Ö:: راپۆرتی‌ چاوه‌دێری‌ مافی‌ مرۆڤ له‌ سه‌ر خراپتر بوونی‌ دۆخی‌ ئازادییه‌كان له‌ ئێران دا

سه‌رچاوه‌: ماڵپه‌ری کوردستان و کورد

راپۆرتی‌ چاوه‌دێری‌ مافی‌ مرۆڤ له‌ سه‌ر خراپتر بوونی‌ دۆخی‌ ئازادییه‌كان له‌ ئێران دا
له‌
ساڵی‌ 2006ه‌وه‌ رێزدانان بۆ مافی‌ مرۆڤ به‌ تایبه‌تی‌ له‌ به‌رچاو گرتنی‌ ئازادیی‌ ده‌ربڕینی‌ بیروڕا و گرتن و پێكهێنانی‌ كۆر‌وكۆبوونه‌وه‌كان له‌ ئێران دا به‌ره‌و خراپتر بوون چووه‌. رێژیم به‌شێوه‌ی‌ گشتی‌ و به‌رده‌وام به‌رهه‌ڵه‌ستكاران و دژبه‌رانی‌ سیاسیی‌ ده‌ست به‌سه‌ر كراوی‌ خستۆته‌ ژێر ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌‌و، بۆ وێنه‌ راگرتنیان بۆ ماوه‌یه‌كی‌ زۆر و دوور‌ودرێژ له‌ ژووری‌ تاكه‌ كه‌سی‌ (انفرادی‌)دا.

هێزی‌ دادوه‌ری‌ (قوه‌ قضائیه‌) كه‌ ته‌نیا خۆی‌ له‌ به‌رامبه‌ر عه‌لی‌ خامه‌نه‌یی‌ دا به‌ وڵامده‌ر ده‌زانێ‌، به‌رپرسی‌ سه‌ره‌كیی‌ زۆربه‌ی‌  ئه‌م پێشێلكارییانه‌ی‌ بواری‌ مافی‌ مرۆڤه‌ له‌ ئێران دا. هێزه‌ ئه‌منییه‌تییه‌كانی‌ پێشوو له‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئه‌حمه‌دی‌ نژاددا ده‌سه‌ڵاتدارن. زۆربه‌یان قسه‌ی‌ ئه‌وه‌یان له‌ سه‌ره‌ كه‌ له‌ به‌شداریكرن له‌ كرده‌وه‌ی‌ دژ به‌ مافی‌ مرۆڤ وه‌كوو تیرۆری‌ رووناكبیرانی‌ دژ به‌ ده‌سه‌ڵات دا به‌شدارییان بووه‌. له‌ ده‌وڵه‌تی‌ ئه‌حمه‌دی‌ نژاددا وه‌زاره‌تی‌ ئیتلاعات كه‌ له‌ راستی دا به‌رپرسی‌ كارووباری‌ ئه‌منییه‌تیه‌، تا راده‌یه‌كی‌ زۆر په‌ره‌ی‌ داوه‌ به‌ كۆنترۆڵ و له‌ ژێر چاوه‌دێریی گرتنی‌ به‌رهه‌ڵستكارانی‌ سیاسی‌، چالاكانی‌ كۆمه‌ڵگای‌ مه‌ده‌نی‌ و رۆژنامه‌وانان.

ئازادیی‌ بیروراده‌ربڕین:
به‌رپرسانی‌ رێژیمی‌ ئێران له‌ رێگه‌ی‌ داخستنی‌ رۆژنامه‌كان و به‌ندكردنی‌ رۆژنامه‌وانان و مودیر مه‌سئولی‌ بڵاڤۆكه‌كانه‌وه‌، به‌ شێوه‌یه‌كی‌ بنه‌مایی‌ و سیستماتیك، ئازادیی‌ بیروراده‌ربڕین سه‌ركوت و به‌رته‌سك ده‌كاته‌وه‌. ئه‌و ژماره‌ كه‌مه‌ی‌ رۆژنامه‌ سه‌ربه‌خۆكانیش كه‌ ماون و دانه‌خراون تا ئه‌و جێ‌یه‌ ده‌توانن خۆیان سانسۆر ده‌كه‌ن (ده‌ستیان به‌ كڵاویانه‌وه‌ گرتوه‌ با نه‌یبا). زۆربه‌ی‌ زۆری‌ نووسه‌ران و رۆشنبیران وڵاتیان به‌جێ‌ هێشتوه‌، ژماره‌یه‌كیان له‌ به‌ندیخانه‌ دان و ژماره‌یه‌كیش ده‌ستیان له‌ ناڕه‌زایه‌تیی‌ و ره‌خنه‌گرتن هه‌ڵگرتووه‌ و بێده‌نگ بوون.

