Ö:: مه‌نتیقی قه‌له‌م، زمانی چه‌قۆ!

نووسینی: برایم جەهانگیری

مه‌نتیقی قه‌له‌م، زمانی چه‌قۆ!
بە داخەوە
چەند رۆژێکە دەنگۆ و خەبەری زۆر ناخۆش و دلتەزێن له‌ ناو کەمپەکانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان را دەگەنە میدیاکان. ئه‌و لایه‌نه‌ی که‌ به‌ناوی زۆرایه‌تی رێبه‌ری حیزبی دێمۆکراتی کوردستان ناسراو ناوی که‌وته‌ سه‌ر مالپه‌ر و سایته‌کان، واته‌ لایه‌نی به‌رێز کاک مسته‌فای هیجری وا دیاره‌ به‌ پێی گه‌لاله‌یه‌کی دارێژراو هه‌ولی له‌بار بردنی ئه‌و وه‌زعه‌ ده‌ده‌ن که‌ دوای له‌ت بوونی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران به‌سه‌ر که‌مپه‌کانی هه‌ر دوو به‌شیان دا حاکمه‌. به‌داخه‌وه‌ وادیاره‌ ئه‌و دۆستانه‌ ده‌یان هه‌وێ به‌ هه‌ر قیمه‌تی مومکین کێشه‌که‌ له‌ مه‌سه‌له‌ی فکری و سیاسیی به‌رنه‌ده‌رێ، بۆیه‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی هه‌موو نه‌رێتێکی ئه‌خلاقێی، سیاسیی و شۆرشگێری، به‌ پێی گه‌لاله‌یه‌کی دارێژراو هێندێ پێشمه‌رگه‌ی گه‌نج و ئێحساسییان ته‌حریک کردووه‌ تا له‌ چه‌ند شوێن دا‌ به‌ چه‌قۆو په‌نجه‌ بۆکس هه‌لکۆتنه‌ سه‌ر ئه‌ندام و پێشمه‌رگه‌ی لایه‌نی به‌رامبه‌ریان و به‌ خه‌ستی برینداریان بکه‌ن.

