|
له به‌یاننامه‌ی كه‌مینه‌ی رێبه‌ریی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران دا گوترابوو ".....رێبه‌رایه‌تیی حیزبی دیموكرات‌و به‌شێكی زۆر له كادر‌و پێشمه‌رگه‌كان‌و به سه‌دان بنه‌ماڵه‌ی تێكۆشه‌رانی حیزب له كوردستانی عێراق‌و له ژێر سێبه‌ری حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دا ده‌ژین كه له هه‌موو كه‌مپه‌كان دا بنه‌ماڵه‌كان تێكهڵو دراوسێی یه‌كترن. ئه‌م وه‌زعه تا پێش كۆنگره‌ی سێزده زۆر سروشتی‌و له دوای كۆنگره‌ش تا ئێستا به هه‌ر حاڵ" قابل تحمل" بووه. به‌ڵام ئێستا ئیدی هه‌موو شتێك پێویستیی به لێك جیاكردنه‌وه هه‌یه. له‌و پێوه‌ندییه‌دا ئێمه له لایه‌نی به‌رامبه‌ر داوا ده‌كه‌ین هاوكاری بكا تا به شێوه‌یه‌كی شارستانیانه‌و بێ كێشه‌و ناخۆشی لێك جیابینهوهو دوژمنان به خۆمان خۆش نه‌كه‌ین".
هه‌ر له‌و به‌یاننامه‌یه‌دا گوترابوو "به‌ڵام ئه‌گه‌ر به پێچه‌وانه‌ی ئاره‌زووی ئێمه ئه‌وان مل به‌و كاره نه‌ده‌ن، سروشتییه كه به‌رپرسایه‌تیی ئه‌و كاره ده‌كه‌وێته سه‌ر شانی كاربه‌ده‌ستانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان. هیوادارین هه‌م سه‌رۆكایه‌تیی هه‌ریمی كوردستان، هه‌م حكوومه‌تی ههریمو هه‌م دوو حیزبی دۆست‌و برامان پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كیه‌تیی نیشتمانی كوردستان به‌رپرسایه‌تیی نهتهوهییو ئه‌خلاقیی خۆیان له‌و پێوه‌ندییه‌دا به‌جێ بێنن." له‌و به‌یاننامه‌یه‌دا هه‌روه‌ها ئه‌و ئاواته دهربرابوو كه "هه‌موولا جۆرێك ره‌فتار بكه‌ن كه زه‌بر له یه‌كیه‌تیی ریزه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان نهدرێو ئه‌گه‌ر نه‌مان توانیوه له نێو حیزبی دیموكراتێكی یهكچارچهدا هه‌وڵه‌كانمان وه‌سه‌ر یه‌ك بخه‌ین، رێگای ئه‌وه كه له چوارچێوه‌ی هاوپه‌یمانییه‌كی كوردستانیدا پێكه‌وه كار بكه‌ین به‌ربه‌ست نه‌كرێ. له ماوه‌ی یه‌ك مانگ‌و نیوی رابردوودا، زۆر شت له نێو بنكه‌و كه‌مپه‌كانی حیزبی دیموكرات دا روویان داوه، كه بیروڕای گشتی لێیان ئاگادار نیه. هه‌ر ئه‌م بێئاگابوونهی بیروڕای گشتی وای كردوه، بوار بۆ رووداوی دڵتهزێنو كاره‌ساتی گه‌وره پێك