Ö:: دیاری

نووسینی: ڕه‌حیم. پ. چه‌کۆ

دیاری
سه‌مای کڕێوه بوو، به‌سته‌ڵه‌ک سه‌رچۆپی زریانی ئه‌کێشا، شه‌خته‌ بڕستی له‌ ژیان بریبوو. له‌م ساته‌ وه‌خته‌ دا بۆ به‌خشینی چه‌مکێکی نوێ به‌ ژیان بیری به‌هار
هه‌ڵیگرتبووم. نه‌شه‌کانه‌وه‌ی گه‌ڵابوو نه‌‌ پاشه‌کشه‌ی سه‌رما، نه‌باڕن ده‌ستی هه‌ڵ ده‌گرت و نه‌ هه‌تاو ڕاده‌په‌ڕی. له‌ پڕ قسه‌یه‌کی باپیره‌م وه‌بیر هاته‌وه‌ که‌ باسی گوڵه گه‌زیزه‌ی ناو به‌فری بۆ کرد بووم. باپیره‌م ووتی: زستانێکی یه‌ک ڕه‌نگ بوو وه‌کوو به‌فر، هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ی شێعری تریفه‌یان له‌ به‌ر بوو بۆ هه‌لێک ده‌گه‌ڕان تا په‌نجه‌کانیان ماچی قه‌ڵه‌م بکه‌ن. ڕێبواران ڕێگه‌کانیان ته‌نیبوو و به‌ره‌و شار به‌فریان ده‌شکاند. له‌ شاریش زایه‌ڵه‌ی شادی بوو. هه‌ناسه‌کان ببوونه گرێ به‌ستی ژیان و سۆمای به‌خته‌وه‌ری ده‌ڕژایه چاوی چاوه‌ڕوانانه‌وه.

هه‌ر گوند بوو به‌ره‌و شار ده‌خزی و هه‌ر کانیاو بوون زناریان جێ ده‌هێشت. له‌م سه‌رده‌مانه‌دا ده‌نگۆیه‌ک په‌یدا بوو که به‌هار ده‌یهه‌‌وێ زه‌ماوه‌ندی نه‌ورۆز له‌ ڕێبه‌ندان دا بگرێ.
ئه‌م هه‌واڵه بوو به‌ میوانی شیباو هه‌موو کوردستانی گرته‌وه. له‌ چوار لاوه به‌ره‌و مه‌هاباد گڕو تین خرۆشا.
باپیره‌م ووتی: منیش خۆم و پرێسکه‌یه‌ک خۆزیا و بریا ڕێگه‌ی شارم گرته‌به‌ر. له قه‌مته‌ره‌ی شاری نه‌ورۆز پیره‌پیاوێک ڕێی پێگرتم و ئاوای گوت: گه‌ر ده‌تهه‌وێ بچی بۆ شار بۆ دیلانێ، په‌یژه‌یه‌کت بۆ ڕوانین ده‌ده‌می تا بتوانی له دیواری چلووره ڕا پێی سه‌رکه‌وی، که سه‌رکه‌وتم به‌ ده‌ستانم گڤه‌گڤی زریانم لاداو ئاینده‌یه‌کی ئارام خۆی له باوه‌ش هاویشتم. که‌ چاوانم لێک کرده‌وه‌ دیتم، ڕه‌ش به‌ڵه‌کی شێعر و گۆرانیه‌ و شه‌ماڵ گه‌رمه نانی مه‌هاباد ده‌به‌شێته‌وه‌و هه‌تاویش مێوژ و گوێز ده‌دا به‌ منداڵان و خۆزگه‌ ملوانکه‌ی ئوخه‌ی له‌ گه‌ردنی کیژی ئاوات ده‌‌دا. داره‌کانی مه‌ڵبه‌ندی قه‌ڵه‌م چرۆی ئازایه‌تیان ده‌رکردوه ‌و گۆڤاری هیوا ماڵ و ماڵ ئه‌کات و..
من هه‌ر خه‌ریکی وه‌رد دانه‌وه‌ی ئاواته‌کانی داهاتووم و باپیره‌شم هه‌ر له‌ سه‌ر په‌یژه‌که‌ی به‌ره‌و شایی و هه‌تاو ئازادی ده‌ڕوانێ.
منیش هه‌ر به‌ره‌و ئه‌و ئاسۆیه ده‌ڕۆانم به‌ڵام نه‌ له‌ سه‌ر په‌یژه‌ی باپیرم و نه‌ به‌ چاوانی ئه‌و.
نووسینی: ڕه‌حیم. پ. چه‌کۆ
ئوسترالیا  27/01/2007

تێبینی: ئه‌م په‌خشانه له 27/01/2007 له‌ جێژنی 2ی ڕیبه‌ندان له شاری ئادلایدی ئوسترالیا پێشکه‌ش کرا که‌ به‌ گه‌رمی پێشوازی لێکرا.

 سه‌ره‌وه‌. ده‌سپێک.

ئه‌م بابه‌ته‌ چاپ بکه‌!

   ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ هاوڕێکه‌ت بنێره:

© www.giareng.com
All rights reserved 2005.