Ö:: وڵامی ئه‌و منداله ده‌بێته چی؟

نووسینی : ئه‌میر باباخانی

ئه‌گه‌ر بم‌ هه‌وێ وه‌ك به‌سه‌رهات باسی بكه‌م ده‌بێته كتێبێكی گه‌وره كه ئه‌وه له توانای من دا نیه. ئه‌گه‌ر بم هه‌وێ ناوی ره‌خنه‌ی لێ‌بنێم، دێمۆكڕاسی نێو حیزبه‌كه‌م!!! وای فێر كردووم كه ئه‌وه‌نده خۆم به‌ چكۆڵه ببینم، كه‌ به ‌هه‌رره‌خنه‌گرتنێك، سه‌ركۆنه و هه‌ڵپه‌ساردن و ده‌ركردن سه‌هله، نێوی "خائینیش" به‌ سه‌رت‌دا داده‌سه‌پێ. به‌ڵام به‌ بروام ناوی بنێم هه‌ست جوان بێت. باشه " هه‌ست "!

له‌بیرمه كه‌رۆژه‌كانی هه‌وه‌ڵ به چ ‌‌هه‌ستێك دار و دیواری نێو شارمان ده‌نووسی و چۆن ‌‌ئاڕمی حیزبی پڕ له‌ شانازی دێمۆكڕاتی كوردستانی ئێرانمان له‌سه‌ر كادرێك هه‌ڵكۆڵی بوو و به‌ "اسپری" دیواره‌كانی شارمان پێ‌ده‌نه‌خشاند، به‌ڵام هه‌ر یه‌ك ئاڕم بوو، له‌بیرمه به به‌فر و باران و سه‌رما و گه‌رما و شه‌و و رۆژ چۆن " ئه‌و بستۆكه‌ی دوژمن ناوی نا سنور"مان به‌هه‌موو شێوه و به‌بێ ترس و ئیمانه‌وه ده‌بڕی و هه‌ر به‌ چاوپێكه‌وتن به‌ چراكانی" هه‌رمۆته" دڵمان گه‌ش ده‌بۆوه، جا چ بگات به‌ ئازادی،- به‌ڵام به‌داخه‌وه پێم وایه ئه‌و كات خه‌راپ له مانای ئازادی تێ‌گه‌ئیشتبووم یا ئێستا، نازانم!!!

تا ئه‌و كاته‌ی له‌ژێر ئه‌شكه‌نجه‌ی جه‌للادانی رژیم دابووین، هیوامان هه‌ر به دواڕۆژ و به‌ مه‌شغه‌ڵدارانی رێگای ئازادی كوردستان بوو. هه‌ر كات هه‌واڵی شه‌هید بوونی هاورێ‌یه‌ك له‌ به‌ندیخانه‌كان‌دا ده‌بوو، وره‌مان به‌هێزتر ده‌بوو و تینووتر بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی تۆڵه. كاتی ئازاد بوون و راكردن له به‌ندیخانه‌كانیش‌را ، هه‌تا هه‌رچه‌شنه بێ‌حوڕمه‌تێكی عه‌سكه‌ری توركیا هیوامان به‌ هاوڕێیانی ده‌ره‌وه‌ و تێكۆشانی دیپڵۆماتیك و سیاسی ئه‌وان بوو،بۆ وه‌دی‌هێنانی ئامانجه ره‌واكانمان. به‌ڵام كاتێك كه گه‌ئیشتینه لای ئه‌و هاوڕێیانه، ئه‌و جار هاته ده‌ستمان كه چ باسه! - هیوادارم هیچ هه‌ستێكی ناسك سه‌ر له كار و باری گه‌وره پیاوان !!! ده‌رنه‌هێنێ، با قه‌ت به‌برینداری نه‌كه‌وێته به‌ر پێیان و تامی شه‌قی ره‌فیق نه‌چێژێ -. به‌هه‌رحاڵ ئه‌وه تا ئێره و ته‌رح و پلانی گه‌وره پیاوان!!! بۆ وه‌دی‌هێنای ئامانجه‌كانی گه‌ل و وه‌ده‌ست‌‌هێنانی تاج و ته‌ختی پادشاهی و حكومه‌تی حیزی دێمۆكڕات.

به‌ ته‌خت و تاجی پادشاهی، شای ئێرانم وه‌بیر هاته‌وه و به‌سه‌رهاتێكی كۆنی ئه‌و سه‌رده‌م...

رۆژێك دۆستێكی زۆر خۆشه‌ویست له ماڵمان بوو و ئه‌و به‌سه‌رهاته‌ی له به‌ڕێزێكی دیكه‌ڕا بۆ گێڕامه‌وه؛ كه به‌بێ ئیزنی هه‌ر دووك لایه‌ن ئه‌وه‌تان بۆ باس ده‌كه‌م ـ هه‌رچه‌ند ئیزن وه‌رگرتن بۆ ئه‌م جۆره‌ شتانه لای ئێمه زۆر باو نیه، جا نازانم لای ئێوه چۆنه؟!!-. 

