Ö:: له‌ بنكه‌ی‌ ده‌فته‌ری‌ سیاسیی‌ حیزب به‌رنامه‌یه‌كی‌ سیاسی‌‌و هونه‌ریی‌ تایبه‌ت بۆ ...

كوردستان‌و كورد، كۆیه‌.

له‌ بنكه‌ی‌ ده‌فته‌ری‌ سیاسیی‌ حیزب به‌رنامه‌یه‌كی‌ سیاسی‌‌و هونه‌ریی‌ تایبه‌ت بۆ رێزگرتن له‌ شێست‌و یه‌كه‌مین ساڵڕۆژی‌ دامه‌رزانی‌ كۆماری‌ كوردستان
كاتژمێر 5/2ی‌ دوانیوه‌ڕۆی‌ دووشه‌مه‌ 2ی‌ رێبه‌ندان، به‌رنامه‌یه‌كی‌ سیاسی‌‌و هونه‌ریی‌ تایبه‌ت به‌ رێزگرتن له‌ شێست‌و یه‌كه‌مین ساڵڕۆژی‌ ده‌وڵه‌تی‌ كوردستان به‌ڕێوه‌چوو.
رێوره‌سمه‌كه‌ به‌ رێپێوان‌و رێژه‌ی‌ چه‌ند توێژێك له‌ به‌شداران كه‌ ئاڵای‌ كوردستان، ئارمی‌ حیزبی‌ دیموكرات‌و یه‌كیه‌تی‌یه‌كانی‌ ژنان‌و لاوانیان هه‌ڵگرتبوو، ده‌ستی‌ پێ‌كرد. به‌شدارانی‌ رێوره‌سم بریتی‌ بوون له‌ ئه‌ندامانی‌ رێبه‌ریی‌ حیزب، زۆر له‌ تێكۆشه‌ره‌ دێرینه‌كانی‌ گه‌لی‌ كوردو حیزبی‌ دیموكرات، ژماره‌یه‌كی‌ سه‌دان كه‌سی‌ له‌ كادرو پێشمه‌رگه‌كانی‌ حیزب‌و بنه‌ماڵه‌ دیموكراته‌كان. ئه‌م رێوره‌سمه‌ كه‌ به‌ سروودی‌ نه‌ته‌وایه‌تیی‌ ده‌ستی‌ پێ‌كرد، له‌ بنكه‌ی‌ ده‌فته‌ری‌ سیاسیی‌ حیزب به‌ڕێوه‌چوو.

به‌ر له‌ ده‌ستپێكردنی‌ بڕگه‌ سیاسی‌و هونه‌ری‌یه‌كان، پاشكۆی‌ تایبه‌تیی‌ گۆڤاری‌ "لاوان" كه‌ به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ ئاماده‌ كرابوو، پێشكێش به‌ به‌شداران كرا. ئه‌م پاشكۆیه‌ له‌ پوستێرێك‌و په‌یامی‌ یه‌كیه‌تیی‌ لاوان‌و كۆمه‌ڵێك بابه‌تی‌ جوان پێك هاتبوو.
له‌ سه‌ره‌تای‌ رێوره‌سمه‌كه‌دا داوا له‌ هاوڕێی‌ خۆشه‌ویست مامۆستا عه‌بدوڵڵا حه‌سه‌ن زاده‌ كرا ئاڵای‌ كوردستان له‌سه‌ر تابڵۆیه‌كی‌ به‌ردین لادا كه‌ هورنه‌مه‌ند ره‌سووڵ‌ گه‌وهه‌ری‌ وێنه‌ی‌ سێ‌ رێبه‌ری‌ شه‌هیدی‌ حیزبی‌ دیموكراتی‌ له‌سه‌ر هه‌ڵكۆڵی بوون‌ و پێشكێش به‌ حیزبی‌ دیموكراتی‌ كوردستانی‌ كردبوو. مامۆستا حه‌سه‌ن زاده‌ وته‌یه‌كی‌ كورتی‌ له‌باره‌ی‌ ئاڵای‌ كوردستان‌و، پێشه‌واو كۆمارێك كه‌ ئاڵای‌ كوردستانیان به‌رز كرده‌وه‌، پێشكێش كرد. گوتیشی‌ دوو رێبه‌ره‌ شه‌هیده‌كه‌ی‌ حیزبی‌ دیموكرات، دوكتور قاسملوو و دوكتور شه‌ره‌فكه‌ندییش كه‌ له‌م تابڵۆیه‌ له‌ ته‌نیشت سه‌ركۆماری‌ شه‌هیدن، درێژه‌ده‌رانی‌ رێگای‌ پێشه‌وای‌ شه‌هیدو  كۆماری‌ جوانه‌مه‌رگی‌ كوردستانن. رێزدار حه‌سه‌ن زاده‌ له‌وحی‌ رێزلێنانی‌ ده‌فته‌ری‌ سیاسیی‌ حیزبی‌ دیموكراتی‌ كوردستانی‌ به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ پێشكێش به‌ هونه‌رمه‌ند ره‌سووڵ‌ گه‌وهه‌ری‌ كرد.
دواتر به‌ڕێز كه‌ماڵ‌ كه‌ریمی‌ ئه‌ندامی‌ ده‌فته‌ری‌ سیاسیی‌ حیزب له‌لایه‌ن ده‌فته‌ری‌ سیاسییه‌وه‌ به‌بۆنه‌ی‌ یادی‌ دامه‌زرانی‌ كۆماری‌ كوردستان وتارێكی‌ پێشكێش كرد. كاك كه‌ماڵ‌ ئاوڕێكی‌ كورتی‌ له‌ هه‌لومه‌رجی‌ پێكهاتنی‌ كۆمار دایه‌وه‌، ده‌سكه‌وته‌ گرنگه‌كانی‌ ئه‌م كۆماره‌ی‌ ناوبردن، فیداكاری‌و خزمه‌تی‌ تێكۆشه‌رانی‌ كورد له‌م كۆماره‌دا، به‌ تایبه‌تی‌ بارزانی‌یه‌كانی‌ نرخاند‌و دواتر چووه‌ سه‌ر قۆناغه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ تێكۆشانی‌ حیزبی‌ دیموكرات كه‌ هه‌موویان خه‌بات بوون له‌پێناوی‌ هێنانه‌وه‌دیی‌ ئامانجه‌كانی‌ ئه‌و كۆماره‌.

