Ö:: با نه‌هێڵین مافه‌کانی مرۆڤی کورد به‌بێده‌نگی له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێرانیه‌وه‌ پێشێل بکرێت !

 کۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤی کورد- ئه‌وروپا- سوید

زۆربه‌ی ئه‌و که‌سانه‌ی که‌ له‌ لایه‌ن هێزه‌ جۆرا و جۆره‌کانی کۆماری ئیسلامی ئێرانه‌وه‌ له‌ کوردستان دا ئه‌گیردرێن و حوکم ئه‌درێن، چالاکی سیاسی و داکۆکیکه‌رانی مافه‌ ڕه‌واکانی گه‌له‌که‌مانن، به‌ڵام ده‌سڵاتدارانی ئێرانی به‌ قاچاخچی و موعتاد و پیاو کۆژ و چه‌ته‌یان ئه‌داته‌ قه‌ڵه‌م و هه‌ر له‌ سه‌ره‌تاوه‌ ڕێگای‌ پارێزگاری کردن له‌ خۆیانیان لی به‌ربه‌ست ئه‌کات.

 گه‌وره‌ترین تاوان له‌ چاو ده‌سه‌ڵاتداره‌کانه‌وه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ مروڤ ئه‌ندام یان لایه‌نگری حیزبێکی کوردی یان چالاک له‌ دام و ده‌زگایه‌کی ئازادیخواز بێت‌، له‌ ماوه‌ی 27 ساڵدا ده‌سه‌ڵاتدارنی کۆماری ئیسلامی ئێران به‌ هه‌زاران کوردیان ئێعدام ‌و به‌ هه‌زارانی تریان شاربه‌ده‌ر کردوه و یان به‌ ده‌یان ساڵ حه‌پس مه‌حکوم کراون و ژیان و داهاتویان ڕه‌ش کراوه‌ و له‌ مافی کار و خۆێدن بێ به‌ش بوون.

 له‌ به‌رانبه‌ر ئه‌و کرده‌‌وانه‌ی کۆماری ئیسلامی ئێراندا ئێمه‌ی کورد و قوربانیانی ئه‌و ده‌سه‌ڵات و سیسته‌مه‌، چاوه‌ڕوان بووین که‌س یان که‌سان و دام و ده‌زگا بێگانه‌کان باسمان بکه‌ن و دڵیان به‌ حاڵمان بسوتێ و له‌ به‌رانبه‌ریش دا کۆماری ئیسلامی ئێران به‌ که‌یفی خۆی پاساوی بۆ کرده‌وه‌ نامرۆڤانه‌کانی هێناوه‌ته‌وه‌ و له‌ هه‌مبه‌ر هه‌ر چه‌شنه‌ ناره‌زاییه‌تیکه‌وه‌ بارانی غه‌زه‌بی خۆی به‌سه‌ر گه‌لدا باراندوه‌ ‌.

له‌ دنیای گلوبالی ئێستا و له‌ کاتێکدا که‌ به‌ هۆی په‌یوه‌ندی چڕو پڕی سه‌رده‌مه‌وه‌ ڕوداوه‌کان خێرا به‌ گۆێی جیهانیان ئه‌گات و به‌ خۆشیه‌وه‌ کورد له‌ ناو ئه‌م سیستمه‌ نۆیه‌ دا گه‌وره‌ترین شانسی له‌ مێژوی خه‌با‌تی خۆی به‌ده‌ست که‌وتوه‌‌ و ته‌نیا ماوه‌ته‌وه‌ که‌ چۆن ئه‌وم ئیمکانه‌ به‌ کار بێنیت.

کۆماری ئیسلامی ئێران وه‌ک یه‌کێک له‌ ده‌سه‌ڵاته‌ سه‌‌رکوتگه‌ر و دژه‌ دیموکراتیکه‌کان به‌ پێشێلکا‌ری مافه‌کانی مرۆڤ ناسراوه‌ و نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتوه‌کان به‌ به‌ڵگه‌وه‌ سه‌لماندوویه‌تی که‌ مروڤه‌کان له‌ سیسته‌می کۆماری ئیسلامیدا نه‌ک هه‌ر مافیان پێشێل ئه‌کرێ به‌ڵکو خاوه‌ن هیچ جۆره‌ مافێکی هاوچه‌رخ و شارستانیانه‌ نین.

گه‌لی کورد دوو جار ئه‌که‌وێته‌ به‌ر په‌لاماری ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی کۆماری ئیسلامی ئێران و ناڕه‌وایه‌تی ده‌رحه‌ق ئه‌کرێ، جاریک وه‌ک مرۆڤ و جارێک وه‌ک کورد.

ئێستا ئیتر کاتی ئه‌وه‌ هاتوه‌ که‌ نه‌هێڵین که‌سانی چالاک و خه‌باتکار و ئازادیخۆازی وه‌ک شوانه‌ی سه‌ید قادر و سمایل محه‌مه‌دی به‌ ناڕه‌وا ئێعدام بکرێن. کاتی ئه‌وه‌یه‌ که‌ به‌ هانای منداڵه‌ له‌ ناز دابڕاوه‌کانی سمایل محه‌مه‌دی و هه‌زاران خه‌باتگێڕی وه‌ک ئه‌وه‌وه‌ بچین، به‌ کار و چالاکی و ده‌نگ هه‌ڵبڕینی خۆمان‌ ڕێگه‌ نه‌ده‌ین له‌مه‌ زیاتر چاره‌نوسی گه‌نجانی کورد گۆشه‌ی به‌ندیخانه‌کان و سه‌رداری بێدادی هه‌ڵواسین و ئه‌شکه‌نجه‌ بێت.

کۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤی کورد بۆ ئه‌و مه‌به‌ستانه‌ و بۆ ئه‌وه‌ی خۆمان باسی زۆڵم و زۆر و ئێعدام و ئه‌شکه‌نجه‌دانه‌کانی ده‌سه‌ڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران و هه‌ر چه‌شنه‌ زوڵم زۆرییه‌ک‌ بکه‌ین و کۆمه‌ڵگای ناو نه‌ته‌وه‌ێی و ناوه‌نده‌کانی پاراستنی مافه‌کانی مرۆڤ ئاگادار بکه‌ینه‌وه‌، وه‌ک پیویستیه‌کی هاوچه‌رخ، هاتوته‌ گۆڕه‌پان‌ و چاوه‌ڕوانه‌ لاوان و خۆێنده‌وارانی گه‌له‌که‌مان له‌ زانکۆ و خۆێندنگاکان، له‌ دام و ده‌زاگا جۆرا و جۆره‌کانی و‌ڵاتانی دیموکراتیک و هه‌ر هه‌موو ئه‌و کوردانه‌ی له‌ ئاوارته‌ دا ئه‌ژین و بۆ ئازادی تێکۆشاون و دڵیان بۆ داهاتوی وڵات و نه‌ته‌وه‌که‌یان لێ ئه‌دا، به‌ ده‌نگمانه‌وه‌ بێن و بتۆانین به‌ بێ جیاوازی، حیزب، ئایدولۆژی، مه‌زه‌ه‌ب و بیر و بۆچون، مافی ئه‌و که‌سانه‌ بپاریزین که‌ له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه‌ ئه‌گیردرێن و مافه‌کانیان پێشێل ئه‌کرێ.

 مرۆڤه‌کان مافی ڕوای خۆیانه‌ که‌ له‌ ئۆرگانه‌ سیاسی و کۆمه‌ڵایه‌‌تیه‌کان دا چالاک بن، ئه‌مه‌ یه‌کێک له‌ بڕگه‌ گه‌ردونیه‌کانی مافه‌کانی مرۆڤه‌، به‌ڵام له‌ کوردستان به‌ هه‌زاران مرۆڤی کورد له‌ لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتداران هه‌ڵواسراون ته‌نیا به‌و هۆیانه‌وه‌.

وه‌رن با ده‌نگی ئه‌و که‌سانه‌ بین که‌ له‌ بێده‌نگیدا ئازار ئه‌درێن، له‌ بێده‌نگیدا حوکم ئه‌درێن و له‌ بێده‌نگیدا مافه‌کانیان زه‌وت ئه‌کرێ.
چاوه‌ڕوانین له‌ هه‌موو لایه‌ن، حیزب، کۆمه‌ڵه‌ جیاوازه‌کان و ناوه‌نده‌ مێدیایه‌کان که‌ هاوکارمان بن و ده‌نگمان بگه‌یه‌ننه‌ گۆێ گه‌له‌که‌مان بۆ ئه‌وه‌ بتۆانین هه‌موو ده‌نگه‌کان بکه‌ینه‌ هاوار و تۆزقاڵی له‌ ئازاری گه‌له‌که‌مان به‌ گۆێی جیهانیان بگه‌یه‌نین.

 هه‌روه‌ها چاوڕوانین له‌ حیزبه‌کان ناوی ئه‌ندامه‌ گیراوه‌کانیانمان بده‌نێ و زانیاری سه‌باره‌ت به‌ گرتن و ئه‌شکه‌نجه‌دان و ئیعدام کردنی چالاکانی خۆیانمان پێ بده‌ن که‌ ئێمه‌ش بتۆانین به‌ ناوه‌نده‌ ناونه‌ته‌وه‌یه‌کانی بگه‌یه‌نین و پێش به‌ حوکمی ناڕه‌وا بگرین که‌ به‌ سه‌ریان دا ئه‌سه‌پێ.

 بۆ زانیاری زیاتر ئه‌تۆانن پیوه‌ندی به‌م ژماره‌‌وه‌ بگرن
سه‌رۆکی کۆمه‌ڵه‌ی مافی مروڤی کورد، سیامه‌ند مۆعینی
 جێگری سه‌رۆک، هیوا گوڵ محه‌مه‌دی 0046707458478
 کۆمه‌ڵه‌ی مافی مرۆڤی کورد- ئه‌وروپا- سوید

Kurdish Human Rights Association                                                     Fax / Tel: +468 6610880

Artemisg 19, NB                                                                                kmfsverige@gmail.com

115 42   Stockholm

     SWEDEN

 سه‌ره‌وه‌. ده‌سپێک.

ئه‌م بابه‌ته‌ چاپ بکه‌!

   ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ هاوڕێکه‌ت بنێره:

© www.giareng.com
All rights reserved 2005.