له ساڵه‌كانی 46 و 47 دا ئه‌و كاتی شه‌هید كاك سوله‌یمان موعینی و هاوڕێیانی خه‌باتی سیاسی و چه‌كداریان هه‌بوو، پێشمه‌رگه‌یه‌كی لاویان له‌گه‌ل ده‌بێت كه خه‌ڵكی شاری سه‌رده‌شت ده‌بێت ( به‌ بڕوام ئه‌و به‌ڕێزه ئێستا له‌ وڵاتی سۆئێد ده‌ژی ) ئه‌و‌كات پێشمه‌رگایه‌تی ئه‌وه‌نده ئه‌ركێكی گرینگ و گه‌وره‌ بوو، كه‌ هه‌موو كه‌س نه‌ی‌ده‌توانی ببێته پێشمه‌رگه‌ و شه‌ڕه‌فی پێشمه‌رگایه‌تی به‌ هه‌مووكه‌س نه‌ده‌به‌خشرا. جا هه‌ر بۆیه‌ باوكی ئه‌و پێشمه‌رگه‌ لاوه، له‌ ناو خه‌ڵكی شاردا حوڕمه‌ت و رێزێكی زۆر تایبه‌تی ده‌بێت و شانازی باوكیش به‌ هۆی هه‌بوونی ئه‌و كوره له حیساب نایه‌ت. دووری و بێ‌هه‌واڵی له كوڕی پێشمه‌رگه‌، بابه‌كه‌ ئاوا لێ‌ده‌كات كه‌ به‌ره‌و بنكه‌كانی حیزب له‌ باشوری كوردستان وه‌ڕێ بخات. ته‌نیا بیر له‌ئه‌وه ده‌كاته‌وه كه‌ كوڕه لاوه‌كه‌ی ئێستا ده‌بێ له‌ چ بارودۆخێكی سه‌خت و دژواری نیزامی ‌دابێت و چۆن مه‌شقی خه‌با‌ت به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك له‌بنكه‌كانی حیزب‌دا فێر ده‌بێت. رێگای دوور و درێژ كۆتایی پێ‌دێت و ده‌گاته بنكه‌كانی مه‌لا مسته‌فا بارزانی. له‌وێ سۆراغ ده‌گرێ و كه‌سێك هه‌ر وه‌ك به‌ قامك ئاماژه به چادرێك بكات رێ‌نوێنی ده‌كات كه ئه‌وه چادری ئه‌وانه. هه‌ر وه‌ك چۆن ده‌ڵێن سه‌تڵێك ئاوی ساردت پێ‌دابكه‌ن، بابه‌كه‌ ئاوای لێ‌دێت. ئه‌و چی بیر ده‌كرده‌وه و چی لێ‌هات. ئه‌گه‌ر نیزیك بۆوه، دوو یا سێ كه‌سی له‌ لای چادره‌كه‌ دیت كه یه‌كێك له ئه‌وان كوڕه لاوه‌كه‌ی خۆی بوو، كه خه‌ریكی‌ تووتن تێك‌وه‌ردان بوون و كه‌سێكی دیكه‌ش هه‌ر له‌ولای خه‌ریكی تووتن و شت بوو. پاش سڵاو و چاك و چۆنی چایه‌كی بۆ وه‌سه‌رده‌نێن و ئه‌و كه‌سه‌ی كه له‌ولای ‌بوو له باوكه‌كه‌ نیزیك ده‌بێته‌وه و ماندوو نه‌بوونی لێ‌ده‌كات . ورده ورده بابه‌كه ڕق و تووڕه‌یی هه‌ڵده‌ستێ و هه‌ر پیش ده‌خواته‌وه كه ئه‌وه‌ كوڕه‌كه‌ی خه‌ریكی چی‌یه؟ ده‌و ده‌مه‌دا كابرای كه تازه‌ هاتبوو بۆ لایان و زۆر وه‌ك تێگه‌ئیشتوو و قسه‌زه‌ڵام ده‌چوو، ده‌پرسێ ئه‌رێ فڵان‌كه‌س باس و خه‌‌به‌ری ئێرانێ؟ باوكی كوڕه‌ش نه‌ده‌یهێنێ و نه‌ده‌ی‌با ده‌ڵێ؛ وه‌ڵڵا كوڕه‌كه‌ی شا شه‌وانه له‌ترسی كوڕه‌كه‌ی من خه‌وی لێ‌ناكه‌وێ ده‌ڵێ نه‌كات شه‌وێ بێت و بمكوژێ، ئێدی نازانێ ئه‌وه خه‌ریكی تووتن چاندنه!!!