له‌ بڕگه‌كانی‌ دیكه‌ی‌ رێوره‌سمی‌ ئه‌مساڵ‌ له‌ بنكه‌ی‌ ده‌فته‌ری‌ سیاسیی‌ حیزب دا، كۆمه‌ڵێك وتارو بابه‌ت‌و به‌رنامه‌ی‌ سیاسی‌، هونه‌ری‌‌و ئه‌ده‌بی‌ پێشكێش كران كه‌ بریتی‌ بوون له‌:

 ـ سروودی‌ ئافه‌رین قازی‌ محه‌ممه‌د له‌لایه‌ن كۆرسی‌ یه‌كیه‌تیی‌ ژنان، ـ په‌یامی‌ یه‌كیه‌تیی‌ ژنانی‌ دیموكراتی‌ كوردستانی‌ ئێران له‌لایه‌ن سوهه‌یلا قادری‌، ـ گۆرانیی‌ (خۆشم ده‌وێی‌ وڵاته‌كه‌م) له‌لایه‌ن گزنگ باڵه‌كی‌‌و كۆرسی‌ یه‌كیه‌تیی‌ ژنان، ـ پارچه‌ شێعری‌ "ئه‌من حیزبی‌ دیموكراتم" له‌لایه‌ن مامۆستا بێ‌به‌ش، ـ په‌یامی‌ یه‌كیه‌تیی‌ لاوانی‌ دیموكراتی‌ كوردستانی‌ ئێران له‌لایه‌ن حامید مورادی‌، ـ هه‌ڵپه‌ڕكێی‌ تیپی‌ هه‌ڵپه‌ڕكێی‌ "سوورخه‌ڵات"، ـ چه‌ند وته‌یه‌ك‌و په‌خشانێك له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ند ره‌سووڵ‌ گه‌وهه‌ری‌، ـ گۆرانی‌یه‌ك له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ند رسووڵ‌ گه‌وهه‌ری‌، ـ گۆرانی‌یه‌ك له‌لایه‌ن شوانه‌ بڵكامه‌، ـ سروودی‌ هیوا له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌ند فه‌رهاد ساڵحی‌یه‌وه‌، ـ په‌خشانێك له‌لایه‌ن كاك ئه‌حمه‌د قادری‌، ـ سروودی‌ دووی‌ رێبه‌ندان‌و گۆرانی‌یه‌كی‌ دیكه‌ له‌لایه‌ن فه‌رهاد ساڵحی‌یه‌وه‌.

له‌م رێوره‌سمه‌دا جارێكی‌ دیكه‌ ژنانی‌ به‌شداری‌ رێوره‌سم به‌ پێشكێش كردنی‌ چه‌پكه‌ گوڵ به‌ تێكۆشه‌رانی‌ دێرینی‌ نه‌ته‌وه‌ی‌ كوردو ئه‌ندامانی‌ رێبه‌ریی‌ حیزبی‌ دیموكرات دا، رێزلێنان‌و هه‌ستی‌ پیرۆزی‌ خۆیان ده‌ربڕی‌. پێویسته‌بگوترێ‌ ئه‌مجاره‌ش له‌به‌ر زۆریی‌ ژماره‌ی‌ به‌شدارانی‌ رێوره‌سم، به‌شێك له‌وان، ناچار بوون له‌ به‌ر ده‌رگا‌و به‌ر په‌نجه‌ره‌ی‌ ساڵۆن، رابوه‌ستن‌و گوێ‌ بۆ به‌رنامه‌كان بگرن.

رێوره‌سم له‌نێو گۆرانیی‌ خۆشی‌ هونه‌رمه‌ندان‌و هه‌ڵپه‌ڕكێی‌ به‌شداران دا كۆتایی‌ پێ‌هات.













 سه‌ره‌وه‌. ده‌سپێک.

ئه‌م بابه‌ته‌ چاپ بکه‌!

   ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ هاوڕێکه‌ت بنێره:

© www.giareng.com
All rights reserved 2005.