Ö:: کوشتن له‌ عێراقی تازه دا

نووسینی: فه‌هد گه‌رده‌وانی

ئه‌و ڕاپۆرته‌ ترسناکه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان، بۆ مرۆڤایه‌تی کاره‌ساتێکی ترسناکه‌.ساڵی رابووردوو [2006] نزیکه‌ی 35000 هه‌زار که‌س کوژراوه‌ واته‌ رۆژانه‌ نزیکه‌ی 95 که‌س .جگه‌ له‌ کوشتن و مردن، خه‌ڵکێکی زۆری دانیشتوانی عێراق، به‌تایبه‌تی خه‌ڵکی به‌غدا و رومادی و فه‌لوجه‌ و موسڵ و به‌سرا، به‌ره‌و ده‌ره‌وه‌ی نیشتمان، له‌ ترسی کوشتن کۆچیان کردووه‌، بۆ وڵاتانی میسر و ئوردن و سوریه‌ و لوبنان و ئه‌وڕوپا. به‌ مه‌زه‌نده‌ نزیکه‌ی دوو میلیون که‌س ده‌بێت . کوردستانه‌که‌ی خۆشمان بۆته‌ شوێنی حه‌وانه‌وه‌ی عاره‌به‌ هه‌ڵاتووه‌کان و مه‌سیحیه‌کانی که‌رکووک و موسڵ و به‌غدا و به‌سره‌. له‌شکری به‌ناو کوردی {دیاره‌ حه‌زناکه‌ن ناویان لێبنرێ به‌ پێشمه‌رگه‌} ده‌چیته‌ به‌غدا بۆ ئه‌وه‌ی ئاسایش له‌ به‌غدا سه‌قامگیر بکات، یان هاریکاری له‌شکری عێراقی بکات بۆ سه‌قامگیرکردنی هێمنی و ئاسایشی عێراقی تازه‌. ئاخۆ ئه‌و حکومه‌ته‌ی هه‌رێمی کوردستان و سه‌رکردایه‌تی هه‌رێمی کوردستان بیریان کردۆته‌وه‌ دوا رۆژی ئه‌و کاره‌ چه‌ند به‌ گران له‌سه‌ر حکومه‌ت و سه‌رکردایه‌تی ده‌وه‌ستێت به‌ تایبه‌ت ئه‌گه‌ر بێت و [فه‌شه‌ل] له‌ کاره‌کانیان بهێنن. ئه‌ی ئه‌و دایک و بابانه‌ی لاشه‌ی کوڕه‌که‌یان بۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ چی به‌و حکومه‌ته‌ ده‌ڵێن که‌ شه‌ڕێک ئی خۆی نی یه‌ له‌ جیاتی خه‌ڵکی تر ده‌یکات و له‌ ده‌ره‌وه‌ی سنووری خۆی. چه‌ند سه‌ربازی غه‌یره‌ کوردی له‌ پێناوی ئاسایش و سه‌قامگیریی کوردستان گیانیان کردۆته‌ فیدا. هه‌تا ئه‌وڕۆ کوردیش چاکه‌ی بداته‌وه‌. مێژوو دیاره‌ ره‌حم به‌ رووحی کورده‌کان ناکات، بۆیه‌ سه‌لاحه‌ددینی ئه‌یوبیش کوردی برده‌ میسر و فه‌له‌ستین بۆ سه‌قامگیرکردنی ئایینی ئیسلام کوڕه‌کوردی به‌ کوشت دا. با نووسه‌ران و مێژوونووسان لێکۆڵینه‌وه‌ بکه‌ن بزانن چه‌ند کورد بووه‌ قوربانی رزگارکردنی فه‌له‌ستین و میسر و ئیسلام له‌ سه‌رده‌می سه‌لاحه‌ددینی ئه‌یوبی دا. ئینجا سه‌دام حوسێن له‌به‌ر بێئیمانی کورد، قڕکردنی کوردی ناو لێنا [ئه‌نفال] به‌ ناوی ئایه‌تی قورئان. ئه‌گه‌ر شه‌ڕی به‌غدا ناوبنرێ شه‌ڕی شیعه‌ و سنه‌ و شه‌ڕی ئیرهاب و ئه‌مریکا، ئه‌ی کورد له‌ کامه‌ شه‌ڕ دا به‌ شداره‌ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌رێمه‌که‌ی ئاژاوه‌ و ئیرهابی تێدا نه‌که‌وێته‌وه‌. ئه‌و له‌ شکره‌ بۆ نه‌ چووه‌ که‌رکوک که‌ وه‌کو شارێکی کوردستانی هێمنی وئاسایشی بپارێزی که‌ رۆژانه‌ کاری ئیرهاب و ئاژاوه‌ی تێدا ده‌کرێت. ئه‌و سه‌رکردایه‌تی یه‌ خه‌ریکی سیاسه‌ت کردنه‌ یان بازرگانی به‌ سیاسه‌ت ده‌کات .

فـه‌هـد گـرده‌وانـی 18/1/2007 ستۆکهۆڵم 
 سه‌ره‌وه‌. ده‌سپێک.

ئه‌م بابه‌ته‌ چاپ بکه‌!

   ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ هاوڕێکه‌ت بنێره:

© www.giareng.com
All rights reserved 2005.