شک له‌وه‌ دا نیه‌ که‌ که‌ ئه‌و حه‌ره‌که‌ته‌ له‌ لایه‌ن هه‌ر حیزب و لایه‌نێکی سیاسی ئه‌نجام بدرێ له‌سه‌ر ئه‌و لایه‌نه‌ش به‌ گران ده‌وه‌ستێ،کۆمه‌لانی وشیاری گه‌لی کوردستان به‌ گشتی و رووناکبیرانی کورد به‌ تایبه‌تی له‌ ناو خۆی ولات ئه‌و شیوه‌ ره‌فتارانه‌ زۆر به‌ جیدی ده‌خه‌نه‌ ‌ژێر نه‌زه‌ر و له‌ به‌رامبه‌ری دا بێ هه‌لوێست نابن.ئه‌وه‌ی له‌م چه‌ند رۆژه‌ دا و له‌ پێوه‌ندی ده‌گه‌ل په‌لامار درانی چه‌ند که‌سێک له‌ ئه‌ندام و پێشمه‌رگه‌کانی حیزبی دیمۆکراتی کوردستان له‌ لایه‌ن ئه‌و به‌شه‌ی حیزب که‌ به‌رێز کاک مستافا هیجری وهاورێیانی رێبه‌رایه‌تی ده‌که‌ن له‌ بارێکه‌وه زۆر‌ گرینگه‌ ومرۆڤ نابێ هه‌روا به‌ هاسانی به‌ سه‌ری دا تێپه‌رێ،بریندار بوونی چه‌ند که‌س ده‌ په‌لامارێک دا به‌ چه‌قۆو په‌نجه‌ بۆکس و........ ئه‌گه‌ر له‌ده‌ره‌وه‌ی حیزبێکی سیاسی با من ته‌نیا بۆ رووداوه‌که‌ به‌داخ ده‌بووم، ئه‌گه‌رچی ئه‌ویش وه‌ک نه‌خۆشییه‌کی کۆمه‌لایه‌تی و ره‌فتاری ناهه‌نجاری ئه‌و کۆمه‌لگایه‌ پێویستی به‌ ئاوه‌ردانه‌وه‌ ده‌بوو‌. به‌لام کاتێ له‌ کێشه‌ نێو خۆییه‌کانی حیزبی دێمۆکرات دا کار ده‌گاته‌ ئه‌و جێگه‌یه‌ی که‌ لایه‌نێک به‌ پێی پیلانی له‌پێش دا گه‌لاله‌ کراو هێرش ده‌که‌نه‌ چه‌ند که‌سێکی جوودا بیرو به‌ چه‌کی سارد ترۆریان ده‌که‌ن! مرۆڤ ده‌بێ رابچله‌کێ و داخ و‌ که‌سه‌ری ئه‌وه‌ بخوات که‌ ئێمه‌ له‌و چه‌ندساله‌ دا چ بووین و کێ بووین و نه‌مانزانیبوو؟! ئێستا به‌ ئاشکرابوونی قه‌یرانه‌کانی ناوخۆیی حیزب کار گه‌یشتۆته‌ جێگایه‌ک له‌ ناوخۆی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران دا ئه‌و حیزبه‌ی که‌ هه‌میشه‌ شانازی به‌وه‌ کردووه‌ یه‌که‌م حیزبی سیاسیی بووه‌ که‌ ئه‌خلاقی هێناوه‌ته‌ ناو سیاسه‌ت،ئه‌و حیزبه‌ی که‌ شانازی به‌وه‌ کردووه‌ که‌ رێبه‌رانی وه‌ک قازی و قاسملوو وشه‌ره‌فکه‌ندی هه‌بوون ورێبه‌رانی ئێستای، خۆیان به‌ ریبواری ئه‌و سه‌رکرده‌ ناودارانه‌ ده‌زانن، ئه‌مرۆ له‌جیاتی ئاموزشی سیاسیی و په‌روه‌رده‌ کردنی ئه‌ندام و پێشمه‌رگه‌ی حیزب به‌ رووحی نه‌ته‌وه‌یی ولێبوورده‌یی، له‌ جیاتی ئه‌وه‌ی قه‌له‌م و کتێب بده‌نه‌ ده‌ست ئه‌ندام و پێشمه‌رگه‌ی حیزب و فیری زانست و مه‌عریفه‌تیان بکه‌ن، چه‌قۆو په‌نجه‌و بۆکس له‌ ناویان دا بلاو ده‌کرێته‌وه‌! ئه‌وه‌ له‌ حالێک دایه‌ که‌ ئیـمه‌ به‌ گشتی حیزبێکی بێده‌سه‌لاتین و له‌ باشووری کوردستان دا له‌ ژێر چاوه‌دێری حکووومه‌تی هه‌رێمی کوردستان دا ده‌ژین،ئایا مرۆف هه‌قی نیه‌ خۆزگه‌ به‌و بێده‌سه‌لاتیه‌ بخوازی که‌ ئیمه‌ی تێداین؟ ئایا ئه‌گه‌ر ده‌سه‌لات هه‌با ره‌فتاری ئه‌و دوستانه‌  ده‌گه‌ل جوودا بیرانی ناوخۆیی و ده‌ره‌وه‌ی دا ده‌بوو چۆن بووبا؟ ئایا ئه‌و کات له‌ جیات چه‌قۆ و په‌نجه‌ بۆکس ئارپی جی_ یان نده‌دا به‌ پێشمه‌رگه‌ تا خه‌لکی جودا بیر به‌ مالو منداله‌وه‌ ته‌فرو تونا بکه‌ن!  

