Ö:: هرانت دینک له‌ به‌رده‌م ده‌رگای رۆژنامه‌که‌ی کوژرا

نووسینی: فـه‌هـد گــرده‌وانـی

(Hrant Dink){ 15/9/1954 ـــ 19/1/2007 هرانت دینک له‌ به‌رده‌م ده‌رگای رۆژنامه‌که‌ی کوژرا
{{{ له‌ تورکیا ده‌رگای دیموکراسی  ده‌کرێته‌وه‌ و داده‌خرێت. داده‌خرێت و ده‌کرێته‌وه‌. ئه‌وه باش نی یه‌، له‌ کۆتایی دا ده‌رگاکه‌ ده‌شکێ}}} .
هرانت دینک له‌ به‌رامبه‌ر ده‌رگای دادگای تورکیا بۆ رۆژنامه‌نووسه‌کان وای گووت. ئه‌و کاته‌ پۆلیس بۆ ماڵه‌وه‌یان برده‌وه‌ و له‌ چنگی خۆپیشانده‌ران رزگاریان کرد، ئه‌گه‌رنا هه‌ر له‌وێ‌ ناشیونالیسته‌ فاشیه‌کانی تورکیا هاواریان ده‌کرد {خائن} خۆفرۆش..{خائن} خۆفرۆش.ده‌یانکوشت.

هرانت دینک رۆژی 19/1/2007 له‌ به‌رده‌م ده‌رگای رۆژنامه‌ی ئاگوس که‌ تاقه‌ رۆژنامه‌ییه‌ به‌ زمانی ئه‌رمه‌نی ده‌رده‌چیت و هرانت دینک دامه‌زرێنه‌ر و سه‌رنووسه‌ریه‌تی، کوژرا.

گوایه‌ بکوژه‌که‌ی ته‌مه‌ن 17[حه‌ڤده‌] ساڵانێکه‌، له‌به‌رده‌م ده‌رگای رۆژنامه‌که‌ی دینک‌ چاوه‌ڕانی کردووه‌ و سێ گولله‌ی لێداوه‌ و ده‌موده‌ست گیانی هرانت دینک بووه‌ به‌ خۆراکی ئه‌نتی ئازادی.

 ئه‌و رۆژنامه‌نووسه‌ ئه‌رمه‌نی‌یه‌ به‌ ئاشکرا داوای ده‌کرد که‌ مێژووی تورکیا سه‌رنوێ بنووسرێته‌وه‌ و دان به‌ مافی ئه‌رمه‌ن بنرێت. قه‌تلوعامی ئه‌رمه‌نییه‌کان بێته‌ باسکردن و لێدوانی له‌سه‌ر بکرێت. له‌سه‌ر ئه‌و بیروباوه‌ڕانه‌ی ده‌درایه‌ دادگا و خه‌ڵکی کۆنه‌په‌رست و فاشیست به‌ خائین له‌ قه‌ڵه‌میان ده‌دا. به‌ ئاشکرا پشتگیری هاورێی نووسه‌ری {ئۆرهان پاموک}ی له‌ دژی دادگایی کردنی کرد.   

 له‌ سه‌رده‌می شه‌ری جیهانی یه‌که‌م  کۆمه‌ڵکوژی ئه‌رمه‌ن له‌ لایه‌ن تورکه‌کان رویدا. به‌ڵام تورکیا دان به‌و تاوانه‌ دانانێت. هه‌تا ئه‌مڕۆکه‌ ئه‌و باسه‌ گه‌لێک جار هاتۆته‌ به‌رده‌می رای گشتی جیهان و ئه‌وڕوپییه‌کان به‌ توندی دژی تورکیان بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ ئه‌ندامی یه‌کێتی ئه‌وڕوپا، هه‌تا دان به‌ تاوانه‌کانی نه‌نێت و ریز له‌ مافی مرۆڤایه‌تی نه‌گرێت. ئه‌و ده‌نگانه‌ وورده‌ وورده‌ له‌ناو تورکیاش به‌رز ده‌بێته‌وه‌. ئێستاکه‌ نووسه‌ر {یه‌شار که‌مال}ی به‌ نه‌ژاد کوردیش باسی کورد له‌ تورکیا ده‌کات، جاران بۆخۆی کوردبوونی خۆی ئاشکرا نه‌ده‌کرد.

 تورکیا بۆ ئه‌وه‌ی بچمی خۆی جوان بکات ده‌بێت دان به‌ مافی ره‌وای کورد و ئه‌رمه‌ن و ئاسوری سوریانی و که‌مه‌نه‌ته‌وه‌کانی تر دابنێت ،ئه‌گه‌رنا ده‌رگای ئه‌وڕوپای بۆ ناخرێته‌ سه‌ر پشت.

 ئاگام لێنیه‌ {ئاگادار نیم} یه‌کێتی رۆژنامه‌نووسانی کوردستان له‌ دژی کوشتنی هرانت دینک هیچ بڵاوکراوه‌یان ده‌رکردووه‌ یان لێدوانی رۆژنامه‌گه‌ریان ئه‌نجام داوه‌ یان نا. کورد ده‌بێ هه‌رده‌م دژی تێڕۆر و کپ کردنی ده‌نگی ئازادانه‌ و بوێرانه‌ ده‌نگی به‌رز بکاته‌وه‌، چونکه‌ ئێمه‌ یه‌کێک له‌و میلله‌تانه‌ین هه‌رده‌م رێگامان لێگیرا بوو که‌ ده‌نگ هه‌ڵببڕین و دان به‌ مێژووی خوێناویمان دانانێن. ده‌نگ به‌رزکردنه‌وه‌ و دژی ئه‌و کوشتنه‌، هاوکاری یه‌ بۆ گه‌شه‌کردنی ئازادی بیروڕا.

 کوشتنی هرانت دینک جاره‌کی تر رووی ئه‌و شۆڤینی‌یه‌ تورکیانه‌ی ره‌شتر کرد که‌ هه‌رده‌م دژی مرۆڤایه‌تیین و دژی بوونی کورد و ئه‌رمه‌ن وئاسوری و سریانی و.. هتد له تورکیای تازه‌دا.

نووسینی: فـه‌هـد گــرده‌وانـی 21/1/2007 ستۆکهۆڵم

 سه‌ره‌وه‌. ده‌سپێک.

ئه‌م بابه‌ته‌ چاپ بکه‌!

   ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ هاوڕێکه‌ت بنێره:

© www.giareng.com
All rights reserved 2005.