وه‌زاره‌تی‌"فرهنگ و ارشاد" له‌ مانگی‌ سێپتامبری‌ 2006دا، رۆژنامه‌ی‌ رێفۆرمخوازی‌ شه‌رق و هه‌روه‌ها دوو بڵاڤۆكی‌ " نامه‌ و حافڤ"ی‌ داخست و پێشی‌ به‌ ده‌رچوونی‌ رۆژنامه‌ی‌ تازه‌ ده‌رچووی‌" رۆژگار" گرت كه‌ ته‌نیا سێ‌ رۆژ له‌ ته‌مه‌نی‌ تێده‌په‌ڕی‌. وه‌زاره‌تی‌ ئیتلاعات هه‌ر له‌ ساڵ دا ژماره‌یه‌كی‌ به‌رچاو له‌ رۆژنامه‌ڤانانی‌ ره‌خنه‌گر له‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ بانگ كرد و لێپێچینه‌وه‌ی‌ لێكردن. ده‌سه‌ڵاتدارانی‌ رێژیم هه‌روه‌ها له‌ ساڵی‌ 2006دا گوشاریان خسته‌ سه‌ر وێب سایت و رۆژنامه‌ڤانانی‌ ئینتێرنێتی‌ و ته‌نگه‌ژه‌ و گرفتیان بۆ هێنانه‌ پێش. بۆ ئه‌وه‌ی‌ نه‌هێڵن زانیاری‌ و هه‌واڵه‌كان به‌ ئازادی‌ له‌ ئێران بڵاوبكه‌نه‌وه‌ یا وه‌رگرن.

رێژیم به‌ شێوه‌یه‌كی‌ سیستماتیك و گه‌ڵاڵه‌ دارێژراو ئه‌و ماڵپه‌ڕه‌ ئینتێرنێتی‌یانه‌ی‌ هه‌واڵ و لێكدانه‌وه‌ سیاسییه‌كان له‌ خۆ ده‌گرن، فیلتێر ده‌كا. ئیسماعیلی‌ راده‌كانی‌ به‌ڕێوه‌به‌ری‌ شیركه‌تی‌تیكنۆلۆژیی‌ زانیاری‌ كه‌ له‌ ژێر چاوه‌دێریی‌ حكوومه‌ت دایه‌ له‌ سێپتامبری‌ 2006دا رایگه‌یاند: به‌ پێی‌ بڕیاری‌ لێپرسراوانی‌ قه‌زایی‌ ئه‌م كۆمپانیایه‌، رێگه‌ی‌ ده‌ستڕاگه‌یشتن به‌ ده‌ میلیۆن سایتی‌ ئینتێرنیتی‌ نایاسایی‌ به‌ستوه‌.

ئازادیی‌ كۆرو كۆبوونه‌وه‌كان
ده‌وڵه‌تی‌ مه‌حموودی‌ ئه‌حمه‌دی‌ نژاد به‌ دوای‌ گۆڕانێكی‌ هه‌ست پێكراو و به‌رچاودا، له‌ چاو سیاسه‌تی‌ محه‌ممه‌دی‌ خاته‌می‌ سه‌ركۆماری‌ پێشووی‌ ئێران، سه‌لماندوویه‌تی‌ كه‌ ته‌حه‌مولی‌ ناڕه‌زایه‌تی‌ ده‌ربڕین و كۆرو كۆبوونه‌وه‌ی‌ مه‌ده‌نی‌ و هێمنانه‌ی‌ نیه‌. له‌ ژانویه‌ی‌ 2006دا مه‌ئمووره‌كانی‌ ئه‌منییه‌تیی‌ رێژیم هێرشیان  كرده‌ سه‌ر شۆفیری‌ ئوتوبوسه‌كانی‌  شیركه‌تی‌ واحید و سه‌دان كه‌سیان لێ‌ ده‌ستبه‌سه‌ر كردن.

