Ö:: نه‌ته‌وه‌یه‌کی گه‌وره‌ له‌ قه‌باره‌و بچوک له‌ ده‌سه‌ڵات .. !!

نووسینی: م . حه‌مید عه‌زیز

(( سه‌ربه‌خۆیی و سه‌رفرازی نه‌ته‌وه‌یه‌ک قه‌بارره‌و گه‌وره‌یی ناوێ له‌ هێزدا .. باشی و سه‌ر ڕاستیی ئێستاو مێژووی ڕابردووی دوێنێی سه‌رکرده‌ی ده‌وێ )) . به‌هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌کی خنکاو بڵێی چیت ده‌وێ .؟. ده‌ڵێ : هه‌ناسه‌ ..!! . ئێمه‌ی نه‌ته‌وه‌ی ژێر ده‌ست و بێکه‌س له‌مێژه‌ وێڵی هه‌ناسه‌ین هه‌تا ئێستا هه‌ر ده‌ست به‌ چڵ و‌ گه‌ڵای دارانه‌وه‌ ده‌گرین که‌ نه‌خنکێین چونکه‌ بێ سه‌رپه‌رشت و بێ سه‌رکرده‌و بێ باوکێکی دڵسۆزین . ئێمه‌ی کورد له‌ مێژه‌ ده‌مانه‌وێ بزانین بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌کی وا گه‌وره‌ی‌ وه‌کو کورد‌ و خاکێکی واگه‌وره‌ی‌ وه‌ک و کوردستان بۆچی دوای سه‌ده‌یه‌ک شۆڕش و به‌رخۆدان نه‌بووین‌ به‌ ده‌ووڵه‌ت .؟. یان هه‌ر نه‌بێ ده‌سه‌ڵاتێکی بچووکی ناوخۆیی بۆ وێنه‌ وه‌ک و به‌ڕێوه‌بردنی یان ده‌سه‌ڵاتی خۆیی ( الحکم الذاتي ) یان فیدراڵی یان کۆن فیدڕاڵی. باسی سه‌ربه‌خۆیی ناکه‌م چونکه‌ به‌شایه‌تی هه‌موو میلله‌تی کورد له‌سه‌رکرده‌ دیاره‌کانی کوردستان چه‌ند جارێک دووپاتی ده‌که‌نه‌وه‌و ده‌ڵێن: به‌هیچ شێوه‌یه‌ک داوای سه‌ربه‌خۆیی ناکه‌ین بۆ گه‌لی کورد.!. به‌ڕاستی جێی سه‌رسوڕمان و ئه‌سه‌فه‌ ئه‌م ووته‌یه‌ .. چونکه‌ کامه‌ پێشمه‌رگه‌و خه‌ڵک و پیرو جوان و ژن و پیاوو شه‌هیدی کوردستان ئاواتی سه‌ربه‌خۆیی کوردستان نه‌بووه‌.؟. کامه‌ تاکی کورد یان میلله‌تانی تری جیهان به‌گه‌نج و پیرو ژن و پیاوه‌وه‌‌ حه‌ز به ‌سه‌ربه‌خۆیی ووڵاتی خۆیان ناکه‌ن .؟. مه‌گه‌ر یه‌کێ له‌منداڵی یه‌وه‌ هه‌ر به‌کاسه‌لێسی و چڵکاوخۆری په‌روه‌رده‌ کرابێ یان *( ... ) به‌ڵام به‌ڕای من ئه‌گه‌ر خاتریان بگرین ئه‌ڵێین ووته‌و په‌یامی ئه‌م سه‌رکردانه‌ به‌و جۆره‌ لاوازی یه‌ له‌به‌رخاترو دڵ نه‌ڕه‌نجاندنی دووژمنانه‌ .!. جا ئه‌گه‌ر خۆیان ووتیان وانی یه‌ .. که‌واته‌ خراپتر له‌بۆچوونه‌که‌ی ئێمه‌یه‌ و سه‌رکرده‌کان‌ خۆیان ناپاکن و حه‌ز به‌ ئازادی گه‌ل و نیشتمانه‌که‌یان ناکه‌ن . ده‌نا بۆ نابێت سه‌ربه‌خۆ بین خۆ ئێمه‌ خوێنی هێنده‌ی دوو نه‌ته‌وه‌شمان داوه‌ بۆ سه‌ربه‌خۆیی مرۆڤیش یه‌کجار ده‌ژی با کوردیش به‌ڕێزو گه‌وره‌یی و هاووڵاتی بوونی خۆیه‌وه‌ بژی و بمرێ . له‌و نمونانه‌شمان هه‌یه‌ که‌ زۆربه‌ی سه‌رکرده‌کانی دنیا شۆڕشگێڕو پڕۆلیتار بوون له‌کاتی خه‌بات و تێکۆشاندا هه‌تا پێویستییان به‌خه‌ڵک هه‌بووه‌ .. به‌ڵام دووای ڕزگاربوون بوون به‌ دیکتاتۆرو زاڵم و سه‌رمایه‌دار بۆ نه‌ته‌وه‌ سته‌م دیده‌که‌یان بۆ نموونه‌ وه‌کو: فیدڵ کاسترۆی سه‌رۆکی کوبای ئێستا که‌ نیو سه‌ده‌یه‌ میلله‌ته‌که‌ی ئه‌چه‌وسێنێته‌وه‌ و له‌ نزمترین پله‌ی ئاستی ئابووریدا ده‌ژین و ئاواره‌ی ووڵاته‌ یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکایان ده‌کات و یه‌کێکه‌ له‌و سه‌رکرده‌ دیکتاتۆرییانه‌ی که‌ نزیکترین که‌سی خۆی که‌ کچه‌که‌یه‌تی له‌ بێویژدانی و زاڵمی باوکی ڕای کردووه‌ ئێستا له‌ ئه‌مه‌ریکا ده‌ژی و ده‌ڵێ : هه‌تا باوکم له‌سه‌ر حوکوم بێت هه‌رگیز ناگه‌ڕێمه‌وه‌ بۆ کوبا. کوردستان و کورد خاک و میلله‌تێکه‌ به‌خوێنی ڕۆڵه‌کانی خۆی دنیای تێگه‌یاندووه‌ که‌ نه‌ته‌وه‌یه‌کی زیندووه‌ ژێرده‌ستیی قبوڵ نی یه‌. پێویسته‌ ئێمه‌ی کورد له‌ئاستی ئه‌و هه‌موو خوێن و گیان فیداکارییه‌ی که‌ نه‌ته‌وه‌که‌مان پێشکه‌شی کردووه‌ له‌پێناوی سه‌ربه‌خۆیی و ئازادی مرۆڤ و تاکی کورد شه‌رم بمانگرێ و ڕازی نه‌بین سه‌رکرده‌ی وا ترسنۆکمان هه‌بێ و دووژمنی ئێمه‌و هاوڕێ و دۆستی دووژمنانمان بێت .. به‌هیچ شه‌رع و یاسایه‌ک ئه‌و سه‌رکرده‌یه‌ ناگوونجێ بۆ میلله‌تێکی هه‌ژارو برسی و ژێرده‌ست خۆیشی یه‌کێک له‌ هه‌ره‌ گه‌وره‌ترین‌ سه‌رمایه‌دارانی دنیا بێت. کام میلله‌تی سه‌ر زه‌مین هێنده‌ی کورد ئازاو به‌جه‌رگ و خوێنی به‌خشیووه‌ له‌ پێناو سه‌ربه‌خۆیی و سه‌رفرازی خۆی و خاکه‌که‌ی و نه‌وه‌ی داهاتووی .

