Ö:: نه‌سرین قاسملوو: كه‌س ناتوانێ‌ وه‌ك قاسملوو بێ‌‌و خو هه‌لواسینیش به‌ قاسملوو خرابكردنی‌ ئه‌و پیاوه‌یه

دیمانه‌: خالید محه‌ممه‌دزاده‌

نه‌سرین قاسملوو:
كه‌س ناتوانێ‌ وه‌ك قاسملوو بێ‌‌و خو هه‌لواسینیش به‌ قاسملوو خرابكردنی‌ ئه‌و پیاوه‌یه‌
خالید محه‌ممه‌دزاده‌
هێلێن قاسملوو كه‌ له‌ ناو كورده‌كانی‌ ئێران به‌
خوشكه‌ نه‌سرین ناسراوه‌ خێزانی‌ دوكتۆر قاسملوو رێبه‌ری‌ تیرۆركراوی‌ حیزبی‌ دێموكراته‌. ئه‌و كه‌ ئێستا 74 سال ته‌مه‌نیه‌تی‌‌و به‌ ته‌نیا له‌ شاری‌ پاریس ده‌ژی‌، خه‌لكی‌ ولاتی‌ چیكه‌، نه‌سرین قاسملوو له‌ یه‌كه‌م چاوپێكه‌وتنی‌ رۆژنامه‌وانی‌ دوای‌ له‌ به‌ر یه‌ك هه‌لوه‌شانی‌ حیزبی‌ دێموكرات، تیشك ده‌خاته‌ سه‌ر ئه‌و رووداوه‌و نایشارێته‌وه‌ كه‌ تا ئێستا كه‌س له‌م حیزبه‌دا نه‌یتوانیوه‌ جێگای‌ مێرده‌كه‌ی‌ بگرێته‌وه‌:

تو چه‌ند ساڵه‌ سه‌فه‌ری‌ كوردستانت نه‌كردوه‌؟
من سالی‌ 1989 بوو واته‌ 17 سال له‌مه‌وپێش بوو كه‌ هاتم بۆ كوردستان كه‌ له‌ گه‌ل دوكتۆر قاسملوو بوم. ئه‌وجاره‌ش نه‌خۆش كه‌وتم. له‌و كاته‌وه‌ تا ئێستا سه‌ردانی‌ كوردستانم نه‌كردوه‌‌و كه‌سیش بانگهێشتمی‌ نه‌كردوه‌ ده‌عوه‌تیش نه‌كراوی‌ له‌ لایه‌ن حیزبی‌ دێموكراته‌وه‌؟ نا، ئه‌وان خۆ له‌ من ناپرسن. منیان هه‌ر له‌ بیر چۆته‌وه‌

خانمی‌ قاسملوو ده‌مه‌وێ‌ له‌ سه‌ردوو كه‌رتبوونی‌ حیزبی‌ دێموكراتی‌ كوردستانی‌ ئێران لێت بپرسم، تو چون زانیت ئه‌م رووداوه‌ له‌ حیزبی‌ دێموكرات رووی‌ داوه‌؟
وه‌لا من له‌ دووره‌وه‌ بیستوومه‌‌و نه‌مزانیوه‌‌و هۆكاره‌كه‌شی‌ نازانم‌و ئه‌ندامی‌ حیزبی‌ دێموكراتیش نیم. له‌ ته‌مه‌نێكیش دام كه‌ هه‌واله‌كانم پێ‌ ناده‌ن. هه‌ر چه‌ند هه‌ر ئینشعاب‌و له‌تبوونێك بۆ من ناخۆشه‌، به‌ تایبه‌ت ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ له‌ حیزبی‌ دێموكرات بێ‌. ئه‌مه‌ كارێكی‌ باش نه‌بوو. ئێستا ئه‌وان هۆكاری‌ پێویستیان پێ‌ بووه‌ یا نا من نازانم ئه‌مه‌ ده‌بێ‌ له‌وان بپرسی‌. هه‌ر چه‌ند پێم وایه‌ ئه‌و ئینشعابه‌ ئه‌ویش به‌م به‌ربلاوییه‌ ده‌ری‌ ده‌خا كه‌ ناو حیزب سالم نه‌بووه‌.