رێژیم مل بۆ به‌ ره‌سمییه‌ت ناسینی‌ سه‌ندیكای‌ سه‌ربه‌خۆی‌ شوَفیرانی‌ ئه‌م شیركه‌ته‌ راناكێشێ‌. مه‌ئمووره‌كانی‌ رێژیم له‌ مانگی‌ فێوریه‌دا هێرشیان كرده‌ سه‌ر كۆبوونه‌وه‌ی‌ هێمنانه‌ و ئاشتیخوازانه‌ی‌ ده‌روێشه‌كانی‌ گونابادی‌ شاری‌ قوم كه‌ له‌ پێش حوسێنیه‌كه‌ی‌ خۆیان كۆببوونه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی‌ نه‌یه‌ڵن رێژیم كاولی‌ بكات، به‌ڵام به‌ گازی‌ فرمێسك هێنه‌ر و ئاوپرژاندن به‌ سه‌ریان دا بڵاوه‌یان پێكردن. هێزه‌ ئینتیزامییه‌كان و مه‌ئمووره‌ لیباس شه‌خسییه‌كان له‌ مانگی‌ مارس دا هه‌ڵیان كوتایه‌ سه‌ر كۆبوونه‌وه‌یه‌كی‌ ئاشتیخوازانه‌ و مه‌ده‌نیانه‌ كه‌ به‌ مه‌به‌ستی‌ رێزلێنان  له‌ رۆژی‌ ژن له‌ تاران پێكهاتبوو. له‌م هێرشه‌دا نێردراوانی‌ رێژیم ژنان و پیاوانی‌ به‌شداربووی‌ ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌یان دایه‌ به‌ر باتۆم و تێڵا. كاتێك داكۆكیكارانی‌ مافی‌ ژنان دیسان له‌ تاران كۆبوونه‌وه‌یه‌كیان پێك هێنا، كه‌وتنه‌ به‌ر باتۆم و تێڵای‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌تی‌ و ئینتیزامییه‌كانی‌ رێژیم و گازی‌ بیباریان به‌ سه‌ر و چاویان هه‌ڵپرژاندن و خۆپێشانده‌رانیان به‌ ئیسپری‌ ره‌نگ نیشانه‌ كرد و له‌ ئاكام دا حه‌فتا كه‌سیان ده‌ست به‌ سه‌ر كردن و راپێچی‌ به‌ندیخانه‌یان كردن.

ئه‌شكه‌نجه‌ و هه‌ڵسوكه‌وتی‌ خراپ ده‌گه‌ڵ گیراوان له‌ سه‌رده‌می‌ ده‌ست به‌سه‌ری دا
له‌و كاته‌وه‌ كه‌ مه‌حموود ئه‌حمه‌دی‌ نژاد بوو به‌ سه‌ركۆماری‌ ئێران، جگه‌ له‌و گرتووخانانه‌ی‌ كه‌ له‌ لایه‌ن ده‌زگای‌ قه‌زایی‌، سوپای‌ پاسداران و وه‌زاره‌تی‌ ئیتلاعاته‌وه‌ به‌ نهێنی‌ به‌ڕێوه‌ده‌چن، له‌ به‌ندیخانه‌ی‌ ئه‌وینیش دا هه‌ڵسوكه‌وت ده‌گه‌ڵ گیراوان و به‌ندییه‌كان زۆر له‌ جاران خراپتر بووه‌. لێپرسراوانی‌ رێژیم كه‌سانێكیان له‌به‌ر هێنانه‌ گۆڕێی‌ روانگه‌ سیاسیه‌كانیان ئه‌ویش به‌ شێوه‌یه‌كی‌ ئاشتیخوازانه‌، خستۆته‌ ژێر ئه‌شكه‌نجه‌ و لێدان و ئیعدامی‌ (ده‌ستكرد) و بێ‌ حورمه‌تیان پێكردوون و له‌ به‌خه‌به‌ری دا رایانگرتوون. قازییه‌كان زیاتر ئه‌و ددان پێدا هێنانه‌یان به‌لاوه‌ په‌سه‌نده‌ كه‌ له‌ ژێر ئه‌شكه‌نجه‌دا كراون. به‌رپرسانی‌ رێژیم كه‌ڵك له‌و ژووره‌ تاكه‌ كه‌سیانه‌ وه‌رده‌گرن كه‌ زۆر ته‌نگ و تاریكن و له‌وێدا تاوانباركراوان ناچار ده‌كه‌ن به‌ شێوه‌یه‌كی‌ ناواقیعی‌ خۆیان به‌ تاوانبار له‌ قه‌ڵه‌م بده‌ن و هاوكات زۆربه‌یان فیلمیان لێ هه‌ڵده‌گیرێته‌وه‌. ئه‌كبه‌ر محه‌ممه‌دی‌ و وه‌لیوڵڵا فه‌یزی‌ مه‌هده‌وی‌ دوو كه‌سن له‌ به‌ندكراوان كه‌ له‌به‌ر بیروباوه‌ڕی‌ سیاسییان گیرابوون، له‌ ساڵی‌ 2006دا له‌ بارودۆخێكی‌ گوماناوی دا له‌ به‌ندیخانه‌ مردن. لێپرسراوانی‌ رێژیم نه‌یان هێشت بنه‌ماڵه‌كانیان ته‌رمه‌كانیان نه‌شته‌گه‌ریی‌ ده‌روونیان له‌سه‌ر بكرێ‌. رێژیمیش هیچ هه‌وڵێكی‌ نه‌دا له‌ پێناو روون كردنه‌وه‌ی‌ هۆكاری‌ مردنه‌كانیان دا.