بۆ هیچ کوردییه‌کی ئێرانی ئه‌و جۆره‌ ره‌فتارانه‌ شتێکی تازه‌ نیه‌، له‌ مێژ ساله‌ له‌ لایه‌ن که‌سانی لیباس شه‌خسی و که‌سانی سه‌ر به‌ ده‌سه‌لاتی پاوانخواز ئا به‌م شیوه‌ ره‌فتار ده‌گه‌ل موخالیفان ده‌کری،هیچ کۆبوونه‌وه‌یه‌کی خوێندکاری نییه‌ که‌و به‌ چه‌قۆو په‌نجه‌ بۆکس هێرشی نه‌کرابێته‌ سه‌رو خه‌لتانی خوێن نه‌کرابێ،سه‌دان که‌س له‌به‌ر ده‌رکی کار و له‌ به‌ر ده‌رکی ماله‌که‌ی خۆی دا وه‌به‌ر چه‌قۆ دراوه‌ یان به‌ گۆله‌ ته‌قه‌ی لیکراوه‌،  به‌لام ره‌وتی به‌ره‌و پێش چوون و نوێخوازی و تازه‌گه‌ری هه‌ر هه‌نگاوه‌کانی بۆ پێشه‌وه‌ بووه‌ و نه‌وه‌ستاوه‌،لیره‌دا ئه‌وانه‌ی هێرشیان ده‌کرده‌ سه‌ر کۆرو کۆمه‌له‌ خویندکاری و حه‌ره‌که‌ته‌ مه‌ده‌نییه‌کان هه‌رگیز به‌ خواستی خۆیان ئه‌و کاره‌یان نه‌ده‌کرد و له‌ پشت مه‌سه‌له‌کانه‌وه‌ که‌سانی وه‌ک میسباحی یه‌زدی هیزی سه‌ره‌کی ئه‌و فه‌لسه‌فه‌و بیرکردنه‌وه‌یه‌ بوون، با ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ روون بکه‌مه‌وه‌ که‌ من هه‌رگیز مه‌به‌ستم خستنه‌ تای ته‌رازووی هه‌ردووک لایه‌نی حکوومه‌تی ئیسلامیی و هیزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان نیه‌ له‌گه‌ل یه‌کتری به‌لام به‌ ئاگایی ته‌واو هه‌ردووک شیوه‌ بیرکردنه‌وه‌که‌ ده‌گه‌ل یه‌ک ده‌خه‌مه‌ تای ته‌رازووه‌ و هیچ فه‌رقیشی پێناکه‌م که‌ ئه‌میان له‌ کوێی ئه‌م جیهانه‌ دا راوه‌ستاوه‌ و ئه‌وی دیکه‌یان له‌ کوێیه‌! له‌م نێوه‌ دا تاوانباری سه‌ره‌کی دارێژه‌ری گه‌لاله‌ و پێلانه‌کانن‌ نه‌ک چه‌ند که‌سێک که‌ به‌لارێ دا براون و هاندراون تا بۆ تیرۆری هاورێی دۆینیی خۆیان و به‌ ته‌مای کوشتن له‌به‌ر ده‌رکی ماله‌که‌ی خۆی دا و له‌به‌ر چاوی مال و مندال دا زیاتر له‌ 12 چه‌قۆی لێبده‌ن؟!

