Ö:: گاڕانیان به‌خڕی ده‌برد، پیره‌ژن له‌ مانگا قوڵێ‌ی ده‌پرسی!

نووسینی: کاوه خزری

لایه‌نگرانی کاک مسته‌فا، که‌ نازانن چۆن خۆیان له‌و گێژاوه‌ پڕ له‌ هه‌ڵه‌‌یه‌ ده‌رباز بکه‌ن که‌ بۆخۆیان به‌ سکرتێری کۆنگره‌ی سێزده‌یان سازکردووه‌، له‌ پنجێک ده‌گه‌ڕێن خۆیانی پێوه‌بگرنه‌وه‌، نازانن تازه‌ وا تێکه‌وتوون هاتنه‌وه‌ ده‌ریان وا هه‌سان* نی‌یه‌.

له‌ تازه‌ترین په‌له‌قاژه‌یان دا ده‌ڵێ‌ی حه‌وت مێشیان له‌دارێک دا دیونه‌وه‌ و گۆرانی‌یه‌کی هونه‌رمه‌ند نیاز شه‌یدایان (که‌ له‌ جێژنی دووی ڕێبه‌نداندا له‌ وڵاتی فینلاند گوتوویه‌تی) کردۆته‌ سه‌نگه‌ر و فه‌لسه‌فه‌ی خۆیان** به‌سه‌ر حیزبی دێموکراتی کوردستان دا ده‌بارێنن، و وه‌ک پیشه‌ی هه‌میشه‌یی‌یان هێرشی له‌خۆیان وه‌شاوه‌ ده‌که‌نه‌ سه‌ر که‌سایه‌تی ناسراوی گه‌له‌که‌مان مامۆستا حه‌سه‌نزاده‌.

سه‌ره‌تا پێمخۆشه‌ ئه‌وه‌ وه‌بیر ئه‌و قاره‌مانانه‌*** بهێنمه‌وه‌ که‌ فه‌رد په‌ره‌ستی له‌ حیزبی ئێمه‌دا به‌هیچ جۆرێک جێگای نی‌یه و نابێ‌، به‌ڵام کاتێک گۆرانی بێژێک یان با دوور نه‌ڕۆین هه‌ر کاک نیاز شه‌یدا به‌ بۆنه‌ی یه‌کگرتنه‌وه‌ی هه‌ردوو ئیداره‌ی هه‌رێمی کوردستان، به‌ قازی، قاسملوو، شه‌ره‌فکه‌ندی، مام جه‌لال و کاک مه‌سعود دا هه‌ڵده‌ڵێ و زۆری واش كه له كوردسات و كوردستان تیڤی بڵاو بۆته‌وه هه‌ڵده‌ڵێ فه‌رد په‌ره‌ستی‌یه‌؟  وه‌ختێك ره‌سووی نادری به‌سه‌ر شه‌هید دكتۆر قاسملوو هه‌ڵده‌ڵێ و د‌ه‌ڵێ "قاسملوو هیتله‌ری كوردانه"، و به ده‌یان و سه‌دان شایه‌ر و گۆرانیبێژ له شایی و هه‌ڵپه‌ركێدا به‌ندیان به‌سه‌ر سه‌ركرده‌ و فه‌رمانده هێزه‌كاندا گوتوه، ئه‌وه هه‌ستی خه‌ڵكه، یان شایه‌رێكه كه بۆ گه‌رمكردنی جێژنه‌كه وا ده‌كا و پێی خۆشه به‌شدارانی جێژن و كۆڕه‌كه له خۆی رازی كا و دڵیان خۆش كات.‌

جارێك سمایل سه‌رده‌شتی به‌سه‌ر مامۆستا حه‌سه‌نزاده‌ی هه‌ڵگوتبوو بانگی كردبوو زۆر توند لێی توڕه ببوو، له به‌رامبه‌ردا ئێوه بۆیه‌ رقتان له سمایل سه‌رده‌شتی داگرت و له حیزبتان ده‌كرد چونكه حازر نه‌بوو به سه‌ر كاك مسته‌فا هیجری دا هه‌ڵبڵێ.