به‌ڵام میلله‌تی ئاواو سه‌رکرده‌ی ئاوا به‌ڕاستی خۆ ڕۆشنبیر کردنی ده‌وێ و چاوکراوه‌یی و خوێندنه‌وه‌و تێکۆشانی پێگه‌یشتن له‌ ڕۆشنفیکری و به‌ره‌و پێش بردنی هۆش و بیری مرۆڤی کورد له‌ خوێندنه‌وه‌ی زۆرو خۆ ڕاهێنان بۆ ڕۆژانه‌ ڕۆژنامه‌ خوێندنه‌وه‌و .. هتد. نه‌ک که‌ سه‌رکرده‌ به‌و هه‌موو که‌م و کووڕی یه‌وه‌ هه‌ر که‌ ده‌رکه‌وت بیکه‌ن به‌ چه‌پڵه‌ ڕێزان و ماستاو کردن بۆی. ناشرینترین و قێزه‌ونترین کاری سه‌رکرده‌کانی ئێستای ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و کوردستان به‌وه‌وه‌ ناوه‌ستن که‌ خۆیان خراپ و دیکتاتۆرو تاک ڕه‌ون به‌ڵک و بیریان له‌وه‌ کردۆته‌وه‌ که‌ دووای خۆیان کوڕه‌کانیان بێنه‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵات و به‌هه‌مان شێووه‌ وه‌ک و خوایه‌کی پیرۆز بۆ پاراستنی بنه‌ماڵه‌و به‌رژه‌وه‌ندی که‌مه‌ڵێ خزم و که‌سی نزیک له‌و بنه‌ماڵه‌یه‌ .. ئه‌م سیستمی کوڕو باوکه‌ ترسناکترین سیستمی خوێن ڕێژی و تاک ڕه‌وی یه‌ که‌نابێ به‌هیچ شێوه‌یه‌ک خه‌ڵکی له‌م ناوچه‌یه‌ ئه‌م سیستمه‌ قبووڵ بکات .. چونکه‌ کوڕه‌ ناسک و نازداره‌کانی جه‌نابی سه‌رکرده‌کان که ‌نه ‌له‌ڕۆژهه‌ڵات و نه‌ له‌ کوردستان ژیاون هه‌تا له‌ئازاری میلله‌تی خۆیان بگه‌ن هه‌ر له‌ ئه‌مریکاو ئه‌وروپا به‌ پاره‌ی میلله‌ته‌ هه‌ژاره‌که‌یان که‌ جه‌نابی سه‌رکرده‌ ڕه‌وانه‌ی ده‌کات ژیاون و باشترین ژیان و ئۆتۆمبێل و ئافره‌ت و .. هتد.‌ به‌دڵنیاییه‌وه‌ کوڕی سه‌رکرده‌ی زاڵم و ناحاڵی هه‌ر زاڵمه‌ ، چونکه‌ باوکی تێیده‌گه‌یه‌نێت و ده‌ڵێ : کوڕی خۆم ئه‌م میلله‌ته‌ زۆر به‌سه‌زمان و هه‌ژاره‌ تۆ له‌لای ئه‌وان زۆر پیرۆزی چونکه‌ کوڕی منی ، ئه‌گه‌ر هه‌رکه‌س به‌غیلی پێ بردی له‌ ملی بده‌ چونکه‌ ئه‌وانه‌ی که‌ ڕه‌خنه‌ت لێده‌گرن و ئامۆژگاری میلله‌ت ده‌که‌ن که‌ خوێنده‌وارو ژیر بن ئه‌وانه‌‌ دووژمنی تۆن، نابێت که‌سێک بێت ئه‌و میلله‌ته‌ فێری خوێنده‌واری و مه‌ده‌نی یه‌ت و پێشکه‌وتن بکات چونکه‌ له‌زه‌ره‌ری ئێمه‌یه‌‌ کوڕی خۆم. له‌سه‌ده‌کانی نۆزده‌و بیست و سه‌ره‌تای بیست و یه‌کیش کورد شۆڕش و خوێن و شه‌هیدو ماڵوێرانی و منداڵی