بێ‌و مه‌ترسیی خوڵقاندنی ئه‌و رووداوانه كه خه‌ڵكی كوردستان‌و مرۆڤه ژیر‌و به‌رپرسه‌كانی نێو گۆڕه‌پانه‌كه لێیان نیگه‌رانن، له هه‌موو كات زیاتر بێ. قسه‌و كرده‌وه‌ی هه‌ردوو لایه‌ن له‌و ماوه‌یه‌دا ئه‌وانه‌ی هه‌م تهبلیغاتو راگهیاندنو ئه‌ده‌بیاتی هه‌ر دوو لایه‌نی حیزبی دیموكراتیان له دوای له‌تبوونی ئه‌و حیزبه‌وه خستۆته ژێرچاوه‌دێری، هه‌م له نزیكه‌وه ئاگایان له كرده‌وه‌و ره‌فتارو ههڵوێستو هه‌ڵسوكه‌وته‌كانی هه‌ر دوولایه‌ن هه‌یه، كۆمه‌ڵێك راستییان بۆ ده‌ركه‌وتوه. بۆ وێنه بۆیان روون بۆته‌وه ئه‌و لایه‌نه‌ی به ناوی حیزبی دیموكراتی كوردستان، درێژه به تێكۆشان ده‌دا، دژایه‌تی له‌گه‌ڵ هاوسه‌نگه‌رانی پێشوو به كاری خۆی نازانێ‌و، ئه‌گه‌ر باسێكیشی له كرده‌وه‌و ره‌فتاری لایه‌نی به‌رامبه‌ر كردوه، له چوارچێوه‌ی روونكردنه‌وه‌ی هۆیه‌كانی له‌تبوونی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران‌و به ئاكام نه‌گه‌یشتنی هه‌وڵه‌كانیان بۆ پێكه‌وه بوون دا بووه. زۆر له وتهبێژهكانیان له وتووێژ‌و لێدوانه‌كانیان دا ئاره‌زوویان كردوه، ئه‌گه‌ر ململانێ‌و پێشبڕكێیه‌كیان له‌گه‌ڵ حیزب‌و رێكخراوه‌كانی دیكه‌و به تایبه‌تی لایه‌نی دیكه له حیزبی دیموكرات ده‌بێ، ململانێیه‌كی سالم و، ململانێ له‌سه‌ر خزمه‌تی پتر به خه‌ڵك‌و داهێنانی شتی نوێتر‌و باشتر له تێكۆشان دا بێ. ئه‌وان هه‌روا كه خۆیان به درێژه‌ی حیزبی دیموكرات و میراتگری شانازییه‌كانی زانیوه، هه‌ر به‌م جۆره‌ش سه‌یری لایه‌نی به‌رامبه‌ریان كردوه‌و ته‌نانه‌ت سه‌ركه‌وتنی هاوسه‌نگه‌رانی پێشوویان له جێبه‌جێكردنی ئهركو ره‌ساله‌ته مێژوویییهكانی حیزبی دیموكرات دا به ئاوات خواستوه. هه‌ر له ئێستاشه‌وه پێشوازییان له پێوه‌ندیی دۆستانه‌و هاوكاری‌و هاوخه‌باتی له‌گه‌ڵ ئه‌وان له چوارچێوه‌یه‌كی كوردستانیدا كردوه. له ره‌فتاری رۆژانه‌شیان دا ئه‌وپه‌ڕی هه‌وڵی خۆیان داوه تا رێز له لایه‌نی به‌رامبه‌ر بگرن، قهڵسهیان لـێنهگێڕنو ره‌وتی رووداوه‌كان به ئاقاری لێك جیابوونه‌وه‌یه‌كی شارستانی به كه‌مترین ههزینهوه به‌رن. له هه‌موو كۆڕ‌و كۆبوونه‌وه‌كانی خۆشیان دا داوای له سه‌ره‌خۆیی، به‌سه‌رخۆدا