خانمی‌ قاسملوو به‌رای‌ تو هۆكاری‌ ئه‌م له‌ به‌ر یه‌كترازانه‌ ده‌توانێ‌ چی‌ بێ‌؟
كاكه‌گیان! باوه‌ر كه‌ نازانم. ئه‌گه‌ر پێت وایه‌ من شتێك ده‌زانم له‌ هه‌له‌دای‌. به‌ راستی‌ نازانم هۆكاری‌ ئه‌و رووداوه‌ چیه‌؟ منیش تازه‌ بیستم‌و ته‌نیا گوتم سه‌د حه‌یف كه‌ ئه‌م حیزبه‌ دوای‌ ئه‌و هه‌موو كارو زه‌حمه‌ته‌ به‌و جێگایه‌ گه‌یشت كه‌ ئینشعاب تێدا روو بدا. به‌ كورتی‌ من له‌و هه‌واله‌ خۆشحال نیم‌و هۆكاره‌كه‌شی‌ نازانم. كاتێ‌ نه‌زانم له‌ سه‌ر چی‌ بووه‌، ناتوانم رام هه‌بێ‌.

خانم قاسملو لێكترازانی‌ ئه‌مجاره‌ی‌ حیزبی‌ دێموكرات بۆ تو ناخۆش نیه‌؟
من پێم گوتی‌ زۆر به‌ داخم به‌ راستی‌ ده‌ردهێنه‌ره‌. من هێزێكی‌ وام له‌ به‌رده‌ست دا نیه‌ كه‌ بتوانم پێشم به‌و كاره‌ بگردایه‌. به‌ داخه‌وه‌ زۆر ناخۆشه‌ بۆ من. پرسیار ئه‌وه‌یه‌ كه‌ حیزبێكی‌ سیاسی‌ بۆ پێك دێ‌؟ بۆ گه‌له‌كه‌ی‌ پێك دێ‌، كاتێك له‌ نێو حیزب دا شه‌رو هه‌لا پێك دێ‌، واته‌ میلله‌تیان له‌ بیر بردوته‌وه‌، ئه‌مه‌ یانی‌ چی‌؟! به‌ كورتی‌ من كاتێك له‌ كوردستان بووم‌و له‌ گه‌ل دوكتۆر قاسملوو كارم ده‌كرد هه‌میشه‌ ده‌مدی‌ ئه‌و هه‌ولی‌ ده‌دا كه‌ ئه‌م حیزبه‌ یه‌كپارچه‌ بمێنێته‌وه‌. هه‌ر چه‌ند له‌و سه‌رده‌مه‌ش دا كه‌سانێك جیابوونه‌وه‌. به‌لام ئێستا زۆر ناخۆشه‌ دوای‌ ئه‌و هه‌موو ساله‌ ده‌ربه‌ده‌ری‌‌و بێ‌ ده‌ره‌تانی‌ حیزب گه‌یشتبووه‌ جێگایه‌ك كه‌ ئێستا ئه‌مه‌ وه‌زعییه‌تی‌. من نازانم له‌مه‌ زیاتر چی‌ به‌ تو بلێم.

ئۆپۆزیسیونی‌ ناو حیزبی‌ دێموكرات، ئاغای‌ هیجری‌ به‌وه‌ تاوانبار ده‌كه‌ن كه‌ هه‌موو ده‌سه‌لاته‌كانی‌ قه‌بزه‌ كردوه‌و له‌ راستای‌ پێشێلكردنی‌ بنه‌ماكانی‌ دێموكراسی‌ هه‌نگاوی‌ ناوه‌ ئه‌مه‌ له‌ پال ئه‌وه‌دا تاوانباری‌ ده‌كه‌ن به‌ ئه‌نجامی‌ هه‌له‌ی‌ سیاسی‌، تو له‌مباره‌یه‌وه‌ ده‌لێی‌ چی‌؟
من هیچ ناسینێكم له‌و باره‌یه‌وه‌ نیه‌. راستیشت ده‌وێ‌ نامه‌وێ‌ بزانم، ئه‌گه‌ر توانام هه‌بوایه‌ كه‌ نیمه‌ هه‌ولم ده‌دا پێشم به‌و كارانه‌ بگردایه‌، به‌لام ئێستا كه‌ وه‌زعه‌كه‌ وایه‌ نامه‌وێ‌ هیچ شتێك ببیستم چونكه‌ به‌ راستی‌ بۆ من ئازار هێنه‌ره‌. به‌ هه‌ر حال نه‌ده‌بوا وا بوایه‌.

