Ö:: تاوتۆکردنى به‌شێک له‌ ووته‌کانى به‌رێز کاک مسته‌فا هیجرى که‌ له‌ رۆژنامه‌ى

نوسینى: هێژا مه‌نگوڕ

تاوتۆکردنى به‌شێک له‌ ووته‌کانى به‌رێز کاک مسته‌فا هیجرى که‌ له‌ رۆژنامه‌ى کوردستان ژماره‌( 452 ) دا بڵاو بوونه‌ته‌وه
دوا به‌دواى دوو له‌ت بوونى حیزبى دیموکراتى کوردستانى ئێران و ده‌ست به‌کار بوونى حیزبى دیموکراتى کوردستان- ئێران، له‌لایه‌ن هه‌ردوو لایه‌نى دیموکراته‌وه‌ بابه‌ت و نوسراوه‌ بڵاو ده‌کرێنه‌وه‌. ئه‌وه‌ شتێکى سروشتیه‌ که‌ هه‌ر لایه‌نه‌ى به‌ نه‌وعێک پاکانه‌ بۆخۆى ده‌کات و کارکردى خۆى تۆجیه‌ ده‌کات، ئێمه‌ لێره‌ دا کارمان به‌وه‌ نیه‌ که‌ حیزبى دیموکرات بۆچى، له‌به‌ر چى دووله‌ت بوو! به‌ڵام ئه‌وه‌ى گرینگه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ هێندێک شت بڵاو ده‌بێته‌وه‌ که‌ غه‌یرى واقعه‌ و هیچ پایه‌ و ئه‌ساسێکى نیه‌ و پێویسته‌ خه‌ڵکى کوردستان و ئه‌ندامانى حیزبى دیموکرات به‌ هه‌ر دوو لایه‌نیه‌وه‌ له‌ راستیه‌کان تێبگه‌ن. ئه‌مرۆ ئێمه‌ له‌ سه‌رده‌مێک دا ده‌ژین که‌ پێى ده‌لێن(سه‌رده‌مى پێوه‌ندیه‌کان) جیهانى ئه‌مڕۆ به‌ هۆى پێشکه‌وتنى تکنیک و ئامیره‌ پێشکه‌وتوه‌کان وه‌ک رابردوو نه‌ماوه‌ که‌ خه‌ڵک له‌ بێ خه‌به‌رى دا بژى و ئاگاى له‌ ده‌ورو به‌رى نه‌بێت، له‌ لایه‌کى تریش خه‌ڵکى کوردستان ئه‌وه‌نده‌ ئاگاه‌ و روناکبیر بۆنه‌وه‌ که‌ به‌ هاسانى ده‌توانن چاک و خه‌راپ لێک بکه‌نه‌وه‌ یان هه‌ڵه‌یه‌ک راست بکه‌نه‌وه‌ و ئێجازه‌ نه‌ده‌ن هه‌ر که‌س له‌به‌ر خۆى هه‌رچى ویستى به‌ چه‌وت و راست ده‌ گوێان بئاخن!. هه‌موومان باش ده‌زانین حیزبى دیموکراتى کوردستان کێیه‌.! مێژووى چیه‌؟ هه‌ر کوردێکى به‌شه‌ره‌ف و شۆرشگێرى راسته‌قینه‌ بێت بڕوانێته‌ پێکهاته‌ى هه‌ر دوو حیزبى دیموکرات بۆى ده‌ر ده‌که‌وێ که‌ کێ دیموکراتى راسته‌قینه‌یه‌ و کێ له‌ پشت په‌رده‌ى دێموکراته‌وه‌ نا دیموکراتانه‌ خه‌بات ده‌کات. له ‌ووته‌کانى به‌رێز کاک مسته‌فا هیجرى دا که‌ رۆژى هه‌ینى رێکه‌وتى 18ـ10ـ1385ى هه‌تاوى له‌ به‌ر ده‌م هێندێک هه‌واڵنێرى نێوخۆى حیزب دا پێشکێشى کردن و له‌ ژوماره‌ى 452ى