زاڵبوونو دلفرهوانی به‌رانبه‌ر به كرده‌وه‌و ره‌فتاری هێرشبه‌رانه‌و تێكه‌ڵ به سووكایه‌تیی لایه‌نی به‌رامبه‌ریان له ئهندامانو لایه‌نگرانی خۆیان كردوه. قسه‌ی ده‌ره‌وه‌و ژووره‌وه، ئاشكرا‌و نهێنیو گه‌وره‌و بچووكی ئه‌م لایه‌نه یه‌ك قسه بووه، چ له باره‌ی لایه‌نی به‌رامبه‌ره‌وه، چ له باره‌ی یه‌كیه‌تی‌و پارتی‌و هێزو رێكخراوه‌كانی دیكه‌وه. به روونی (شفاف) دواون‌و هیچ بوختان‌و تاوانێكی بهناههقیان نه‌داوه‌ته پاڵ هیچ لایه‌نێك‌و، ئه‌م له‌تبوونه‌یان وه‌ك ئاكامی لۆژیكی‌و چاوه‌ڕوانكراوی پاوانخوازی‌و ناههقییقۆڵی ده‌سه‌ڵاتدار به‌رانبه‌ر به ئوپۆزیسیۆنی نێوخۆیی حیزب ناساندوه، نه‌ك هه‌بوونی ده‌ستی دوژمنانێكی خهیاڵیو ناڕوون له نێو كێشه‌كه‌دا. بۆ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كێشه‌و گرفته‌كانی پێوه‌ندیدار به لێك جیابوونه‌وه، دوای دڵنیابوون له نه‌بوونی نیازپاكیی له لایه‌نی به‌رامبه‌ردا، مه‌رجه‌عێك بێجگه له حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان‌و دوو حیزبی دۆست‌و برا، پارتی‌و یه‌كیه‌تی‌و، رێوشوێنی دادپه‌روه‌رانه‌و ویژدانی گشتی، شك نه‌بردوه‌و، ئه‌وه‌ی بیری لـێنهكردبێتهوه، كه‌ڵكوه‌رگرتن له هێزی پێشمه‌رگه‌و، پشت به‌ستن به زۆر‌و، توندوتیژیو ره‌فتارو كرده‌وه‌ی ملهوراِنه بۆ یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی كێشه‌كانی ئه‌و ماوه‌یه به قازانجی خۆی بووه. به‌ڵام مهنتیقو تێگه‌یشتنی لایه‌نی به‌رانبه‌ر له هه‌موو بواره‌كان دا پێچه‌وانه‌یه. ئه‌وان ته‌نیا خۆیان به حیزبی دیموكرات دهزاننو لایه‌نی به‌رانبه‌ر به ناحیزبی! خۆیان هه‌موو حیزبی دیموكراتنو لایه‌نی به‌رانبه‌ر "چه‌ند كه‌سێك كه له حیزب چوون" (رۆیشتوون)! هه‌رچی سامانی مهعنهویو ماددیی ئه‌م حیزبه‌یه، بۆخۆیانیان داناوه كه لایه‌نی به‌رانبه‌ریان بۆی نیه كه‌ڵكیان لـێوهربگرێ! ئه‌وان هه‌ر به‌و زمانه ده‌دوێن كه له دوای كۆنگره‌ی سێزده پێی دواون. یا ته‌سلیم یا رۆیشتن. ئێستا كه دوای ئه‌و هه‌موو چه‌رمه‌سه‌ری‌و گوشاره‌ی له‌سه‌ریان تاقی كرایه‌وه ته‌سلیم نه‌بوون، ده‌بێ بڕۆن. له تهبلیغاتو راگه‌یاندنیش دا، هه‌ر