باشه‌ دوای‌ شه‌هید بوونی‌ دوكتۆر قاسملو پێوه‌ندیی‌ رێبه‌رانی‌ حیزبی‌ دێموكرات له‌ گه‌ل چون بووه‌؟
من ئه‌ندامی‌ حیزبی‌ دێموكرات نیم. هێندێ‌ جار كاك مسته‌فا هیجری‌‌و كاك عه‌بدوڵا حه‌سه‌ن زاده‌ سه‌ردانم ده‌كه‌ن یا ته‌له‌فوونم بۆ ده‌كه‌ن، به‌لام ئه‌مه‌ زۆر به‌ كه‌می‌ روو ده‌دا. باشه‌ كاكی‌ خۆم  ئه‌وان چ كارێكیان به‌م پیره‌ژنه‌ هه‌یه‌؟! تازه‌ ته‌مه‌نی‌ من به‌ سه‌ر چووه‌(پێكه‌نین(.

من بیستوومه‌ تو گله‌ییت زۆره‌ له‌ رێبه‌رانی‌ حیزبی‌ دێموكرات؟
ئاخر من له‌ كوێ‌ شكایه‌تیان لی‌ َبكه‌م. من شوێنێكم نیه‌ كه‌ شكایه‌تیان لێ‌ بكه‌م. پاشان به‌ راستی‌ من راستییه‌كانی‌ ئه‌وێ‌ نازانم. چونه‌ ئه‌گه‌ر راستییه‌كانم بزانیایه‌ پێش ئه‌وه‌ی‌ شكایه‌تیان لێ‌ بكه‌م، به‌ خۆیانم ده‌گوت. من به‌ داخه‌وه‌ هۆكاره‌كانی‌ ئه‌م له‌تبوونه‌ نازانم. من كاك مسته‌فا‌و مامۆستا زیاتر له‌ بیست ساله‌ ده‌ناسم ئێنسانی‌ باشن، به‌لام به‌ راستی‌ له‌ باری‌ كاری‌ سیاسیانه‌وه‌ من هیچ نازانم. ئه‌وانیش ناتوانن دوكتۆر قاسملو بن. رێبه‌رانی‌ ئێستای‌ حیزبی‌ دێموكرات ناگه‌ن به‌ دوكتۆر قاسملوو.

تو چه‌ قسه‌یه‌كت هه‌یه‌ بۆ هه‌ر دوو بالی‌ لێكدابراوی‌ حیزبی‌ دێموكرات؟
كاك خالید! بریا ئه‌م پرسیاره‌ت زووتر بكردایه‌ تا خۆم ئاماده‌ بكردایه‌. به‌لام من ئاواتم ئه‌وه‌یه‌ زیاتر له‌ فیكری‌ میلله‌ت دا بن.  نێو خوی‌ حیزب سالم بێ‌. ئه‌گه‌ر سالم نه‌بێ‌ ئینشعاب رووده‌دا. ئه‌م ئینشعابه‌ به‌ من ده‌لێ‌ كه‌ شتی‌ ناسالم له‌ ناو حیزبی‌ دێموكرات دا بووه‌. منیش ئاواتم ئه‌وه‌یه‌ شته‌ ناسالمه‌كانی‌ ناو حیزب لابچن‌و پێكه‌وه‌ یه‌كگرتوو بن‌و ده‌ست له‌م كارانه‌ هه‌ڵبگرن. ببوره‌ من ئێستا ره‌نگه‌ نه‌توانم وه‌لامێكی‌ وات بده‌مه‌وه‌ به‌لام ده‌بوا پێكه‌وه‌ دیارده‌ ناشیرینه‌كانی‌ حیزب یان لاببردایه‌‌و پێكه‌وه‌ هاوكاری‌ یه‌كتریان بكردایه‌. ئه‌مه‌ به‌ قازانجی‌ میلله‌ت ده‌بوو. ده‌بێ‌ له‌ فیكری‌ میلله‌ت دا بن، نه‌ك دیارده‌ی‌ ناسالم له‌ حیزب دا پێك بێنن. به‌ رای‌ من ئه‌مه‌ كارێكی‌ باش نیه‌. دیارده‌ ناسالمه‌كانی‌ حیزبیش به‌م ئینشعابه‌ چاره‌سه‌ر نابن.