به‌ڵام ئێستا ئه‌و پرسیاره بۆ من دێته‌ پێشه كه حیزبی دێمۆكڕات خه‌ریكی چیه؟ خه‌بات، تێكۆشان،پلان ‌دانان بۆ دواڕۆژی كوردستان، په‌روه‌رده‌كردنی هێزی لاو،لێ‌پرسین له بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیدان و زیندانیه‌سیاسیه‌كان.... یا نا په‌نا بردن بۆ هه‌ركه‌س و گروپێك و رێكخراوه‌یه‌ك ته‌نیا بۆ مان! ئاخر خۆ بیستوومانه "چۆن بژی شه‌رته  نه‌وه‌ك چه‌نده بژی " یا نا دابه‌ش‌كردنی كورسیه‌كانی ده‌سه‌ڵات، یا خه‌ونی گوولی هاوڕێیان به‌یه‌كتریه‌وه دیتن، یا خۆ حه‌شاردان له په‌نای خوێنی شه‌هیدان و ده‌ست بۆ هه‌موو كارێك بردن؟

بڵێی كامیان بێت؟ به‌ بڕوای من به‌شی دووهه‌م.

ئاواته خواز بووم رێگا چاره‌یه‌ك بێته پێش كه‌سێك وه‌ك فریشته‌یه‌كی نه‌جات قۆڵ هه‌ڵماڵێت و به‌ یارمه‌تی و هاوبیری ئه‌و كه‌سانه‌ی كه تینووی ده‌سه‌ڵات نین، ئه‌و بارودۆخه پێك‌نه‌یه‌ت. ئه‌گه‌ریش ئه‌وكه‌سه بێت خۆ ده‌ستێك به‌ته‌نیا ته‌قه‌ی نایه‌ت.

تۆ بڵێی كێ له‌و بارودۆخه نارازی بوو، به‌بڕوام ئه‌و كه‌سه‌ی ده‌سه‌ڵاتی نه‌بوو، كه‌ ئێستا ده‌توانێ هه‌یبێت، جا چ ئه‌ولا و چ ئه‌ولا. ئێستا هه‌موو پله‌كان بۆخۆیان ده‌چنه‌ سه‌رێ، هه‌ر بۆ خۆیان. ئه‌وانه‌ی ته‌واوی ژیانیان له‌و پێناو ئه‌و حیزبه و ئه‌و خه‌ڵكه‌دا دانه‌وه ، پله‌كانیان باوه‌ڕی خه‌ڵكه و حه‌ول و ‌تێكۆشانی خۆیان دا بۆ له‌ت نه‌بوون و پێویستیان به پله و مه‌قام نیه و بێ هه‌موو شتێك مه‌قام دارن له ناو دڵی خه‌ڵك‌دا، به‌ڵام ئه‌و كه‌سانه‌ی كه‌ ئیمانیان به گه‌ل و پشتیوانه‌ی خه‌ڵك نیه و هه‌ر له ده‌سه‌ڵات و كورسی ده‌گه‌ڕێن‌، ‌بــــــــــــــــــا كورسیان وه‌ده‌ست د‌ه‌كه‌وێ. 

ئه‌دی تۆ بڵێی ته‌كلیفی ئه‌و منداڵه چی لێ‌بێت؟

""مناڵێ له دایكی پرسی،

ئه‌رێ دایه ئه‌وه چیه دای‌ئه‌كووتن؟

دایكی وتی رۆڵه ئه‌وه ناوی داره، ده‌یان‌هه‌وێ قازی بده‌ن له سێداره.

مناڵه‌كه وتی 

دایه....""

ئه‌و منداڵه‌ی ئێستا كه گه‌وره بوو، ئه‌گه‌ر مێژوو و دووپات بۆوه و پێشه‌وایه‌كی دیكه‌یان له سێداره دا، ده‌بێ بزانێ داری ئه‌و سێداره‌یه ده‌بێ، ده‌بێ، له‌ كورسیه‌كانی حكومه‌تی ئه‌مڕۆی حیزبی دیمۆكڕات ساز بكرێت. پێشه‌وا به‌ شه‌هید بوونی مه‌شغه‌ڵێكی داگیرساند كه تا ئه‌وڕۆش له‌ به‌رامبه‌ر هه‌ر تۆفانێك‌دا گه‌شاوه بوو، به‌ڵام كێ ده‌یكوژێنێته‌وه؟

09.12.2006 

 سه‌ره‌وه‌. ده‌سپێک.

ئه‌م بابه‌ته‌ چاپ بکه‌!

   ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ هاوڕێکه‌ت بنێره:

© www.giareng.com
All rights reserved 2005.