Ö:: ده‌رد و کووشنده‌یی ده‌سه‌ڵاتی سه‌رمایه‌داری کوردی ...!! .

نووسینی: م . حه‌مید عه‌زیز

ده‌سه‌ڵاتی سه‌رمایه‌داری جیهانی پله‌یه‌کی پێشکه‌وتووترو باشترو ئه‌کادیمیانه‌تری هه‌نگاوی دووای کۆمیۆنی سه‌ره‌تایی و ده‌ره‌به‌گایه‌تی و چه‌وسانه‌وه‌ی مرۆڤ بۆ مرۆڤه‌ یان قۆناغێکی پێشکه‌وتووتره‌ له‌و قۆناغه‌ی سه‌رده‌می پێش خۆی به‌ یاسا و سیستمی سۆشیالیستی سه‌رده‌می مارکس و مارکسیه‌ت له‌و سه‌رده‌مه‌دا باشترین و پێشکه‌وتووترین قۆناغی ووشیاری سه‌رمایه‌داری بووه‌ بۆ مرۆڤایه‌تی ئه‌و سه‌رده‌مه‌. ئێستاش سه‌رمایه‌داری جیهانی قۆناغی جیهان گیری و ته‌کنه‌لۆجیاو فڕینی مرۆڤه‌ له‌باری زانستی و ئه‌کادیمی و سیکۆلارو هۆش گۆڕینی ئاده‌میزاده‌ له‌ قۆناغێکی مام ناوه‌ندی مرۆیی بۆ قۆناغێکی هه‌ره‌ پێشکه‌وتووی سیکۆلارو ته‌کنه‌لۆجیا به‌ڵام به‌نا به‌خته‌وه‌ری هه‌ژارانی دنیای بێ به‌ش له ‌هه‌موو ژیان.‌ به‌ڵام مه‌به‌ست له ‌ده‌سه‌ڵاتی سه‌رمایه‌داری کوردی بۆ خۆی ده‌سه‌ڵاتێکی پیاو ئاغایی و شه‌لله‌ل و سه‌قه‌تی کۆمه‌ڵێ به‌ڵێنده‌ر و پاره‌داری نه‌خوێنده‌واره‌ که‌ خۆیان به‌ لێپرسراوو یاسا زان و ڕامیاری زان ده‌زانن له‌ناو ده‌سه‌ڵاتی کوردیدا له‌ باشووری کوردستان. ئه‌م دوو وێنه‌یه‌ی که‌ ناردوومه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و 16 ساڵ بێ نان و ئازادی و بێ ئاوو کاره‌بایی و.. هتد. شایه‌تی ئه‌و سه‌قه‌تییه‌ ده‌ده‌ن بۆ نمونه‌و ( مثال) ئه‌م دوو وێنه‌یه‌ نموونه‌یه‌کی هێنده‌ جه‌رگ بڕه‌ که‌له‌ سیستمی چه‌وسانه‌وه‌ی چینایه‌تیش ده‌رچووه‌و بۆته‌ گه‌وره‌یی جیاوازیی نێوان مرۆڤ و خوداوه‌ند. چونکه‌ سه‌یری ئه‌و پیره‌ ژنه‌ی که‌ پاشماوه‌ی ئه‌نفال و هه‌موو ژیان و ته‌مه‌نی بۆ کوردایه‌تی و مه‌ردایه‌تی بووه‌ ته‌نها ژورێکی پێ ڕه‌وا نه‌بینرێ له‌ ووڵاتێکی به‌پیت و سامانی وه‌ک و کوردستان که‌ نیشتمانی دایکی خۆی و له‌ناو نه‌ته‌وه‌و خاکی خۆیدا ئاواره‌ بێت و ژیانێکی زووقم و کووله‌مه‌رگی ئاوا له‌ناو ده‌سه‌ڵاتێکی ڕامیاری کوردی که‌ به‌هی خۆی ده‌زانێ و خوێن و تێکۆشانیشی بۆ دابێت پاشماوه‌ی گه‌وره‌ترین و بێ سنورترین بێویژدانی شه‌رمه‌زاری و که‌ره‌ساتێکیشه‌ که‌له‌ مێژووی مرۆڤایه‌تیدا که‌م ڕوویداوه‌ که‌ ئه‌ویش ئه‌نفاله‌. (مه‌گه‌ر ته‌نهاو ته‌نها ده‌سه‌ڵاتی فاشیستی تورک و که‌مالیسته‌کان به‌ ئه‌رمه‌نیه‌کانیان کرد بێ) ده‌نا له‌ دووای جه‌نگی جیهانی دووه‌مه‌وه‌ 1945 ئه‌م کاره‌ساتی ئه‌نفاله‌ یه‌که‌مین جینۆسایدی ئاده‌میزاده‌ له‌ جیهاندا. ده‌سه‌ڵاتی به‌عسی ڕزیوو له‌ناوچوو له‌سه‌ر خوێنی میلله‌تی هه‌ژاری کوردستان خۆی فێری کووشتن و جینۆساید ده‌کرد.. ئه‌و ده‌رمان و کیمیاوی یه‌ی ووڵاتانی ڕوسیاو ئه‌ڵمانیا بوو بۆ تاقی کردنه‌وه‌و زانینی کاری گه‌ری له‌سه‌ر ئێمه‌ی کوردی کڵۆڵ تاقی کرایه‌وه .