خانمی‌ قاسملو به‌ رای‌ تو حیزبی‌ دێموكرات دوای‌ مه‌رگی‌ قاسملوو توانیویه‌ درێژه‌ پێده‌ری‌ رێبازه‌كه‌ی‌ بێ‌؟
وه‌لامدانه‌وه‌ به‌م پرسیاره‌ زۆر سه‌خته‌. من توانایی‌ رێبه‌ریی‌ ئه‌مانه‌م تا ئێستا نه‌دیوه‌‌و ناتوانم له‌و باره‌یه‌وه‌ رایه‌كی‌ باشم هه‌بێ‌. ده‌توانم حه‌دس لێ‌ بده‌م، به‌لام حه‌دس له‌ سیاسه‌ت دا جێگای‌ نیه‌. به‌ داخه‌وه‌ من ناتوانم ئه‌و وه‌لامه‌ی‌ تو ده‌ته‌وێ‌ بیده‌مه‌وه‌. به‌لام قاسملوو شتێكی‌ دیكه‌ بوو كه‌ تێگه‌یشتن له‌ ئه‌فكاری‌ كاری‌ هه‌موو كه‌س نیه‌.

خانمی‌ قاسملوو ئه‌و له‌تبوونه‌ی‌ ئه‌مجاره‌ نیشانه‌ی‌ نه‌بوونی‌ دێموكراسی‌ له‌ ناو خوی‌ ئه‌و حیزبه‌ نیه‌؟
ئه‌گه‌ر له‌ كوردستان بوایه‌تم‌و شاهیدی‌ كاره‌كانیان بوایه‌م ده‌متوانی‌ وه‌لام بده‌مه‌وه‌. به‌لام من له‌ كوردستان نیم‌و كاره‌كانیان نابینم. ده‌توانم فیكر بكه‌مه‌وه‌، به‌لام ناتوانم وه‌لامی‌ دروست بده‌مه‌وه‌. هه‌ر چه‌ند خودی‌ دێموكراسی‌ واته‌ كۆكردنه‌وه‌ی‌ زۆرترین جیاوازی‌‌و دوزینه‌وه‌ی‌ میكانیزمێك بۆ پێكه‌وه‌ ژیان كردن. ئه‌گه‌ر دێموكراسی‌ هه‌بێ‌ یه‌كتر قبوول كردن ده‌بێ‌.
حیزبی‌ دێموكرات دوای‌ مه‌رگی‌ قاسملوو به‌ ئه‌ندازه‌ی‌ پێویست لاواز بووه‌.

ئه‌و له‌تبوونه‌ی‌ ئه‌مجاره‌‌ ئه‌م حیزبه‌ لاوازتری‌ ناكا‌و نایكا به‌ حیزبی‌ دووهه‌م له‌ كوردستان؟
تو وا پرسیار له‌ من ده‌كه‌ی‌ ده‌لێی‌ من له‌ كوردستانم(پێكه‌نین) باوه‌ركه‌ من نازانم ئه‌وان له‌ حیزبی‌ دێموكرات چی‌ ده‌كه‌ن. خو به‌ من هیچ نالێن. ئه‌گه‌ر منیان بیر بكه‌وێته‌وه‌ دێن هێندێ‌ شت به‌ من ده‌لێن، به‌لام قسه‌ قسه‌یه‌‌و عه‌مه‌ل عه‌مه‌ل. من نازانم چی‌ ده‌كه‌ن. من ئاواتم ئه‌وه‌یه‌ ئه‌وان هه‌له‌كانی‌ خۆیان راست بكه‌نه‌وه‌.