کوردستان دا بڵاو بۆته‌وه‌. هه‌ر وه‌ک له‌ راگه‌یاندراوى دواى له‌ت بوونى (حیزبى دێموکراتى کوردستانى ئێران) دا هاتوه‌ ئه‌و لێکدابڕانه‌ى حیزب به‌ دوو له‌ت بوون نازانێ و هاتوه‌" هێندێک له‌ کادر و پێشمه‌رگه‌ له‌حیزب(ح د ک ا ) جیا بوونه‌ته‌وه‌ " به‌ڵام له‌ راستى دا ئه‌وه‌ بێ ئه‌ساسه‌ و ئه‌و خه‌باتگێرانه‌ى ئێستا له‌ (حیزبى دیموکراتى کوردستان- ئێران) دا خۆیان دیوه‌ته‌وه‌، له‌ ده‌فته‌رى سیاسى و کۆمیته‌ى ناوه‌ندى و جێگرانى کۆمیته‌ى ناوه‌ندى و راوێژکارانى کۆمیته‌ى ناوه‌ندیان له‌ گه‌ڵ دا به‌ جیاوازى ژوماره‌یان. له‌ راگێندراوه‌کان و لێدوانه‌کانیان هاتوه‌ که‌ هێندێک کادر و پێشمه‌رگه‌ى ساده‌ جیا بوونه‌ته‌وه‌. به‌ڵام به‌رێز کاک مسته‌فا قسه‌ى هه‌موان به‌ر په‌رچ ده‌داته‌وه‌ و ده‌ڵێ:"له‌ کۆى 22 کۆمیته‌ى ناوه‌ندى 6 که‌سیان سه‌ر به‌ ئه‌وانن". له‌ لاپه‌ره‌( 3)ش دا به‌رێزیان ده‌ڵێ:"ژوماره‌یه‌کى زۆر له‌وکه‌سانه‌ى له‌ گه‌ڵ ئه‌وانن چ کادر و پێشمه‌رگه‌ چ له‌ سه‌تحى سه‌ره‌وه‌ دا". که‌واته‌ ئه‌و هاورێیانه‌ گروپێک نین رێبه‌رایه‌تى حیزبیشیان له‌گه‌ڵه‌ و رێژه‌یه‌کى به‌ر چاویش کادر و پێشمه‌رگه‌ و زۆرینه‌ى زۆرى بنه‌ماڵه‌کانى حیزبیش. له‌باره‌ى پرسیارى به‌ ناو لاوان ( چوون سکرتێرى هه‌ڵبژێردراوى کۆنگرى سێهه‌مى لاوان و زۆرینه‌ى زۆرى له‌ گه‌ڵ حیزبى دیموکراتى کوردستان)ه‌. پرسیاره‌که‌ ئه‌وه‌یه ‌"به‌رێز کاک مسته‌فا! ئه‌و تاقمه‌ى جیابووه‌، چۆن ده‌یانویست ئۆرگانه‌ هه‌ڵبژێردراوه‌کان وه‌لا نێن". لێره‌دا به‌رێز کاک مسته‌فا وڵامى پرسیاره‌که‌ ناداته‌وه‌ و بابه‌تێکى‌تر باس ده‌کات که‌ هیچ پێوه‌ندیه‌کى به‌ لاوان و پرسیاره‌که‌وه‌ نیه‌. چوون! وڵامى ئه‌و پرساره‌ شتێکى‌تره‌ با من لێره‌ وڵامى راستى ئه‌و پرسیاره‌ بده‌مه‌وه‌. نزیکه‌ى مانگێک پێش له‌ت بوونى حیزب به‌رێز (ره‌حمانى سه‌لیمى) سکرتێرى هه‌ڵبژێردراوى کۆنگره‌ى سێهه‌مى لاوان به‌ بریارى ده‌فته‌رى سیاسى( زۆرینه‌) حیزب له‌ به‌ر پرسیاره‌تى یه‌کیه‌تى لاوان لادرا، که‌واته‌ ئه‌وه‌ ئۆپۆزسیۆن نه‌بوو که‌ هه‌وڵى بۆ ده‌سته‌ڵات گرتنه‌ ده‌ستى رێکخراوه‌ سێنفیه‌کان