ترۆر ته‌نیا حه‌ره‌که‌تێکی فیزیکی نیه‌ بۆ له‌ناو برردنی که‌س یاکه‌سانیک، هه‌رگیزیش نابێ پیمان وابێ که‌ ترۆر ده‌بێ حه‌تمه‌ن به‌ چه‌کی گه‌رم ئه‌نجام بدرێ، داریوش فروهه‌ر و په‌روانه‌ی‌ ئه‌سکه‌نده‌ری له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌تی ئیتلاعاتی حکوومه‌تی ئیسلامیی ئیرانه‌وه‌ به‌ زه‌بری خه‌نجه‌ر و ته‌ور شه‌هید کران‌ ،د.شاپۆر به‌ختیار له ولاتی فه‌رانسه‌ به‌ چه‌قۆ ترۆر کراو محه‌مه‌د مۆختاری و جه‌عفه‌ری پوویه‌نده‌ به‌ ته‌ناف خنکێندران و زۆر نموونه‌ی دیکه‌ش‌ ،که‌وایه‌ ئه‌و حه‌ره‌که‌تانه‌ به‌ بروای من نابێ هێنده‌ به‌ سووکی سه‌یر بکرێ و وه‌ک حه‌ره‌که‌تێکی فه‌ردی دابندرێ، ئه‌و جوره‌ بیرکردنه‌وه‌یه له‌ ئه‌ساس دا هه‌مان ئه‌ندێشه‌ی حه‌زفی جوودا بیرانه‌ که‌ له‌ چه‌ند سالی رابردوو دا هه‌موو لایه‌کمان شاهیدی بووین و ته‌نیا تایبه‌تی حیزبێ دێمۆکراتی کوردستانی ئیرانێش نیه‌، کانی یه‌لمازی به‌رپرسی یه‌که‌می پ ک ک له‌ ولاتانی ئۆروپا، پاش کشانه‌وه‌ی له‌ رێزه‌کانی ئه‌و ریکخراوه‌یه‌ له‌ شاری سلێمانی ترور کرا، له‌ میژووی هه‌موو حیزبه‌کانی دیکه‌ش دا که‌م تا کورت شتی له‌م جۆره‌ دیتراون. به‌لام ئه‌مرۆکه‌ مه‌ترسی ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ له‌وه‌ دایه‌که‌ هه‌ر دووک لایه‌نی حیزبی دیمۆکرات له‌پال یه‌ک دان و به‌ قه‌ولیک دیوار به‌ دیواری یه‌کترین و چه‌کیشیان به‌ ده‌سته‌وه‌یه‌ و ئه‌گه‌ری روودانی ناخۆشتر و ئابروو به‌رانه‌تریش هه‌یه‌.له‌ وه‌ها حاله‌تیک دا بوونی جاسووسێکی ریژیمی ئیسلامیی له‌ ناو یه‌کیک له‌م دوو لایه‌ ده‌توانێ شته‌که‌ بقوازایته‌وه‌ و ببێته‌ ئه‌گه‌ری رووداوی وا که‌ به‌ میشکی هیچ که‌سمان دا نه‌هاتبێ ،هه‌ر به‌و ده‌لیله‌یه‌ که‌ ده‌بێ هه‌ول بدری با په‌رده‌ له‌سه‌ر راستییه‌کان هه‌لمالرێ، چوونکه‌ ئه‌و کرده‌وانه‌ ئه‌گه‌ر له‌ ئێستا را له‌ قاو نه‌دری له‌ دوا رۆژ دا تووشی خه‌ساره‌تی زۆر گه‌وره‌ترمان ده‌کات.

له‌م پێوه‌ندییه‌ دا به‌ تایبه‌تی دادگه‌و مه‌حکه‌مه‌ی حکوومه‌تی هه‌رێمی کوردستان تا وه‌ده‌رکه‌وتنی هه‌موو ئه‌و روخسارانه‌ی که‌ له‌ پشت ئه‌و ترورانه‌ دا هه‌ن ده‌بێ هه‌ولی خۆی بداو  به‌و کاره‌ش ئیسپات‌ بکات که‌ دادگه‌یه‌کی سه‌ربه‌خۆویه و‌ هیچ رابته‌و پێوه‌ندییه‌کیش کار ناکاته‌ سه‌ر به‌دوادا چوونی مه‌سه‌له‌که‌. ئه‌و ترورانه‌ له‌ راستی دا تروری سیاسین و بۆ چاوترسین کردن و بێده‌نگ کردنی ده‌ربرینی بیرو باوه‌ری خه‌لک به‌ ئه‌نجام ده‌گات که‌ وایه‌‌ حکوومه‌تی هه‌ریمی کوردستانیش وه‌ک حکوومه‌تێکی دێمۆکرات که‌ بۆ سه‌قامگیر بوونی ئازادی له‌ باشووری کوردستان نرخێکی زۆری داوه‌ له‌م پیوه‌ندییه‌دا ئه‌رکێکی گرینگتری ده‌که‌وێته‌ ئه‌ستۆ. به‌لام  ئامانج له‌م تروره‌ سیاسیانه‌ چییه‌؟ به‌م کرده‌وانه‌ به‌رنامه‌ دارێژه‌ران وه‌دووی کام ئامانج که‌و‌توون؟ بۆ په‌نایان بردۆته‌ به‌ر کردارێک که‌ بۆخۆشیان باش ده‌زانن له‌ پێش هه‌موو که‌س دا زه‌ره‌ری ئه‌م کارانه‌ به‌ر ئه‌وان ده‌که‌وێ ؟