‌ ده‌سه‌ڵاتی سه‌رمایه‌دارو شه‌لله‌لی کوردیش له‌سه‌ر ئه‌نفال به‌ ملیۆن دۆلاریان له‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ هات و کۆکرده‌وه‌و ڕه‌وانه‌ی ده‌ره‌وه‌ کرده‌وه‌. زۆرترین ڕێژه‌ی بێکاری و هه‌ژاری و نه‌خوێنده‌واری و نایه‌کسانی کۆمه‌ڵایه‌تی و بێ خزمه‌تگوزاری و.. هتد، له‌ناوچه‌که‌و ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ‌نیشتمانی بێ نازی کوردستانه به‌ به‌راوردی ئابووری و ده‌ووڵه‌مه‌ندی خاکه‌که‌ی و پیت و کشتوکاڵ و گه‌شت و گوزارو نه‌وت و یۆرانێم و کبریت و .. هتد. که‌چی ده‌سه‌ڵاتی خۆهه‌ڵخه‌ڵه‌تێنی کوردی باسی مه‌ده‌نی یه‌ت ده‌کات، له‌وه‌ ئه‌چێ ئه‌وان مه‌ده‌نی یه‌ت به‌ کۆشک و ته‌لارو ئۆتۆمبیل و ژنی جوان و نوێ و مۆبایل بزانن. ‌ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ش باسی دیموکراتی و ئازادی و مافی مرۆڤ ده‌کات، هێنده‌ی ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ ووڵاتی سوید باسی نه‌کردووه‌ که‌به‌ ئاماری ساڵی 2006 ووڵاتی سوید یه‌که‌مین ووڵاتی دنیایه‌ بۆ سیستمی به‌ڕێوه‌ چوونی دیموکراتییه‌ت. که‌سیش هێنده‌ی سه‌دام و به‌عسی یه‌ که‌له‌پووت و عه‌فله‌قی یه‌کان باسی یه‌کبوون و ئازادی و سۆسیالیستیان نه‌کردووه‌ که‌ئه‌کاته‌ یه‌کێک له‌بنچینه‌ و بنه‌ڕه‌تی یه‌کانی کاری ڕامیاری پارتی به‌عسی ڕزیوو که‌ به‌عاره‌بی و هه‌میشه‌ش ده‌یانووته‌وه‌ ( وحدة، حریة، اشتراکیة) به‌ڵام چونکه‌ ته‌نها درۆو خه‌ڵه‌تاندن بوو به‌و ده‌رده‌ چوون که‌ که‌س نه‌یخواردووه‌ جارێ. ئێمه‌ی کوردی هه‌ر چوار پارچه‌ی له‌تکراوو برینداری کوردستان زیاتر له‌ سه‌ده‌یه‌که‌ ده‌چه‌وسێینه‌وه ژێرده‌ستین و زووڵم لێکراو ‌به‌ده‌ستی (عاتوفا) و هه‌ناسه‌شمان لێ قه‌ده‌غه‌یه‌ و بێ به‌شین له‌ هه‌موو مافێکی مرۆیی و به‌ خراپترین خه‌ڵک و سیستم ده‌مان کووژن و ده‌مان بڕن. ئێمه‌ی بێچارو گیرخواردوو دڵمان به‌ ئێوه‌ خۆش بوو‌ ئه‌ی ده‌سه‌ڵاتی باشوور که‌ تروسکایی یه‌ک بۆ ئێمه‌ش و خه‌ڵکی زه‌حمه‌ت کێش بنێرن، که‌چی ئێوه‌ش ده‌م و لووت و کۆشک و ئۆتۆمبیلتان له‌ ئاسمانه‌ و له‌که‌لی شه‌یتان نایه‌نه‌ خورێ. ده‌وه‌رنه‌ خوارێ له‌و سووڵتانی و فیرعونی ژیان و ته‌نته‌نه‌یه‌ دڵنیاتان ده‌که‌م ئاوا بڕواو که‌ڕو هیچ نه‌بیست بن له‌ ئاستی هه‌ژارانی کوردستان حاڵتان باشتر نابێت له‌ حاڵ و فلیمه‌که‌ی سه‌دام و شاوشیسکۆو مۆسۆلۆنی. وێنه‌کان خۆیان ده‌دوێن پێویست به‌ نموونه‌ی زیاترو قسه‌کردنی زیاتری پێویست نی یه‌.  

م . حه‌مید عه‌زیز

 سه‌ره‌وه‌. ده‌سپێک.

ئه‌م بابه‌ته‌ چاپ بکه‌!

   ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ هاوڕێکه‌ت بنێره:

© www.giareng.com
All rights reserved 2005.