ده‌دا به‌ڵکوو هاورێیانى رێبه‌رایه‌تى زۆرینه‌، به‌و رێکخراوه‌ رازى نه‌بوون که‌ سه‌ر به‌ خۆیان نه‌بوو، ده‌یان ویست به‌ دڵى ئه‌وان کار بکات بۆیه‌ سکرتێره‌که‌یان له‌ به‌ر پرسیاریه‌تى لا دا، ئه‌وه‌ حاشا هه‌ڵنه‌گره‌.! زۆر وه‌عده‌ و به‌لێنى ده‌دران بۆ ئاسایى بوونه‌وه‌ى بارودۆخه‌که‌ به‌ڵام براده‌رانى که‌مینه‌ى کۆمیته‌ى ناوه‌ندى زۆر ژیرانه‌ له‌ مه‌به‌ست تێده‌گه‌یشتن و داوایان ده‌کرد که‌ هه‌ر به‌ڵێنى و رێک که‌وتنێک ئه‌گه‌ر له‌ ئارا دابێ ده‌بێ به‌ شێوه‌ى نووسراوه‌ بێت تا خه‌ڵکى کوردستان له‌ بابه‌ته‌کان تێبگه‌ن و هیچ شتێک شاراوه‌ نه‌مێنێته‌وه‌ و بۆ به‌ڵگه‌ى مێژویش بمێنێته‌وه‌ که‌ کام لا به‌ر هه‌قن کام لا خه‌تابارن!؟ به‌ڵام براده‌رانى زۆرینه‌ى کۆمیته‌ى ناوه‌ندى ته‌نیا به‌ وته‌ به‌ڵێنیان ده‌دا و حازر نه‌بوون به‌ نووسراوه‌ رێککه‌ون، ئه‌وه‌تا به‌رێز کاک مسته‌فا له‌ لاپه‌ره‌ 3 دا ده‌ڵێ:" ئه‌وان له‌ راستى دا وه‌ختێک 20 خاڵه‌یان به‌ نوسراوه‌ دا، من پێموابێ چاوه‌ڕوانى ئه‌وه‌یان هه‌بوو که‌ ئه‌کسه‌ریه‌تیش به‌ نووسراوه‌ وڵامیان بداته‌وه‌". راست وایه‌، ئۆپۆزسیۆن ده‌یوست هه‌موو شتێک به‌ نووسراوه‌ بێ و خه‌ڵکى کوردستان له‌ بارودۆخه‌که‌ ئاگادار ببنه‌وه‌ و خه‌تابار بۆ هه‌میشه‌ له‌ مێژووى حیزب بناسرێ، به‌ڵام زۆرینه‌ى رێبه‌رایه‌تى که‌ ده‌یزانى خه‌تاباره‌ و ناتوانى داواکاریه‌کانى که‌مینه‌ جێبه‌جێ بکات، ده‌یانویست هه‌ر سه‌ر زاره‌کى به‌ڵێنیان پێ بده‌ن، که‌ به‌خۆشیه‌وه‌ رێبه‌رایه‌تى وشیار و درێژه‌ ده‌رانى راسته‌قینه‌ى رێبازى قاسملوو له‌ ئامانجیان تێگه‌یشتن و حیزب به‌ ناچار به‌ره‌و له‌ت بوون چوو.! یه‌کێکى ترى له‌ کێشه‌کان سزادانى جیا بیران و لێخۆشبوون له‌ تاوانى گوێ له‌ مشتانى (زۆرینه‌ى کۆمیته‌ى ناوه‌ندى ) له‌ ماوه‌ى دواى کۆنگره‌ى 13 دا. به‌رێز ماموستا عه‌بدولڵا حه‌سه‌ن زاده‌ (سکرتێرى پێشووى حیزب) زیاتر له‌ ساڵێک له‌ مه‌وبه‌ر به‌ داخوازى  تێکۆشه‌ران و کادر و پێشمه‌رگه‌کانى حیزب کۆبوونه‌وه‌یه‌کى له‌ یه‌کێک له‌ بنکه‌کانى حیزب گرت، بۆ تاوتۆ کردنى بارودۆخى ناوخۆى حیزب، که‌ که‌سانێکى