پارێزراوی‌ و ده‌ربازبوون له‌ سزاده‌ران
هیچ مكانیزمێك بۆ خستنه‌ ژێر چاوه‌دێری‌و لێپرسینه‌وه‌ له‌و به‌رپرسانه‌ له‌ گۆرێ دا نیه‌ كه‌ مافه‌كانی‌ مرۆڤ پێشێل ده‌كه‌ن. داخرانی‌ رۆژنامه‌ سه‌ربه‌خۆكانیش له‌ ئێران دا هۆكارێكه‌ بۆ ده‌ربازبوون و پارێزراوبوونیان له‌ سزادان. له‌ ساڵانی‌ رابردودا: چه‌ندین كه‌س له‌ به‌ندییه‌كان، له‌ سكاڵا به‌و هه‌ڵسووكه‌وته‌ دژی‌ مرۆییانه‌یه‌ی‌ كه‌ به‌ خراپترین شێوه‌ له‌ لایه‌ن دادستانی‌ گشتیی‌ تاران سه‌عید مورته‌زه‌وی‌و داروده‌سته‌كه‌یه‌وه‌ ده‌گه‌ڵیان كراوه‌، گه‌لێكیان شت ده‌ربڕیوه‌.

سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌ی‌ كه‌ گه‌لێك كه‌س شایه‌تییان داوه‌، به‌ڵام مورته‌زه‌وی‌ به‌رپرسایه‌تیی‌ هیچكام له‌و ده‌ست به‌سه‌ر كردنه‌ نایاسایی‌ و ئه‌شكه‌نجه‌ كردن و به‌ زۆر ددان پێدانانانه‌ وه‌ئه‌ستۆ ناگرێ‌. مه‌سه‌له‌ی‌ مه‌رگی‌ زارا كازمی‌، وێنه‌گر و هه‌واڵنێری‌ كانادایی‌ به‌ ره‌چه‌ڵه‌ك ئێرانی‌ له‌ مانگی‌ ژوئه‌نی‌ 2003دا كه‌ له‌ لایه‌ن ده‌زگای‌ دادوه‌رییه‌وه‌ گیرابوو و به‌ ده‌ستی‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌تیه‌كانی‌ ژێر چاوه‌دێریی‌ و فه‌رمانی‌ سه‌عید مورته‌زه‌وی‌ گیانی‌ لێستێندرا و ئێستاش هه‌ر دیزه‌به‌ده‌رخۆنه‌ و بێ ده‌نگه‌ی‌ لێكراوه‌.مسته‌فا پوور محه‌ممه‌دی‌ وه‌زیری‌ ناوخۆی‌ ئێستای‌ ئێران له‌ كوشتاری‌ به‌ كۆمه‌ڵی‌ هه‌زاران زیندانیی‌ سیاسی‌ له‌ ساڵی‌ 1988دا به‌شداری‌ بووه‌.