هه‌تیوو بێوه‌ژنی هێنده‌ی بارستایی مێژووی نه‌ته‌وه‌یه‌کی سه‌رده‌ست هه‌یه‌و بگره‌ زیاتریش .. له‌و شۆڕش و خه‌بات و سه‌رکردانه‌ش‌ : شێخ سه‌عیدی پیران و عه‌بدولسه‌لام و شێخ ئه‌حمه‌دی بارزان و شێخ مه‌حمودی حه‌فیدو قازی محه‌مه‌دی کۆماری کوردستان و بارزانی نه‌مرو ... هتد. ئه‌م شۆڕشه‌ یه‌ک له‌دووا یه‌کانه‌ که‌مێژوو شایه‌تی له‌سه‌ر ده‌دات به‌ ڕووباری خوێندا تێپه‌ڕبووه‌ و له‌سه‌ر خوێن و ژیانی میلله‌تی کورد ڕۆیشتووه‌و کراوه‌ . که‌چی زۆر به‌ئاسانی سه‌رکرده‌یه‌کی کورد دێت و به‌ئاره‌زووی خۆی ڕه‌نج و خه‌باتی میلله‌تی کورد ده‌خه‌مڵێنێ و ده‌یفرۆشێ ته‌نها له‌به‌ر سه‌لامه‌تی خۆیی و بنه‌ماڵه‌که‌ی . یان دووای ئه‌و هه‌موو خوێن ڕشتن و ماڵوێرانی یه‌ سه‌رکرده‌ی پاڵه‌وان و ئازا ده‌ڵێ : ئێمه‌ هه‌رگیز داوای سه‌ربه‌خۆیی ناکه‌ین حه‌زمان لێ یه‌ هه‌ر له‌ چوارچێوه‌ی وێنه‌که‌ی خوابیپارێزێ دوور نه‌که‌وینه‌وه‌.!. ئه‌ی که‌واته‌ خوێنی میلله‌تێک لای تۆ ئاوه‌ یان ڕه‌نج و تێکۆشانه‌کانی خوێن و خه‌باتی میلله‌تێکی زووڵم لێکراوی وه‌ک و کورد یاری کردن و سوعبه‌ت و خۆشی یه‌ بۆ تۆ ئه‌ی جه‌نابی سه‌رۆک .!؟. ئه‌گه‌ر ئه‌و سه‌رکرده‌یه‌ ئه‌نجامی ده‌نگ دانێک یان ڕا له‌سه‌ر بوونێکی ووته‌که‌ی له‌لابێت که‌ زۆرینه‌ی میلله‌ت ده‌یه‌وێ وابێ و ئه‌رێی بۆ کردبێ ئه‌وه‌ هه‌قی خۆیه‌تی ئه‌و قسه‌یه‌ بکات ، به‌ڵام من دڵنیام که‌ هه‌ر تاکێکی کورد لێی بپرسی بۆ سه‌ربه‌خۆیی کوردستان به‌ دڵ پڕی و موچڕکه‌یه‌کی خۆشیش به‌هه‌موو گیانیدا گوزه‌ر ده‌کاو ده‌ڵێ : سه‌رم له‌ڕێگای ئه‌م نیشتمانه‌یه‌‌ بۆ یه‌ک هه‌ناسه‌ی سه‌ربه‌خۆیی و ئازادی کوردستان ده‌مرم و بۆ جوانی باڵایشی ده‌ژیم . لێره‌دا پێم خۆشه‌ واز له‌م پێشه‌کی یه‌ بێنم و پێویست ‌زیاتر به‌ به‌ڵگه‌ ناکات که‌بمانه‌وێ بڵێین مرۆڤی کورد حه‌ز به‌ ژیانی ژێرده‌سته‌یی ده‌کات یان به‌ ژیانی سه‌ربه‌ستی و سه‌ربه‌خۆیی. ‌به‌ نه‌ته‌وه‌یه‌کی خنکاو بڵێی چیتان ده‌وێ خه‌ڵکینه‌.؟. هه‌موو به‌ یه‌ک ده‌نگ ده‌ڵێن: هه‌ناسه‌. هه‌ناسه‌ش وواتای ژیان و ژیانش وواتای تایبه‌تمه‌ندی و ئازادی و سه‌ربه‌خۆبوونه‌ بۆ مرۆڤی هۆشمه‌ند  .

