Ö:: سکاڵانامه‌ی کچێکی ئێرانی!

که‌ریم تاقانه

سکاڵانامه‌ی کچێکی ئێرانی!
(1)
دایکم
دایکم گه‌وره‌م ده‌کاو
باوکم ده‌مفرۆشێ..
باوکم حه‌سره‌تم بۆ ده‌خواو
دایکم فرمێسک هه‌ڵده‌ڕێژێ..
به‌درێژایی ڕۆژ
له‌م غوربه‌ته ده‌مێنمه‌وه‌ و
ئه‌وان وه‌بیر ده‌هێنمه‌وه..
شیر به کچۆڵه‌که‌م ده‌ده‌م و
لایه لایه‌ ده‌چرپێنم
به‌ دوو گوێی دا..
ده‌زانم
سبه‌ی مێرده‌که‌م
ده‌یفرۆشێ و
منیش هه‌مدیس
تاق و ته‌نیا ده‌مێنمه‌وه..
مێرده‌که‌م خه‌می بۆ ده‌خوا و
منیش به‌رده‌وام فرمێسک هه‌ڵده‌وه‌رێنم!..
(2)
نامۆ
له گه‌ڵت ده‌ژیم،
به‌ڵام خۆشم ناوێی..
له‌ گه‌ڵت کار ده‌که‌م،
به‌ڵام خۆشم ناوێی..
له گه‌ڵت پیاسه ده‌که‌م،
به‌ڵام خۆشم ناوێی..
شانم به‌ر شانت ده‌که‌وێ
دێم و هه‌ڵدێم..
ده‌سته ڕه‌شه‌کانت
له‌ مه‌چه‌کم گیر ده‌بن..
له‌ هه‌ر دوو ده‌ستی خۆم بێزارم!
سه‌رپه‌نجه‌کانم شین هه‌ڵگه‌ڕاون..
ئه‌من چیدی خۆم خۆش ناوێ...!
25.10.2006

 سه‌ره‌وه‌. ده‌سپێک.

ئه‌م بابه‌ته‌ چاپ بکه‌!

   ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ هاوڕێکه‌ت بنێره:

© www.giareng.com
All rights reserved 2005.