داكۆكیكارانی‌ مافی‌ مروڤ
به‌رپرسانی‌ رێژیم له‌ ساڵی‌ 2006دا ئازار و ئه‌شكه‌نجه‌ی‌ داكۆكیكارانی‌ مافی‌ مرۆڤیان زیاتر كرد بۆ ئه‌وه‌ی‌ پێشیان بگرن له‌ رۆشنگه‌ری‌ و به‌ دواچوونی‌ كرده‌وه‌ی‌ دژه‌ مرۆییانه‌ی‌ به‌رپرسانی‌ رێژیم. وه‌زاره‌تی‌ نێوخۆی‌ ئێران له‌ مانگی‌ ئوت دا، ئه‌نجومه‌نی‌ داكۆكیكارانی‌ مافی‌ مرۆڤ ـ كه‌ شیرینی‌ عیبادی‌ وه‌رگری‌ خه‌ڵاتی‌ ئاشتی‌ نۆبیلی‌ ساڵی‌ 2003 به‌رپرسێتی‌ ـ نایاسایی‌ راگه‌یاند. شیرین عیبادی‌ و هابیرانی‌، به‌ بێ‌ هیچ چاوه‌روانییه‌ك له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ حقوقی‌یه‌كان ده‌گه‌ڵ سه‌دان به‌رهه‌ڵستكاری‌ سیاسی‌، رۆژنامه‌ڤان و خوێندكار راوێژ ده‌كه‌ن. ده‌گه‌ڵ كه‌سانێك كه‌ به‌ هۆی‌ داكۆكی‌ له‌ ئازادییه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كانی‌ وه‌ك، به‌شداری‌ كردن له‌ ناڕِه‌زایه‌تییه‌ هێمن و ئاشتیخوازییه‌كان و یا ره‌خنه‌ گرتن له‌ كرده‌وه‌ی‌ رێژیم له‌  ژێر لێپرسینه‌وه‌ی‌ یاسا دان. به‌رپرسانی‌ رێژیم هه‌ره‌شه‌یان له‌ شیرین عیبادی‌ و هاوكاره‌كانی‌ كردوه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر ده‌ست له‌ چالاكیه‌كانیان له‌ بورای‌ مافی‌ مرۆڤ دا هه‌ڵ نگرن ده‌یانگرن. رێژیم به‌ هۆی‌ ناڕه‌زایه‌تیی‌ نێونه‌ته‌وه‌یی‌ هه‌تا ئێستاكه‌ هه‌ڕه‌شه‌كانی‌ جێ‌به‌جێ‌ نه‌كردوه‌ به‌ڵام شیرین عیبادی‌ و هاوكاره‌كانی‌ هه‌روا له‌ ژێر هه‌ره‌شه‌ی‌ گیران دان.

مه‌ئموورانی‌ ئه‌مییه‌تی‌ له‌ مانگی‌ ژوئه‌نی‌ ساڵی‌ 2006دا، سه‌ید عه‌لی‌ ئه‌كبه‌ری‌ مووسه‌وی‌ خوئێنی‌ نوێنه‌ری‌ پێشووی‌ مه‌جلیس و ره‌خنه‌گری‌ ناسراوی‌ بواری‌ مافی‌ مرۆڤیان ده‌ست به‌سه‌ر كرد. ئه‌و به‌بێ‌ ئه‌وه‌ی‌ ده‌نگی‌ به‌ پارێزه‌ره‌كانی‌ رابگا بۆ ماوه‌ی‌ زیاتر له‌ چوار مانگان له‌ ژووری‌ تاكه‌كه‌سی‌دا ده‌ست به‌سه‌ر بوو. ده‌زگای‌ قه‌زایی‌ پاش وه‌رگرتنی‌ 300 هه‌زار دۆلار بارمته‌ له‌ 21ی‌ ئۆكتۆبردا ئازادی‌ كرد. ئه‌و له‌ ماوه‌ی‌ كورتی‌ به‌ربوونه‌كه‌ی دا كه‌ بۆ به‌شداریكردن له‌ رێوره‌سمی‌ ناشتنی‌ باوكی‌ له‌ مانگی‌ سێپتامبردا ئیزنی‌ پێدرابوو راشكاوانه‌ رایگه‌یاند كه‌ له‌ ژێر ئه‌شكه‌نجه‌دا بووه‌ و فشاری‌ بۆ دێنن كه‌ پشیمانی‌ ده‌رببڕێ‌ له‌ چالاكییه‌كانی‌ خۆی‌.