تو ناته‌وێ‌ نوسین‌و به‌لگه‌نامه‌كانی‌ دوكتۆر قاسملو كۆ بكه‌یته‌وه‌؟
نوسینه‌كانی‌ دوكتۆر قاسملوو هه‌موو لای‌ حیزبی‌ دێموكراته‌. من ته‌نیا ئه‌و كتێبه‌م لایه‌ كه‌ پێشتر به‌ چه‌ندین زمان بلاوكراوه‌ته‌وه‌. هه‌موو شته‌كانی‌ لای‌ حیزبی‌ دێموكراته‌‌و ئه‌وان ده‌بێ‌ ئه‌و كاره‌ بكه‌ن، به‌لام وادیاره‌ له‌ به‌ر شه‌ری‌ ناو خۆیان فریای‌ هیچ ناكه‌ون.

تو ناته‌وێ‌ سه‌ردانی‌ كوردستان بكه‌ی‌؟
دیاره‌ ویستن شتێكه‌و توانین شتێكی‌ دیكه‌یه‌. من زۆر له‌ش ساغ نیم. ئێستا حه‌ب ده‌خۆم. ئینشالله‌ له‌ داهاتوودا بتوانم بێم. من هه‌میشه‌ پێم خوش بووه‌ سه‌ردانی‌ كوردستان بكه‌م، به‌لام ده‌بێ‌ له‌ فیكری‌ له‌شساغی‌ خۆشم دا بم.

خانمی‌ قاسملوو هه‌ر چه‌ند به‌ قسه‌كانت را دیاره‌ زۆر ئاگاداری‌ حیزبی‌ دێموكرات نیت، به‌لام ویستم بپرسم جیاوازی‌ رێبه‌رانی‌  ئێستای‌ حیزبی‌ دێموكرات له‌ گه‌ل دوكتۆر قاسملو سكرتێری‌ پێشووی‌ ئه‌م حیزبه‌ له‌ چی‌ دایه‌؟
پرسیاره‌كانت زۆر جیدی‌‌و سه‌خته‌. نازانم چی‌ بلێم له‌ سه‌ر رێبه‌رانی‌ ئێستای‌ حیزب. راسته‌ ئه‌وان خوێندوویانه‌‌و شت ده‌زانن. هه‌ر چه‌ند من نامه‌وێ‌ له‌ سه‌ریان قسه‌ بكه‌م. تو باشتر له‌ من  ده‌یانناسی‌. به‌لام دوكتۆر قاسملوو هه‌ر له‌ مندالییه‌وه‌ زیره‌كییه‌كی‌ هه‌بوو كه‌ زوو شت فێر ده‌بووو به‌ كاری‌ ده‌برد. بۆیه‌ خه‌ڵك پێیان خوش بوو قسه‌كانی‌ ببیستن‌و رێزیان لێ‌ ده‌گرت. ئه‌و زانكۆی‌ ته‌واو كردبوو له‌ چه‌ندین ولات. له‌ بواری‌ دیبلۆماسی‌ زۆر زیره‌ك بوو كه‌ له‌ ئێستای‌ حیزب كه‌سی‌ وا نابینم. هێندێ‌ شتی‌ هه‌بوو كه‌ رێبه‌رانی‌ ئێستای‌ حیزب نیانه‌. رنگه‌ جیاوازییه‌كه‌ی‌ له‌ مه‌دا بێ‌. دوكتۆر قاسملوو له‌ ناو خه‌لكی‌ ساده‌ش به‌ ساده‌یی‌ ره‌فتاری‌ ده‌كرد خوی‌ نیزیك ده‌كرده‌وه‌ له‌ خه‌لك. من ره‌فتاری‌ رێبه‌رانی‌ ئێستا حیزب نازانم چیه‌. به‌لام پێم وایه‌ دوكتۆر قاسملو زۆر شتی‌ هه‌بوو كه‌ ده‌بوا رێبه‌رێك هه‌یبوایه‌. به‌ كورتی‌ من پێم وایه‌ كه‌سی‌ تر ناتوانێ‌ جێگای‌ قاسملوو بگرێته‌وه‌‌و كه‌سیش ناتوانێ‌ وه‌ك ئه‌و بێ‌‌و خو هه‌لواسینیش به‌ دوكتۆر قاسملوو خرابكردنی‌ ئه‌و پیاوه‌یه‌.