زۆر له‌ هه‌ر دوو لایه‌نى حیزب تێیدا به‌شدار بوون. له‌و کۆبوونه‌وه‌دا زۆرینه‌ى رێبه‌رایه‌تى و شه‌خسى کاک مسته‌فا که‌وته‌ به‌ر رێژنه‌ى رخنه‌ى به‌شدار بوان به‌ڵام، به‌ شاهیدى هه‌موو ئه‌و که‌سانه‌ى که‌ له‌و کۆبوونه‌وه‌ دا به‌شدار بوون له‌ به‌ر چاوى کادر و پێشمه‌رگه‌ى حیزب کاک عیرفانى ره‌هنمون (راوێژکارى کۆمیته‌ى ناوه‌ندى زۆرینه‌) هه‌ستاو بۆ پشتیوانى کردن له‌و بۆچونه‌کانى زۆرینه‌ و ره‌د کردنه‌وه‌ى هه‌ر شێوه‌ رخنه‌ و گڵه‌یه‌ک ڕوو به‌ ئاماده‌ بوان وتى:"ده‌ریا به‌ ده‌مى سه‌گ پیس نابێ ".!؟ ئه‌وه‌ چ ده‌گرێته‌وه‌، هه‌ر بۆ خۆتان قه‌زواوه‌ت بکه‌ن؟! دواى ئه‌و کۆبوونه‌وه‌ نزیک به‌ 400 کادر و پێشمه‌رگه‌ى حیزب نامه‌یه‌کى سکاڵایان ئیمزا کرد و پێشکێشى ده‌فته‌رى سیاسى کرا، که‌ کاک عیرفان ده‌بێ داواى لێبوردن له‌ ئاماده‌بوان بکات و سزا بدرێ، به‌ڵام خۆ ئاغاى ره‌هنمون سه‌ر به‌ زۆرینه‌ى رێبه‌رایه‌تى بۆ!! و که‌س هه‌قى نه‌بوو پێى بڵێ پشتى چاوت برۆیه‌!؟. له‌ حاڵیک دا پێشمه‌رگه‌ هه‌بوه‌ که‌ له‌ "کوله‌که‌ "دا رخنه‌ى له‌ به‌رێز کاک ( ته‌یمورى مسته‌فایى) گرتوه‌ له‌ حیزبیان وه‌ده‌ر ناوه‌! گۆیا: به‌رێز ماموستا حه‌سه‌ن زاده‌ له‌ نامه‌یه‌ک دا بۆ ده‌فته‌رى سیاسى ده‌ڵێ له‌مه‌و به‌دوا من له‌ کۆبونه‌وه‌یه‌ک که‌ بێ حورمه‌تى تێدابێ به‌شدار نابم. به‌رێز کاک مسته‌فا له‌و لێدوانه‌ى دا ده‌ڵێ: بۆ بوشدار نابێ؟ چونکه‌ رخنه‌ى لێده‌گیرێ ؟ به‌ڵام من پێموایه‌ ! نه‌خێر ماموستا له‌ رخنه‌ ناترسێ له‌ ئه‌تکى حورمه‌ت کردن له‌ لایه‌ن یه‌کێک له‌ ئه‌ندامانى رێبه‌رایه‌تى(زۆرینه‌) به‌ ئه‌ندامانى حیزب ده‌ترسێ!؟ به‌رێز کاک مسته‌فا له‌وڵامى یه‌کێک له‌ پرسیاره‌کانى‌تر دا ده‌ڵێ:"له‌ پێش کۆنگره‌ى 13دا به‌ده‌نه‌ى وشیارى حیزب له‌ شێوه‌ى کارى رێبه‌رایه‌تى پێشوو وه‌زاڵه‌ هاتبوون، ئه‌و رێبه‌رایه‌تیه‌ حیزبى به‌ره‌ونه‌مان ده‌برد و به‌ده‌نه‌ پێى نارازى بوو، بۆیه‌ له‌ واقیع دا به‌ده‌نه‌ له‌ رێبه‌رایه‌تى یاغى بوو و ده‌نگى پێنه‌دا ". پێویسته‌ لێره‌ دا بڵێم به‌رێز کاک مسته‌فا: که‌واته‌ ئه‌و هاورێیانه‌ى ئێستا له‌ گه‌ڵ ئێوه‌ ماونه‌ته‌وه‌ له‌ رێبه‌رایه‌تى پێش کۆنگره‌ى 13 یاغى بوونه‌ و ده‌نگیان پێنه‌دانه‌وه‌، ئه‌وه‌ ده‌گێنێ که‌ زۆرینه‌ى ریبه‌رایه‌تى به‌ زۆره‌ملى که‌مینه‌ و جیا بیرانیان وه‌ده‌ر نان! وایه‌ یان نا!؟... به‌رێز کاک مسته‌فا له‌ لاپه‌ره‌ى 4ى رۆژنامه‌ى کوردستان دا هه‌ر هه‌مان ژوماره‌ ده‌ڵێ:"خۆ ئه‌وان دمڕاسته‌کانیان ته‌مه‌نیان له‌ ده‌وروبه‌رى 70 و70به‌ره‌و ژووره‌. باشه‌ تۆبڵێى جه‌معێکى ئاوا بتوانێ نوێ بێته‌وه‌؟ بتوانێ له‌پێشدا خۆی نوێ بکاته‌وه‌ دوایه‌ حیزبه‌که‌ى؟" ئه‌وه‌ڵه‌ن له‌نێو ئێمه‌ى کورد دا رێز گرتن له‌ به‌ساڵدا چوان نه‌ریتێکى کوردانه‌یه‌ و رێز نه‌گرتن له‌ گه‌وره‌ پیاوان له‌ شۆرشگێرێک ناهێته‌وه‌. دوهه‌م :ئه‌و پیاوانه‌ى که‌ کاک مسته‌فا ده‌ڵێ ناتوانن نوێ ببنه‌وه‌، ساحیبى ده‌یان نوسراوه‌ و لێکۆڵینه‌وه‌ و بابه‌تى هه‌مه‌ چه‌شنه‌ى روناکبیرى و زانستین و له‌ سه‌تحى کوردستان و ناوچه‌ دا ناسراون وه‌ک که‌سایه‌تى سیاسى و روناکبیر، ده‌کرێ نه‌توانن بیرى نوێیان پێ بێت بۆ لاوان و نه‌وه‌ى نوێ.! له‌ به‌شێکه‌ ترى بابه‌ته‌ دا به‌رێزیان ده‌ڵێ:" مه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ هه‌ر ئه‌و جه‌معه‌ نه‌بوون که‌ ئه‌وده‌میش له‌ رێبه‌رایه‌تى حیزب دا بوون؟ چیه‌ ده‌وران گۆڕاوه‌ یان ئه‌وان گۆڕاون؟". لێره‌دا پێویسته‌ بڵێم به‌ڵێ: هه‌م ده‌وران گۆڕاوه‌ و هه‌م شۆرشگێرى راسته‌قینه‌ ئه‌و شۆرشگێڕه‌یه‌، که‌ گۆڕانى به‌سه‌ر دابێ و دوگم نه‌بێت. ئه‌و که‌سایه‌تیانه‌ى که‌ ئێوه‌ به‌ناحه‌ق ده‌یان به‌نه‌ ژێر پرسیار به‌ شاهیدى هه‌موو خه‌ڵکى کوردستان ده‌توانن رێگه‌ پێشانده‌رى سه‌رکه‌وتوو بن بۆ لاوان و نه‌وه‌ى نوێ. له‌ شوێنێکى تر دا به‌رێز کاک مسته‌فا ده‌ڵێ :" ئێستا له‌ به‌رامبه‌ر خه‌ڵکى کوردستان دا ده‌توانم بڵێم له‌ ده‌ورانى خۆم دا سه‌ر فه‌راز و خۆشحاڵم له‌و باره‌وه‌ که‌ هیچ شتێک نه‌ما نه‌ى که‌م". به‌رێز کاک مسته‌فا: له‌گه‌ڵ پان ئیرانیسته‌کان (شۆڤنیسته‌ فارسه‌کان) دانیشتى و رێک که‌وتنت ئێمزا کرد، خۆ ئه‌وان باوه‌ڕیان ته‌نانه‌ت به‌ ووشه‌ى کوردیش نیه‌! بۆ!؟ له‌گه‌ڵ ئاغاى (ره‌زا په‌هله‌وى) به‌ دزى دانیشتنت هه‌بوه‌، خۆ ئه‌و کابرایه‌ کورد به‌ کۆیله‌ى شاهانى ئێرانى ده‌زانێ ئێستاشى له‌ گه‌ڵ بێ!؟ له‌ نامه‌که‌ى به‌رێزتان دا بۆ ئاغاى (نازمى ئه‌فشار) خه‌ڵکى کوردستان (ازربایجانى غربى) به‌ دانیشتوى ازربایجان ده‌زانرێ. بۆ مهاباد جێى شانازى هه‌مووکوردێک نیه‌؟ بۆ دووژمنان که‌ گوێیان له‌ ناوى موکریان و مهاباد ده‌بێ ئه‌ژنۆیان ناله‌رزن؟؟ بۆ سه‌رده‌شت به‌هه‌شتى کوردستان نیه‌؟ پیرانشار و بۆکان و شنۆ وخۆى و ماکۆ و سه‌ڵماس کوردستان نین؟ ورمێ شاره‌که‌ى قاسملوو رێبه‌رى شه‌هید! کوردستان نیه‌؟ ئه‌و خاکه‌ که‌ى ازربایجان بوه‌؟ موکریان که‌ى خاکى ئازه‌ریه‌کان بوه‌؟ له‌و نامه‌یه‌ دا چاوپۆشى له‌ تۆهین به‌ سه‌رکرده‌یێکى ناسیۆنالیستى بزوتنه‌وه‌ى کورد، شه‌هید سمکۆى شکاک ده‌کرێ ( شه‌هید سمکۆى شکاک، وه‌ک داگیرکه‌ر و تاڵانکه‌ر ناو ده‌برێ له‌ ازه‌ربایجان له‌نامه‌که‌ى نازمى ئه‌فشاردا !!). سمکۆى شکاک جێێ شانازى هه‌موو کوردێکه‌؟ سه‌رکرده‌یه‌کى ئازا و وڵاتپه‌ره‌ستى وه‌ک سمکۆى شکاک سه‌رده‌مى خۆى له‌رزه‌ى خستبۆ هێزى شاهانى ئێرانى!! بۆ داواى لێبوردن له‌ خه‌ڵکى کوردستان گوناهه‌ له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌وانه‌؟ له‌ کۆتایى دا ده‌ڵێم: به‌رێزکاک مسته‌فا جه‌نابت که‌سى یه‌که‌مى حیزب بوى ده‌تان توانى هه‌ر کارێک بکه‌ى بۆ نه‌جات دانى حیزبى  دیموکرات له‌و قه‌یرانه‌، به‌ڵام دڵنییام نه‌تانویست.

ئه‌ولێکدانه‌وه‌ له‌ سه‌ر وته‌کانى به‌رێز کاک مسته‌فا هیجرى ته‌نیا له‌ رووى دڵسۆزى لاوێکى ئه‌م کوردستانه‌ که‌ هیواى سه‌رکه‌وتنى حیزبى دیموکراته‌ به‌ هه‌ردوو لایه‌نه‌که‌ى وه‌. هیوادارم رۆژێک بنه‌ماڵه‌ى حیزبى دێموکرات یه‌ک بگرێته‌وه‌ و خه‌بات وتێکۆشان به‌ هێزتر له‌ رابردوو بێ و سه‌ره‌نجام، ره‌شبه‌ڵه‌کى جه‌ژنى سه‌رکه‌وتن و ئازادى (کوردستانى ئێران) له‌ سنه‌ و سابلاغ و کرماشان و ئێلام و ماکۆ بگه‌ڕێ. 

 سه‌ره‌وه‌. ده‌سپێک.

ئه‌م بابه‌ته‌ چاپ بکه‌!

   ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ هاوڕێکه‌ت بنێره:

© www.giareng.com
All rights reserved 2005.