سزای‌ له‌سێداره‌دان
رێژیمی‌ ئێران له‌ ساڵی‌ رابردوودا لانیكه‌م 13گه‌نجی‌ تاوانبار كراوی‌ له‌ سێداره‌دا و ئه‌م ژماره‌یه‌ له‌ سه‌رووی‌ گه‌لێ‌ وڵاتانه‌وه‌یه‌. مه‌جید سێگوه‌ند و مه‌سعوود نه‌قیی‌ بیرالوه‌ند له‌ 11ی‌ مانگی‌ 2006دا له‌ سێداره‌ دران كه‌ له‌ كاتی‌ به‌ڕێوه‌چوونی‌ بڕیاره‌كه‌دا ته‌مه‌نیان 17 ساڵ بوو.

كه‌مایه‌تییه‌كان:
كه‌مایه‌تییه‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ و ئایینی‌یه‌كان له‌ ئێران دا ناحه‌قییان لێده‌كرێ‌ و گرفتاری‌ نایه‌كسانین و ته‌نانه‌ت له‌ زۆر هه‌ل‌ومه‌رجان دا ئازار و ئه‌زیه‌ت ده‌درێن. له‌ مانگی‌ مای‌ دا: توركه‌كانی‌ نیشته‌جێی‌ باكووری‌ رۆژئاوای‌ ئێران له‌ ئازه‌ربایجانی‌ رۆژهه‌ڵات و ئه‌رده‌بیل و ئازه‌ربایجانی‌ رۆژئاوا، دژی‌ ته‌نگه‌ژه‌ و ئاسته‌نگه‌ ده‌وڵه‌تییه‌كان له‌ بواری‌ زمان و كولتووری‌ توركی‌ و چالاكیی‌ سیاسی‌دا خۆپیشاندانێكیان وه‌رێ‌ خست. ده‌زگای‌ ئه‌منیه‌تیی‌ رێژیم به‌ كه‌لك وه‌رگرتن له‌ هێزی‌ سه‌ركوت ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی‌ خه‌ڵكی‌ كه‌ ناوچه‌كه‌ی‌ ته‌نی‌بوو سه‌ركوت و بێده‌نگ كرد. له‌ هێندێ‌ شوین خۆپیشانده‌ران هێرشیان كرده‌ سه‌ر داموده‌زگا ده‌وڵه‌تییه‌كان. له‌ ئاكامی‌ تێكهه‌لچوونه‌كان دا له‌ شاری‌ نه‌غه‌ده‌ چوار كه‌س له‌ رێكه‌وتی‌ 26ی‌ مانگی‌ مای‌ 2006دا گیانیان له‌ ده‌ست دا.