ئه‌و قه‌وانه كۆنِه لـێدهدهنهوه كه جاران لـێیان ده‌دا، به‌ڵام راشكاوانهترو به‌ربڵاوتر. خۆیان به درێژه‌ده‌ری رێگای رێبه‌رانی شه‌هیدو، به‌رامبه‌ره‌كه‌یان به نه‌یاری هه‌میشه‌یی ئه‌و رێبه‌رانه ده‌ناسێنن تا به‌ڵكوو رهنگو رواڵه‌تێكی خه‌ڵك په‌سند به هه‌وڵی چه‌ندین ساڵه‌یان بۆ پاوانكردنی حیزبی دیموكرات بده‌ن.له حاڵێكدا لاسایی نێوه‌رۆكی به‌یاننامه‌ی حیزبی دیموكراتی كوردستانیان كرده‌وه‌و، باسی پێوه‌ندیی سالم له داهاتوویاندا كرد، وتار‌و بابه‌تی پڕ له چه‌واشه‌كاری‌و پڕوپاگه‌نده‌ی ژاراوییان بۆ ته‌شكیلاتی نهێنیی خۆیان ناردوه. به‌گوێی كادر‌و پێشمه‌رگه‌و ئهندامانو لایه‌نگرانی خۆیان دا ده‌خوێنن كه وه‌ك دوژمن‌و وه‌ك خائین سه‌یری هاوسه‌نگه‌رانی پێشووی سهرانو رێبه‌رانیان بكه‌ن. باسی هه‌وڵه‌كانی "دوو حیزبی دۆست‌و برا" بۆ پێشگیری له‌و جیابوونه‌وه چه‌ند كه‌سییه! ده‌كه‌ن، به‌ڵام ده‌یان وتار‌و بابه‌تی خۆیان له دژی به‌ناو ده‌ستێوه‌ردانی لایه‌نی ده‌ره‌كی له‌بیر بردۆته‌وه، یا نایانهه‌وێ خه‌ڵك به‌و هه‌مووه دژایه‌تییه‌یان بزانێ كه‌ئه‌وان له‌گه‌ڵ هاتوچۆو ههوڵو قسه‌ی خێرخوازانه‌ی پارتی‌و یه‌كیه‌تی كردیان. ئه‌و ئازایه‌تییه ئهخلاقیو سیاسییه‌یان نیه ئه‌و تاوان‌و بوختانانه‌ی به شێوه‌ی نهێنیو به هۆی كه‌سانی دیكه‌وه ده‌یده‌نه پاڵ لایه‌نی به‌رامبه‌ر، به زمانی خۆیان‌و به ره‌سمی رای بگه‌یه‌نن. بۆ وێنه ئه‌گه‌ر راست ده‌كه‌ن بۆچی ئه‌و لایه‌نه دوژمن به حیزبی دیموكرات‌و نه‌ته‌وه‌ی كورد كه گوایه له پشت "حیزبی دیموكراتی كوردستان"ه، به خه‌ڵك ناناسێنن؟! بۆ ئه‌وه‌ی بتوانن هه‌موو شته‌كان به‌و جۆره بنوێنن كه بۆخۆیان پێیان خۆشه، حه‌ز ده‌كه‌ن یه‌ك لایه‌نه بدوێن‌و، نه‌ك له لایه‌نی به‌رامبه‌ر، به‌ڵكوو هیچ كه‌سێكی غه‌یری خۆیان پرسیاریان لێ نه‌كا نه‌وه‌ك سیناریۆكه‌یان لـێههڵوهشێ. "ئه‌گه‌ر پشتیوانه‌كانی حیزبی دیموكراتی كوردستان" كه‌سانی دیار‌و ناسراون‌و، نێوه‌رۆكی پهیامو هه‌ڵوێسته‌كانیان شایه‌دی بۆ سروشتی‌و سه‌ربه‌خۆبوونی پشتگیری‌و هاوپێوه‌ندیی خاوه‌نه‌كانیان ده‌دا، هی ئه‌مان هه‌ر له‌و ژوورانه‌دا به‌رهه‌م ده‌هێنرێن كه بهخشنامهو "دستورالعمل"ی ژاراوییان تێدا ده‌نووسرێ‌و تێدا ره‌وانه ده‌كرێ. بۆیه‌ش جاروبار شتی عه‌نتیكه‌یان لـێ شین ده‌بێته‌وه‌و وه‌درۆ ده‌خرێته‌وه. نیگه‌رانی له داهاتوو بۆچی؟ سه‌ره‌ڕای ئه‌م جۆره پرۆپاگه‌نده‌و هێرشه ته‌بلیغاتییه ناڕاست‌و ناڕه‌وایه، له یه‌ك مانگ‌و نیوی رابردوودا، ره‌وتی رووداوه‌كان هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ ویست‌و ئیددیعاكانی حیزبه‌كه‌ی كاك مسته‌فا هیجریدا نه‌چۆته پێش. لایه‌نی به‌رامبه‌ر به‌و هۆیه‌وه كه ره‌گوریشه‌یه‌كی قووڵی له حیزبی دیموكرات دا هه‌یه، به‌و هۆیه‌وه كه ره‌وایی‌و به‌حه‌قبوونی خۆی له زۆرینه‌ی رێبه‌ریی هه‌ڵبژێردراوی كۆنگره‌ی 13، ئه‌گه‌ر به زیاتر نه‌زانێ، به كه‌متر نازانێ، به‌و هۆیه‌وه كه له 5 كه‌مپی حیزبی دیموكرات له خاكی هه‌رێم دا زۆرینه‌ی 3 كه‌مپی پێیه، به‌و هۆیه‌وه كه ئۆردوویهك تێكۆشه‌ری به ئهزموونو لاوی خوێنده‌وارو رووناكبیری له پشته‌و، چونكه هه‌زاران ئهندامو لایه‌نگرو دڵسۆزی حیزبی دیموكرات به كرده‌وه به پێشوازییه‌وه هاتوون، ئه‌و جۆره تهبلیغاتو هه‌وڵانه، هه‌نگاویان پێشل نه‌كردوه. حیزبی دیموكراتی كوردستان، شه‌پۆلێك له هیواو چاوه‌ڕوانیی به پانتایی كوردستان‌و به‌ربڵاویی كورده‌كانی هه‌نده‌ران وه‌ڕێ خستوه، سه‌رنجی بژاردهكانو توێژه ئاگا‌و رووناكبیره‌كانی بۆ لای خۆی راكێشاوه. به پێچه‌وانه‌ی ئیددیعاو چاوه‌ڕوانییه‌كانی كاك مسته‌فا هیجریو رێبه‌رایه‌تیی حیزبه‌كه‌ی، هیچ حیزب‌و رێكخراوێكی دۆستی حیزبی دێموكرات، سه‌باره‌ت به ئه‌مان رووی له‌وانه وه‌رنه‌گێڕاوه. سه‌ره‌ڕای ده‌ستبه‌سه‌رداگیرانی دارایی حیزب‌و گرنگترین راگه‌یه‌نه‌كانی له‌لایه‌ن زۆرینه‌ی رێبه‌ریی هه‌ڵبژێردراوی كۆنگره‌ی سێزده‌وه، كاروتێكۆشانی جۆراوجۆری ئه‌م حیزبه له كوردستان‌و ده‌ره‌وه‌ی وڵات، له گه‌شه‌و به‌ره‌وپێشچوون دایه‌و ده‌ری ده‌خا كه وزه و وره‌و بیروباوه‌ڕو پۆتانسییهلێكی گه‌وره‌ی له‌پشته.
به‌داخه‌وه زۆرینه‌ی رێبه‌ریی هه‌ڵبژێردراوی كۆنگره‌ی
سێزده، له‌جیاتی داننان به‌م راستیانهداو
گرتنه‌پێشی سیاسهتو هه‌ڵوێستی
مه‌عقوول له به‌رامبه‌ریان دا، وه‌ك پێشوو رێگایه‌كی هه‌ڵه‌ی گرتۆته‌به‌ر.
