Ö:: تابلۆی منداڵێکی ڕۆژنامه‌فرۆش! 

نووسینی: که‌ریم تاقانه

تابلۆی منداڵێکی ڕۆژنامه‌فرۆش! 
به‌فر ده‌بارێ.. شار، سپی ده‌پۆشێ..
منداڵێکی ته‌مه‌ن ده، دوانزه ساڵ، کۆمه‌ڵێ ڕۆژنامه‌ی له بن هه‌نگڵ دایه‌و به شه‌قامێکی قه‌ره‌باڵغ دا دێ و ده‌چێ و له تاو سه‌رما هه‌ڵده‌له‌رزێ.
_
که‌یهان!.. سه‌لام!.. ڕیساله‌ت!.. ئازادی..! خه‌ڵکینه، ڕۆژنامه بکڕن..

سه‌رماکه‌ی ئه‌وه‌نده کاریگه‌ره، تف هه‌ڵخه‌ی، ده‌یبه‌ستێ. خه‌ڵک به هه‌ڵه‌داوان له هات و چۆ دان و تاقه‌تی ئه‌وه‌یان نی‌یه ڕاوه‌ستن، ده‌ست له گیرفانی پاڵتۆ ده‌ربێنن و ڕۆژنامه بکڕن.. خه‌ڵک له ترسی ئه‌وه‌ی نه‌وه‌ک پێیان بخلیسکێ و شوێنێکیان بشکێ، به شێوه‌یه‌ک سه‌ریان داخستووه‌و له به‌ر پێی خۆیان ده‌ڕوانن، ئاگایان له‌ملاو له‌ولای خۆیان نی‌یه.

کوڕه به‌ ئاواتی ئه‌وه‌وه‌ چه‌ند ڕۆژنامه‌یه‌ک بفرۆشێ، هه‌ر هات‌و هاواریه‌تی.
_
ڕۆژنامه بکڕن و هه‌واڵی نوێ وه‌خوێنن! دوێنێ دوو موعتاد له پارکی گشتی‌دا ڕ‌ه‌ق هه‌ڵاتن!

که‌س ئاوڕ نا‌داته‌وه.

 _ئه‌م هه‌واڵه: له کوردستان، کوڕو کچێ به به‌رچاوی خه‌ڵکه‌وه شه‌لاق ده‌درێن!..

که‌س ئاوڕ ناداته‌وه.

کوڕه له‌ کاتێک دا بۆ چه‌ندمین جار ئاوی لووتی به پشت ده‌ستی پاک ده‌کاته‌وه، درێژه ده‌دا:

 _ڕۆژنامه بکڕن.. هه‌واڵی نوێ وه‌خوێنن: ئه‌ها! بڕیار دراوه هه‌ژاران ده‌وڵه‌مه‌ند بن و چیدی هه‌ژاری نه‌مێنێ!..

که‌س ئاوڕ ناداته‌وه.

سه‌رماکه‌ی ئه‌وه‌نده تووش و سه‌خته، ده‌نگی کوڕه به هه‌واوه ده‌به‌ستێ و لێ‌ناگه‌ڕێ بگاته گوێی ڕێبواران..

ئه‌و به‌فره، دیمه‌نه‌که‌ی ئه‌وه‌نده‌ی دیکه دڵگیرتر کردووه. شار، تارای سپیی پۆشیوه‌و، کوڕه‌ش ئه‌وه‌نده به‌فر نیشتۆته سه‌ر سه‌رو ڕوخساری، مرۆڤ له دووره‌وه وا ده‌زانێ پیره‌مێردێکی کورته‌بنه‌یه ڕۆژنامه ده‌فرۆشێ!..

نووسینی: که‌ریم تاقانه

3.12.2006

 سه‌ره‌وه‌. ده‌سپێک.

ئه‌م بابه‌ته‌ چاپ بکه‌!

   ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ هاوڕێکه‌ت بنێره:

© www.giareng.com
All rights reserved 2005.