له‌ باشووری‌ رۆژئاوای‌ ئێران واته‌ له‌ پارێزگای‌ خوزستان، ئاڵۆزی‌ و خۆپیشاندانه‌كانی‌ كۆمه‌لێ‌ عه‌ره‌بی‌ ئێرانی‌ له‌ ساڵی‌ 2006دا په‌ره‌ی‌ گرت. دادگاكانی‌ شۆڕش ، به‌ شێوه‌ی‌ نهێنی‌ كه‌ ئه‌م شێوه‌یه‌ ده‌گه‌ڵ پێوانه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كانی‌ دادوه‌ریی‌ عادڵانه‌ یه‌كناگرێته‌وه‌، به‌ تاوانی‌ كرده‌وه‌ی‌ چه‌كدارانه‌ دژی‌ رێژیم حوكمی‌ سێداره‌ی‌ به‌ سه‌ر 16 عه‌ره‌بی‌ ئێرانی دا سه‌پاند.
رێژیمی‌ ئێران ئایینی‌ به‌هایی‌ به‌ فه‌رمی‌ ناناسێت و ئیزن به‌ كۆمه‌ڵه‌ی‌ به‌هاییه‌كان نادا رێوڕه‌سمه‌ ئایینیه‌كانیان به‌ڕێوه‌به‌رن. خامه‌نه‌یی‌ له‌ نامه‌یه‌ك دا به‌ رێكه‌وتی‌ 29ی‌ ئۆكتۆبری‌ 2005فه‌رمانی‌ دا به‌ چه‌ندین ناوه‌ندی‌ ده‌وڵه‌تی‌ و یه‌ك له‌وان وه‌زاره‌تی‌ ئیتلاعات كه‌ راپۆرتی‌ تێروته‌سه‌ل له‌ ته‌واوی‌ چالاكییه‌كانی‌ به‌هاییان به‌ مه‌به‌ستی‌ دیاریكردنی‌ ژماره‌ی‌ "وه‌ك خۆی‌ دیگوت" ئه‌و تاقمه‌ كافره‌ ، گه‌ڵاڵه‌ بكه‌ن. له‌ مانگی‌ مای‌دا مه‌ئموره‌ ئه‌منیه‌تییه‌كان 54گه‌نجی‌ به‌هاییان ده‌ست به‌سه‌ر كرد له‌ حاڵێكدا كه‌ خه‌ریكی‌ گوتنه‌وه‌ی‌ وانه‌گه‌لی‌ ئینگلیزی‌، بیركاری‌ و بابه‌تگه‌لی‌ دیكه‌ی‌ ئایینی‌ بوون به‌و منداڵه‌ بێده‌ره‌تان و هه‌ژارانه‌ی‌ باشووری‌ شاری‌ شیراز هیچكام له‌و لاوانه‌ بڕیاری‌ تاوانێكیان به‌ سه‌ردا نه‌سه‌پابوو. بێجگه‌ له‌ سێ‌ كه‌سیان ئه‌وانی‌ دیكه‌ پاش یه‌ك حه‌وتوو به‌ردران و سێ‌ كه‌سه‌كه‌ی‌ دیكه‌ش له‌ رێكه‌وتی‌ 14ی‌ ژوئه‌نی‌ 2006دا له‌ به‌ندیخانه‌ رزگارییان بوو.

ئه‌كته‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌كان له‌ گۆڕه‌پانی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌دا
سیاسه‌تی‌ ره‌خنه‌گرانه‌ی‌ یه‌كیه‌تیی‌ ئورووپا سه‌باره‌ت به‌ مه‌سه‌له‌ی‌ مافی‌ مرۆڤ له‌ ئێران، له‌به‌ر دانوستان له‌سه‌ر به‌رنامه‌ ناوه‌كییه‌كانی‌ ئه‌و وڵاته‌ بوو به‌ بابه‌تێكی‌ پله‌ دوو. یه‌كیه‌تیی‌ ئورووپا هاوكارییه‌كانی‌ خۆی‌ ده‌گه‌ڵ ئێران گرێ‌ دابۆوه‌ به‌ باشتر بوونی‌ ره‌وشی‌ مافی‌ مرۆڤ له‌و وڵاته‌و رێزدانانی‌ ئه‌و رێژیمه‌ بۆ مافگه‌لێك كه‌ له‌ جاڕنامه‌ی‌ جیهانی‌ مافی‌ مرۆڤ دا گونجاوه‌. به‌ڵام ئه‌و ده‌روه‌ست كردنه‌ كاریگه‌رییه‌كی‌ ئه‌وتۆی‌ نه‌بوو.  سه‌ره‌ڕای‌ ئه‌وه‌یكه‌ یه‌كیه‌تیی‌ ئورووپا گه‌ڵی‌ جاران خوازیاری‌ ده‌ست پێكردنه‌وه‌ی‌ وتووێژ و دانوستانه‌كان له‌ مه‌ڕ مافی‌ مرۆڤه‌وه‌ بووه‌، به‌ڵام ئێران له‌ درێژه‌دان به‌م وتووێژانه‌ خۆی‌ بوارد. ئه‌م وتووێژانه‌ له‌ ساڵی‌ 2005 به‌ هه‌ڵپه‌سێردراوی‌ مابوونه‌وه‌.