دیسان
مانه‌وه‌ی خۆی له نه‌بوونی به‌رنامه‌ی تازه‌و چه‌قۆكێش په‌روه‌ری! زۆرینه‌ی رێبه‌ریی هه‌ڵبژێردراوی كۆنگره‌ی 13 ده‌یه‌وێ به زۆر و زه‌بر وزه‌نگ ئه‌م راستییانه بگۆڕێ. دوای ئه‌وه‌ی له سیاسه‌تی "تگمیع" (ته‌ماح وه‌به‌رنان) ده‌ستكه‌وتێكی ئه‌وتۆی نه‌بوو و نه‌یتوانی به پووڵ‌و وه‌عده‌ی جۆراوجۆر بنه‌ماڵه‌كانی لایه‌نی دیكه بۆلای خۆی ڕابكێشێو خۆی بكا به زۆرینه، سیاسه‌تی "ترعیب" (تۆقاندن)ی گرتۆته‌به‌ر. ئه‌وان به‌كه‌لكی خراپ وه‌رگرتن له نیاز پاكیی لایه‌نی بهرامبهرو به‌سه‌رنجدان به خه‌مساردی‌و جیددی نه‌بوونی كار به‌ده‌ستانی حكوومه‌تی هه‌رێم، ئه‌فرادی خۆیان به چه‌قۆ، پهنجهبۆكسو چه‌كی ساردی دیكه، ته‌یار كردوه، له ده‌سته‌ی چه‌ند كه‌سیدا رێكیان خستون و، كه‌سانێكی دیار له‌لایه‌نی به‌رامبه‌ریان بۆ ده‌ستنیشان كردوون تا له ده‌رفه‌تی گونجاوو له‌و كاتانه دا كه به‌ته‌نیا یا بهكهمیدهگهڕێن، یا له شوێنێك كه خۆیان له باری ژماره‌وه له لایه‌نی به‌رامبه‌ر زیاترن)، هه‌ڵدڕ ههڵدڕو شڕو وڕیان بكه‌ن. بۆشه‌ڕ ههڵایساندنیش زۆر به جوانی ده‌رس دادراون. پیسترین جوێن و قسه‌ی ناشیرین‌و لاتاو به كه‌سانی لایه‌نی به‌رامبه‌ر ده‌ڵێن تا وه‌جواب بێن‌و به‌چه‌ندین كه‌س دایانپاچن. بۆ سووكایه‌تی كردن فه‌رق به ژن‌و پیاو، پیرو لاو‌و گه‌وره‌و بچووك ناكه‌ن. یا به‌شێوه‌یه‌كی دنه‌ده‌رانه، و به جلوبه‌رگی مغاویرییهوه،بهئارایشی نیزامی‌و په‌لامارده‌رانه دێن‌و دهچنو هه‌ڕه‌شه ده‌كه‌ن. رێكخه‌رانی ئه‌م به‌رنامه نوێیه، ئه‌ندامانی ده‌فته‌ری سیاسی‌و كۆمیته ناوهندییهكهیانن كه له ماڵ‌و بنكه‌كانی به‌ستراوه به خۆیان دا، رێنوێنی و ده‌ستوورو ئیمكاناتی پێویست ده‌ده‌ن به دهستو پێوهندهكانیانو، بۆ شهڕههڵایساندنو ئاژاوه‌گێڕی هانیان ده‌ده‌ن. به‌ڵام كاتێك هێزه‌كانی ئاسایش ده‌گه‌نه شوێنی رووداوه‌كان، ده‌ست ده‌كه‌ن به ڕیاكاریو خۆ پیاوچاك كردن. له ماوه‌ی حه‌وتووی رابردوودا چه‌ندین پیكههڵپژرانو هێرشو په‌لامار روویان داوه كه له زۆربه‌ی نزیك به ته‌واویان دا په‌لامارده‌ران له حیزبه‌كه‌ی كاك مسته‌فای هیجری بوون‌و ئه‌وانه‌ش كه به چه‌قۆ، په‌نجه بۆكس، قهندشكێن، قه‌مه،میله‌ی