   په‌نابردنه‌ به‌ر کاری تۆندو تیژ‌ی و به‌ واتایه‌کی دیکه ده‌کار کردنی‌ زمانی چه‌قۆ، له‌ هه‌موو دنیادا تایبه‌تمه‌ندی ئه‌و که‌سانه‌یه‌ که‌ هیج باوه‌رییه‌کیان به‌ ئازادی بیرو باوه‌ر و ئازادی راده‌ربرین نییه‌ و هه‌رگیز ناتوانن ته‌حه‌مولی بیری موخالیف بکه‌ن و به‌ واتایه‌کی دیکه‌ له‌ مه‌یدانی دیالۆگ و وتو وێژ دا که‌م دێنن و چییان پێ نییه‌ نه‌ بۆ خۆیان و نه‌ بۆ خه‌لکی ده‌ره‌وه‌ ، ئه‌وانه‌ی خاوه‌نی ئه‌م بیر کردنه‌وه‌یه‌ن به‌شیوه‌ی ماکیاولییه‌کان ته‌واوی هه‌ول وته‌قه‌لایان ئه‌وه‌یه که‌ به‌هه‌ر قیمات که‌ هه‌یه‌ بگه‌ن به‌ده‌سه‌لات و ئه‌گه‌ر له‌ ده‌سه‌لاتیش دابوون هه‌ر به‌ هه‌مان شیوه‌ بیپارێزن، گه‌یشتن به‌ ده‌سه‌لات به‌ هه‌ر قیمه‌تێک و پاراستنیشی به‌ هه‌رقیمه‌تێک دروشمی فکری و شاراوه‌ی هه‌موو سیسته‌مه‌ توتالیته‌ره‌کانه،‌ په‌نا بردنه‌ به‌ر ته‌بلێغاتی به‌ درۆو ژاراوی و شوشتنه‌وه‌ی مێشکی لاوان به‌ پرۆ پاگه‌نده‌ی ناراست و تین دانیان بۆ کاری توندو تیژی یه‌کێک له‌و کارانه‌یه‌ که‌ سه‌رمایه‌ گوزاری بۆ ده‌که‌ن و  زۆر جاریش دیتراوه‌ که‌ به‌و کاره‌یان هه‌م که‌سه‌ جودابیره‌که‌ له‌ ناو براوه‌ و هه‌م بۆ ماوه‌یه‌ک سه‌رپۆش له‌سه‌ر قه‌یرانه‌ ناو خۆییه‌کانیان داندراوه‌.

ئامانج له‌م کرده‌وه‌ دوور له‌ ئه‌خلاقییانه‌ چییه‌ و بۆچ دۆستان و هاوسه‌نگه‌رانی دوینێ به‌م شیوه‌ رق و کینه‌یان به‌رامبه‌ر به‌ و هاورییانه‌ نواندووه‌؟یه‌که‌م ئه‌و هاورییانه‌ به‌ دوایی له‌ت بوونی حیزب دا دووچاری شۆکێک بوون که‌ ئێستاش به‌ ئاگا نه‌هاتوونه‌وه‌، ئه‌و هاورێیانه‌ پییان وانه‌بوو کۆمه‌لێکی هێنده‌ زۆر له‌ ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی حیزبی دیمۆکراتی کوردستان له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌وان دا راوه‌ستن و زۆرداری زۆرینه‌ قه‌بوول نه‌که‌ن. بۆیه‌ هه‌موو ته‌قه‌لایه‌ک ده‌ده‌ن تا سه‌رپۆشیک له‌ سه‌ر ئه‌و شکسته‌ دابنێن که‌ دوای ئه‌و هه‌مووه‌ ته‌بلیغاته ناره‌وایه‌‌ دووچاری بوون.