ئه‌نجومه‌نی‌ گشتیی‌ رێكخراوی‌ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان له‌ نوامبری‌ 2005دا بڕیارێكی‌ ده‌ركرد كه‌ ئاماژه‌ی‌ به‌ لایه‌نه‌ به‌رچاوه‌كانی‌ پێشێڵكردنی‌ مافی‌ مرۆڤ و خراپتر بوونی‌ دۆخه‌كه‌ ده‌كرد. به‌ شوێن بانگهێشتنێك دا كه‌ تاران له‌ ساڵی‌ 2006دا بۆ باس و لێدوان له‌مه‌ر میكانیزمه‌ بابه‌تییه‌كانی‌ كۆمیسیۆنی‌ مافی‌ مرۆڤی‌ رێكخراوی‌ نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان كردبووی‌ "یاكین ئارتۆك" هه‌واڵنێری‌ تایبه‌تی‌ بواری‌ توندوتیژی‌ دژی‌ ژنان له‌ فێوریه‌ی‌ 2006دا سه‌ردانی‌ ئێرانی‌ كرد. له‌ راپۆرته‌كه‌ی‌ ئه‌ودا كه‌ مانگی‌ ژانویه‌ی‌ 2006 بڵاوبۆوه‌، هه‌بوونی‌ یاساگه‌لێك بۆ هه‌ڵاواردن و جیاوازیدانان هه‌م له‌ یاسای‌ مه‌ده‌نی‌ و هه‌م له‌ یاسای‌ سزادان و هه‌روه‌ها كه‌موكوڕی‌ له‌ ده‌زگای‌ دادوه‌ری‌دا ئه‌وه‌نده‌ به‌رچاون كه‌ له‌ ئاكام دا پێگه‌ی‌ ژنان لاواز ده‌كه‌ن و نایه‌ڵن به‌هێز بن.

پێوه‌ندیی‌ ئێران و ئامریكا
جیاوازیی‌ بیرورا له‌ كابینه‌ی‌ بووش دا له‌ سه‌ر ئێران هه‌روا درێژه‌ی‌ هه‌یه‌ و پێوه‌ندییه‌كانی‌ ئامریكا و ئێران هه‌روا لاواز ماونه‌ته‌وه‌. وه‌زاره‌تی‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ئامریكا به‌رده‌وام ناڕه‌زایه‌تیی‌ خۆی‌ له‌سه‌ر كرده‌وه‌ی‌ ئێران له‌ بواری‌ مافی‌ مرۆڤ دا ده‌ربڕیوه‌. ئه‌م ناوه‌نده‌ مانگی‌ فێوریه‌ی‌ ساڵی‌ 2006 بودجه‌یه‌كی‌ 75 میلیۆن دۆلاریی‌ پێشنیار كرد به‌ مه‌به‌ستی‌ پشتیوانی‌ و پشتگیری‌ له‌ چالاكییه‌ دێموكراسی‌ خوازییه‌كانی‌ نێو ئێران. به‌ڵام زۆربه‌ی‌ زۆری‌ به‌رهه‌ڵستكارانی‌ سیاسی‌ و چالاكڤانانی‌ مافی‌ مرۆڤ و گۆمه‌ڵگای‌ مه‌ده‌نی‌ به‌ راشكاوی‌ خۆیان له‌م پێشنیاره‌ بوارد و رایانگه‌یاند كه‌ خوازیاری‌ وه‌رگرتنی‌ هیچ چه‌شنه‌ یارمه‌تییه‌كی‌ ماڵی‌ له‌ ئامریكا نین. ده‌وڵه‌تی‌ ئامریكا بۆ ناساندی‌ خاڵه‌كانی‌ پێشێلكردنی‌ مافی‌ مرۆڤ له‌ ئێران دا كه‌ڵكی‌ له‌ ناوه‌نده‌ چه‌ندلایه‌نه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان وه‌رنه‌گرت به‌ڵكوو به‌ پێچه‌وانه‌ هه‌وڵی‌دا یه‌كیه‌تییه‌كی‌ نێونه‌ته‌وه‌یی‌ به‌مه‌به‌ستی‌ دژكرده‌وه‌ به‌ هه‌وڵه‌كانی‌ ئێران بۆ ده‌ست پێڕاگه‌یشتن به‌ چه‌كی‌ ناوكی‌( شتێك كه‌ لێپرسراوانی‌ كۆماری‌ ئیسلامی‌ ره‌دی‌ ده‌كه‌نه‌وه‌) و پشتیوانی‌ له‌ حیزبوڵڵای‌ لوبنان و تاقمه‌ چه‌كدارییه‌كانی‌ فه‌له‌ستین پێك بێنێ‌.

سه‌رچاوه‌: ماڵپه‌ری کوردستان‌وکورد

 سه‌ره‌وه‌. ده‌سپێک.

ئه‌م بابه‌ته‌ چاپ بکه‌!

   ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ هاوڕێکه‌ت بنێره:

© www.giareng.com
All rights reserved 2005.