تو وه‌زعی‌ ئێستای‌ حیزبی‌ دێموكرات‌و كوردی‌ ئێران چون ده‌بینی‌؟
من باوه‌رم وایه‌ رۆژێك كورده‌كانی‌ ئێران به‌ دێموكراسی‌ ده‌گه‌ن‌و حیزبی‌ دێموكراتیش ده‌گه‌رێته‌وه‌ جێگای‌ خوی‌.

چونكه‌ ئێستا حیزبی‌ دێموكرات ناتوانێ‌ وه‌لامده‌ر بێ‌. تو ده‌زانی‌ له‌ ئێران كورده‌كان ناتوانن به‌ زمانی‌ خۆیان بخوێنن. به‌لام كورده‌كانی‌ عێراق ئێستا وه‌زعیان گۆراوه‌‌و ده‌توانن بۆ خۆیان بژین‌و بخوێنن كه‌ ئه‌مه‌ ئاواتی‌ من بوو.

بۆ ده‌بێ‌ كوردی‌ ئێران نه‌توانێ‌ ئه‌و ده‌سكه‌وتانه‌ی‌ كه‌ براكانیان له‌ عێراق پێی‌ گه‌یشتوون، پێی‌ بگه‌ن؟ من به‌ راستی‌ هیچ كات نائۆمید نه‌بووم‌و نابم. پێم وایه‌ كوردی‌ ئێران رۆژێك به‌ سه‌ركه‌وتن ده‌گا.

تو له‌ رێگای‌ ئه‌م دیمانه‌یه‌وه‌ چ قسه‌یه‌كت هه‌یه‌ بۆ خه‌لكی‌ كوردستان؟
من عاشقی‌ خه‌لكی‌ كوردستانم. زۆریانم خوش ده‌وێ‌. من چونكه‌ خوشیانم ده‌وێ‌ دمه‌وێ‌ بلێم كه‌ وریای‌ خۆیان بن. باش بیر بكه‌نه‌وه‌ كه‌ چیان ده‌وێ‌. چونكه‌ له‌ ولاتێك دا ده‌ژین كه‌ دێموكراسی‌ تێدا نیه‌. هه‌ر چه‌ند حیزبی‌ تریش هه‌یه‌. به‌لام حیزبێكی‌ دێموكراتیان هه‌یه‌ كه‌ ئه‌وانی‌ تا ماوه‌یه‌كی‌ باش رێبه‌ری‌ كردوه‌، ئێستا كه‌ حیزب كه‌وتوته‌ ئه‌و حاله‌ته‌وه‌ خه‌لك ده‌بێ‌ هاوكاری‌ حیزب بكه‌ن بۆ چاره‌سه‌ر كردنی‌ ئه‌و كێشه‌یه‌. خه‌لكیش ده‌بێ‌ ناره‌زایه‌تی‌ خۆیان بگه‌یه‌نه‌ هه‌ر دوو رێبه‌ری‌ حیزب كاك مسته‌فا‌و كاك عه‌بدولا‌و پێیان بلێن لێتان نارازین‌و پێشم خوشه‌ سلاوی‌ من بگه‌ینیته‌ خه‌لكی‌ كورستان

سه‌رچاوه‌: وێبلاگی دیدار

 سه‌ره‌وه‌. ده‌سپێک.

ئه‌م بابه‌ته‌ چاپ بکه‌!

   ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ هاوڕێکه‌ت بنێره:

© www.giareng.com
All rights reserved 2005.