ئه‌و دۆستانه‌ هه‌ر وه‌ک له‌سه‌ره‌تاوه‌ و له‌ رووبه‌رووبوونه‌وه‌ی کێشه‌کاندا به‌ شێوه‌یه‌کی نامه‌نتیقی و قه‌بوول نه‌کردنی راستییه‌ حاشاهه‌لنه‌گره‌کان هه‌و‌لی ئه‌وه‌یان دا که‌ به‌ پێچه‌وانه‌ی ره‌وتی رووداوه‌کان هه‌نگاو هه‌لبێننه‌وه‌ و هه‌ر‌وا‌شیان کرد، دوای له‌ت بووونیش هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌م ره‌فتاره‌یان سووورن و بۆ پر کردنه‌وه‌ی ئه‌م که‌لێن و بۆشاییه‌ سیاسییه‌ی که‌ ده‌ناوییان که‌وتووه‌ به‌ داخه‌وه‌ په‌نایان بردۆته‌ به‌ر شتی یه‌کجار ناشایست و ئامانجیشیان ئه‌وه‌یه‌ که‌ به‌ نواندنی ره‌فتاری توندو تیژ حیزبی دیمۆکراتی کوردستان ده‌داوی شه‌ریکی نه‌خوازراو باوێن!ئه‌و گه‌لاله‌یه‌ یه‌کجار خه‌ته‌رناکه‌وه‌ ئه‌گه‌ر ده‌ستی دۆژمنانی له‌ پشته‌وه‌ نه‌بێ لانی که‌م به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌وانی به‌ ته‌واوی تێدایه،که‌وایه‌ پووچه‌لکردنه‌وه‌ی ئه‌م پیلانه‌ ده‌کرێ به‌سه‌رکه‌وتنیک دابندری بۆ دلسۆزانی هه‌ردووک به‌شه‌که‌ی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان و شکستێکی سیاسیش بێ بۆ داریژه‌ران و پشتیوانانی ئه‌م پێلانه‌. هه‌ر بۆیه‌ له‌سه‌ر تاک تاکی ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی حیزبی دیمۆکراتی کوردستان پیویسته‌ هاوکات له‌ گه‌ل له‌ قاودانی ‌‌ئه‌م کرداره‌ ناشایستانه‌ نه‌هێلن پێوه‌ندی دۆستانه‌ و برایانه‌یان له‌گه‌ل لایه‌نی به‌رامبه‌ریان ببێ به‌ دوژمنایه‌تی که‌ به‌و کاره‌ ته‌نیا ئاره‌زووی دوژمنانی گه‌لی کورد وحیزبی دیمۆکراتی کوردستان دێته‌ دی. سیاسه‌تی که‌سانێک له‌ لایه‌نی به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئه‌و وه‌زعه‌ له‌بار ببرێ و هه‌ر دووک به‌شی حیزبه‌که‌ تووشی شه‌رێکی نه‌خوازراو بکرێ که‌ ده‌و دا به‌ دلنییاییه‌وه‌ ته‌نیا پیشمه‌رگه‌ و کورانی خه‌لکی تێدا به‌ کوشت ده‌چێ. له‌گه‌ل ئه‌وه‌ی دا که‌ دنیا زۆر ئالو گۆری به‌سه‌ر دا هاتووه کۆمه‌لگای کورده‌واریش‌ هه‌ر به‌و پییه‌ هه‌نگاوی به‌ره‌و پیشی هاویشتووه‌و ئه‌م پیلانه‌ ره‌نگه‌ هه‌ر وا به‌ هاسانی سه‌ر نه‌گرێ، به‌لام ره‌وتی رووداوه‌کانی ئه‌م داوییانه‌ی ناو که‌مپه‌کانی حیزبی دیمۆکرات‌ ده‌ریان خستووه‌ که‌ ئێستاش که‌سانێک هه‌ن و ده‌یان هه‌وی که‌ حیزبی دێمۆکراتی کوردستان بکه‌ن به‌ ئامرازێک‌ بۆ پاکانه‌ حه‌سیبی شه‌خسیی و له‌ راستی دا هیچ به‌لایانه‌وه‌ گرینگ نییه‌ ئه‌گه‌ر ‌بۆ ده‌سره‌یه‌ک قه‌یسه‌رییه‌ک ئاور تێبه‌ر ده‌ن‌!له‌م پێوه‌ندییه‌ دا به‌تایبه‌تی به‌رپرسی سیاسیی نیزامی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران مه‌سئوولییه‌تی ته‌واوی رووداوه‌کانی له‌ ئه‌ستۆیه‌.