ئێمه‌ی کورد دووژمنانمان سه‌رسه‌ختترین و دوواکه‌وتوترین و ڕه‌گه‌زپه‌ره‌ستترین ده‌سه‌ڵاتن   له‌ جیهاندا و به‌درێژایی مێژووی زیاتر له‌سه‌ده‌یه‌ک میلله‌تی کورد وه‌ک نه‌ته‌وه‌ چه‌وساوه‌ته‌وه‌ و کوردستانیش وه‌ک و خاک به‌ش به‌ش کراوه‌ . ئێمه‌ بێجگه‌ له‌ دووژمنی چوارده‌ورمان که‌ بریتین له‌ ده‌سه‌ڵاته‌کانی عاره‌ب و تورک و فارس ( عاتوفا ). ووڵاته‌ زل هێزه‌کانی دنیاش تاوانبارن له‌ ژێرده‌سته‌یی و سه‌رکووت کردنی ئێمه‌و دابه‌شکردنی خاکه‌که‌مان و به‌فیڕۆدانی به‌روبوومی ئابووری ووڵاتمان .. نمونه‌ش بۆ ئه‌وه‌ ووڵاتی گه‌وره‌ی به‌ریتانیایه‌ که ‌له‌ سه‌رده‌می مێجه‌رسۆن و له‌ دووای جه‌نگی جیهانی یه‌که‌مه‌وه‌ له‌به‌رواری 1921 ه‌وه‌ له‌گه‌ڵ مه‌لیک مه‌حمودا شه‌ڕی ‌کردووه‌و به‌ فڕۆکه‌کانی شاری سلێمانی بۆردومان ‌کردووه‌و دابه‌ش کردنی کوردستانیش هه‌ر له‌سه‌ر ده‌ستی ووڵاتی به‌ریتانیادا بووه‌. هۆکه‌یشی ئه‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی که‌ کوردستان نیشتمانێکی ئێجگار ده‌ووڵه‌مه‌ندو نه‌وتاووی و به‌پیته‌ له‌باری کشتوکاڵی و ده‌ووڵه‌مه‌نده‌ له‌باری ئابووری یه‌وه‌ . ئێمه‌ بێجگه‌ له‌وه‌ی دووژمنمان زۆره‌ و کاریان تێکردووین به‌ڵام له‌هه‌مووی کاره‌سات و ماڵ وێرانتر ئه‌وه‌یه‌ که‌ خۆمانین ڕێک ناکه‌وین و هه‌میشه‌ ئاغاو سه‌رکرده‌مان زۆرو زه‌وه‌نده‌و زۆربه‌شمان جاسووس و پیاو خراپین به‌سه‌ر میلله‌تی خۆمان و ووڵاته‌که‌مانه‌وه‌ .. نموونه‌ی فایلدارو خیانه‌تکارمان زۆره‌ .. به‌کورت و کرمانج ئاغامان زۆره‌و مسکێنیش که‌م ئه‌مه‌ش له‌زه‌ره‌ری کوردوکوردستانه‌و ده‌بێ ڕێگا چاره‌ی بۆ بدۆزینه‌وه‌ .‌ کوردیش ووتویه‌تی : ( من ئاغاو تۆ ئاغا کێ ڕاخه‌رمان بۆ ڕاخا ) .  به‌ خوێندنه‌وه‌و خۆ ڕۆشنبیر کردن و خه‌باتی ڕۆشنفیکری و پێنووس و گۆڕینی هۆش و بیرو .. په‌روه‌رده‌ی خه‌ڵکی کورد به‌ شێوه‌یه‌کی زانستیانه‌و مۆدێرن که‌ فێری ئه‌وه‌ ببین خه‌ڵکی شیاو هه‌ڵبژێرین بۆ کاری شیاو ‌، ئه‌وکات خیانه‌ت نامێنێ و ووڵاتیش سه‌ربه‌خۆو ئاوه‌دان ده‌بێت خه‌ڵکیش به‌ئاسووده‌یی و سروشتی ژیان ده‌باته‌ سه‌ر . که‌واته‌ هۆکاری سه‌ره‌کی و یه‌که‌م ..‌ دووژمنانی کوردن‌ که‌ ئێمه‌ ژێرده‌ست و دواکه‌وتوو نه‌خوێنده‌وارین ، هۆکاری دووه‌میش .. سه‌رکرده‌کان و خۆمانین که‌ یه‌ک نین و پشتی یه‌ک ناگرین و دۆست کوژو دووژمن دۆستین . هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌کی ژێر ده‌ستی ئه‌م جیهانه که‌ سه‌رکرده‌ی ناپاک و گه‌لی گه‌مژه‌و خۆشباوه‌ڕو نه‌خوێنده‌وار بێت ‌ئه‌نجامی شۆڕشه‌کان و خوێن و تێکۆشانه‌کانی به‌ فیڕۆ ده‌ڕوات . بۆیه‌ پێویسته‌ ووریاو به‌ ئاگا بین .

* ) ... ) : ئه‌م هێما‌یه‌ له‌باتی ووشه‌ی جاشه‌ .. من زۆر پێم گرانه‌ که‌ ووشه‌ی ناوی گیانله‌به‌رێکی بێ گووناح بشوبهێنم به‌ خیانه‌تکارو پیاو خراپ . هیوادارم نووسه‌ره‌کانی تریش ووشه‌ی جاش که‌ بێچووی بێگووناحی که‌ره‌ نه‌شووبهێنن به‌ پیاو خراپ . ووشه‌ی ( ناپاک ) له‌باتی ئه‌م ووشه‌یه‌ به‌کاربێت له‌ ووتندا .

نووسینی: م . حه‌مید عه‌زیز

 

 سه‌ره‌وه‌. ده‌سپێک.

ئه‌م بابه‌ته‌ چاپ بکه‌!

   ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ هاوڕێکه‌ت بنێره:

© www.giareng.com
All rights reserved 2005.