هاوڕێکه‌ت بنێره:

© www.giareng.com
All rights reserved 2005.