له‌ماوه‌ی پێش له‌ت بوون و دوای له‌ت بوونی حیزبیش دا ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی حیزبی دیمۆکراتی کوردستان به‌ پێچه‌وانه‌ی لایه‌نی به‌رامبه‌ر به‌ مه‌نتیقی قه‌له‌م ره‌فتاریان کرد و هه‌رگیز له‌ سنووری دیالۆگی سه‌رده‌م ده‌رنه‌چوون و له‌ بۆچوونه ‌سیاسییه‌کانیشان دا ته‌نیا و ته‌نیابۆ‌ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی گه‌لی کوردستان نه‌بێ ‌هه‌لوێستییان نه‌گرتووه‌. له‌هه‌موو ولاتانی ده‌ره‌وه‌ به‌ گرتنی سمینار و کۆنفرانسی سیاسیی بۆ به‌ره‌و پیش بردنی سیاسه‌ته‌کانی حیزب کار ده‌که‌ن و هیچ  هه‌ولێکیان بۆ به‌ربه‌ره‌کانی ده‌گه‌ل هاورێیانی حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران نه‌داوه‌، له‌دوای له‌ت بوونی حیزب تا ئێستا 3 ژماره‌ رۆژنامه‌ی کوردستان ده‌رچووه‌، ده‌یان پێوه‌ندی و دانێشتنی کومیته‌که‌نی حیزب له‌ده‌ره‌وه‌ی ولات ده‌گه‌ل حیزب و ریکخراوه‌ سییاسییه‌کانی کوردستانی و ئیرانی، هه‌موو ئه‌و راستییه‌ ده‌سه‌لمێنن که‌ حیزبی دیمۆکراتی کوردستان وزه‌ و تواناکانی ته‌نیا بۆ خۆ رێکستن و ئاماده‌ کاری بۆ به‌ربه‌ره‌کانی ده‌گه‌ل ریژیمی ئیسلامیی ئیران خستۆته‌ کار. له‌ سه‌ر سایت و مالپه‌ره‌کان داو له‌ وتو وێژه‌کاندا ته‌نیا و ته‌نیا له‌ ولام دانه‌وه‌ی ئه‌و هاورێیانه‌ نه‌بێ هه‌رگیز هه‌ولی ئه‌وه‌ نه‌دراوه‌ که‌ باس و دژایه‌تی ئه‌و هاورێیانه‌ ببێته‌ ئامانجی سیاسیی و به‌رنامه‌ی کاری هاورێیانی ئێمه‌. 

بۆ ئه‌ندامان و لایه‌نگرانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستان  هه‌ول دان بۆ وادار کردنی لایه‌نی به‌رامبه‌ر بۆ ئه‌م شیوازه‌ ئوسولییه‌، واتا کردنه‌وه‌ی ده‌روازه‌یه‌کی دیالۆگ و گفتگۆ له‌ نیوان هه‌ردووک لایه‌ن باشترین تاکتیکه‌ بۆ پۆچه‌ل کردنه‌وه‌ی  پیلانی شه‌ری برا کوژی،ئه‌م کاره‌ش به‌ ته‌نیا ئه‌رکی رێبه‌رایه‌تی حیزبی دیمۆکراتی کوردستان و لایه‌نی به‌رامبه‌ریش نییه‌‌، به‌لکوو هه‌موو ئه‌ندامیکی حیزب له‌م پیوه‌ندییه‌ دا و له‌ راست ئه‌م مه‌سه‌له‌ دا به‌رپرسیاره‌، هیچ شک له‌وه‌دا نییه‌ که‌ سه‌رگرتنی ئه‌و پێلانه له‌ پێش هه‌موو که‌س به‌ده‌ست ئه‌و که‌سانه‌ به‌ ئه‌نجام ده‌گات که‌ سبه‌ی هه‌ر ئه‌وانیش ده‌بنه‌ سووته‌مه‌نی ئاگره‌که‌!ئه‌و ئاگره‌ی که‌ ته‌نیا ده‌توانی کۆشکی سڕ بردووی دوژمنان گه‌رم کاته‌وه‌، که‌وایه‌ هه‌ول دان بۆ بنه‌ برکردن و له‌ گۆر نانی ئه‌م پیلانه‌ هه‌ولیکی شۆرشگێرانه‌یه‌و ئه‌رکی سه‌ر شانی هه‌موومانه‌‌و‌ له‌ پیش سه‌رکردایه‌تیشدا ئه‌رکی ئه‌ندامانی وشیارو ئاگای هه‌ردووک لایه‌ن‌.‌

 سه‌ره‌وه‌. ده‌سپێک.

ئه‌م بابه‌ته‌ چاپ بکه‌!

   ئه‌م بابه‌ته‌ بۆ هاوڕێکه‌ت بنێره:

© www.giareng.com
All rights reserved 2005.