گه‌لۆ هونه‌رمه‌ندێک گۆرانی به‌سه‌ر سه‌رکرده‌کانمان دا بڵێ باشتره‌ یان له‌ پێناوی بیری نه‌خۆشی چه‌ند که‌سێک دا چه‌قۆ کێشی بکا، ئه‌وه‌ ئێوه‌ن فه‌رهه‌نگی فه‌رد په‌ره‌ستی و تایفه‌گه‌ری ده‌هێننه‌ نێو حیزب، ئه‌وه‌ ئێوه‌ن له‌ ناوی پیرۆز و خه‌باتی خاوێنی ڕێبه‌رانمان قازی و قاسملوو و شه‌ره‌فکه‌ندی که‌ڵکی خراپ وه‌رده‌گرن، ئه‌وه‌ ئێوه‌ن ده‌تانه‌وێ هه‌موو شتێک به‌ که‌یفی خۆتان ببینن و پێتان وایه‌ خه‌ڵک هیچ نابینێ، ئه‌وه‌ ئێوه‌ن نه‌عامه‌ ئاسا سه‌رتان به‌رداوه‌ته‌وه‌ و پێتان وایه‌ که‌س ناتان بینێ و نازانی چ ده‌که‌ن.

من چه‌ند نمونه‌یه‌ک باس ده‌که‌م و قه‌زاوه‌تیش بۆ کڵاوی ئه‌و که‌سه‌ی که ئه‌م بابه‌ته‌‌ ده‌خوێنێته‌وه‌، هونه‌رمه‌ندێک گۆرانی به‌که‌سێک هه‌ڵبڵێ له‌ کاتێکدا که‌سه‌که‌ بۆخۆشی له‌وێ نه‌بێ و گۆرانی‌یه‌که‌ش ئحساسێکی فه‌ردیی گۆرانی بێژ بێ و هیچی دیکه‌، فه‌رد په‌ره‌ستی‌یه؟!‌ یان ئه‌وانه‌ی خواره‌وه‌، له‌گه‌ڵ پان ئیرانیسته‌کان میلله‌تی کورد کرا به‌قه‌وم و تایفه‌ هه‌ر ئافه‌رین و له‌به‌یک بۆ جه‌نابی سکرتێر ده‌چوون، سوکایه‌تی به‌ئاڵای کوردستان کرا و هه‌ر ئافه‌رین و له‌به‌یک بۆ جه‌نابی سکرتێر ده‌چوون، به‌ سه‌رکرده‌ی قاره‌مانی گه‌ل (سمکۆی شکاک) یان وت دز و جه‌رده‌ و پیاوکوژ هه‌ر ئافه‌رین و له‌به‌یک بۆ جه‌نابی سکرتێر ده‌چوون، گاڵته‌ به‌ نه‌خشه‌ی کوردستان کرا و به‌ خه‌یاڵی زانرا هه‌ر ئافه‌رین و له‌به‌یک بۆ جه‌نابی سکرتێر ده‌چوون، خاکی کوردستان کرا به‌ ئازه‌ربایجان و هه‌ر ئافه‌رین و له‌به‌یک بۆ جه‌نابی سکرتێر ده‌چوون.

دنیا وێنه‌ی پێشمه‌رگه‌ برینداره‌کانی حیزبیان بینی که‌ چه‌قۆ کێشه‌کانی سکرتێری کۆنگره‌ی 13 چیان به‌سه‌ر هێنابوون، ئێستاش هه‌ر ئافه‌رین و له‌به‌یک بۆ جه‌نابی سکرتێر ده‌چن، باشه‌ له‌هه‌ر ویژدانێکی زیندوو بپرسی چ وه‌ڵامێکی هه‌یه‌؟!

په‌راوێزه‌کان:

ئه‌م وشه‌ تازانه‌ له‌فه‌رهه‌نگی نوێ‌ی 13 دا هه‌ن و تائێستا نه‌چوونه‌ نێو فه‌رهه‌نگه‌کانی دیکه‌وه‌.

  • هه‌سان: به‌هه‌ڵه‌ نووسراوه‌، ده‌بوو نووسرابا ئاسان یان هاسان، به‌ڵام هه‌سان به‌ردێکی لوسه‌ دوای چه‌ورکردن چه‌قۆی پێده‌سوون، چه‌قۆی پێ تیژ ده‌کرێته‌وه‌.
  • فه‌لسه‌فه‌ی خۆیان: درۆ و بوختان و هه‌مووشتێکی دوور له‌ ڕاستی.
  • ئه‌و قاره‌مانانانه‌: چه‌قۆکێش و فاڵانژ.
 سه‌ره‌وه‌. ده‌سپێک.

ئه‌م بابه‌ته‌ چاپ بکه‌!

   ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ هاوڕێکه‌ت بنێره:

© www.giareng.com
All rights reserved 2005.