Ö:: ئایا كاتی ئه‌وه نه‌هاتوه شۆڕشێكی هه‌مه لایه‌نه دژی سیاسه‌تی بڵاوكردنه‌وه‌ی مادده ...

نووسینی: قادر ئه‌حمه‌دزاده

ئایا كاتی ئه‌وه نه‌هاتوه شۆڕشێكی هه‌مه لایه‌نه دژی سیاسه‌تی بڵاوكردنه‌وه‌ی مادده سڕكه‌ره‌كان ونه‌خۆشیه كوشندهكان كه له لایه‌ن ڕژێمی ئاخوندی ئێرانه‌وه ئه‌نجام ده‌درێت ده‌ست پێ بكه‌ین؟
هه‌ر وه‌ك هه‌مو لایه‌ك ئاگادارین ڕژێمی ڕه‌شه‌كوژی ئاخوندی ئێران ماوه‌یه‌كی دورودرێژه ده‌ستی داوه‌ته فێر كردن و موعتاد كردنی گه‌لی كورد به تایبه‌تی گه‌نج و لاوه خوێنده‌واره‌كان له كچ و كوڕ و ڕۆژ له گه‌ڵ رۆژ له په‌ره‌سهندن دایه و سه‌رتاسه‌ری ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستانی به شێوه‌یه‌كی گشتی گرتۆته‌وه و تا ڕادده‌یه‌كی زۆر جنایه‌تكاران سهركه‌وتنیان به ده‌ست هێناوه له پیاده كردنی ئه‌م سیاسه‌ته گڵاوه‌یان دا.
به ڕاستی ئه‌م دیارده شومه یه‌كجار مه‌ترسیداره ومه‌ترسیه‌كه‌شی له ئه‌نفال و هۆلۆكاس و... گه‌لێك زێده‌تره. بۆیه ئه‌گهر ناوی پاكتاوی نژادیشی لێ بنێین هیچ زێده ڕه‌ویه‌كمان نه‌كردوه.
ئه‌وه تا ڕۆژ نیه چه‌ندین ڕۆڵه‌ی كورد نه‌بنه قوربانی ئه‌م سیاسه‌ته چه‌په‌ڵه‌ی ڕژێم. ڕۆژ نیه قوتابیانی زانكۆ و خوێندنگاكان كه هیوا و ئومێدی دوا ڕۆژی گه‌له‌كه‌مانن توشی ئه‌و مادده و نه‌خۆشیه ماڵوێرانكه‌رانه نه‌كرێن.
په‌ره‌سه‌ندنی ئه‌و مادده و نه‌خۆشیانه نه‌ك هه‌ر بونه هۆی زیاد بوونی شه‌هید بون و گیرۆده بون و جیابونه‌وه و لێك هه‌ڵوه‌شانی بنه‌ماڵه‌یی و دزی و جورم جنایه‌ت و... به‌ڵكو هه‌ر وه‌ك ده‌بینین و ده‌یبیستین زۆر جاران سه‌ری كێشاوه‌ته دایك وخوشك و ناموس فرۆشتنیش.
به كوردی و به كورتی نه زمان و نه پێنوس توانای ده‌ربرین و نوسینی مه‌ترسی و ده‌ره‌نجامه خراپه‌كانی په‌ره‌سه‌ندنی ئه‌و سیاسه‌ته دڕندانه‌ی ڕژێمی دیكتاتۆر و تیرۆریست و وه‌حشیانه‌ی ئێرانیان نیه و بێ توانان له ئاستیدا.
به‌ڵگه‌ی زۆر زه‌ق و ئاشكراش هه‌ن كه به‌رپرسانی ڕژێمی ئاخوندی له خاكی كوردستاندا مادده‌ی سڕكه‌رو نه‌خۆشی كوشنده بڵاو ده‌كه‌نه‌وه و ئه‌مه‌ش هه‌مو دانیشتوانی گوند وشار و ناوچه‌كانی ڕۆژهه‌ڵاتی كوردستان ده‌یزانن و گه‌یشتۆته میدیاكانیش.
من خۆم چه‌ند نمونه‌م لایه كه ئاماده‌م له شوێن و كاتی پێویستدا بیانڵێم.
ئه‌گه‌ر كه‌سێك هه‌ر بۆ یه‌كجاریش ڕێگای بكه‌وێته زانكۆ و قوتابخانه و زیندان و پارك و شوێنه گشتیه‌كان له‌و به‌شه له خاكی داگیركراوی كوردستاندا زۆر به ئاشكراو به زه‌قی ده‌بینێ كه چۆن به‌رپرسانی خوێن مژی ئاخوندی ئێران مادده سڕكه‌ره‌كان و نه‌خۆشیه كوشنده‌كان له ووڵاتی كورداندا بڵاو ده‌كه‌نه‌وه.
هه‌ر چه‌ند زۆر دره‌نگ بووه به‌ڵام ئایا كاتی ئه‌وه نه‌هاتوه كه هه‌مولایه‌كمان له هه‌مو چین وتوێژه‌كانی ناو كۆمه‌ڵگاكه‌ماندا ده‌ست بخه‌ینه ناو ده‌ستی یه‌كتر و شۆڕشێكی مه‌زن و یه‌كگرتو چێ بكه‌ین بۆ به‌ره‌نگاربونه‌وه و به گژداچونه‌وه‌ی ڕژێمی ئاخوندی و سیاسه‌ته دژه گه‌لیه‌كانیان؟
به دڵنیاییه‌وه نه‌ك هه‌ر كاتی هاتووه به‌لكو هه‌ر وهك باسم كرد زۆریش دره‌نگ بووه.
ده‌با له خه‌و ڕابین ودوبه‌ره‌كی ودوژمنایه‌تی بخه‌ینه لاوه و یه‌ك پارچه و یه‌ك ده‌نگ و یه‌ك هه‌ڵوێست بین و چیتر كات و هه‌ل له ده‌ست نه‌ده‌ین و كه‌مته‌رخه‌می نه‌كه‌ین.
بچوكترین كه‌مته‌رخه‌میمان ده‌بێته هۆی خوڵقانی كاره‌ساتی دڵته‌زێن و دواڕۆژێكی ڕهش و تاریك بۆ نیشتمانی ئازیزمان، له دوا رۆژیشدا نه‌وه‌كانی ئه‌م ئاو و خاكه سه‌رزه‌نشتمان ده‌كه‌ن ونه فرینمان بۆ ده‌نێرن.