ئاسن‌و ... به‌توندی بریندار كراون، یا ته‌نانه‌ت ته‌قه‌یان به‌سه‌ردا كردوه، له لایه‌نی به‌رامبه‌ر بوون. دوا نموونه كه هیوادارین تا كاتی بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م وتاره‌و بۆ داهاتووش هه‌ر دوا نموونه بێ، په‌لاماری چه‌ند كه‌سیی شه‌وی 28 له‌سه‌ر 29ی به‌فرانباری ئه‌فرادی بنكه‌ی په‌زیرش و كومیته‌ی ئه‌منیه‌ت بۆ سه‌ر "ئاره‌ش زه‌مانی دا دانا" له بنكه‌ی " پرسگه " له نزیك كۆیه‌یه كه ماڵ‌و منداڵه‌كه‌شی هه‌ر له‌و بنكهیهن. ئه‌و هاوڕێیه ئه‌ندامێكی ته‌شكیلاتی نهێنیی حیزب له سنه بوو كه له ساڵی 1375ه‌وه پێوه‌ندیی به حیزبه‌وه هه‌یه و له لایه‌ن رێژیمی كۆماری ئیسلامییه‌وه گیرا وحوكمی ئیعدامی بۆ ده‌رچوو، كه‌دیاره بهزهمانهتی چه‌ندین میلیۆن تمه‌نی له‌زیندان هاته‌ده‌ر وبۆ ده‌ربازكردنی گیانی هاته ڕیزی تێكۆشه‌رانی ئاشكرای حیزب، به‌ڵام چونكه ئاماده نه‌بوو سه‌ر بۆ ویستی ده‌سه‌ڵاتدارانی پاوانخوازی ئه‌و حیزبه دابنوێنێ و ره‌گه‌ڵیان كه‌وێ، له‌نێو ماڵ‌و منداڵه‌كه‌ی هێنایانه ده‌ر و 15-14چه‌قۆیان لێ داوه كه به‌داخه‌وه ئێستا له نه‌خۆشخانه‌ی كۆیه له وه‌زعێكی خراپ دایه. هه‌ر رۆژی 29ی به‌فرانبار هێزه‌كانی ئاسایش له‌شوێنی گشتیی نانخوارن كه كادر‌و پێشمه‌رگه سهڵتهكانی هه‌ر دوو حیزب نانی لـێدهخۆن، چه‌ند چهقۆو قهمهیان له گیرفانی پێشمه‌رگه‌كانی لایه‌نی كاك مسته‌فا هیجری دهرهێناونو ده‌ستیان به‌سه‌ردا گرتوون. چاره چیه؟ ده‌زانین قسه كردن له‌گه‌ڵ ههڵایسێنهرانی ئه‌م جۆره رووداوه پڕ مه‌ترسییانه، یا ڕووی قسه‌كردن له درێژه‌ده‌رانی ئه‌م جۆره سیناریۆیانه كه هه‌مان زۆرینه‌ی ڕێبه‌ریی هه‌ڵبژێردراوی كۆنگره‌ی سێزدهن، بێسووده. به‌ڵام به‌و حاڵه‌ش سه‌رنجیان بۆ لای دوو خاڵ ڕاده‌كێشین: یه‌كه‌م: ئه‌وان له‌مێژه بۆ دژایه‌تی له گه‌ڵ موخالیفانو جیابیرانی خۆیان له نێوحیزبدا، خۆیان له پشت ناوی رێبه‌رانی شه‌هید به تایبه‌تی دوكتور قاسملووی نه‌مردا حه‌شار داوه، ئایا له خۆیان پرسیوه به په‌ره‌پێدانی فه‌رهه‌نگی چهقۆكێشیو جیابیركوژی ئه‌ویش له‌نێو حیزبێكی سیاسی‌دا كه ناوی دێموكراتیشی له‌سه‌ر بێ،چ بێ حورمهتییهكی گه‌وره به‌و رێبه‌ره شه‌هیده‌و چ غه‌درێكی گه‌وره‌یه له حیزبێك كه دوكتوور قاسملوو چه‌ندین ساڵ رێبه‌ری بوو؟ ئه‌وه‌بوو ئه‌و داهێنانو نوێكارییه‌ی له كۆنگره‌ی 13دا بناغه‌كه‌یان دانا؟! دووهه‌م: ئایا ده‌زانن ئاخیرو عاقیبه‌تی ئه‌م جۆره هێرشو په‌لاماره دڕندانه ئه‌ویش له‌نێو كۆمه‌ڵێك بنكه‌و كه‌مپدا كه هه‌ر دوولایه‌نی به چه‌كه‌وه تێدا ده‌ژین، خزمه‌ت به هیچ لایه‌ك ناكاو، ئه‌گه‌ر لایه‌نی نیازپاك، خوانه‌كا هه‌زینه‌ی گیانییشی بۆبدا، ئه‌وه ئه‌و نیه ده‌دۆڕێ، به‌ڵكوو ئه‌و لایه‌نه‌كه كورتبینانهو نا به‌رپرسیارانه ده‌جووڵێته‌وه‌و ،به ئه‌نقه‌ست كاره‌سات درووست ده‌كا ده‌دۆڕێ؟ به ئاگاداری له‌م راستیانه‌یه كه سه‌رنجی بیروڕای گشتیی خه‌ڵكی كوردستان به گشتی‌و، به تایبه‌تی سه‌رنجی سه‌رۆكی هه‌رێم جه‌نابی كاك مه‌سعوود بارزانی، و سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان‌و رێبه‌رایه‌تیی پارتی دێموكرات‌و یه‌كیه‌تی نیشتمانیی كوردستان بۆ لای بارودۆخی پڕمه‌ترسیی نێو بنكه‌و كه‌مپه‌كانی حیزبی دێموكرات له كۆیه، دێگه‌ڵه‌و جێژنیكان راده‌كێشین و داوایان لـێدهكهین به‌ر له‌وه‌ی كاره‌ساتی گه‌وره رووبدا، چاره‌سه‌رێكی شارستانی و دادپه‌روه‌رانه بۆ لێكجیاكردنه‌وه‌ی بنكه‌و كه‌مپه‌كان بدۆزنه‌وه. ئه‌م داوایه له‌وان شتێكی تازه نیه‌و هه‌ر له رۆژی یه‌كه‌می له‌تبوونی به‌ڕه‌سمیی حیزبی دیموكراته‌وه، پێیان راگه‌یاندراوه. با چاره‌نووسی سه‌دان تێكۆشه‌ری ناسراوی كوردستان، چاره‌نووسی سه‌دان لاوی هه‌ڵوه‌دای ئازادی، چاره‌نووسی سه‌دان ژن‌و منداڵی خوازیاری به‌ختیاری نه‌بێت به قوربانیی ویستی به‌رزه‌فڕانه‌ی هێندێ كه‌سی پاوانخواز. لهراگهیهنهگشتییهكان، رێكخراوه مه‌ده‌نییه‌كان و رۆشنبیرانیش داوا ده‌كه‌ین له گرنگیی ئه‌م مه‌سه‌له‌یه غافڵ نهبنو ببن به هێزێكی گوشار له‌سه‌ر حكوومه‌ت‌و لایه‌نه پێوه‌ندیداره‌كان تا هه‌رچی زووتر‌و به شێوه‌یه‌كی جیددی‌و بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌م گرفته به شێوه‌یه‌كی شارستانی‌و دادپه‌روه‌رانه هه‌نگاو بنێن. ماڵپه‌ری كوردستان وكورد 2007.01.19
ماڵپه‌ری كوردستان وكورد |
سه‌ره‌وه. | ده‌سپێک. |
|
© www.giareng.com |