ده‌با مامۆستا و قوتابیه‌كان له زانكۆ و خوێندنگاكان، مامۆستایانی ئایینی له مزگه‌وت و شوێنه ئایینیه‌كان، كچان و كوڕان له هه‌ر شوێنیك كه هه‌ن، زیندانیه‌كان له ناو زیندانان، كاسبكاره‌كان له شوێنی كه‌سابه‌تیان، دایك و باوك و خوشك و براكان له ماڵه‌وه و ده‌ره‌وه له شه‌قام وگه‌ره‌كه‌كان، خه‌ڵكانی خاوه‌ن هه‌ست له ناو پارك و شوێنه گشتیه‌كان، به‌رپرسانی دڵسۆز له ناو ئیداره‌كان و به شێوه‌یه‌كی گشتی ته‌واوی چین و توێژه‌كانی ناو كۆمه‌ڵگا به هه‌ر بیروباوه‌ڕێك كه هه‌مانه وه‌خۆ كه‌وین و ده‌ست پێ بكه‌ین و گه‌له‌كه‌مان به گشتی و لاوه‌كان به تایبه‌تی له سیاسه‌تی چه‌په‌ڵ و دژ به گه‌لی ئاخونده‌كان ئاگادار وه‌كه‌ین، با كه‌سانی گیرۆده یارمه‌تی بده‌ین بۆ وازهێنانیان، با له هه‌ر شوێنێك شتێك له‌و بابه‌تانه‌مان هه‌ست پێكرد له قاویان بده‌ین، با به نامه و...هوشیاری بده‌ینه ئه‌نجام ده‌رانی ئه‌و تاوانانه و ئه‌گه‌ر وازیان نه‌هێنا به توندی سزایان بده‌ین.

با میدیاكان به تایبه‌ت تی‌ڤی‌یه‌كان ڕۆڵی زیاتر ببینن له هوشیار كردنه‌وه و له ‌قاودانی ئه‌م دیارده ناشیرینه و هه‌مو ڕۆژێ به‌رنامه ی تایبه‌تی له سه‌ر پێشكه‌ش بكه‌ن.
ده‌با حیزب و لایه‌نه سیاسی و نوسه‌ر و ئه‌دیب و سیاسه‌توانه‌كان ئه‌و سیاسه‌ته دڕندانه‌ی ڕژێمی ئاخوندی بگه‌یه‌ننه نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان و له دادگا نێو نه‌ته‌وه‌ییه‌كان دا شكایه‌ت له مه‌ڕ سیاسه‌تی پاكتاوی نژادی و...له سه‌ر كار به‌ده‌ستانی تاوانباری ئاخوندی ئێران تۆمار بكه‌ن.
بۆ پێشه‌وه به‌ره‌و كوردستانێكی ئازاد و سه‌ربه‌خۆ و دور له مادده سڕكه‌ره‌كان و نه‌خۆشیه كوشنده‌كان.

نووسینی: قادر ئه‌حمه‌دزاده

rebin22000@yahoo.com

 سه‌ره‌وه‌. ده‌سپێک.

ئه‌م بابه‌ته‌ چاپ بکه‌!

   ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ هاوڕێکه‌ت بنێره:

© www.giareng.com
All rights reserved 2005.